تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



مەتریالیزمی دایەلیکتیک
تیۆرییەکی فەلسەفی دەربارەی مێتافیزیک کە لە لایەن فردریک ئەنگڵس ـــ بۆ جەخت کردن لەسەر بۆچوونەکانی مارکس لەم بارەوە ـــ لە کتێبی ئانتی دورینگ (1878) و دایەلیکتیکی سرووشت (1925) ئاڕاستە کراوە. (هەڵبەت ئەم زاراوە یەکەم جار لە لایەن پولخانۆف بەکار براوە). ئەم فەلسەفە، پاش ئەوەی کلک و گوێی کرا، بوو بە فەلسەفەی ڕەسمی حیزبە کۆمۆنیستەکان و «مەتریالیزمی مێژوویی» کامڵ کرد. مەتریالیزمی دایەلیکتیکی، تەنها مادە بە ڕاست و گرنگ دەزانێ و بە بناغەی گەردوون دایدەنێت. ئەم فەلسەفە، سەرچاوەی هەموو نیشانە و بەرهەمەکانی ژیان بە مادی لەقەڵەم دەدا و هەموو گۆڕانکارییەکان بە مادە پەیوەست دەکات کە ئەم گۆڕانکاریانەش بەپێی کۆمەڵێک یاسای تایبەت کە پێی دەگوترێ «دایەلیکتیک»، ڕوو دەدەن. دایەلیکتیک هەم شێوازی گۆڕینی واقیعەکانە و هەمیش شێوەی دۆزینەوەی «یاساکانی جووڵە»ی ئەو واقیعانەیە. ئەم قوتابخانە پێیوایە کە پرەنسیپەکانی مەتریالیزمی دایەلیکتیک لەگەڵ هەموو لقە زانستییەکاندا دەخوێنێتەوە.
مەتریالیزمی دایەلیکتیک، مادە لە ئاوەزی مرۆڤ بە گرنگتر دەزانێ و ئاوەز بە ڕەنگدانەوەی جیهانی مادە لە مێشکی مرۆڤ لە قەڵەم دەدات و هەموو شتێک یان دیاردەیەک بە دەرەنجامی جووڵەی جەوهەری مادە شرۆڤە دەکات.
مارکس، دایەلیکتیکی تەنها لە هەمبەر دیاردەکان و کۆمەڵگە دەبەستەوە بەڵام ئەنگڵس، ڕووبەری ئەم فەلسەفەی بەرەو سرووشت بەرفرەوان کرد و لە ژێر کاریگەریی بیروڕاکانی هێگل، پێی وابوو کە جیهان (سروشت و ئەندیشە ومێژوو) دەکەونە ژێر باری سێ یاسا: 1) یاسای هەڵگەڕانەوەی چەندایەتی (کمیت) بە چۆنایەتی (کیفیت). 2) یاسای ئاڵۆزی دژەکان (اضداد)، بەپێی ئەم یاسایە جووڵە، دەرەنجامی دژایەتی نێوان ڕەگەزە هاودژەکانی ناو سروشت و کۆمەڵگە و مێژووە. لە کۆمەڵگەی چینایەتیدا لەبەر ئەوەی چینەکان دژی یەکترن، ململانێی چینایەتی دەبێتە مەرجێک بۆ فراژووتنی کۆمەڵگە. 3) یاسای ڕەتکردنەوەی ڕەتکراو.
زۆربەی زانایانی مارکسی کە تەنها مارکس بە سەرچاوە دەزانن و بۆ ئەنگڵس و لینین بایەخێکی ئەوتۆ قایل نین، بە مەتریالیزمی دایەلیکتیکیش ـــ وەک میتۆدێکی فەلسەفی ـــ بەهایەکی ئەوتۆ نادەن، بە چەشنێک لەم دواییانەدا حیزبە کۆمۆنیستیەکانی فەرەنسی و ئیتالیا، ئەم ڕێبازەیان لەگوێن فەلسەفەی ڕەسمی حیزبەکەی خۆیان خستەلاوە.
مەتریالیزمی مێژوویی
مەتریالیزمی مێژوویی پاژێکی گرنگی فەلسەفەی «مەتریالیزمی دایەلیکتیک» لە ئەژماردێت کە لە سەر بنەمای تیۆری مارکس دەربارەی مێژوو بنیاد نراوە. مارکس ئەم تیۆرییەی بە کورتی لە پێشەکی کتێبە ناودارەکەی خۆی بە ناوی «توێژینەوەی ئابووریی سیاسی» (1859) هێنایە ئاراوە. ئەو دەنووسێ: «لە بەرهەمهێنانی پێداویستیە کۆمەڵایەتیەکانی ژیاندا، لە نێوان مرۆڤەکان پێوەندییەکی دیاریکراو دێتە کایەوە کە لە ویست و ئیرادەی ئەوان بەدەرە، ئەمەش هەمان پێوەندیی بەرهەمهێنانە کە گرێدراوی گەشە و فراژووتنی هێزە بەرهەمهێنەرەکانە. سەرجەمی ئەم پێوەندییانە ژێرخانی کۆمەڵگە پێکدێنن کە سەرخانی سیاسی و دادوەری و فیکری (ئایدیۆلۆجیکی) لەسەر ئەو ژێرخانە دادەمەزرێت. شێوازی بەرهەمهێنان لە ژیانی ماددیدا چارەنووسی تایبەتمەندیە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و ڕەوتی مەعنەوی ژیان دیاری دەکات. لێرەدا هوشیاریی مرۆڤ، چۆنییەتی ژیان و گوزەرانی دیاری ناکات بەڵکوو بە پێچەوانەوە، شێوازی گوزەرانی کۆمەڵایەتی، ئاستی هوشیاریی ئەو دیاری دەکات … کە شێوازی بەرهەمهێنان دەگۆڕێت، سیمای جیاوازییە کۆمەڵایەتی و دابەشکارییە چینایەتییەکانیش، بە هەوای ئەم گۆڕانە تووشی وەرچەرخان دەبێت. ئەم گۆڕانکارییانە بە شێوازێکی دایەلیکتیکی و بە دەرکەوتنی دژایەتییەکانی هەناوی واقیعە کۆمەڵایەتییەکان ڕوودەدەن کە ئاکامەکەشی ململانێی چینایەتییە …»
بەپێی تیۆری مەتریالیزمی مێژوویی، سەرچاوەی ڕەوتی فراژووتنی مێژوویی کۆمەڵگەی مرۆڤی دەگەڕێتەوە بۆ جووڵە و گۆڕانی دژبەرە سەرەکییەکانی کۆمەڵگە. دژایەتی نێوان چینەکانی کۆمەڵگە، وزەیەکی پاڵنەرە بۆ ڕەوتی فراژووتنی ئەو کۆمەڵگەیە. لە ڕوانگەی ئەم قوتابخانەوە جڤاک و ڕەشەگەل مێژوو دەخوڵقێنن نەک پاڵەوانان. ئەگەرچی دەوری ڕێبەرانی شۆڕشگێڕ لە مێژوودا ڕەت ناکاتەوە.
مەتریالیزمی کولتووری
ڕێبازێکی ڕەخنەگرانەیە کە لە کۆتایی حەفتاکان و هەشتاکان لە بریتانیا هاتە ئاراوە بەڵام دەرخستنی لایەنەکانی، لەگوێن چەمکێکی تیۆریی کارێکی دژوارە. ئەم زاراوە لە بەستێنی مەتریالیزمدا شرۆڤە دەکرێت چونکە پێی وایە دامودەزگە و دەسکرد و کردەوە کولتوورییەکان، لە چەند ڕەهەندێکەوە لە لایەن پرۆسە مادییەکان دیاری دەکرێن و کولتوور بە کردارێکی مادی لەقەڵەم دەدات.
مەتریالیزمی کولتووری، یەکە مجار لە لایەن ڕایمۆند ویلیامز (1988 ـــ 1921) ڕۆشنبیر و ڕەخنەگری کولتووریی بەریتانی، وەک میتۆدێکی تایبەتی خۆی و زاراوەیەکی ڕەخنەگرانە ئاڕاستە کرا. مەتریالیزمی کولتووری باوەڕی وایە کە هەر تیۆرییەکی کولتووری (نەک بە تەنیا تیۆری کولتووری مارکسی)، کە قایل بە جیاوازی نێوان «هونەر» و «کۆمەڵگە» یان «ئەدەب» و «پێشینەی کۆمەڵایەتی» بێت، باوەڕی بە تەوەربوونی کولتوور نییە لە کۆمەڵگەدا (واتە شێوازی بەرهەمهێنان، شکڵ و دامودەزگە و چۆنیەتی بەکارهێنانی). لەم ڕوانگەوە نابێ هیچکات، بۆ فۆڕمە کولتوورییەکان وەک دەقێکی ناوازە بڕوانین بەڵکوو دەبێ لە قەبارەی پێوەندی و پرۆسە مێژوویی و مادییەکاندا سەیریان بکرێت.
حکوومەتی دەستووری
بە ڕژێمێکی سیاسی دەگوترێ کە بەستێنی دەسەڵاتەکەی بەپێی بەربەستی قانوونی بەرتەسک کرابێتەوە. لەم ڕووەوە لە بەرانبەر حکوومەتی ئیستبدادی و دیکتاتۆریدا حکوومەتی دەستووری دێتە ئاراوە. بە واتایەکی دیکە، حکوومەتی دەستووری لەگەڵ حکوومەتی قانوونی بە یەک مانا لێکدراونەتەوە. قانوون بریتییە لە کۆمەڵێ بنەما و پرەنسیپ کە لە لایەکەوە سنووری کردەوەی تاک و کۆمەڵ دیاری دەکات و لە لایەکی دیکەیشەوە ئاستی بەکارهێنانی دەسەڵاتی دەوڵەت سنووردار دەکات. هێنانەکایەی پێوەندییەکی قانوونی لەنێوان حکوومەت و هاووەڵاتیان و پابەندیی هەردوولا بە قانوون، لە مەرجە سەرەکییەکانی حکوومەتی دەستووری لە ئەژمار دێت. زاراوەی «ئازادییەکانی تاک» و «جیاکردنەوەی هێزەکان» * یەکێکی دیکە لە لایەنە سەرەکییەکانی ئەم جۆرە حکوومەتەیە.
لە بەرئەوەی ئەم حکوومەتە سیستەمێکی قانوونییە و بنەماکانی بەپێی یاسا دامەزراوە، لەگەڵ پەرلەمان و پەرلەمانتاری هاوشێوە دەنوێنن. حکوومەتی دەستووری، بە دوو شێوازی جودا هاتۆتە کایەوە: یەکەم، کۆماریی. دووهەم، پاشایەتی. بیرۆکەی حکوومەتی دەستووری لە بنەڕەتەوە، ئەگەڕێتەوە بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازی (لیبرالیزم) *.
حکوومەتی سەربازیی
بریتییە لە پیادەکردنی دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی سەربازی و سوپایی دەوڵەتێک بەرانبەر بە کەسانی مەدەنی لە وەڵاتێک لە کاتی شەڕ یان تەنگەتاوی. لە کاتی جێگیربوونی ئەم حکوومەتە لەبری فەرمان و دەستووری مەدەنی، فەرمانەکانی هێزی سەربازیی پیادە دەکرێ و دادگە مەدەنیەکانیش جێی خۆی دەدا بە دادگەی سەربازی.
حکوومەتی هەرێم
حکوومەتی هەرێم یان حکوومەتی هەرێمی، پێکهاتەیەکە لە یەکەیەکی تایبەت بۆ وێنە شارۆچکە، شار یان هەرێمێک کە تاڕادەیەکی زۆر بۆ خۆی سەرپشک بێت و بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری ناوچەکە سەربەخۆییەکی کەمتازۆری هەبێت. خەڵکی ئەم ناوچە خۆیان بە دانانی یاسا ـــ بەو مەرجەی لەگەڵ یاساکانی وەڵات تەبا بێت ـــ کاروباری هەرێمەکە بەڕێوە دەبەن. نموونەی ئەم جۆرە حکومەتە، هەرێمی کوردستانی عێراقە کە لە ساڵی 1991 بەملاوە، بە شێوەیەکی سەربەخۆ دەسەڵاتی بە دەستەوەیە.
حکوومەتی پیران+ پیر مەزنایەتی
حکوومەتێک کە تێیدا کاروباری وەڵات بسپێردرێتە دەست بەساڵاچوانی دنیادیدەی زانا و بەئەزموون. ئەم تیۆرییە لە پێنجسەد ساڵ پێش زایینەوە کەمتاکورتێک لایەنگری خۆی هەبووە چونکە لایەنگرانی ئەم ڕێبازە، لاوان، بە کاڵفام و شەڕهەڵایسێن دەزانن هەربۆیە پیرانی زانا بۆ بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگە بە شایستەتر دەزانن.
حکوومەت + میریی
وشەکە بە مانای فەرمانڕەوایی و حوکمکردنە، بەڵام لە زاراوەی سیاسیدا بریتییە لە کۆمەڵە ڕێکخراوەیەکی کۆمەڵایەتی کە بۆ دیاریکردنی پێوەندی چینە کۆمەڵایەتییەکان و پاراستنی سامانی کۆمەڵگە بەدی دێت. چەمکی حکوومەت بە نیسبەت دەوڵەت، چەمکێکی عەینی و بەرچاوترە. ئەرکە سەرەکییەکانی حکوومەت، دانانی یاسا و پیادەکردنییانە. جیاواز لەمانەش حکوومەت و دەزگە حوکومییەکان، ئەرکی پەرەسەندن و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتییان لە ئەستۆدایە.
ڕێکخراوە حوکومییەکان، لە کۆمەڵگەی سەرەتاییدا بەدی ناکرێن چونکە ئەم جۆرە کۆمەڵگەیە بەهۆی تێک تەنراوی و تێکەڵاوی کۆمەڵایەتی، بێڕێوشوێنی ڕێکخراوە یان کەسێکی تایبەت ڕەفتار دەکات. کۆمەڵگەی سەرەتایی لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە پێویستی بە حکوومەت نەبووە:
1ــ گرووپێکی بچووکە.
2ــ خاوەنداریەتی گشتی لە ئارادا نەبووە.
3ــ کۆنەپەرست بووە.
بەڵام حکوومەت لەم چاخەدا جیاوازە و ڕۆژبەرۆژ بەرەو ئاڵۆزبوونی زیاتر ئەچێت و ئەرک و تەوزیمی گەورە و بەربڵاوی لێ زیاد بووە. لەم بارەوە سێ هۆکار دەور ئەبینن کە بریتین لە:
1ــ بەرفرەوانی خاک و زێد: بەهۆی زیادکردنی قەڵەمڕەوی هەندێ لە دەوڵەتەکان و یەکگرتنی نەتەوەی جۆراوجۆر لە وەڵاتەکەدا دەوڵەتانێکی بەرفرەوان دروست بوون.
2ــ ئاڵۆزبوونی ژیانی کۆمەڵایەتی: ئەمڕۆکە، ئەو دەوڵەتانەی کە تەنیا لە یەک نەتەوە پێکهاتبن واتە کۆمەڵگەیەکی هاوکووفیان ببێت کە خاوەنی بەرژەوەندی و زمان و مێژووی هاوبەش بێت بە دەگمەن هەڵدەکەون. هەندێ لەم دەوڵەتە تازەپیاکەوتووانە، خەڵکانێکی زۆریان لەخۆ گرتووە کە لە باری ڕەگەزی و ئەتنیکی و ئاینییەوە، جیاوازی زۆریان پێکەوە هەیە.
3ــ گۆڕانی هەمیشەیی: کۆمەڵگەی ئەم سەردەمە، لە سێبەری تەکنۆلۆجیەوە هەمیشە لە حاڵی گۆڕان و نوێبوونەوەدایە و ئەم تازەبوونەوە بۆ حکوومەتەکان ئەستەم و دژوارە.
ئەم هۆکارانە بۆتە هۆی ئەوەیکە ئەرکی دەوڵەتەکان لە بەرانبەر کیشەکان ئەستەم بێت، بە چەشنێک کە حکوومەتانی ئەم سەردەمە ناتوانن وەکوو حکوومەتەکانی پێشوو بە سانایی ژیانی خەڵک خۆش بکەن و ئاسایشی کۆمەڵگە مسۆگەر بکەن. یەکێک لەو مەترسییانەی کە ڕێوشوێنی کۆمەڵایەتی لە دەوڵەت ئەشێوێنێ، شۆڕش و لادان لە دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکانە. لەم ڕووەوە بەهۆی ئاڵۆزیی کاروباری حکوومەتی ئەم سەردەمە، ژمارەی ڕێکخراوە و بەڕێوەبەرانی دامودەزگە ئیدارییەکان ڕوو لە زیادبوونە و کۆمەڵگە بۆتە دیلێکی بەر دەستی بۆرۆکراسییەتەوە.
چەمکی حکوومەت ئەگەر لەگەڵ ئاوەڵناوێک بەکار ببرێت، ئەوە بۆ دیاریکردنی جۆری ڕژێمی سیاسیە. بۆ وێنە: حکوومەتی پەرلەمانی و حکوومەتی دیموکراسی. «حکوومەتی قانوونی» ، بەپێی ماناکەی، نوێنەری «خواستی گشتی» یە و بەڕێوەبەری ئەم خواستانەیە بەپێی ڕێوشوێنەکانی دەستوور. بەم بۆنەوە تا ئەو کاتە حکوومەت «قانوونی» لە ئەژمار دێت کە ڕەفتارەکانی لەگەڵ خواستی گشتیدا یەک بگرێتەوە ئەگینا ئەبێتە حکوومەتێکی دیکتاتۆری*.
لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتی و پێوەندی نێوان وەڵاتەکان، واقیعی حکوومەت ئەوەیە کە دەسەڵاتی ڕاستەقینە بە دەست چ کەسانێک یا گرووپێکەوەیە. ئەغڵەب پێودانگی ڕاستەقینە بۆ ناوبردەکردنی حکوومەتێک لایەنی واقعی شتەکەیە تاکوو لایەنی قانوونییەکەی. واتە لەگەڵ خواستی گشتیدا یەک بخوێنێتەوە. بەڵام هەندێ جار بۆ وێنە لە کاتی ڕاپەڕین یان شۆڕش لە وەڵاتێک، هەندێ لە دەوڵەتەکان ڕێکخراوە یان دەوڵەتی ئازاد* یان دەوڵەتی کاتی* وەک دەوڵەتی قانوونی، بە ڕەسمییەت دەناسن نەک دەزگەی حاکمێک کە بەهۆی پێشێلکردنی خواستی گشتی بە نایاسایی ناوی دەرکردووە.