تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



سیستەمی سیاسی
سیستەم لە وشەی یۆنانی sustema بە واتای «بە کۆمەڵ» وەرگیراوە. ئەم وشە لە زۆربەی زانستە فەلسەفی و کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان، بە واتای جیاواز بەکار براوە. لە زاراوەی سیاسیدا سیستەمی سیاسی بریتییە لە کۆمەڵێ دامودەزگە و پاڵنەری ئاشکرا کە پێکهاتەکانی دەسەڵات بەدی ئەهێنن. لە پێناسەیەکی دیکەدا سیستەمی سیاسی بۆ دەرخستنی تایبەتمەندییە لۆژیکییەکانی هاوپێوەند لەگەڵ هەر چەشنە ژیانێکی سیاسی ئاڕاستە کراوە. کەواتە سیستەم، بە ناچاری لە قەبارەی هەر تیۆرییەک بیچم بگرێت، ئاشکرا و ئاڕاستەی دەکات.
سیستەمی سیاسی لەگەڵ ڕژێمی سیاسی کە شێوازی حکوومەت کردنە، جیاوازییان هەیە. بۆ وێنە سیستەمی «کۆماریی» سیستەمێکی دیاریکراوە بەڵام هەر وەڵاتێک، بەپێی ڕادەی دەسەڵاتی سەرکۆمار ڕژێمێکی تایبەت بەو قەوارە دادەمەزرێنێت. بە گشتی دەوڵەت وەک پێکهاتەی سەرەکی سیستەمی سیاسی لە قەڵەم دراوە و لەبەر ئەوەش کە هێزی سزادانی بە دەستەوەیە، هەندێ جار هاوواتای سیستەمی سیاسی مانا کراوەتەوە. نموونەی سیستەمە سیاسیەکان وەک، سیستەمی فیۆدالی، سەرمایەداری، پەرلەمانی، تۆتالیتەری و …
مێتۆدی لێکدانەوەی سیستەمە سیاسییەکان، لە 1950 بەملاوە لە ڕۆژاوا ڕەواجی پەیدا کرد و ئامانجەکەشی، بەدەستەوەدانی تیۆرییەکی گشتی بوو بۆ شرۆڤەی هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی سیاسی لە سەرجەم سیستەمە سیاسییەکاندا. مەسەلەی سەرەکی بۆ لێکدانەوەی سیستەمە سیاسییەکان، چۆنییەتی سەرهەڵدان و دەوام و وەرچەرخان و لەناوچوونی ئەم سیستەمانەیە. لەم ڕوانگەوە سیاسەت لە هەموو سووچ و قوژبنێکی ژیانی کۆمەڵایەتیدا جێی خۆی کردۆتەوە و بۆ تێگەیشتن لە سیستەمی سیاسی، دەبێ پێچەڵپووچی و ئاڵۆزییەکانی ناخی پێوەندییە سیاسییەکان لەناو ژیانی کۆمەڵایەتیدا سادە بکرێتەوە و لێک بدرێتەوە. سیستەمی سیاسی، وەک مەداری سیاسەت و حکوومەت، سیستەمێکە کە داتاکانی لە دەوروبەری خۆی وەردەگرێ و لە پڕۆسەی پێکهاتە سیاسییەکاندا دەیخەمڵێنێ و ئینجا لە قەوارەی سیاسەتەکان دەیداتەوە بە کۆمەڵگە.
سیستەمی فرەحیزبی
سیستەمێک کە تێیدا ڕێژەیەکی زۆر لە حیزبە سیاسیەکان بە شێوەی هاوبەش بۆ بەدەست هێنانی دەسەڵات هەوڵ دەدەن، کاتێکیش سەرکەوتنیان بەدەست هێنا بە هاوکاری یەکدی بەرنامە و پلانی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی حکوومەت ئاڕاستە دەکەن. بۆ وێنە لە وەڵاتانی ئەورووپیدا سیستەمی فرەحیزبی بۆتە باو. لە فرەنسا کاتی خۆی ژمارەی ئەم حیزبانە گەیشتۆتە 20 حیزب. لە ئەڵمانیا، ئیتالیا و سویسرا ئەم سیستەمە دەور دەبینێت. یان ئەو دۆخەی کە لە عێراقی دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسەین لە ساڵی 2006 هاتە کایەوە.
هەبوونی سیستەمی فرە حیزبی لە وەڵاتێک، بنەمایەکە بۆ بەراوردکردنی ڕێژەی دیموکراسی لەو وەڵاتەدا. لە پڕۆسەی بەدیموکراسی کردندا زۆرجار حیزبی بچووک بچووک سەرهەڵدەدەن. هەر کاتێک دیموکراسی پاوەجێ ببێت، ئەم حیزبە بچووکانەش لە ناو سیستەمێک سەقامگیر دەبن کە بە سیستەمی فرەحیزبی ناوبردە دەکرێت. لە سیستەمی فرەحیزبی، بە پێچەوانەی سیستەمی تاک حیزبی ـــ کە تێیدا تەنیا یەک حیزب چالاکە و حیزبەکانی دیکە سەرکوت دەکرێن ـــ هاوبەشی سیاسی، لەگەڵ ململانێ و کێبەرکێی سیاسی ئاوێتە بووە. لەم سیستەمەدا ئەنجومەنی وەزیران بە شێوەی ئیئتلافی و هاوپەیمانی هەڵدەبژێردرێت.
سیستەمی نوێی جیهانی
ئەم زاراوە لە میانەی ساڵی 1989 پاش گۆڕانکارییەکانی بلۆکی ڕۆژهەڵات هاتۆتە زاراوەی سیاسیەوە. ڕووخانی دیواری بەرلین لە دێسەمبەری 1989 سەرەتایەک بوو بۆ کۆتایی هاتنی سیستەمی کۆنی پێوەندییە نێونەتەوەییەکان. دەسەڵاتدارانی پێشووی جیهان، هەر لە مۆنرۆوە بگرە تا لێنین و لە هیتلێرەوە تا بۆش، هەرکامیان بە هەوای خۆیان بانگەشەی بنیادنانی سیستەمی نوێی جیهانییان کردووە.
بەڵام سیستەمی نوێ بە مانای ئیمڕۆیی ئەوەیە کە یەکەم جار لە لایەن جۆرج بۆش (باوک) سەرکۆماری ئەمریکا، لە 11/9/ 1990 لە بەردەم نوێنەرانی کۆنگرێس، ڕاگەیەندرا. بۆش، بانگەشەی جیهانێکی کرد کە تێیدا سەروەری یاسا، جێی قانوونی جەنگەڵ بگرێت و جیهانێک کە تێیدا هەموو وەڵاتان بەرپرسیاریەتی هاوبەش بۆ ئازادی و یەکسانی بە ڕەسمییەت بناسن. جیهانێک کە تێیدا زۆرداران، مافی زۆرلێکراوان بپارێزن. بۆش، ڕێبەرایەتی ئەمریکا و سەروەری بایەخەکانی ئەم وەڵاتەی بۆ دروستبوونی وەها جیهانێک بە پێویست باس کرد و گوتی: سیستەمی نوێی جیهانی نیازی بە ڕێبەرایەتی و هەژمۆنی بایەخەکانی ئەمریکایە لە جیهاندا.
سیستەمی نوێی جیهانی، هەر لە سەرەتاوە لە لایەن بیرمەندان و سیاسەتمەدارانی جیهان بەرەوڕووی ڕەخنە بۆتەوە. بۆ وێنە نۆئام چۆمسکی، زمانەوانی ناودار و ڕەخنەگری بەرجەستەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ: «سیستەمی نوێی جیهانی، دەسپێچکێکە بۆ چەواشەکردنی خەڵکی جیهان و هێشتنەوەی بێعەدالەتی و ناوێکی تازەیە بۆ پاساوی زۆرداری و دروستکردنی جیهانێکی بێ ڕەقیب بۆ ئەمریکا». تۆنی بێن، سیاسەتمەداری بەریتانیش پێی وایە، سیستەمی نوێی جیهانی گەڕانەوەیە بۆ ئیمپراتۆرییە زۆردارەکانی ڕابردوو.
کۆنفرانسی سان فرانسیسکۆ
ئەم کۆنفرانسە لە 25/4/1945 بە بەشداری پەنجا وەڵات لە شاری سان فرانسیسکۆی ئەمریکا پێکهات بە مەبەستی ئیمزاکردنی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەویش لەسەر ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسی یاڵتا پێکهاتبوو. وەڵاتانی بەشدار لەم کۆنفرانسەدا ئەندامانی سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەژمار دەهاتن. لەسەر داوای یەکیەتی سۆڤیەت، وەڵاتی پۆڵەندا کە لەم کۆنفرانسەدا بەشدار نەبوو، وەک ئەندامی سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان ناسێندرا. کەواتە کۆمەڵی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکەم دانیشتنی خۆی بە بەشداری 51 ئەندام دەست پێکرد. لەم کۆنفرانسەدا پێنج زمانی ئینگلیزی، فەرەنسی، ڕووسی، چینی و سپانیایی بە زمانە ڕەسمییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دیاری کران و لە 26/6/1945 بە ئیمزاکردنی هەموو وەڵاتانی بەشداربوو، جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیاندرا و لە 24/10/1945 جێبەجێ کردنی جاڕنامەکە دەستی پێکرد.