تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



دوکترینی مۆنرۆ
ئەم زاراوە باس دەکات لە سیاسەتەکانی جەیمز مۆنرۆ کە لە نێوان ساڵەکانی (1817-1825) سەرکۆماری ئەمریکا بووە. مۆنرۆ لە 2ی دێسەمبەری 1823 لە پەیڤێکی خۆیدا بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە وەڵاتانی ئەوروپی مافی ئەوەیان نییە لە کاروباری ئەمریکییەکان دەستێوەردان بکەن و لە بەرانبەریشدا ئەمریکییەکان نابێت دەستوەردەنە کاروباری ئەوروپییەکان. ئەم دوکترینە لە چوار تەوەری سەرەکی پێکهاتبوو کە بریتین لە:
1ــ کیشوەری ئەمریکا نابێ بکەوێتە مەترسیی پەیوەستبوون بە خاکی هیچ وەڵاتێکی ئەوروپییەوە.
2ــ وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەر چەشنە هەوڵدانێک بۆ پەرەپێدانی سیستەمە سیاسییەکانی ئەورووپا، لە هەر بستە زەمینێکی وەڵاتەکەدا بە مەترسییەک بۆ ئاشتی و ئاسایشی خۆی دەزانێ.
3ــ ئەمریکا هیچ دەستێوەردانێک ناکات لە موستەعمەراتی ئەورووپادا.
4ــ ئەمریکا لە شەڕی وەڵاتانی ئەوروپی کە لەسەر بەرژەوەندی تایبەت بە خۆیان هەڵدەگیرسێ خۆی تێ هەڵناقورتێنێ.
ئەم سیاسەتە لە بەرایی سەدەی بیستەمدا بەم ئەنجامە گەیشت کە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ببێتە ژەندەرمەی ئەمریکای باکووری و باشووری کە ئەمەش بووە هۆی کێشە و هەرا لەنێوان وەڵاتانی ئەمریکای لاتین لەگەڵ ئەو وەڵاتەدا. بە باوەڕی دەسەڵاتدارانی ئەمریکی سیاسەتی مۆنرۆ، ئێستەکەش وەکوو بنەمایەکی سەرەکی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئەژمار دێت.
مۆساد
مۆساد زاراوەیەکی عیبرییە کە بە واتای دەزگەیە و سەردێڕەکەی بریتییە لە:
Ha Mossad le Modein ve Tafkidim meyuhadim بە واتای دەزگەی هەواڵگیریی و ڕاسپاردنە تایبەتەکانە.
مۆساد، ناوی ڕێکخراوی هەواڵگیریی و ئاسایشی ئیسراییلە کە لە ساڵی 1953 دامەزراوە و ئێستا بە یەکێک لە ڕێکخراوە سیخوڕییە بەناوبانگەکانی جیهان دادەنرێت. ئەم ڕێکخراوە تۆڕێکی گەورە و بەرفرەوانی هەواڵگیریی لە سەرانسەری جیهان و بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وەڵاتانی ئەفریقاییدا بڵاوکردۆتەوە و لە وەڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکاشدا بەدوای هەر چالاکییەک دەکەوێت کە بەدژی ئیسراییل بێت و پووچەڵی دەکاتەوە. مۆساد لەگەڵ ڕێکخراوی هەواڵگیریی ئەمریکا (سیا) هاوکارییەکی نێزیکی هەیە و دزەی کردۆتە ناو گەلێک ڕێکخراوەی هەواڵگیریی دیکەش لە جیهاندا.
شمشێری دامۆکلێس
دامۆکلێس لە ئەفسانەکانی یۆناندا یەکێک لە دەست و پێوەندە ماستاوکەرەکانی دیۆنیسۆس، پاشای ستەمگەری سیراکۆز بووە کە هەمیشە بەسەر بەختەوەری و مەزنایەتی پاشادا هەڵیگوتووە و ستایشی کردووە. دیۆنیسۆسیش بۆ ئەوەی ئەدەبی بکات و پێی بسەلمێنێ کە بەختەوەرییەکەی ناتوانێ بەردەوام بێت، ڕۆژێک بۆ میواندارییەکی پڕشکۆ لێی دەگێڕێتەوە و شمشێرێکی تیژ و قورسی بە مووی ئەسپ لە ژوور سەرییەوە هەڵدەواسێ کە بە کەمترین جووڵەی دامۆکلێس بە سەر سەریدا دەکەوت و دەیکوشت.
لە زاراوەی سیاسیدا مەبەست لەم زاراوە، ئەوەیە کە هەمیشە مەترسییەکی گەورە و چاوەڕواننەکراو لە کەمیندا هەیە و دەوڵەتی ستەمگەر بۆ بەرگریکردن لە ئازادیخوازی خەڵک، شمشێری دامۆکلێس بەکار دەهێنێ کە هەمان سەرکوت و دەسبەسەری و ئازار و ئەشکەنجەیە تاکوو دەرفەتی دەربڕینی ئازادانەی بیروڕا بە خەڵک نەدات.
هەژمۆنی
ئەم زاراوە لە ڕیشەی یۆنانی hegemonia بە مانای سەرۆکایەتی یا فەرمانڕەوایی وەرگیراوە و بریتییە لە زاڵبوون و باڵادەستی وەڵاتێک بەسەر وەڵاتانی دیکە لە ڕێگەی دیپلۆماسی یا پێملکردن بە هەڕەشە یا سەرکەوتنی چەکداری. ئەم زاراوە پتر بەو مانایەی کە ئانتۆنیۆ گرامشی (1937ـــ 1891) بیرمەندی مارکسی و نووسەری ئیتالیایی، ئاڕاستەی کردووە بەکاربراوە کە ئەویش بریتییە لە: زاڵبوون و سەروەریی چینێک، نەک هەر لە بواری ئابووری بەڵکوو لە هەموو بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژی بەسەر چینەکانی دیکەدا. بە باوەڕی گرامشی هەژمۆنی سەرمایەداران تەنیا لە ڕێگەی هۆکارە ئابوورییەکان دابین ناکرێت بەڵکوو پێویستی بە دەسەڵاتێکی سیاسی و سیستەمێکی ئایدیۆلۆجییە کە لە دووی پێملکردن و ڕازی هێشتنەوەی چینی ژێردەستەوەیە. دامودەزگەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری بریتین لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی وەک دەوڵەت، حیزب، دەزگە ئایینییەکان (کلێسا)، خێزان و یەکیەتییە کرێکارییەکان.
مانەوەی کۆمەڵگەی سەرمایەداری بە هوی هەژمۆنی ئایدیۆلۆژیایی سیستەمی زاڵ بەسەر چینی کرێکاردایە. گرامشی پێیوایە کە ئەم هەژمۆنییە ناتوانێ بگوورێت چونکە عەقڵی سەلیم کە بەرهەمی ژیانە، هۆشیارییەک دەبەخشێ بە چینی کرێکار بە پێچەوانەی ئەو هۆشیارییە کە چینی سەرمایەدار بەسەریا دای دەسەپێنێ. بەڕای ئەو ئەگەر بێتوو ئەم هۆشیارییە شۆڕشگێڕییە لە لایەن ڕۆشنبیرانەوە بەهێز بکرێت، دەبێتە هێزێکی کارامە و خەباتی چینایەتیش تا ڕادەیەکی زۆر ململانێی نێوان گرووپە ڕۆشنبیرییەکانە کە یەکیان لە خزمەت چینی سەرمایەدارە و ئەویدی لە خزمەت چینی کرێکاردایە.
کۆمۆن
ئاوەدانی یان کۆمەڵێکی خەڵکی کە لە هەرێمێکی بەربەست (شار یان دێهات) نیشتەجێ بووبێتن. کۆمۆن بە مانایەکی گشتی بریتییە لە جەماوەرێک کە بۆ ئیدارەی کاروباری خۆیان بە شێوەیەکی سەربەخۆ یارمەتی یەکتر دەدەن، بێ ئەوەی پێویستیان بە دەستێوەردانی کاربەدەستان بێت. لە هەندێ لە وەڵاتانی ئەورووپی، بچووکترین یەکەی ئیداری بە کۆمۆن ناوبردە دەکەن. کۆمۆنی سەرەتایی یا کۆمەڵگەی هاوبەشی سەرەتایی بە یەکەمین شێوازی بەرهەمهێنانی مێژوو دەگوترێ کە بنچینەکەی لەسەر خاوەندارێتی گشتی بەسەر ئامرازی سادە و سەرەتایی بەرهەمهێنان و کاری هەرەوەزیی دامەزرابوو. لە مێژووی سەدەکانی ناوەڕاستدا پاش ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆما، هەر شارێک ئاوەدان بکرایە بە کۆمۆن ناوبردەیان دەکرد.
کۆمۆنی پاریس، لە باری مێژوییەوە بە دوو حکوومەتی شۆڕشگێڕی پاریس لە ساڵەکانی (1795ـــ 1792) و 1871 گوتراوە. لە ئاکامی ڕاپەڕینی کرێکارانی پاریس لە مانگی مارسی 1871، بۆ یەکەمین جار لە مێژودا حکوومەتی چینی کرێکار یا کۆمۆنی پاریس دامەزرا کە لە لایەن حکوومەتی فرەنسی و بە یارمەتی ئەرتەشی پرۆس شەڵاڵی خوێن کرا.
کۆمۆنیزم
ئەم زاراوە لە ڕیشەی لاتینی communis بە واتای هاوبەشیی وەرگیراوە. لە ساڵی1840 بەملاوە کە زاراوەی کۆمۆنیزم ڕەواجی پەیدا کردووە، مانای جۆراوجۆری لەخۆ گرتووە کە بریتین لە:
1ـــ هەوڵێکە بۆ پیادەکردنی ئەو ئاواتانەی کە هەندێ لە سۆسیالیستە خەیاڵییەکان بیریان لێ دەکردەوە. بەم پێی ئەم خەیاڵانە، دەبوایە تەواوی دارایی و سامانی سەرزەوی دابەش بکرێت. هەرکەس دەبێ کار بکات و بە ڕێژەی توانستی خۆی بەرهەم بهێنێت و بە ڕادەی پێداویستییەکانی بکەوێتە خۆشی و ناز و نیعمەتەوە. ئەم ڕێبازە خاوەنداریەتی شەخسی لە بوارەکانی ئامرازی بەرهەمهێنان و کاڵا مەسرەفییەکان بە شتێکی یاساغ دەزانێ.
2ـــ ڕێکخراوەیەکی کۆمەڵایەتییە بە مێتۆدێکی زانستی و ڕاستبینانە کە لە بۆچوونەکانی مارکسدا بەم جۆرە باسی لێکراوە: «مێژووی مرۆڤ، خەبات و ململانێی هەمیشەیی جەماوەرە بۆ باشتر کردنی باری گوزەران. خەباتێک کە لە قۆناغی سەرمایەداریدا پەلدەکێشێتە ململانێی چینایەتی و سەرەنجام بە دیکتاتۆری پرۆلتاریا کۆتایی پێ دێت». لەم سەردەمەدا تاکەکەس دەبێتە بەرهەمێکی ماقووڵی کۆمەڵگە کە توانستەکانی دەگەنە ئەوپەڕی فراژووتن و بە تەواوی گەشە دەکەن. لە بواری ئابوورییەوە کۆمەڵگە بەپێی ئەم قانوونە بەڕێوە دەچێت: «هەر کەسێک بە قەدەر تواناییەکانی و هەر کەسیش بە قەدەر پێداویستییەکانی».
3ـــ سیستەمێکی کۆمەڵایەتی ـــ ئابووری: بەدەر لە چینایەتی و مسۆگەرکردنی خاوەنداریەتی خەڵک بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و یەکسانی کۆمەڵایەتی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە کە تێیدا هێزەکانی بەرهەمهێن لەسەر بنەمای زانست و تەکنۆلۆژی، دایم ڕوو لە پێشکەوتن بن.
مەبەست لە کۆمۆنیزمی سەرەتایی، سیستەمی ئابووری کۆمەڵگە سەرەتاییەکانە کە گۆیا لەم کۆمەڵگەیانەدا سەرچاوەی سەرەکی ئابووری وەک زەوی و بەلەم و … بەشی هەموو خەڵکانی کۆمەڵگەیە نەک بەشی تاک و تەراک و بنەماڵەکان. بۆ نموونە کۆمەڵگەی سپارتی کۆن.
لە سەردەمی کۆندا بزاوتگەڵیکی زۆر بەدیهاتن کە ئامانجی کۆمۆنیستیان هەبووە بۆ وێنە بزاوتی مەزدەکییان بە ڕێبەرایەتی کەسێک بەناوی مەزدەک کە باوەڕی بە هاوبەشیی سامان و ژن بووە و سەرچاوەی ناکۆکی و ململانێی چینایەتی لەم دوو هۆکارە دەبینێت. پێداگرتنی ئەفلاتوونیش لەسەر هەڵوەشانەوەی بنەمای حاکمییەت و هاوسەرێتی (ازدواج) لە نێوان باڵادەستان و تاقمی دەسەڵاتدار، دەگەڕێتەوە بۆ باوەڕە کۆمۆنیستیەکانی ئەم بیرمەندە.
سۆشیالیزم، کۆمەڵگەیەکە کە بێ هیچ ناونجییەک لە سەرمایەداری دەرباز دەبێ و کۆمۆنیزم، تەشکی پایەبەرز و شکۆمەندی کۆمەڵگەیە و تەنیا کاتێک دەتوانێ پەرە بستێنێ کە سۆشیالیزم بە تەواوەتی پاوەجێ بووبێت. کۆمۆنیزم، دەرەنجامی وەرچەرخانی سۆشیالیزمە. مەرجی ئەم وەرچەرخانەش ئەم سێ ئەرکە سەرەکیەیە: دانانی بناغەی ماددی و تەکنیکی کۆمۆنیزم لەسەر بنەمای باڵاترین تەکنۆلۆژی و ئاستی سەرەوەی دەسکەوتە زانستییەکان. پاوەجێکردنی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمۆنیزم و پەرەپێدان بە دیموکراسی سۆشیالیستی (بڕوانە سۆسیال دیموکراسی). پەروەردەی ڕۆحی و جەستەیی مرۆڤی هاوچەرخ.
بە گشتی سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم، دوو قۆناغی بەرز و نەوی پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی ـــ ئابووری پێک دێنن کە بە پێکهاتەی کۆمۆنیستی ناوی دەرکردووە.
کۆمۆنیزمی نوێ پەیوەندی هەیە بە بیر و بۆچوونەکانی مارکس و کۆمەڵگەی بەدەر لە چینایەتی کە لەسەر بنەمای خاوەنداریەتی هاوبەشی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان ڕاوەستاوە. گرنگترین دەق بۆ موتاڵای کۆمۆنیزم، «مانیفستی حیزبی کۆمۆنیست» ـە کە لەسەر داوای دەستەی ڕێبەرایەتی «یەکیەتی کۆمۆنیستەکان» نووسراوە. ئەم مانیفستە لە لایەن مارکس و ئینگلس (1847) نووسراوە و لە 1848 لە لەندەن بڵاو کراوەتەوە. لینین لە بارەی مانیفستەکە دەڵێ: «ئەم نامیلکە بە قەدەر چەند کتێبی گەورە و مەزن بە نرخە». لە ڕاستیدا مانیفست، بە «ئینجیل»ی کۆمۆنیزم و چڵەپۆپەی ئەندێشەی مارکس و ئینگڵس لە قەڵەم دراوە.
کۆمۆنیزم بە کردەوە لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەری سۆڤیەت لە ساڵی 1917 بەدیهات. دواتر پاش ڕێکخستنی کۆمینتێرن (کۆمۆنیزمی نێونەتەوەیی)، لە لایەن لینین و هەروا سیاسەتەکانی ستالین هەوڵ درا هەموو حیزبە کۆمۆنیستەکانی جیهان بکەونە ژێر چەترێکەوە و نەزمێکی کرژ بەسەریاندا زاڵ ببێت. لە هەلومەرجێکی وادا هەموو حیزبە کۆمۆنیستەکانی جیهان ملکەچی سۆڤیەت بوون و دەبوا لە سیاسەتەکانی حیزبی بولشویکی سۆڤیەت پەیڕەوییان بکردایە.
پاش مەرگی ستالین (1953) و بەدەسەڵات گەیشتنی خرۆشچۆف و پێشنیازی «سازانی ئاشتیخوازانە لەگەڵ ڕۆژاوا» ، پێوەندی سۆڤیەت و چین کە دوو جەمسەری گرینگی جیهانی کۆمۆنیست لە ئەژمار دەهاتن، بەرەو ساردبوونەوە ڕۆیشت. چونکە چین هێشتا هەر لایەنگری ستالین بوو. ململانێی ئەم دوو هێزە سەرەکییەی کۆمۆنیزم، لەمپەرێکی لە نێوان بلۆکی ڕۆژهەڵاتدا دروست کرد.
پێش هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت لە نێوان ساڵەکانی 1989 تا 1991، زاراوەی کۆمۆنیزم پتر بۆ ناوبردە کردنی ئایدیۆلۆژیای ڕەسمی و سیاسەتەکانی ئەم وەڵاتە و چین و وەڵاتانی ئەندام لە پەیمانی وارشەو بەکار دەبرا. لە سەدەی بیستەمدا حیزبەکانی پتر لە پەنجا وەڵاتی لایەنگری کۆمۆنیزم، بە شێوازی جۆراوجۆر چالاکییان دەنواند و لە هەندێ وەڵاتیشدا دەسەڵاتیان بەدەستەوە بوو. بەڵام پاش ڕووخانی دیواری بەرلین و هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت، بزاڤی کۆمۆنیزم لە جیهاندا تووشی نسکۆ هات و سیستەم و مەرامی کۆمۆنیستی لە وەڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵات، بە ڕەسمی کۆتایی پێهات. ئینجا ئەم وەڵاتانە ڕوویان کردە ئابووری بازاڕی ئازاد و دەستیان کرد بە پیادەکردنی ئەو بنەما و سیستەمە کە نزیکەی 70 ساڵ لەگەڵیدا دژایەتیان دەکرد.
جەمسەرەکانی کۆمۆنیزم: جەمسەرەکانی کۆمۆنیزم لە جیهاندا بریتی بوون لە:
1ـــ کۆمۆنیزمی سۆڤیەت کە پێیان دەگوت کرملینیزم و ناوەندەکەشی مۆسکۆی پێتەختی یەکیەتی سۆڤیەت بوو.
2ـــ مائۆئیزم یا کۆمۆنیزمی چینی (ناسراو بە مائۆ تسەدۆن ڕێبەری چین).
3ـــ کاسترۆئیزم (کۆمۆنیزمی داتاشراوی تایبەت بە فیدل کاسترۆ لە کووبا).
4ـــ تیتۆئیزم (ناسراو بە مارشاڵ تیتۆ ڕێبەری یۆگسلاڤیا).
5ـــ کۆمۆنیزمی ڕیفۆرمخواز (کە زۆربەی حیزبە کۆمۆنیستەکانی ئەورووپای ڕۆژاوا خۆیان بەم جەمسەرەوە هەڵواسیبوو).
کۆمۆنیزمی زانستی
ئەم زاراوە لە ساڵی 1962، لە لایەن میخاییل سۆسلۆف، بیر داڕێژی پایەبەرزی سۆڤیەت لە کۆنگرەیەکی گەورەی ئایدیۆلۆژیک چێ کراوە. بە باوەڕی کۆمۆنیستەکان، کۆمۆنیزمی زانستی بریتییە لە: زانستی ململانێی چینایەتی چینی کرێکار و شۆڕشی سۆشیالیستی و یاسامەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم. کۆمۆنیزمی زانستی خۆی بە چۆنیەتی هەنگاونان لە سەرمایەدارییەوە بۆ سۆشیالیزم لە ئاستی جیهان و دامەزراندنی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی سەرقاڵ دەکات کە یەکەمین قۆناغەکەی، سۆشیالیستی لە قەڵەم دەدرێت. لەم ڕووەوە کۆمۆنیزمی زانستی، دەرەنجامی سیاسی کۆی ئەو ئایدیۆلۆژیەیە کە سەرەتا بە مەتریالیزمی دایەلیکتیک دەست پێدەکا و پاشان «مەتریالیزمی مێژوویی» و «ئابووری سیاسی» بەدوا خۆیدا دەهێنێت.