تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



دیسپۆتیزم+ لاساریگەریی
ئەم وشە لە ڕیشەی یۆنانی despoties) ) بە مانای سوڵتان و دەسەڵاتداری تاکڕەو وەرگیراوە. مەبەست لەم زاراوە، دەسەڵاتێکە کە هیچ سنوورێکی ڕێژەیی و یاسایی نییە و بە لاساری و بەربەرەڵا بەکار دەبرێت. پێشینەی ئەم وشە لە زاراوەی سیاسیدا دەگەڕێتەوە بۆ 2 هەزار ساڵ لەمەوبەر. هەڵبەت تا چەند سەدەیەک بەر لە ئێستە، دیسپۆتیزم لەگەڵ زاراوەی تیرانی (بروانە زۆرداریی) بەبێ ڕەچاوکردنی جیاوازییەکانیان، لەبری یەکتر بەکار دەبران. بەڵام ئەم چەمکە بە مانا نوێباوەکەی، پەیوەستە بە ئەندێشەی بیرمەندانێکی وەکوو دۆتۆکویل، هێگڵ، مارکس و ویتفۆگێل.
هێگڵ و مارکس، ئەم زاراوەیان بەشێوەیەکی هاوبەش بۆ پێناسەکردنی ئەو جۆرە کۆمەڵگەیانە بەکار هێناوە کە لە ڕەوتی مێژوویی خۆیان بەرەو شارستانییەت، تووشی کپبوون و بێدەنگی هاتوون. هێگڵ، پێی وایە کە مێژوو لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو ڕۆژاوا ڕۆشتووە و لەم ڕەوتە مێژووییەشدا دێسپۆتیزم، یەکەمین قۆناخی ئەم جووڵە بووە کە ئامانجە سەرەکیەکەشی دامەزراندنی حکوومەتێکی پادشایی بووە لە ئەورووپادا. بە باوەڕی ئەو، لە کاتێکدا کە هەموو خەڵکی ڕۆژاوا لە ئازادی حەساونەتەوە، کەچی لە ڕۆژهەڵات، تەنها یەک کەس (پادشا یا دەسەڵاتدار) لە ئازادی بەهرەمەندە و لەم سۆنگەوە شارستانییەتی ڕۆژهەڵات لە یەکەمین قۆناخی مێژوویی خۆیدا ماوەتەوە.
کاڕۆڵ ویتفۆگێل کۆمەڵناسی ئەڵمانی، بە پێوانەی تیۆرییەکەی مارکس دەربارەی شێوازی بەرهەمهێنانی ئاسیایی، ڕامانەیەکی نوێ لەسەر دێسپۆتیزم دەردەکات کە هەموو شارستانییەتە خۆرهەڵاتیەکان (چین، هێند و ئێران) و تەنانەت شارستانییەتە سوورهوولەکانی ئەمریکا (ئینکا، مایا و ئازتەک) لەخۆ دەگرێ. بەڕای ئەو، تایبەتمەندییەکانی ئەم جۆرە کۆمەڵگەیانە بریتییە لە:
1) ڕژێمی سیاسی ئیستبدادی.
2) نەبوونی چینی ئاریستۆکراتی بەردەوام (بڕوانە ئاریستۆکراسی) .
3) چەقبەستنی لەڕادەبەدەری سیستەمی ئیداری وەڵات.
4) نزمبوونی پێگەی کۆمەڵایەتی بازرگانەکان لە کۆمەڵگەدا.
5) بەکارهێنانی ئاودێریی بەرهەڵدا لە کشتوکاڵدا.
دیفاکتۆ: بڕوانە ناسینەوەی دووفاکتۆ.
دەوڵەتانی لاسار
بە دەوڵەتانی یاخی و چەمووش دەگوترێ کە لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا بەهۆی ڕژێمی سیاسی یا بۆچوونی ئایدیۆلۆجیکی ڕێبەرەکەیان، تووشی گۆشەگیری دیپلۆماسی و سەرشۆڕیی ئەخلاقی دەبن. شەرعییەتی ئەم دەوڵەتانە لە بەر پێمل نەبوونیان بە یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. نموونەی کلاسیکی ئەم جۆرە دەوڵەتانە، ئەفریقای باشوورییە لەنێوان ساڵەکانی 1984 تا 1994. ئاپارتایدو ئاکارە سیاسییەکانی ناوخۆیی و دەرەکی ئەم ڕژێمە، لەگەڵ پێوانەکانی مافی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسین، دژایەتی ئاشکرای هەبوو (بڕوانە جیاوازی ڕەگەزایەتی) .
زاراوەی دەوڵەتانی لاسار، بەزۆری ئاماژە دەدات بە سیستەمی سەرکردایەتی (Leadership)، نەک سیستەمی سیاسی خەڵک یان نەتەوەکان بەتایبەت ئەو ڕێبەرانەی کە فێڵباز و کەللەڕەق و شەڕخواز و سەرسەری و ناکەس بن.
سکولاستیکیزم
ئەم زاراوە لە ڕیشەی لاتینی scholastica بە واتای «وانە قوتابخانەییەکان» وەرگیراوە. لە سەدەکانی ناوەڕاست باس و گفتوگۆ زانستی و فەلسەفیەکان پتر لە ناو قوتابخانە و کلێسا و پەرستگەکان ئەنجام دەدران هەر بۆیە باسە زانستیەکانی ئەو سەردەمە بە زانستی سکولاستیک ناوبانگیان دەرکردبوو. لایەنگرانی ئەم قوتابخانەیە ئیمانیان بەلاوە گرنگتر بوو لە ئەقڵ و ئاوەز و پێیان وابوو کە دەبێ لە پێشدا بڕوا و ئیمانمان هەبێ ئینجا بابەتەکان بفامێنین. بەڕای ئەمان، ئایین لە لایەن خوداوە بە مرۆڤ عەتا کراوە و ئەقڵ ناتوانێ لە بەرانبەریدا ملهوڕیی بکات و ڕەتی بکاتەوە. باوەڕمەندانی ئەم ڕێبازە لەگەڵ هەر چەشنە سەربەخۆییەکی فیکریدا نەیارن و تەنیا بە نووسراوەکانی کتێبی پیرۆز و بنەما فیکریەکانی ئایینی مەسیح پشت ئەبەستن.
ئەم فەلسەفە ئەگەرچی پشتی بە ئایینی مەسیح بەستبوو، بەڵام لە ڕاستیدا جۆرێک گەڕانەوە بوو بۆ قوتابخانەکانی یۆنانی کۆن و لە ژێر کاریگەریی نیشتمانی خەیاڵی و ئایدیالی پلاتۆدا بوو. پاش سەرهەڵدانی ڕێنسانس لە ئەورووپا و پەیدابوونی هزرڤانان و بیرمەندانێک کە بنەماکانی سکولاستیکیان خستەبەر گومان، هەندێ ڕیفۆرم بە سەر ئایینی مەسیحدا هات و ڕێگە بەم قوتابخانە لێژ کراو و جێگەی خۆی دا بە ڕێبازی ڕاسیۆنالیزم.
کاپیتۆلاسیۆن
ئەم زاراوە لە وشەی لاتینی capitulare وەرگیراوە و بە مانای پەیمان و گرێبەست و ڕێککەوتن هاتووە کە لە نێوان دەوڵەتاندا دەبەسترێ. بەپێی ئەم پەیمانە ئەگەر هاووەڵاتیانی بێگانە لە قەڵەمڕەوی وەڵاتێکی دیکەدا تاوانێک ئەنجام بدەن، ئەوا دەبێ بکەونە ژێر پارێزگاریی یاساکانی وەڵاتی خۆیان و لە لایەن کۆنسولێک کە نوێنەری ئەو دەوڵەتەیە بۆ دادگە بانگهێشت بکرێن. ئەم جۆرە پەیماننامانە پتر لە لایەن دەوڵەتانی ئەورووپییەوە بەسەر دەوڵەتانی ئاسیایی و ئەفریقایی دائەسەپا. لە ڕاستیدا بیانووی ئەم وەڵاتانە ئەوە بوو کە هاووەڵاتیانی ئەوان لە ڕووی دادوەرییەوە پارێزراو نین و لە لایەن بەرپرسانی ئەو وەڵاتانەوە ناپارێزرێن. بەڵام ئەوان بەم بیانووە دەیانویست بگەنە ئامانجە کۆلۆنیالیستیەکانی خۆیان. لەم سەردەمەدا کاپیتۆلاسیۆن گرنگی خۆی لە دەست داوە و لە لایەن دەوڵەتەکانەوە دژایەتی دەکرێ و وەڵاتانێکی وەک ژاپۆن، تورکیا، میسر و ئێران و چین پووچەڵیان کردۆتەوە.
گلاسنۆست
گلاسنۆست وشەیەکی ڕووسییە بە واتای ڕەپ و ڕاستی بەڵام لە زاراوەی سیاسیدا بریتیە لە کەشوهەوای کراوەی سیاسی و «پرۆسەی دیموکراتیزەکردن»ی بلۆکی سۆشیالیستی. ئەم زاراوە دوابەدوای بە دەسەڵات گەیشتنی گۆرباچۆف، ڕێبەری سۆڤیەت ڕەواجی زۆری پەیدا کردووە. گلاسنۆست و پێرۆسترۆیکا دوو زاراوە بوون کە لە لایەن ڕێبەرانی یەکیەتی سۆڤیەت شانبەشانی یەکدی بۆ پیادەکردنی سیاسەتەکانیان بەکار دەبران. لە ئەنجامی گلاسنۆست، گۆرباچۆف دەرفەتی بە ڕۆژنامەنووسانی سۆڤیەت دا کە باس لە کەموکووڕی و گەندەڵی وەڵات بکەن و ئاندرە ساخارۆفی لە تاراوگە گەڕاندەوە و گەلێک لە نەیارانی سیاسی لە بەندیخانە ئازادکرد. ئەم گۆڕانکارییانە لە لایەن ڕۆژاواوە پێشوازی لێکرا و ئاکامەکەشی هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت بوو لە ساڵی 1990.