تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



سیاسەتی فرەکەلتووری
ئەم زاراوە دەرەنجامی هەوڵ و تێکۆشانێکە کە لە زۆربەی وەڵاتان بۆ کۆتایی هێنان بە ناکۆکی نێوان فەرهەنگی زۆرینە و فەرهەنگی کەمینە بە ئەنجامیان گەیاندووە. بەپێی ئەم سیاسەتە، کەلتوورە جیاجیاکان وەک نەخشونیگاری موزاییک لەپاڵ یەکدا جێگیر دەبن بە چەشنێک کە هیچ کەمینەیەک ناچار نابێت ڕەگەزە فەرهەنگییەکانی خۆی وەلا بنێت یان فەرامۆشیان بکات.
ئەم سیاسەتە لە بەرانبەر سیاسەتی یەک کەلتووری بەرجەستە بۆتەوە. بەپێی ئەم سیاسەتە، هەندێ لەو وەڵاتانەی کە خاوەنی چەند فەرهەنگێکی جیاوازی ئەتنیکی و نەتەوەیی بن، بێ ڕەچاوکردنی ئەم جیاوازییانە هەوڵ دەدەن لە ئیدارەی کۆمەڵگەدا سیاسەتێکی یەکدەست و یەکپارچە جێبەجێ بکەن کە ئاکامی وەها سیاسەتێک جگە لە تواندنەوە و لێکدانی کەلتوورە جیاوازەکان شتێکی دیکە نییە. نموونەی بەرچاوی ئەم سیاسەتە، ڕەفتارەکانی دەوڵەتی تورکیایە لە بەرانبەر کەلتووری کوردەکانی ئەم وەڵاتە.
سیستەمی فرەحیزبی
سیستەمێک کە تێیدا ڕێژەیەکی زۆر لە حیزبە سیاسیەکان بە شێوەی هاوبەش بۆ بەدەست هێنانی دەسەڵات هەوڵ دەدەن، کاتێکیش سەرکەوتنیان بەدەست هێنا بە هاوکاری یەکدی بەرنامە و پلانی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی حکوومەت ئاڕاستە دەکەن. بۆ وێنە لە وەڵاتانی ئەورووپیدا سیستەمی فرەحیزبی بۆتە باو. لە فرەنسا کاتی خۆی ژمارەی ئەم حیزبانە گەیشتۆتە 20 حیزب. لە ئەڵمانیا، ئیتالیا و سویسرا ئەم سیستەمە دەور دەبینێت. یان ئەو دۆخەی کە لە عێراقی دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسەین لە ساڵی 2006 هاتە کایەوە.
هەبوونی سیستەمی فرە حیزبی لە وەڵاتێک، بنەمایەکە بۆ بەراوردکردنی ڕێژەی دیموکراسی لەو وەڵاتەدا. لە پڕۆسەی بەدیموکراسی کردندا زۆرجار حیزبی بچووک بچووک سەرهەڵدەدەن. هەر کاتێک دیموکراسی پاوەجێ ببێت، ئەم حیزبە بچووکانەش لە ناو سیستەمێک سەقامگیر دەبن کە بە سیستەمی فرەحیزبی ناوبردە دەکرێت. لە سیستەمی فرەحیزبی، بە پێچەوانەی سیستەمی تاک حیزبی ـــ کە تێیدا تەنیا یەک حیزب چالاکە و حیزبەکانی دیکە سەرکوت دەکرێن ـــ هاوبەشی سیاسی، لەگەڵ ململانێ و کێبەرکێی سیاسی ئاوێتە بووە. لەم سیستەمەدا ئەنجومەنی وەزیران بە شێوەی ئیئتلافی و هاوپەیمانی هەڵدەبژێردرێت.
فرەجەمسەری
لە دوای سەرهەڵدانی چین و ژاپۆن و ئەورووپای ڕۆژاوا وەک هێزێکی جیهانی و دەرکەوتنیان لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا مۆدێلی دوو جەمسەری سیاسەتی جیهانی کە بنەمای سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ساڵەکانی 1950 و 1960 بوو، جێگەی خۆی دا بە مۆدێلێکی دیکە کە بە فرەجەمسەری ناوی دەرکردووە. تاکوو پێش کۆتایی هاتنی شەڕی سارد، دوو زلهێزی ئەمریکا و سۆڤیەت نەبێ کە خاوەنی هێزی ئەتۆمی بوون، ئەم چەند هێزەی دیکە، زیاتر وەک دەسەڵاتێکی ئابووری و سیاسی ناویان دەرکردبوو ئەمێستا دوای شەڕی سارد و لاوازبوونی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان، جیهان بەرەو دۆخێکی تاک جەمسەری مەیل دەکات.
فرەدەنگی سیاسی
1- هەبوونی دەنگی جۆراوجۆر و بە ڕەسمییەت ناسینی گروپی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئابووری جۆربەجۆر لە کۆمەڵگە یان کەشوهەوایەک کە تێیدا هیچ گروپێکی سیاسی، کەلتووری، ئایینی و ئەتنیکی تایبەت، دەسەڵات پاوان نەکات.
2ــ بڕوا هێنان بەوەی تاک، خاوەنی حەز و عیلاقاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئایینی جۆربەجۆرە و دەبێ لە لایەن حکوومەتەوە بەهەند بگیردرێ و دەسەڵات لە نێوان بۆچوون و لایەنە سیاسییەکان دابەش بکرێت. ئەم قوتابخانە لە سەربەخۆیی دەزگە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کۆمەڵگە لە بەرانبەر دەسەڵاتی حکوومەت پشتگیری دەکات تاکوو حکوومەت نەبێتە دەسەڵاتێکی ڕەها و دوور لە بەرپرسایەتی.
3ــ فەلسەفەیەکی سیاسی کە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم لە لایەن لیبراڵ و سۆسیالیستە ئینگلیزییەکان ئاڕاستەکرا کە پێیوایە دەبێ دەسەڵات لە نێوان لایەن و دەزگە کۆمەڵایەتییەکان دابەش بکرێت و کۆمەڵگە بە تەواوەتی نەچێتە ژێر ڕکێفی چین یان یەکەیەکی سیاسی تایبەتەوە.
فۆرماسیۆن: بڕوانە پێکهاتن.
پلۆرالیزم - فرەدەنگی
ئەم زاراوە، ئەو تیۆریانە لەخۆ دەگرێ کە باوەڕیان هەیە بە فرەدەنگی لە کۆمەڵگەدا. فرەدەنگی لە سیاسەتدا بە مانای زیادبوونی چەندایەتی و چۆنایەتی حیزب، ئەنجومەن، ڕێکخراوە و گرووپی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتوورییە لە یەک سیستەمدا. پلۆرالیستەکان پێیان وایە کە دەبێ مافی هەندێ دەزگە وەکوو خێزان و ئایین و ئەنجومەن و حکوومەتە خۆجێییەکان بە ڕێژەی دەوڵەت، زیاتر ڕەچاو بکرێ و دووپاتی دەکەنەوە کە دەوڵەت نابێ دەسەڵات مۆنۆپۆل بکات بەڵکوو ئەبێ چاودێرییەکی گشتی هەبێ و دەزگە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن.
فرەدەنگی کارێکی وا دەکات خەڵک بەرەو حیزبایەتی و دامەزرانی ڕێکخراوەی سیاسی و ئابووری و کومەڵایەتی و کەلتووری بچن تاکوو لە ڕێگەی ئەم جۆرە هاوبەشیەوە بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگە دابین بکرێ و ئیدارەی کۆمەڵگەش باشتر بەڕێوە بچێت. لە زاراوەی سیاسیدا بە زۆری بە واتای هەلومەرجێک پێناسە دەکرێت کە تێیدا هیچ گرووپێکی سیاسی و ئایینی و ئەتنیکی و کەلتووری تایبەت، حکوومەت نەکات. ئەم پانتایە ئەبێتە هۆی کێبەڕکێ و ململانێی نوخبەکان یا گرووپی بەشدار لە کۆمەڵگەدا. لە وەها دۆخێکدایە کە کۆمەڵگەی فرەدەنگ یان پلۆرال لە دایک دەبێت.
مۆنتسکیو (1755-1689) پێی وایە پلۆرالیزم کاتێک سەمەربەخشە کە لەنێوان ئەندامانی حیزب و ئەنجومەن و یەکیەتی و تەنانەت کەمینە ئایینییەکان، کە بە لێبووردن و عەداڵەت ڕەفتار بکرێ و بۆ بیر و بۆچوون و دەنگی جیاواز ڕێز دابندرێ. ئەو لەگەڵ چەقبەستن و کۆجێبوونی دەسەڵات نەیار بووە و داوای لە دامودەزگە ناحکوومییەکان دەکرد کە لە ئیدارەی حکوومەتدا بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە بەشداری بکەن.
پلۆرالیستەکان بە پێچەوانەی ئانارشییەکان، خوازیاری سڕینەوەی دەوڵەت لە کۆمەڵگەدا نین بەڵکوو پێیان وایە کە کارکردەکانی دەوڵەت، بە قازانجی کۆمەڵگەیە بۆ وێنە، ڕێکخستنی ئابووری و پاڕاستنی ئازادییە مەدەنییەکان و پاڕاستنی ئاسایشی نەتەوەیی و ئیدارەی سیاسەتی دەرەکی.
کۆمپانیای فرەنەتەوە
کۆمپانیا فرە نەتەوەکان، لە ئابووری و سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بە دیاردەیەکی نوێ دادەنرێن کە بەهۆی پەرەپێدان و بەرفرەوان کردنی دەسەڵاتی خۆیان لە دەرەوەی سنوورە نەتەوەییەکان، ڕۆڵێکی گەورە لە سیاسەتی ئابووری جیهان دەگێڕن. ئەم کۆمپانیانە پەرە دەدەن بە چالاکی بازرگانی و پیشەسازیی خۆیان لە سەرانسەری جیهان بەتایبەت لە وەڵاتانی ڕووەوپەرەسەندن و لقێکی لاوەکی کۆمپانیاکە لەم وەڵاتانە دادەمەزرێنن، بۆ نموونە کۆکاکۆلا. ئەم کۆمپانیانە ئەمێستا، بوونەتە دێوەزمەیەکی گەورەی ئابووری و سیاسی و لەم وەڵاتانەدا وەها ڕیشەیان داکوتاوە کە دیاریکردنی ڕەگەز و نەتەوایەتیان کارێکی دژوارە. کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان، بە سەرمایەدانان لەم وەڵاتانە و سوود وەرگرتن لە سەرچاوەی سروشتی و وزەی کاری هەرزان، قازانجێکی زۆر بەدەست دەهێنن و لەم ڕێگەدا بەرژەوەندی ئابووری وەڵاتەکان دەخەنە مەترسییەوە. گەورەترین ناوەندەکانی ئەم کۆمپانیانە لە وەڵاتانی ئەمریکا، بریتانیا، ئەڵمانیا، فرەنسی و ژاپۆن جێگیر بوون.