تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



نوخبەی دەسەڵات
ئەم زاراوە لە لایەن ڕایت میلز (1962-1916) کۆمەڵناسی ئەمەریکی دەرحەق بەو کەسانە بە کار هات کە لە سەرووی هایراکی دەزگە گەورەکانی کۆمەڵگەی هاوچەرخ وەک کۆمپانیا و دەوڵەت و سوپا دائەنیشن.
هاوسەنگی سیاسی
هاوسەنگی سیاسی بریتییە لە بەرگری کردن لە دەستبەسەراگرتن و تەراتێنی زلهێزەکان لە گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا.
هاوسەنگی هێزەکان
تیۆری هاوسەنگی هێزەکان لە سەر ئەم بنەمایە داڕێژراوە کە دەسەڵاتی هەر گرووپێک لە وەڵاتانی ئەورووپا دەبێ لەگەڵ هێز و دەسەڵاتی گرووپەکانی دیکە هاوسەنگ بێت تاکوو هیچکامیان نەتوانن بەسەر ئەویدی دا زاڵ بن و بەمجۆرە ئاشتی و ئاسایش مسۆگەر بکرێت. پاراستنی ئەم سیاسەتە بابەتی سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی بریتانیا بوو لە میانەی ئاشتی درێژخایەن لە 1871 تا 1914 لە نێوان گرووپی وەڵاتانی ئەڵمانیا، نەمسا و ئیتالیا و وەڵاتانی بریتانیا، فرەنسی و سۆڤیەت. پاش جەنگی جیهانی یەکەم تیۆری هاوسەنگی هێزەکان هاتە ناو مێژووی دیپلۆماسی و بریتانیا تا ساڵی 1939 لە بەرانبەر بەهێزترین وەڵاتی ئەورووپا واتە ئەڵمانیا، سیاسەتێکی نەرمڕەوانەی گرتەبەر. لە ساڵی 1945 بەملاوە هیچ هەوڵێک لە لایەن ئەم وەڵاتە بۆ پاراستنی هاوسەنگی هێزەکان بە ئەنجام نەگەیشتووە بەڵام دەسەڵاتی ڕۆژاوا لە بەرانبەر ڕۆژهەڵات ڕووی لە زیادبوون کردووە. ئێستا زاراوەی هاوسەنگی هێزەکان لە پێوەندیی نێودەوڵەتیدا پتر بۆ دەسەڵاتی چەکداری و ئابووری زلهێزەکان لە ئاستی جیهانی یا ناوچەییدا دێتە ئاراوە. بۆ نموونە وەڵاتی هێندستان لە نیمچەکیشوەر و میسر لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا. لەم ڕووەوە مەبەستی لایەنگرانی چەکداماڵین گشتاندنی ئەم سیاسەتەیە لە هەموو جیهاندا بە چەشنێک کە هیچ دەوڵەتێک نەبێتە هەڕەشە بۆ وەڵاتێکی دیکە.
هێز/دەسەڵات
هێز، یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکانی زانستی سیاسەتە کە بە مانای وزە و توانایی کەسێکە بۆ پێملکردن و تەسلیم ڕاگرتنی جەماعەتێک لە بەرانبەر خواستەکانی ئەو کەسەدا بە هەر شێوازێک. بە واتایەکی دیکە هێز، کۆمەڵێ سەرچاوە و ئامرازی زۆرەملانە و ئارەزوومەندانەیە کە حکوومەتەکان بۆ بەڕێوەبەرایەتی دەسەڵات بەکاری دەهێنن. پاراستنی سەرچاوەکانی هێز و چۆنییەتی دابەشکردنی و خەبات بۆ وەچنگ هێنانی، گرینگترین بابەتی توێژینەوەی زانستی سیاسییە. هەروا زۆرینەی زانایانی سیاسی پێوەندییەکانی هێز بە کاکڵی سیاسەت دەزانن و دەڵێن ئەو شتەی پێوەندی مرۆ لەگەڵ پێوەندییەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، هێزە. خەباتی حیزب و حکوومەتەکان لە پێناو هێزدایە: بۆ وەدەست هێنانی هێز، پاراستن یا بۆ نوێندن و نومایش کردنی هێز.
بیرمەندانی سیاسی، هەوڵیان داوە ئەم چەمکە لەگەڵ زاراوەی دەسەڵات authority لێک جیا بکەنەوە. بەڵام لە ڕاستیدا نە لە زاری ڕەشۆکی و نە لە زانستی سیاسەت، ڕێککەوتنێک لەمەڕ ئەم زاراوە پێک نەهاتووە. چونکە هەندێ جار وشەی هێز لەگەڵ دەسەڵات، دەسرۆیین، زۆرداریی، زۆرەملێ و… بە هاوواتا زانراوە. هێز خاوەنی چەند سەرچاوەیەکە کە بریتین لە:
1ـــ زانیاری: ئەم سەرچاوە یارمەتیدەری فراژووتنی ئاوەز و ڕۆحی مرۆڤە. لە کۆمەڵگەیەکی هۆشیاردا هیچ ڕێبەرێک ناتوانێ بێ زانیاری دەستی بە هێز بگات.
2ـــ ڕێکخستن: ڕێکخستن لە جەوهەردا هێز دەبەخشێ. لە سیستەمێکی سیاسی دیموکراتیدا حیزبە سیاسییەکان بۆ وەدەست هێنانی هێز، ڕێکخراوە سازدەکەن.
3ـــ هەلومەرج: هەلومەرجی ئابووری و کۆمەڵایەتی بە خاوەنەکەی یارمەتی دەدات کە هێز و دەسەڵاتی خۆی زیاتر بکات.
4ـــ دەسەڵات: دەسەڵات بە واتای هێزی ڕەوا و شەرعییەتدارە. ئەگەر کەسێک دەستی بگاتە پلە و پایەیەکی ڕەوا و یاسایی، هێزی ڕێبەرایەتییەکەی زیاتر دەبێ.
5ـــ لێهاتوویی: وەشاوەیی و شارەزایی، هێزی مرۆ زیاد دەکات و لە خەبات بۆ وەدەستهێنانی دەسەڵات، سەرکەوتووی دەکات.
6ـــ ئیمان و بڕوا: مانەوەی ڕێبەرێک لە دەسەڵاتدا پێویستی بە بڕوایەکی گشتی هەیە.
7ـــ میدیاکان: میدیاکان سەرچاوەیەکی گرینگی هێز و دەسەڵات لە ئەژمار دێن. بەرپرسانی ڕۆژنامە و تەلەفیزیۆن و … دەورێکی باڵا دەگێڕن لەمەڕ زاڵبوون بەسەر ڕای گشتیدا.
ئەگەر هێز لەسەر بنەمای زۆر و سوڵتە دامەزرابێت، فەرمانبەران بە ڕەوای نازانن و هۆی فەرمانبردنیان، دەگەڕێتەوە بۆ ترس. بەڵام ئەگەر فەرمانبەرانیش خاوەنی هێزێکی کۆمەڵایەتی بن و هێزی فەرمانڕەوا بە شەرعی و ڕەوا بزانن، ئینجا هێز دەبێتە پاڵپشتێکی ڕەوا. حکوومەتی خەڵکیی کاتێک پیادە دەکرێت کە لە نێوان فەرمانڕەوا و فەرمانبەراندا هیچ لەمپەرێک نەبێت.
پلاتفۆرم - سیاسەتی حیزب
پلاتفۆرم بەو بەرنامە و سیاسەتە حیزبییانە دەگوترێ کە لە لەپێش هەڵبژاردنەکان لە لایەن حیزب یان ڕێکخراوەیەکی سیاسی بەمەبەستی بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر، بە خەڵک ڕادەگەیەندرێت. ئەم زاراوە هەروەها لە کاتی هەڵبژاردندا بەو تیۆری و بۆچوونانەی پاڵێوراوان دەگوترێ کە بە ڕاگەیاندنیان سەرنجی خەڵک بەرەو لای خۆیان ڕادەکێشن بۆ ئەوەی دەنگیان پێ بدەن. بە واتایەکی دیکە پلاتفۆرم بەو ئەندێشە و تیۆرییانە دەگوترێ کە بانگەشە بۆ شێواز و ڕێبازێکی سیاسی تایبەت دەکەن.
پەرەسەندنی بەردەوام
بە مانای بەڕێوەبردن و کەڵکوەرگرتنی بەرێوشوێن لەسەرچاوەی سروشتی و دارایی و وزەی ئینسانییە بۆ گەیشتن بە مۆدێلێکی مەزاختن و بەکارهێنانی توانستی تەکنیکی و پێکهاتەی بەڕێوجێ بۆ لابردنی نیازەکانی بەرەی نوێ و داهاتوو.
پەرەسەندنی بەردەوام، پەرەسەندنێکە کە پێداویستییەکانی بەرەی ئێستە دابین دەکات بێئەوەی زیانێک بگەیەنێت بە تواناییەکانی بەرەی داهاتوو لە دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆیدا.
پەرەسەندنی ئینسانی بە واتای پرۆسەی بەرفراوانکردنی زەمینەی خۆشگوزەرانی و بژیوی باشی مرۆڤ پێناسە کراوە.
پەرەسەندنی سیاسی
بریتییە لە: بەرزبوونەوەی ئاستی کارامەیی سیستەمێکی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی ناتەبایی و کێشەکانی تاک و کۆمەڵ، هەروەها بریتییە لە خەڵکی بوون و ڕادەی ئازادی و گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەیەک،. پەرەسەندنی سیاسی پەیوەستە بە گەشەی دیموکراسی لە وەڵاتێکدا. تا چ ڕادەیەک سیستەمێکی سیاسی لە سیستەمێکی داخراو بەرەو سیستەمێکی کراوە، لە ساکارییەوە بەرەو ئاڵۆزی، لە دەستبەسەرییەوە بەرەو خودموختاری و لە پەرشوبڵاوییەوە بەرەو یەکگرتوویی هەنگاو بنێت، بە هەمان ڕادەش پەرەسەندنی سیاسی لەو وەڵاتەدا ڕوو لە زیادبوون دەبێت.
تازەگەری سیاسی، زیاتر خۆی بە ئاڵوواڵکردنی سیاسییەوە سەرقاڵ دەکات کەچی پەرەسەندنی سیاسی بنیاتەکان تووشی گۆڕان دەکات. سێ هۆکاری پێویست بۆ پەرەسەندنی سیاسی بریتین لە: ڕێکخراوە، کارامەیی و ئەقڵانییەتی کردەیی و یەکگرتوویی ئایدیۆلۆجیایی ڕێبەران.
بۆ پەرەسەندنی سیاسی، پێویست دەکات سەرچاوە و ئامرازەکانی دەسەڵات لەنێوان حکوومەت و گرووپە سیاسییەکانی کۆمەڵگە دابەش بکرێت. کاتێک حکوومەت بە تەنیایی، دەست بگرێ بە سەر هەموو سەرچاوەیەکی دەسەڵاتدا ئینجا مەیدانی ململانێی سیاسی دەگاتە نزمترین ئاستی خۆی. لەم ڕووەوە بە کورتبوونەوەی دەستی حکوومەت لەسەرچاوەکانی دەسەڵات، پانتای ململانێی سیاسی و هاوبەشێتی سیاسی لە کۆمەڵگەدا ڕوو لە زیادبوون دەکات. کەواتە لەنێوان ململانێی سیاسی و پەرەسەندنی سیاسیدا پێوەندییەکی بایەخدار لە گۆڕێدایە.
پە.کە.کە: بڕوانە ناسیۆنالیزمی کورد لە تورکیا.
کۆنفرانسەکانی جنێڤ
ئەم زاراوە، ئەم زنجیرە کۆنفرانسە لە خۆ دەگرێ:
1ــ کۆنفرانسی مانگەکانی پێنج تا حەوتی 1954 بۆ چارەسەر کردنی شەڕەکانی کوریا و هیندوچین کە بوو بە هۆی کۆتایی هاتنی داگیرکارییەکانی فرەنسی لە ناوچەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و سەربەخۆیی ڤیتنامی باکووری و باشووری و لائۆس و کامبۆجیا.
2ــ کۆنفرانسی مانگی حەوتی 1955ی سەرۆکی وەڵاتان بە بەشداربوونی ئایزنهاور، خرۆشچۆف، ئایدن و ئۆدگار فۆر (سەرۆک وەزیرانی فرەنسا) بۆ هێورکردنەوەی کرژیی شەڕی سارد.
3ــ مانگی دوازدەی 1973، کۆنفرانسی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان کە هیچ دەرەنجامێکی لێ نەکەوتەوە.
4ــ کۆنفرانسی مانگەکانی ئۆکتۆبەر ـــ نۆڤەمبەری 1976 لە بابەت دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەک بۆ زیمبابووە.
یەک جەمسەریی
جۆرە سیستەمێکی سیاسی کە تێیدا تەنیا یەک جەمسەر چالاک بێت. یەک جەمسەری زیاتر لە حکوومەتێکی جیهانگیردا لە ئارادایە. دوای کۆتایی پێهاتنی شەڕی سارد هەندێ گومان دروست بووە لەسەر ئەوەی کە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئێستا یەکەم زلهێزی جیهانە و ئەمە دەرفەتێکی وای بۆ دەڕەخسێنێ کە جیهان بەرەو یەک جەمسەری ببات. لیبرالیزمی ئابووری و کەم تاکورتێکش دیموکراسی هاوبەشی، ڕەنگە تا ڕادەیەک ببنە یارمەتیدەری سیستەمی یەک جەمسەری.
پڕۆسە - ڕەوت
وشەکە فەرەنسییە و بە مانای شێوەی جێبەجێکردنی کارێک یان قۆناخەکانی پێداڕۆشتنی کردارێک بۆ تەواوبوونییەتی بەڵام لە زاراوەی سیاسیدا بە مانای ڕەوتی گۆڕانکاری و وەرچەرخانی کۆمەڵگە و ڕاپەڕینەکان پێناسە دەکرێ.