تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



لێنینیزم
لێنینیزم، قوتابخانەیەکی سیاسییە کە لە ناوی ڤلادیمیر ئیلیچ ئۆلیانۆڤ لینین (1924ـــ 1870) ڕێبەری شۆڕشی ئۆکتۆبەری 1917 سۆڤیەت وەرگیراوە. لێنینیزم لەگوێن ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسی، پاش مەرگی لینین داهات و ئەویش شێوازێکی تایبەتی مارکسیزمە کە لە سۆڤیەت پیادەکرا.
ئەم قوتابخانە باوەڕی بە چاکسازی فەلسەفەی مارکسیزم هەیە بەڵام لە هەمان کاتدا خۆی بە پابەندی بنەماکانی ئەو فەلسەفە دەهێڵێتەوە. لێنینیزم، کۆمەڵێک نووسراوەی دەستچێنکراوی لینین بوو کە لە پاش هەندێ گۆڕان و چاکسازی بەسەر بنەماکانی مارکسیزمدا هاتە ئاراوە و هەندێ خاڵی پێ زیادکرا و هەندێ خاڵیشی لێ سڕایەوە تاکوو لەگەڵ ڕەوشی ڕووسیادا بگونجێ. لە ڕاستیدا داهێنەری لێنینیزم، ستالین بوو کە کۆمەڵێک لە گوتارەکانی لێنینی بەبێ لەبەرچاوگرتنی کاتی نووسینیان، لە 9 بابەتدا بە ناوی «بنەماکانی لینینیزم» کۆ کردەوە. لەم کۆکردنەوەدا هەندێ لە ئەندێشەکانی لینین دابڕا یان بە کورتوکوێری بڵاوکرایەوە. ترۆتسکی لە بەرانبەر ئەم کارەی ستالین دەنگی هەڵبڕی و ڕایگەیاند: «لینینیزمی ستالین» جگە لە کۆگایەک خەوشوخۆڵی فیکری و کورتبینی و کەمتەرخەمی، هیچی دیکە نییە. کەواتە ئەو لینینیزمەی کە ستالین دایهێنا، بوو بە تێوری ڕەسمی یەکیەتی سۆڤیەت. لە بەرانبەردا ئەو شرۆڤە و لێکدانەوەی کە لە لایەن کەسانێکی وەک ترۆتسکی و بوخارین لە سەر بیروڕای لینین بە ئەنجام گەیشت، بە دەسکیسی ستالین تووشی شکستی سیاسی هاتن. دواتر، ڕێژەی وەفاداری لینینیزم، نەک هەر بە ئەندێشەکانی مارکس بەڵکوو بە نیسبەت ئەندێشەکانی لینینیش، بووە هۆی مشتومڕ لە نێوان مارکسییەکاندا.
لە باری مێژووییەوە، وشەی لینینیزم، یەکەم جار لە لایەن مارتۆف، ڕێبەری منشڤیکەکان لە ساڵی 1904 بەکار برا کە ئەویش بۆ ڕەخنە لە تیۆری لینین بوو لەمەڕ ڕێکخستنی حیزبی پێشڕەو.
لێنینیزم، لەگەڵ بولشویزم لە سەرچاوەیەک ئاودەخۆنەوە و لەباری سیاسییەوە بەهێزترین لقی مارکسیزم لە ئەژماردێت کە بە کۆمۆنیزم ناوبانگی دەرکردووە. کۆمۆنیستەکان، خۆیان بە «مارکسیزم ـــ لینینیزم» ناوبردە دەکەن.
بیروبۆچوونەکانی لێنین لە سەردەمی پێش شۆڕشی ڕووسیا لەگەڵ سەردەمی پاش شۆڕشدا جیاوازن. بەر لە شۆڕش، لێنین بە پەیڕەو کردنی مارکس، باوەڕی بە ڕەوتی مێژوویی دایەلیکتیک هەبوو چونکە ڕووسیا هێشتا ئامادە نەبوو بۆ شۆڕشێکی کرێکاری و نەگەیشتبووە قۆناغی پرۆلتاریا. لەبەرئەوە، سەرەتا دەبوو لەو وەڵاتەدا شۆڕشێکی بۆرژوایی ڕووبدات (وەک شۆڕشی فرەنسا) و ڕژێمی تاکڕەو و دیکتاتۆری تیزاری، جێگەی خۆی بدات بە ڕژێمێکی دیموکراتی و یاسایی و حکوومەتی چینی میانە.
لێنین، مارکسییەکی دەمارگرتوو بووە و لەگەڵ هەرچەشنە پێداچوونەوەیەک بە بنەما و ڕۆحی شۆڕشگێڕانەی مارکسیزمدا دژایەتی کردووە. ئەگەرچی ئەو شتەی کە لینین بە مارکسیزمی زیاد کردوووە، لەبواری تیۆرییەوە نایەتە بەرچاو بەڵام لێنینیزم هەڵگری وەرچەرخانێکی گرینگە لە مارکسیزمدا ئەویش گەڕانەوەیە لە دیترمینیزمی ئابووری بۆ ئیرادەگەرێتی. بەپێی دیترمینیزمی ئابووری ــ کە یەکێک لە تیۆرییەکانی مارکسە ــ سیاسەتی دەوڵەتەکان و ڕووداوە مێژووییەکان، بەگشتی هۆکاری ئابوورییان هەیە و بەرهەمی هێزە جەبرییە ئابوورییەکانن. لەم گۆڕانە فیکرییەدا لینین، لە جیاتی ئەوەی کەشوهەوای شۆڕشگێڕانەی کرێکاری بە پاشکۆیەکی ڕەهای شێوازی بەرهەمهێنان و دۆخی ئابووری بزانێت، هۆکاری دەروونی و زەینی واتە «ئیرادەی شۆڕشگێڕانە» و ڕێکخستنی بوێرانە، بە پاڵنەری سەرەکی بۆ چوونە ناو ڕەوتی مێژوو دەزانێت. لێنین پێی وابوو کە بێ تیۆری شۆڕش هیچ کارێکی شۆڕشگێڕانە بە ئەنجام ناگات.
لێنین تیۆرییەکی تایبەتی دەربارەی ئیمپریالیزم ئاڕاستە کرد کە بەرفرەوان کردنی مارکسیزم بوو لە بواری شیکردنەوەی ڕەوتی فراژووتنی مێژوویی سەرمایەداریدا. ئەو ئیمپریالیزمی بە دوایین قۆناغی «سەرمایەداری پاوانخواز» دەزانی کە لە سەرەمەرگی خۆیدا بوو. ئەم تیۆرییە بوو بە بنەمایەک بۆ دابەشبوونی جیهان بە دوو ئۆردووگای سۆشیالیزم و ئیمپریالیزم کە لە قۆناغی شەڕی سارد زۆر دەنگی دایەوە. بەپێی ئەم دابەشکارییە، سەرکەوتنی بەرەی سۆشیالیزم بەسەر ئیمپریالیزم، لەباری مێژووییەوە نکوڵی لێناکرێ چونکە ئیمپریالیزم بەرەو مەرگ گلۆر بۆتەوە.
لینین کاریگەریی زۆری لەسەر بزووتنەوەی سۆشیالیستی (بە تایبەت مارکسیستی) دانا. تاکوو بەر لە شۆڕشی 1917، مارکسییەکان هەمیشە بە دەوری یەک حیزب کۆ دەبوونەوە کە ئەویش بە «حیزبی سۆشیال دیموکرات» ناوبانگی دەرکردبوو. بەڵام لینین لەپاش دامەزراندنی ئینتەرناسیۆنالی سێهەم (بڕوانە کۆمینترن) ئەم حیزبانەی بە دوو حیزبی کۆمۆنیست و سۆشیالیست دابەش کرد. وردە ـــ وردە ڕێوشوێنی لینین سنووری وەڵاتەکەی بەزاند و زۆربەی وەڵاتانی جیهانی گرتەوە. نووکە، ئەگەرچی لە ساڵی 1990 سیستەمی کۆمۆنیستی لە یەکیەتی سۆڤیەتی پێشوو لێک هەڵوەشایەوە، بەڵام لە چەند وەڵاتێکی وەک چین و کووبا، ئەم ڕێبازە لە باو نەکەوتووە و هێشتا هەر ئەم وەڵاتانەی پێ ئیدارە دەکرێ.
مارکسیزم ـــ لێنینیزم
ئەم زاراوە لە گەرمەی مشتومڕە ئایدیۆلۆژییەکانی پاش مەرگی لێنین هاتە ئاراوە بۆ وەدەرنانی دوژمنانی ستالین. لە ژێر سەردێڕی ئەم ناوەدا مارکسیزم، بەپێی تێڕوانینی ستالین بۆ تیۆر و کردەوەی لێنین، سەرلەنوێ پێناسە کرایەوە. ئەم تێڕوانینە شەرعییەتی دەبەخشی بە سیاسەتەکانی ستالین و تا دەهات پێگەکەی وەک سەرچاوەیەکی سیاسی و ئایدیۆلۆژیک قایمتر دەکرد. پاش سەردەمی ستالین، ئەم چەمکە بوو بە نیشانەی ڕەوابوونی دەسەڵاتی ڕێبەرانی داهاتوو. هەروەها لە گەڕیانی کێشمەکێشی نێوان جەمسەرەکانی کۆمۆنیزمدا بوو بە بنەمایەکی ئایدیۆلۆژک بۆ تاوانبارکردنی هەر چەشنە «لادان» ێک لە ڕێباز و باوەڕی مارکسی. لە میانەی مشتومڕی چین و سۆڤیەت، ڕووسەکان چینیان بەوە تاوانبار دەکرد کە لە ڕێبازی مارکسیزم ـــ لێنینیزم لایداوە بەڵام چینییەکان ڕێگەی خۆیان بەرەو ئایدیۆلۆژی «مارکسیزم ـــ لێنینیزم ـــ مائۆئیزم» هەڵبژاردبوو.
مارکسیزم ـــ لێنینیزم، ئاوەڵناوێک بوو کە پێشتر زۆربەی حیزبە کۆمۆنیستیەکان بۆ ناوبردەکردنی ئایدیۆلۆژی خۆیان بەکاریان دەبرد و بەم بۆنەوە خۆیان لەو حیزب و لایەنە مارکسییانەی کە باوەڕیان بە ڕێبازەکانی مارکس لەمەڕ شۆڕشی سۆشیالیستی و دیکتاتۆری پرۆڵتاریا نەبوو جیا دەکردەوە. ئەم ڕێبازە لە بنەڕەتدا ئایدیۆلۆژی بزووتنەوەی کرێکاری بوو بەڵام لە کردەوەدا لە هەندێ لە وەڵاتان بوو بە ئایدیۆلۆژیای ڕەسمی و کۆنەپارێزی چینی دەسەڵاتدار و بۆرۆکراسی دەوڵەتی.