تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



کۆنفرانسی نێودەوڵەتی پیشە
ئەم کۆنفرانسە بە دەستپێشخەری ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 4 تا 17/6/1976 لە جنێڤ بەڕێوە چوو. بەم بۆنەوە 1300 کەسی پسپۆڕ بە نوێنەرایەتی دەوڵەت و یەکێتییە کرێکاری و خاوەن کارەکانی 121 وەڵاتی جیهان، لەسەر بانگهێشتی ڕێکخراوەی نێودەوڵەتی کار، بەشداری کۆنفرانسەکە بوون. ئامانجی سەرەکی ئەم کۆنفرانسە، باس و لێکۆڵینەوە و ڕێدەرکردن بە چۆنییەتی پەرەپێدان بە ڕێژەی کاری ڕاستەقینە لە شارەکان بوو بە لەبەرچاوگرتنی مەسەلە جۆراوجۆرەکانی شار و دێهات. ئەم کۆنفرانسە لە ڕاستیدا یەکەم هەنگاوی جیددی نێودەوڵەتی بوو لەمەڕ چۆنییەتی ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی بێکاری لە جیهان.
بە باوەڕی زۆربەی توێژەرانی نێودەوڵەتی، ئەگەر بێتوو ئارێشەی بێکاری چارەسەر نەکرێت، ڕۆژبەرۆژ مەترسیدارتر دەبێت. کورت واڵدهایم، سکرتێری گشتی ئەوکاتەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیامەکەی خۆیدا گوتبووی: «ئەگەرچی مەسەلەی سەرەکی ئێمە پاراستنی ئاشتی جیهانییە بەڵام نکۆڵی لێناکرێت کە سەرکەوتن بەسەر مەسەلەی بێکاریش هاوشانی ئاشتی لە ئەژمار دێت. گۆڕانکاری بەسەر پێوەندی ئابووری نێودەوڵەتی، دەبێ لە ڕێگەی چاکسازی کۆمەڵایەتی و ئابووری وەڵاتانی ڕووەو پەرەسەندن و شێوازی نوێی ڕوبەرووبون لەگەڵ بێکاریدا بەهێزتر بکرێت».
کۆنفرانسی جیهانی کار، لە بڕیارەکانی خۆیدا لەسەر ئەم شتە جەخت دەکات کە زیادکردنی کار و پیشەی وەبەرهێن، هۆکارێکی گرینگە بۆ دابینکردنی پیداویستیە سەرەکییەکانی مرۆڤ بۆ وێنە خانوو، خواردەمەنی و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان. بەم بۆنەوە کۆنفرانس، داوای هاوکاری نێودەوڵەتی دەکرد بۆ جێبەجێکردنی ئەم مەبەستە و پشتیوانی خۆشی لەمەڕ چاکسازی سیستەمی بازرگانی و ماڵی جیهان بە قازانجی وەڵاتانی ڕووەو پەرەسەندن دەربڕی. کۆنفرانس، هەروا لەسەر ڕاگواستنی تەکنۆلۆژی و مەسەلەی پەنابەران و هەلومەرجی نوێی کار، کۆڵینەوەی ئەنجامدا و بڕێک پاڕەشی لە سەندووقی پەرەسەندنی کشتوکاڵ بە مەبەستی داهێنانی ئیش و کار لە گوندەکان تەرخان کرد.
کۆنفرانسی پۆتسدام
کۆنفرانسی پۆتسدام لە میانەی 17ی ژووئییە تا 2ی ئۆگۆستی 1945، دوای خۆ بەدەستەوەدانی ئەڵمانیا و بە بەشداری بەرەی سەرکەوتووی جەنگی دووهەمی جیهانی (وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکێتی سۆڤیەت و بەریتانیا) بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆنفرانسی یاڵتا، گرێدرا. لەم کۆنفرانسەدا ئەڵمانیا کرایە چوار بەش و هەر بەشێکی کەوتە ژێر دەسەڵاتی هەر یەک لە وەڵاتانی ئەمریکا، سۆڤیەت، بریتانیا و فرەنسی و لیژنەیەکی پێکهاتوو لەو چوار وەڵاتە، کاروباری ئەم وەڵاتەی بەدەستەوە گرت.
هەر لەم کۆنفرانسەدا شاری بەرلین کرایە چوار بەش و بەڕێوەبردنی شارەکەش کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئەو لیژنەیە. سوپای نازی و دەزگە سیاسییەکانی ئەڵمانیا هەڵوەشایەوە و دادگەی سزادانی تاوانبارانی جەنگی پێکهات. بە گشتی ناکۆکییەکانی نێوان سۆڤیەت و وەڵاتانی ڕۆژاوایی بووە بەربەست لە بەردەم بڕیارەکانی کۆنفرانسدا.
کۆنفرانسی یاڵتا
ئەم کۆنفرانسە لە ڕێکەوتی 4 تا 11/2/1945 بە بەشداربوونی سەرۆکی وەڵاتانی ئەمریکا، سۆڤیەت و بریتانیا لە شاری یاڵتا (باشووری نیمچە دوورگەی کریما) گرێدرا و ئەم بڕیارانەی خوارەوەی دەرکرد:
1ــ پاش خۆبەدەستەوەدانی ئەڵمانیا، ئەو وەڵاتە بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی فرەنسی و وەڵاتانی بەشدار لە کۆنفرانسەکەدا.
2ــ کۆنفرانسی سان فرانسیسکۆ بە مەبەستی بڕیاردان لەمەڕ دامەزرانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە بابەت شێوازی ڤیتۆ کردنی بڕیارەکان لێکۆڵینەوە بکات.
3ــ یەکیەتی سۆڤیەت ڕازی بوو کە لە ماوەی 3 مانگدا لەگەڵ ژاپۆن بکەوێتە شەڕەوە.
4ــ گەڕاندنەوەی دوورگەکانی «ساخالین» و «کوریل» بە سۆڤیەت و گەڕانەوە بۆ دۆخی ساڵی 1904 لە «پورت ئارتۆ» و «دارن».
زاراوەی یاڵتا لە نەریتی سیاسیدا مانای دابەشکردنی جیهان لە پشتی درەرگە داخراوەکان دەدات.
کۆنفرانسەکانی جنێڤ
ئەم زاراوە، ئەم زنجیرە کۆنفرانسە لە خۆ دەگرێ:
1ــ کۆنفرانسی مانگەکانی پێنج تا حەوتی 1954 بۆ چارەسەر کردنی شەڕەکانی کوریا و هیندوچین کە بوو بە هۆی کۆتایی هاتنی داگیرکارییەکانی فرەنسی لە ناوچەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و سەربەخۆیی ڤیتنامی باکووری و باشووری و لائۆس و کامبۆجیا.
2ــ کۆنفرانسی مانگی حەوتی 1955ی سەرۆکی وەڵاتان بە بەشداربوونی ئایزنهاور، خرۆشچۆف، ئایدن و ئۆدگار فۆر (سەرۆک وەزیرانی فرەنسا) بۆ هێورکردنەوەی کرژیی شەڕی سارد.
3ــ مانگی دوازدەی 1973، کۆنفرانسی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان کە هیچ دەرەنجامێکی لێ نەکەوتەوە.
4ــ کۆنفرانسی مانگەکانی ئۆکتۆبەر ـــ نۆڤەمبەری 1976 لە بابەت دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەک بۆ زیمبابووە.
کۆنڤانسیۆن
کۆنڤانسیۆن یا کۆنڤانسیۆنی نەتەوەیی، ناوی کۆمەڵەیەکی گرنگی فەرەنسی بوو کە پاش ئەنجومەنی یاسادانان لە 21 سێپتەمبەری 1792 لە لایەن خەڵکی ئەم وەڵاتەوە دامەزرا. ئەم کۆنڤانسیۆنە بڕیاری لە سێدارەدانی لۆیی شانزەهەمی پەسند کرد و کۆمیتەی ڕزگاریی نەتەوەیی پێک هێنا و ڕاسپاردەکانی خۆی ناردە شارەکانی فرەنسی بۆ بڵاوکردنەوەی بیرۆکە و ئارمانجەکانی شۆڕش و پتەوکردنی هەست و سۆزی نیشتمانپەروەرانە.
لە زاراوەی سیاسیدا کۆنڤانسیۆن، واتای سازش و ڕێککەوتن و تەبایی دەگەیەنێ و بریتییە لەو ئەنجومەنانە کە لە کۆڕ و کۆبوونەوە جۆراوجۆرەکاندا دروست دەبن تا لەمەڕ کێشە گرنگەکان گفتوگۆ بکەن و بگەنە ڕێککەوتن. لە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەو کۆنگرە حیزبییانە دەگوترێ، کە بە مەبەستی دیاریکردنی پاڵێوراوانی سەرۆک کۆماری دەبەسترێ. هەروا بەو ڕێککەوتنانەش دەگوترێ کە لە بواری بازرگانی و بوارەکانی دیکەی هاوکاری لە نێوان وەڵاتاندا گرێدەدرێ. جگە لەمەش، پەیمانی بەرانبەر وەڵاتانی دژ بەیەک بۆ گۆڕینەوەی دیلەکان و کۆتایی هێنان بە جەنگ و کۆبوونەوەی نوێنەرانی ویلایەتێک بۆ دەست نیشانکردنی پاڵێوراوە حیزبیەکان و دیاریکردنی ئامانج و پێڕۆی حیزب بە کۆنڤانسیۆن ناودەبرێت. لە کۆنڤانسیۆنە بەناوبانگەکان، دەکرێ ئاماژە بدەین بە کۆڤانسیۆنی نێودەوڵەتی ئاشتی لاهای (1899 و 1907)، کۆنڤانسیۆنی قەدەغەکردنی بازرگانی کۆیلە (1963) و کۆنڤانسیۆنی پێوەندی دیپلۆماسی (1961).
کۆنڤانسیۆنی ئەورووپی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان
پەیماننامەیەک کە لە ساڵی 1950 لە نێوان پانزە وەڵاتی ئەورووپای ڕۆژاوا مۆرکرا بە مەبەستی پاراستن و مسۆگەر کردنی ئازادی و مافەکانی هاووەڵاتیانی خۆیان. ئەم ماف و ئازادییانە بریتییە لە : مافی ژیان و ئازادی، قەدەغەکردنی کۆیلایەتی و دیلیەتی، دڵنیایی و بێخەمی لە دەسگیرکردن، زیندانی کردن و دوورخستنەوەی پڕوپووچ، مافی داکۆکی کردن لە دادگەیەکی بێلایەن، ئازادی ئەندێشە و بیروڕا و ئایین و ئازادی کۆبوونەوە. (بۆ نموونە ڕێکخستنی یەکیەتی و …)
لە ساڵی 1959 «دادگەی ئەورووپایی مافەکانی مرۆڤ» بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەم گرێبەستە دامەزرا و هاووەڵاتیان مافی ئەوەیان هەیە داواکاری و شکاتەکانیان لە دەوڵەتی خۆیان ڕادەستی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ بکەن. ئێستا 21 وەڵاتی ئەورووپی لەم کۆنڤانسیۆنە ئەندامن و چەند پرۆتۆکۆلیشی پێ زیاد بووە.
کۆنڤانسیۆنی مافە سیاسیەکانی ژنان
ئەم کۆنڤانسیۆنە لە لایەن کۆمەڵی گشتی ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕێکەوتی 20ی سێپتەمبەری 1952 پەسند کرا. ئەم بڕیارنامە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی مادەکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ هاتە ئاراوە و بەم پێیە هەموو وەڵاتانی ئەندام، بەڵێنیان داوە کە مافەسیاسیەکانی ژنان تا ئاستێکی یەکسان لەگەڵ پیاواندا بپارێزرێ. بەپێی ئەم کۆنڤانسیۆنە دەبێ ژنانیش، هاوشانی پیاوان لە مافەکانی هەڵبژاردن و پاڵاوتن و گەیشتن بە پلەوپایە ئیداریەکان بەهرەوەر بن.
کۆنفرانس
1ــ کۆبوونەوەی نوێنەرانی سیاسی هەرخۆحەسێوی (تام الاختیار) دوو یان چەند دەوڵەت بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارە و گەیشتن بە دەرەنجامێک لەسەر مەسەلەیەکی سیاسی نێودەوڵەتی. ئەو ڕێگەچارە و دەرەنجامانە دەبێ لە بەڵگەنامەیەکی سیاسیدا بنووسرێت. بۆ نموونە کۆنفرانسی ئاشتەوایی جەنگی جیهانی یەکەم.
2ــ کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی وەڵاتێک لەگەڵ نوێنەرانی ڕاسپاردەی دەرەوەی ئەو وەڵاتە بۆ کۆڵینەوەی مەسەلەیەکی سیاسی. بۆ وێنە کۆنفرانسی لەندەن بۆ کاروباری بەلجیکا لە ساڵی 1803 تا 1839.
3ــ کۆبوونەوەی نوێنەرانی چەند دەوڵەتێک کە مافی ئیمزاکردنی پەیماننامەیان نییە و تەنیا بۆ لێکۆڵینەوە و موتاڵای مەسەلەیەکی دیاریکراو دادەنیشن و ئەنجامی کۆڵینەوەکان بۆ تاقیکاری ئاڕاستەی دەوڵەتەکانی خۆیان دەکەن. بۆ نموونە کۆنفرانسی یاسای نێودەوڵەتی تایبەتی لاهای.
4ــ کۆبوونەوەی ڕێکخراوەی ڕاوێژکاریی دەزگەیەکی نێودەوڵەتی کە لە ڕێساکانیدا پێکهاتە و فۆرم و ئەرک و تەوزیمەکانی دیاری کرابێت. بۆ نموونە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی کار و کۆنفرانسی گشتی یۆنسکۆ.
5ــ کۆبوونەوەی ڕێکخراوە تایبەتییەکان کە نوێنەری دەوڵەتان تێدا ئەندامن. بۆ وێنە ئەنجومەنی خاچی سوور یا مانگی سوور.
ئەم زاراوە هەروا بۆ توێژینەوە و باسکردن لەسەر بابەتی زانستی و تەکنۆلۆجی خوێندکاران و قوتابیان بەکار براوە بۆ وێنە کۆنفرانسی خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکی یا ئەدەبی.