تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



گەندەڵی سیاسی
کەڵک وەرگرتن لە دەسەڵاتی سیاسی بۆ گەیشتن بە قازانجی شەخسی و ناڕەوا بە گەندەڵی سیاسی لە قەڵەم دراوە. گەندەڵی ماڵی و ئیداری، گرنگترین لایەنی گەندەڵی سیاسی لە ئەژمار دێت. ڤیتۆ تانزی، هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی، بەم شێوە ناوبردە دەکات :
1ــ یاسا و ڕێساکان (وەک دەرکردنی ئیجازەنامە، بە ناوچەیی کردنی ئیشوکارەکان).
2ــ چاودێری کردنی ڕیککەوتننامەی کڕین و سەرمایەدانانی دەوڵەتی (وەک دروستکردنی ڕێگەوبان پرد و فڕۆکەخانە).
3ــ ئەو بەرنامانەی کە پاڵنەرن بۆ باجدان.
4ــ چاودێری بە سەر ڕەوتی دامەزراندنی کارمەندان.
5ــ ماهییەتی سیستەمی سیاسی.
6ــ ماهییەتی سیستەمی سزادان.
بە بڕوای تانزی، گەندەڵی سیاسی لە زۆربەی وەڵاتان لە ژێر سەری ڕێبەرانی سیاسییەوەیە و لە هەندێ وەڵاتی دیکە لە لایەن کاربەدەستانی دەوڵەت و کارمەندانی شارەوانییە. ئەو دەوڵەتانەی کە بەپێی بەرنامەی ئایدیالی بەهێز و شۆڕشگێڕانە، دەگەن بە دەسەڵات، ڕەنگە بتوانن تا ماوەیەک بە پاڵپشتی ئەم ئایدیالە و هەستوخوستی شۆڕشگێڕانە، گەندەڵی کۆنترۆڵ بکەن بەڵام هەر کە هەست و سۆزەکە نیشتەوە، سەرلەنوێ هەڵدەداتەوە و پەرە دەستێنێ و ڕیشە دادەکوتێ. لە سیستەمی دیموکراسی ڕاستەقینەدا گەندەڵی ڕێبەران و بەرپرسانی سیاسی کۆنترۆڵ دەکرێت یان ئاشکرا دەبێت و بەری پێ دەگیردرێت و بە دەگمەن دەگاتە ئاستی گەندەڵی لە وەڵاتانی ئیستبدادیدا.
ئینتەرناسیۆنال سۆسیالیست
لە ساڵی 1923 لە پاشماوەی حیزبە سوسیال دیموکراتەکانی ئەندامی ئینتەرناسیۆنالی دووهەم، سەر لە نوێ دامەزرایەوە کەچی پاش گەیشتن بە دەسەڵات لە ئەورووپادا ئەمانیش دەستیان لە کار کێشایەوە. ئینجا ئینتەرناسیۆنال سۆسیالیست لە ساڵی 1951 لە فرانکفۆرت دامەزرا، بەڵام ناوەندەکەی لەندەن بوو کە نزیکەی پەنجا حیزبی سۆشیالیستی نەرمڕەو و لایەنگری پەرلەمان و ڕیفۆرمخواز و دیموکراسیخواز تێیدا بوون بە ئەندام.
سارک (یەکیەتی هاریکاری ناوچەیی ئاسیای باشوور)
سارک ناوی ڕێکخراوەیەکە پێکهاتووە لە حەوت وەڵاتی بەنگلادیش، بووتان، پاکستان، سریلانکا، ماڵدیڤ، نیپاڵ و هێندستان کە لە 8/12/1985 لە داکا پێتەختی بەنگلادیش بوونی خۆی ڕاگەیاند. ئامانجی دامەزراندنی ئەم یەکیەتیە زیادکردنی هاریکاری ئابووری دوولایەنە لە نێوان ئەندامانی ناوبراو و هاوکاریکردنی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانە لەم بەستێنەدا. نووسینگەی هەمیشەیی سارک لە کاتماندۆ پێتەختی نیپاڵ ــە و لە بەرواری 16/1/ 1987 بە شێوەیەکی فەرمی کراوەتەوە.
سوسیال فاشیزم
ئەم زاراوە لە لایەن کۆمۆنیستە نەیارەکانی مۆسکۆ بە ڕۆڵی یەکیەتی سۆڤیەت لەو وەڵاتە دەگوترا. بەڵگەی لایەنگرانی ئەم ڕوانگە ئەوە بوو کە بە گۆڕانی سۆڤیەت لە دۆخی سۆشیالیزمەوە بۆ هێزێکی سۆسیال ئیمپریالیستی چینێکی بورژوا دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرتووە و بوونەتە هۆی پەرەسەندنی فاشیزم لەم وەڵاتەدا.
سۆسیال ئیمپریالیزم
یەکەم جار، لێنین، ئەم زاراوەی لە ساڵی 1916 بۆ بەرپەرچدانەوەی کائۆتسکی و ڕێبەرانی دیکەی سۆسیال دیموکراسی ئەڵمانیا بەکار هێناوە و مەبەستی ئەوە بووە کە بە زمان لایەنگری سۆشیالیزمە و بە کردەوەش، سیاسەتی ئیمپریالیستی پیادە دەکات.
دوابەدوای دەرکەوتنی ناکۆکی و کێشەی ئایدیۆلۆجیکی لە نێوان چین و سۆڤیەت، چینییەکان ئەم زاراوەیان وەک ناتۆرە، بە سۆڤیەتیەکانەوە لکاند. ئەوان پێیان وابوو کە سۆڤیەتیش زلهێزێکی ئیمپریالیستیە کە دەخوازێت لە ژێر ناوی سۆشیالیزم، وێڕای دەسەڵاتدارییەتی بە سەر وەڵاتانی دیکە، دەسەڵاتی سیاسی خۆی بەسەریان داسەپێنێ و لە سەرچاوە سرووشتی و مرۆڤییەکانی ئەم وەڵاتانە کەڵک وەربگرێت. بە واتایەکی دیکە، چینییەکان لەو باوەڕەدا بوون کە سۆڤیەتیش وەڵاتێکی ئیمپریالیستیە بەس تەنیا جیاوازییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سیستەمی ئابوورییەکەی کە لەبری ئەوەی سەرمایەداری تایبەتی بێت، سەرمایەداری دەوڵەتییە. لایەنگرانی سۆسیال ئیمپریالیزم، ئیمپریالیزمی تازەپێگەیشتووی سۆڤیەتیان، لە ئیمپریالیزمی ئەمریکا و ڕۆژاوا بە مەترسیدارتر دەزانی.
سۆسیال داروینیزم
لە میانەی سەدەی 19 بۆچوونە ژینگەناسییەکانی چارلز داروین لە سەر تیۆرییە سیاسیەکان کاریگەرییان دانا. گریمانەکانی داروین لە سەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی ململانێ تەئکیدیان دەکرد و پێوەبوون کۆنترۆڵی سیاسی لە لایەن کەمینەیەکی سیاسی و سیستەمێکی ئابووری سەرمایەداری پاساو بدەن.
سپێنسر و گراهام سامنر، وەک پێشەنگی سوسیال داروینیزم، شەڕی مان و نەمان یان لە دۆخ دەدا (واتە کردوکۆشی گیانلەبەران بۆ زاڵبوون بەسەر دوژمن و بارودۆخی وادا کە بیانخاتە مەترسی لەناوچوونەوە) بەڵام لە لایەکی دیکەوە بیرمەندانێکی وەک پارسۆنز و گامپلۆڤیچ و سیاسەتمەدارانێکی وەک بیسمارک، چەمبرلێن و ڕۆزڤێڵت جیاوازی ڕەگەزی و زایەند و پەرەسەندنی ئیستیعمار و شەڕیان بەهەند دەگرت و بە هۆکاری ململانێ و کێشمەکێشی نێوان نەتەوە و گرووپەکانیان دەزانی.
سۆسیال دیموکراسی
لقێکی سۆشیالیزم و بزاوتی کرێکاری لە ئەژمار دێت کە جەخت دەکات لە سەر بنەمای دیموکراسی بۆ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و بڕوای بە ڕیفۆرم (چاکسازی) هەیە نەک شۆڕش. لە باری مێژووییەوە، سۆسیال دیموکراسی لە پاش ئینتەرناسیۆنالی یەکەم بەدیهات. لەو کاتەدا زۆربەی حیزبە سۆسیالیستەکان کە دواتر لە «ئینتەرناسیۆنال سۆسیالیست» کۆمەڵیان بەست، کەمتاکورتێک لەگەڵ ژیانی سیاسی وەڵاتانی خۆیان یەکپارچە بوون و یەکیان گرتەوە.
لە باری تیۆرییەوە لە ئەورووپا بزاڤی سۆسیال دیموکراسی تا ڕادەیەکی زۆر دەرەنجامی پیاچوونەوە بە مارکسیزم و دەست بەردان لە دۆگماتیزمی تیۆری بوو. دوابەدوای سەرکەوتنی بولشویزم لە سۆڤیەت، ڕیفۆرمخوازە سۆسیال دیموکراتیەکان بە یەکجاری لێک جیابوونەوە و تەنانەت بەدژی یەکتر ڕاوەستان. دوای شەڕی جیهانی دووهەم، سۆسیال دیموکراتەکان هەیمەنەی خۆیان لە ئەورووپای ڕۆژاوا بەدەستهێنایەوە بەڵام لە ئەورووپای ڕۆژهەڵات سەرکوت کران. سیاسەتی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی سۆسیال دیموکراتی ئەورووپای ڕۆژاوا لە ڕوانگەی هەندێ لە ئەندامانی ئەم حیزبانەوە سازشکارانە بوو، بەم بۆنەوە لە نێوان باڵی ڕاست و چەپی ئەوان، کێشە دروست بوو.
ئینتەر ناسیۆنال سۆسیالیست لە ساڵی 1951، گرنگترین ئامانجەکانی بزاوتی سۆسیال دیموکراسی بەم جۆرە پێناسە دەکات:
سۆشیالیزم، خوازیاری جێگیربوونی سیستەمێکە لە بری سەرمایەداری کە تێیدا قازانجی گشتی بە سەر قازانج و بەرژەوەندی تاکەکەسی زاڵ بێت. بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش دەبێ بەرنامەیەکی وا بۆ بەرهەمهێنان دابڕێژرێت کە قازانجی هەموان لە بەرچاو بگرێت. ئەم بەرنامەش بە کۆجێکردنی دەسەڵاتی ئابووری لە دەستی کەمینەیەک سەرناگرێت بەڵکوو پێویستیەکەی چاودێرییەکی دیموکراتیانە و کاریگەرە بە سەر ئابووردا. کەواتە سۆسیال دیموکراسی، لەگەڵ پلاندانانی سەرمایەداری و هەر چەشنە بەرنامەیەکی تۆتالیتەری بە توندی دژایەتی دەکات چونکە هەردوکیان لە بەردەم چاودێریی گشتی بە سەر بەرهەمهێنان و دابەشکردنی یەکسانی بەرهەمەکان تەگەرە سازدەکەن. جاڕنامەی ئینتەرناسیۆنال سۆسیالیست، بانگەشەی ئەوە دەکات کە سۆشیالیزم بەدەر لە دیموکراسی بەدی نایە و بە «سۆسیالیست» ناوبردە کردنی هەندێ لەو وەڵاتانەی کە بە سیستەمی تۆتالیتەری ئیدارە دەکرێن، بە هەڵە دەزانێ. سۆسیالیستەکان بۆ پێشڤەبردنی دیموکراسیەت لە پیشەسازیی و ئاستەنگ کردنی بیرۆکراسی، بەهێز کردنی یەکیەتییە کرێکارییەکان و بەڕێوەبەرانی کارگەکان بە پێویست دەزانن.
بە درێژایی سەدەی بیستەم، چ لە لایەن بیردۆزان و چ جەماوەرەوە، سۆشیالیزم بە واتای بەربڵاوی حکوومەتکردن بەسەرخۆدا هاوپێوەند لەگەڵ دیموکراسی لە قەڵەم دراوە. بەڵام لە میانەی ئەم سەدەوە تا هەڵوەشانەوەی سیستەمی کۆمۆنیستی کە لە 1989 دەستی پێکرد، سۆشیالیزم و دیموکراسی بە گشتی وەک هاودژی یەکتر ناوبردە کراون. هۆکاری سەرەکی ئەم گۆڕانە فیکریەش دەگەڕێتەوە بۆ هەڵسوکەوتی دیکتاتۆریانەی دەوڵەتانی سۆشیالیستی و تێکەڵبوونی کۆنەپەرستانەی دەزگە سیاسیەکانی لیبراڵ ـــ دیموکراسی لەگەڵ ئابووری سەرمایەداری لە وەڵاتانی سەرمایەدار.
دیموکراسی کۆمەڵایەتی یان سۆسیال دیموکراسی لە سەرەتای سەدەی بیستەم، لە لایەن ئیدوارد برێنختاین، یەکێک لە مارکسیە ئەڵمانیەکان هاتە ئاراوە. برێنختاین، ڕایگەیاند کە پێشبینییەکانی مارکس دەربارەی مەرگی سەرمایەداری و دواتر بەدەسەڵات گەیشتنی چینی کرێکار ـــ کە ئەودەم نوقڵانەیەکی زانستی لە قەڵەم درابوو ـــ هەڵە و نادروستن. دەرکەوتنی ئەم ناڕاستییە بووە هۆی سەرهەڵدانی بزاوتێک کە بە ناخی سۆشیالیزمدا بچێتەوە و بە کەڵک وەرگرتن لە پەرلەمان و شێوازی ڕیفۆرمخوازانە، وەرچەرخانێک بە ڕێبازەکە بێنێت کە لەم ناوەدا دیموکراسی کۆمەڵایەتی، وەک ئاستێکی ناوەنجی سۆشیالیزم و لیبرالیزم پەسند بکات.
دیموکراسی کۆمەڵایەتی، سیاسەتێکی یەکسانخوازانەیە کە بڕوایەکی بەهێزی بە دەوڵەتی خۆشگوزەرانی نوێ هەیە و بە ئەرکی سەرشانی دەوڵەت دەزانێ کە سەرلەنوێ داراییەکان دابەش بکاتەوە. سۆسیال دیموکراسی، بنەما ئازادیخوازییەکان لە بابەت دیموکراسی نوێنەرایەتی و ئابووری تایبەتی و دەوڵەتی پەسند دەکات و سەرنج دەداتە ڕیفۆرمی سیاسی و وەفاداری خۆیان بە ئارمانجی ئەخلاقی عەدالەتی کۆمەڵایەتی ڕادەگەیەنن.
بە باوەڕی مارکسییەکان، دیموکراسی ڕۆژاوا دیموکراسی بۆرژوازییە کە لە خزمەت چینی سەرمایەداردایە. ئەوان پێیان وایە کە باشترین شێوازی دیموکراسی، دیموکراسی سۆشیالیستییە چونکە لە خزمەت زۆرینەی هەرەزۆری ڕەنجدەرانە و بەرژەوەندییەکانیان بە باشی دەپارێزێ و ژێرخانە ئابوورییەکەشی، موڵکداریەتی گشتییە لە پێناو کەرەستەی بەرهەمهێناندا.
بەپێی ئەم مەرامە، لە سیستەمی سۆشیالیستیدا، عەدالەتی ڕاستەقینەی تاکەکان بێ ڕەچاوکردنی ڕەگەز و نەتەوە و ئایین و زایەند لە هەموو بوارەکان دابین دەکرێت.
سۆسیال کاتۆلیسیزم
بریتیە لە بزاوتێکی فیکری کە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە دەستی پێکردووە. ئەم ڕێبازە خەباتی خۆی بە دژی سنعاتیبوون بە شێوازی لیبرالیستی و هاوڕێ لەگەڵ قوتابخانەی تاکگەرایانە هێورتر کردووە. لایەنگرانی ئەم ڕێبازە وێڕای بایەخدانان بە باوەڕە ئایینیەکانی خۆیان، بە بنەمای ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتیش بڕوایان هەیە. ئەو کاتۆلیکانەی کە خۆیان بە سۆسیال دەزانن، لە سەدەی نۆزدەوە بە دژی تاکگەرێتی بێسەروبەری کۆمەڵگەی لیبرالی و ئابووری لیبرالی دەست بەکار بوون. ئەم بزاوتە خەباتی خۆی کێشاوەتە ناو کۆمەڵە کرێکارییەکان و بە شێوازی تیۆریک درێژە بە خەبات بەدژی تاکگەرێتی و بێباوەڕی دەدات.
شێوازی بەرهەمهێنانی ئاسیایی
زاراوەی شێوازی بەرهەمهێنانی ئاسیایی، یەکەم جار لە لایەن جۆن ستوارت میل بیرمەندی ئینگلیزی بۆ پێناسەکردنی سیستەمی ئابووری وەڵاتانی ئاسیایی هاتە ئاراوە. دواتر لە لایەن بیرمەندانێکی وەک کاڕۆڵ مارکس بە تێروتەسەلی شرۆڤە کراوە. ئەو بۆ ناساندنی وەڵاتانی چین و ڕووسیە و هێندستان، کۆمەڵێ تایبەتمەندی یەکسان دەبینێت کە بە گشتی بە شێوازی بەرهەمهێنانی ئاسیایی ناوبردە کراوە. بە باوەڕی مارکس، بارودۆخ و کەشوهەوای هەرێمەکانی وەڵاتانی ڕۆژهەڵات، بە هۆی کەمبوونی ئاو پێویستی بە هێنانە مەیدانی جەماوەر و هەرەوەزی مرۆڤییە بۆ کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوەکانی ئاو. بەم بۆنەوە دەسەڵاتی سیاسی و دەوڵەتەکان بە شێوەیەکی بەرچاو، دەست دەگرن بەسەر سەرچاوەکانی ئاودا و لەم ڕێگەوە زەبر و زاکونی خۆیان بەسەر خەڵکی ئەم وەڵاتانە خاڵی دەکەنەوە. بەمجۆرە شێوازێکی تایبەتی بەرهەمهێنان لە وەڵاتانی ئاسیایی دێتە ئاراوە کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئیستبداد و ستەمکاری لەم وەڵاتانە.
نەتەوە یەکگرتووەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا
لە ساڵی 1967 لە لایەن وەڵاتانی ئەندونیزیا و تایلەند و سەنگاپور و فیلیپین و مالیزیا لە بانکۆک بە ئامانجی کرژکردنەوەی پێشکەوتنی ئابووری و سەقامگیریی ناوچەکە دامەزرا.
کۆنفرانسی ئاسایش و هاوکاری ئاسیا
ئەم دانیشتنە هاوشێوەی «کۆنفرانسی ئاسایش و هاوکاری لە ئەورووپا»یە کە بە مەبەستی پاراستنی ئاشتی و ئۆقرەیی لە ئاسیادا پێکهاتووە. دوابەدوای دانیشتنی سەرۆک کۆماری وەڵاتانی ئێران، تورکیا و وەڵاتانی ئاسیای ناوین لە عیشقاباد لە ساڵی 1992 لە بارەی پێویستی ڕێکخستنێکی نوێ بۆ ئاسایش، سەرکۆماری قازاغستان پێشنیازی دامەزراندنی کۆنفرانسێکی لەم شێوەی چێکرد کە ئامانجەکانی بریتی بوون لە:
1ــ دەستەبەرکردنی گەرەنتییەک بۆ پیادەکردنی ئاسایش و ئۆقرەیی ناوچەکە لەسەر بنەمای سنوورە ناسراوەکانی ئەو کاتە.
2ــ ئاسانکاری بۆ پەرەسەندنی هاریکاری لە نێوان وەڵاتانی ناوچەکە.
3ــ دیاریکردن و بەکارهێنانی پێوانە و پێکهاتەی یەکسانی سیاسی و کۆمەڵایەتی.
کۆنفرانس، سێ بابەتی بۆ وێککەوتن دیاری کردووە: ئاسایش، ئابووری و مرۆڤی.
کۆنفرانسی ئاسیا ـــ ئەفریقا
ئەم کۆنفرانسە لە ئاڤریلی 1955 لە باندۆنگی ئەندونیزیا پێکهات و یەکەم کۆنفرانسی نێوان ـــ دەوڵەتانی کیشوەری ئاسیا و ئەفریقا لە ئەژمار دێت. ئەگەرچی ناکۆکییەکی توند لە نێوان وەڵاتانی لایەنگری ڕۆژاوا و دەوڵەتانی لایەنگری کۆمۆنیستی و وەڵاتانی بێلایەن لە ئارادا بوو بەڵام کۆنفرانسی باندۆنگ، چەند بڕیارێکی لەمەڕ هاریکاری ئابووری و کولتووری و خودموختاری و دژایەتی لەگەڵ کۆڵۆنیالیزم دەرکرد. ئەم کۆنفرانسە، سەرەڕای دژایەتی چین، پشتگیری خۆی لە جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ ڕاگەیاند.
وەڵاتانی بەشدار بریتی بوون لە: ئەفغانستان، کامبۆج، سەیلان، ئەردەن، لائۆس، لوبنان، لیبریا، لیبی، نیپاڵ، پاکستان، ئێران، فیلیپین، عەرەبستان، سوودان، سووریا، تایلەند، تورکیا، ڤیتنامی باکووری و باشووری و یەمەن. توێژەرانی سیاسی نوێنەرانی قوبرس، ئەمریکا و کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقاش بەم کۆنفرانسەوە دەلکێنن.