تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی
بیرۆکەی دروستبوونی ڕێکخراوێکی وەها بۆ سوودوەرگرتنی ئاشتیخوازانە لە وزەی ئەتۆمی، ئەگەڕێتەوە بۆ 1950 بە دواوە. لە ساڵی 1953 لەسەر پێشنیازی «ئایزێنهاوەر» سەرۆککۆماری ئەو کاتەی ئەمریکا، بە کۆمەڵی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیار درا سەرچاوەیەک بۆ ئەم مەبەستە دابمەزرێت. لە ساڵی 1954، کۆمەڵی گشتی بڕیارنامەی "ئەتۆم بۆ ئاشتی" مۆر کرد و سەرەنجام لە 29ی ژووەنی 1956 ڕەشنووسی بڕیارنامەی ئاژانس لە کۆنگرەی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمیدا پەسند کرا. ئاژانس وەکوو ڕێکخراوەیەکی نێونەتەوەیی سەربەخۆ، بەرپرسیارییەتی سوودوەرگرتن لە وزەی ئەتۆمی بۆ خزمەت بە ئاسایشی زیاتر بەرعۆدە گرتووە.
بەگشتی ئامانجەکانی ئاژانس لە دوو تەوەردا کورت دەکرێتەوە: یەکەم، کەڵکوەرگرتنی ئاشتیخوازانە لە وزەی ئەتۆمی و ڕەونەقبەخشین و پەرەپێدانی بۆ خزمەت بە ئاشتی و تەندروستی و پێشکەوتن و بەهرەداری لە تەواوی جیهان. دووهەم، بێخەم بوون لەوەیکە ئەو هاریکاری و زانیارییانەی کە لە لایەن ئاژانسەوە ئاڕاستە دەکرێ، بۆ ئامانجی سەربازی و جەنگی بەکار نابرێت.
ئەرکێکی دیکە کە بە ئاژانس سپێردراوە، ئەوەیە کە ڕێ خۆش بکات بۆ پاراستن و پیادەکردنی پەیمانی بەربەستکردنی چەکی ناوەکی Non Proliferation Treaty (NPT) . تا ئێستە بنکەی ناوەکی زۆربەی وەڵاتان کەوتونەتە ژێر چاودێری ئاژانسەوە، ئەم چاودێرییە، 95% پێگە ناوەکییەکانی جیهان بێجگە لەو پێنج وەڵاتەی کە خاوەنی چەکی ئەتۆمین ئەگرێتەوە. ئاژانس پێکهاتووە لە 35 ئەندام و ناوەندەکەشی لە شاری «ڤیەنا»ی لە وەڵاتی «نەمسا»یە.
ڕێککەوتننامەی یانزەی ئازاری 1970
ئەم ڕێککەوتننامە لە 11/3/1970 لەنێوان بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورد بە سەرۆکایەتی مەلا مستەفا بارزانی و حکوومەتی عێراق ئیمزا کرا و لە 15 مادە پێکهاتووە کە مافەکانی گەلی کورد لە کوردستانی عێراق دەستەبەر دەکات. مادەی 10ی ڕێککەوتننامەکە زۆر گرینگە و داوا دەکات کە دەستووری کاتیی عێراق بەم شێوەی خوارەوە هەموار بکرێت:
1ــ گەلی عێراق لە دوو نەتەوەی سەرەکی کورد و عەرەب پێک دێت و ئەم دەستوورە دان دەنێت بە مافی نەتەوەیی گەلی کورد و کەمینەکانی دیکە لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکپارچەدا.
2ــ داوا دەکات ئەم بڕگەیە بە مادەی چواری دەستوور زیاد بکرێ: «زمانی کوردی لە پالڕ زمانی عەرەبی بە زمانی فەرمی ناوچە کوردنشینەکان دادەنرێت» .
3ــ ئەم خاڵەی سەرەوە لە دەستووری هەمیشەییدا جێگیر دەکرێت.
ئیمزاکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە کۆتایی بە جەنگی نێوان هەر دوولا هێنا و بە هەموار کردنی کابینەی عێراق، جێگڕێکی سەرۆککۆمار و چوار وەزیری کورد ـــ کە هەموویان ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان بوون ـــ چوونە ناو کابینەی حکوومەتی عێراق بەڵام ئەو کۆمیتەی کە لە دەقی ڕێککەوتنەکەدا ئاماژەی پێکراوە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی تووشی گرفت هات. بۆ نموونە ئەو دەڤەرانەی کە دەکەونە بەرنامەی ئۆتۆنۆمی یا ماف و جیاوگەکانی دامودەزگە ئۆتۆنۆمییەکان و ڕێژەی ئەو بوودجەی کە دەبێت بۆ ناوچەکە تەرخان بکرێت.
هێدی هێدی ڕژێمی عێراق لە بەڵێنەکانی خۆی پاشگەزبۆەوە و لە 27/3/1974 هێرشی ئاشکرا و ڕاستەوخۆی کردە سەر ناوچەکانی کوردستان و بە ڕاگەیاندنی یەک لایەنەی پڕوژەی ئۆتۆنۆمی سنووردار، بە کردەوە ڕێککەوتنەکەی هەڵوەشاندەوە و لەباری برد.
بەندی یەکەمی ئەم ڕێککەوتننامە دان بە بوونی ڕەوای گەلی کورد لە عێراقدا دەنێت و لە بەندەکانی دیکەش چەند خاڵێکی گرینگ لەبەرچاو گیراون، بۆ نموونە: کردنەوەی زانکۆی سلێمانی و کۆڕی زانیاری کورد و داننان بە هەموو مافە فەرهەنگییەکانی گەلی کورد و خوێندن بە زمانی کوردی لە هەموو قوتابخانە و پەیمانگە و زانکۆکان، داننان بە پاڕاستنی کەلتووری نەتەوەیی و جەژنە نەتەوەییەکان و بە ڕەسمی ناساندنی جەژنی نەورۆز وەک جەژنێکی نەتەوەیی لە کۆماری عێراق و …
یانزەی سێپتەمبەر 2001
بەو ڕوداوە تیرۆریستییە دەگوترێ کە بووە هۆی لەناوچوونی نزیکەی 3 هەزار کەس لە دانیشتوانی دوو تاوەرە ئەفسانەییەکانی ڕێکخراوەی بازرگانی جیهانی و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بەهۆی خۆپێکادانی سێ فڕۆکەی نەفەرهەڵگر بەم بینایانەدا. پاش ئەم ڕوداوە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند کە جیهان «یا دۆستی ئێمەن یا دوژمن» ! ئەم کارەساتە بڕگەیەکی زۆر گرنگی مێژووی ئەمریکا لە ئەژمار دێت.