تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ڕەگەزنامە+ ڕاژێری+ نەتەوایەتی
بریتیە لەو پێوەندییە سیاسی و مەعنەوییەی کە کەسێک بە دەوڵەتێکی تایبەتەوە گرێ دەدات. لە ڕاستیدا پێوەندی تاک و دەوڵەت، پێوەندییەکی سیاسییە، ئەو کەسەی کە سەر بە نەتەوەی وەڵاتێکی دیاریکراوە پێی دەگوترێ هاووەڵاتی. ئەو کەسەش کە سەر بە هیچ نەتەوەیەک نەبێت پێی دەگوترێ ئاپاترید*.
لە بابەت ڕەگەزنامەوە، یاسای وەڵاتەکان 3 مەسەلەیان لە بەر چاو گرتووە:
1ــ هەرکەس دەبێ ڕەگەزنامەیەکی هەبێت (واتە هاووەڵاتی وەڵاتێک بێت) .
2ــ هیچ کەس نابێ زیاتر لە یەک ڕەگەزنامەی هەبێت.
3ــ ڕەگەزنامە، شتێکی هەمیشەیی و نەمر و نەگۆڕ نییە.
بەخشینی ڕەگەزنامە لە لایەن دەوڵەتەکانەوە بە دوو شێوە بە ئەنجام دەگات:
1ـــ سیستەمی خوێن. بەم پێیە ڕەگەزنامە بەهۆی دایک و باوک و خزمایەتیەوە دەدرێتە پاڵ منداڵ واتە هەر کە منداڵ هاتە دنیاوە، ڕەگەزنامەی دایک و بابی پێ دەدرێت.
2ـــ سیستەمی خاک. واتە منداڵ لە خاکی هەر وەڵاتێک لە دایک ببێ، ڕەگەزنامەی ئەو وەڵاتەی پێ دەدرێت.
کۆمپانیای فرەنەتەوە
کۆمپانیا فرە نەتەوەکان، لە ئابووری و سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بە دیاردەیەکی نوێ دادەنرێن کە بەهۆی پەرەپێدان و بەرفرەوان کردنی دەسەڵاتی خۆیان لە دەرەوەی سنوورە نەتەوەییەکان، ڕۆڵێکی گەورە لە سیاسەتی ئابووری جیهان دەگێڕن. ئەم کۆمپانیانە پەرە دەدەن بە چالاکی بازرگانی و پیشەسازیی خۆیان لە سەرانسەری جیهان بەتایبەت لە وەڵاتانی ڕووەوپەرەسەندن و لقێکی لاوەکی کۆمپانیاکە لەم وەڵاتانە دادەمەزرێنن، بۆ نموونە کۆکاکۆلا. ئەم کۆمپانیانە ئەمێستا، بوونەتە دێوەزمەیەکی گەورەی ئابووری و سیاسی و لەم وەڵاتانەدا وەها ڕیشەیان داکوتاوە کە دیاریکردنی ڕەگەز و نەتەوایەتیان کارێکی دژوارە. کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان، بە سەرمایەدانان لەم وەڵاتانە و سوود وەرگرتن لە سەرچاوەی سروشتی و وزەی کاری هەرزان، قازانجێکی زۆر بەدەست دەهێنن و لەم ڕێگەدا بەرژەوەندی ئابووری وەڵاتەکان دەخەنە مەترسییەوە. گەورەترین ناوەندەکانی ئەم کۆمپانیانە لە وەڵاتانی ئەمریکا، بریتانیا، ئەڵمانیا، فرەنسی و ژاپۆن جێگیر بوون.
کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان
یەکێک لە لقەکانی ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە لە ساڵی 1946 بەپێی بەندی 68 جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزرا و لە یەکەمین هەنگاوی خۆیدا بەیاننامەی جیهانی مافی مرۆڤی دەرکرد. بە هۆی ئەوەی بڕیارەکانی ئەم کۆمیسیۆنە لە ئاست مەسەلەکانی هاوپێوەند لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ زەمانەتی جێبەجێ کردنیان نەبوو، لە ساڵی 2006 هاوکات لەگەڵ پیادەکردنی هەندێ ڕیفۆرم لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم کۆمیسیۆنە پەرەی پێدرا و بە «ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان» ناوی گۆڕا کە تێیدا وەڵاتانێکی زیاتر بوونە ئەندام.
کۆمەڵی نەتەوەکان
ڕێکخراوەیەکی نێونەتەوەیی بوو کە لە ساڵی 1920 بەپێی پەیماننامەیەکی 26 مادەیی کە بەشێک بوو لە پەیمانی ڤێرسای، دامەزرا. ناوەندی کۆمەڵە لە جێنێڤ بوو. کۆمەڵەی نەتەوەکان، بە دامەزراندنی «ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان» * لە ساڵی 1946 لێک هەڵوەشا. ئەم کۆمەڵە بەپێی مادەی 14ی پرەنسیپەکانی ویلسۆن (1856ــ 1919)، سەرکۆماری ئەمریکا، دامەزرا (بڕوانە چواردە مادەی ویلسۆن) بەڵام کۆنگرەی ئەمریکا پەسندی نەکرد و ئەم وەڵاتە نەبووە ئەندام. جاڕنامەی کۆمەڵە، ئەندامانی پابەند دەکرد بەوەی کە ڕێز بۆ یەکتر دابنێن و دەسدرێژی نەکەنە سەرخاکی یەکتر و بۆ ڕاهیکردنی کێشەکانیان، ڕوو نەکەنە زەبروزەنگ و ئەم کارە بسپێرنە کۆمەڵەی نەتەوەکان.
کۆمەڵە ساڵی جارێک دانیشتنی ساز دەکرد و نوێنەرانی هەموو ئەندامەکان تێیدا بەشدار بوون. «لیژنەی کۆمەڵە» پێکهاتبوو لە 15 ئەندام، لەوانە ئیتالیا، ژاپۆن، فەرەنسە و بەریتانیا و دواتر ئەڵمانیا و سۆڤیەت وەک ئەندامانی هەمیشەیی کە لە ساڵیکدا سێ جار دانیشتنی ساز ئەکرد. دادگەی جیهانی و ڕێکخراوەی نێونەتەوەیی کار لە ڕێکخراوە لاوەکییەکانی کۆمەڵە، لە ئەژمار دێن. گرفتی سەرەکی کۆمەڵەی نەتەوەکان ــ هەر وەک ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکانیش پێوەی ئەتلێتەوە ــ بریتییە لە نەبوونی زەمانەتێک بۆ بەڕێوەبردن و پیادەکردنی بڕیارەکانی چونکە ناتوانێ دەوڵەتە زلهێزەکان بە ئەنجامدانی ئەو بڕیارانە پێمل بکات.
سەرەتای هەڵوەشانەوەی کۆمەڵە، ئەو کاتە بوو کە دەوڵەتە گەورەکان، دەستیان دایە داگیرکاریی و کۆمەڵە هیچ کارێکی لە دەست نەهات. بۆ وێنە ژاپون لە ساڵی 1931 بە هەڵگیرساندنی شەڕی دووهەمی خۆی لەگەڵ چین، لەم کۆمەڵە هاتە دەرەوە. یان هیتلەر لە ساڵی 1933 بۆ پشت ئەستوورکردنی خۆی، وەڵاتەکەی لە کۆمەڵە کێشایە دەرەوە کە دەرەنجامەکەی شەڕی جیهانی دووهەمی لێکەوتەوە.
کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقا
ئەم زاراوە بە بزاوتێکی سیاسی ئەفریقای باشووری دەگوترێت کە بۆ بردنەسەرەوەی ئاستی ژیانی ڕەشپێستەکان لە ساڵی 1912 بنیاد نراوە. ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی 1926 لەگەڵ کۆمەڵەی هێندییەکان یەکییان گرت تاکوو ببنە نەتەوەیەکی یەکگرتوو. کۆنگرەکە بە ڕێبەرایەتی سەرۆک لیتۆلی (67ـــ 1952) و بە سوود وەرگرتن لە شێوازی نەرم و بەدەر لە شەڕەنگێزی، خەباتی خۆیان بە دژی ڕەگەزپەرستی شێلگیرانەتر کرد بەڵام لە لایەن دەسەڵاتەوە بەرەوڕووی توندوتیژی بوون و سەرکوت کران و لە ساڵی 1961 هەڵوەشێندرا. باڵی چەکداریی کۆنگرە ناسراو بە «شمشێری گەل» لە لایەن نیلسۆن ماندیلا (1918ـــ ) دامەزرا بۆ ئەوەی بەرپەرچی شەڕەنگێزییەکانی حکوومەت بداتەوە. ئەم بزاوتە لە وەڵاتانی دیکەی جیهان، نوێنەرایەتی سازکردبوو تاکوو ئەم وەڵاتانە بۆ کۆتایی هێنان بە ڕژێمی ڕەگەزپەرستی لەگەڵ خۆیدا هاودەنگ بکات و بتوانێ دەسەڵات بگەڕێنێتەوە بۆ ڕەشپێستەکان.
لە ساڵی 1990، دوابەدوای ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان ڕوویاندا دەوڵەتی ئەفریقای باشووری، چەند هەنگاوێکی بۆ لابردنی یاساکانی ڕەگەزپەرستی هەڵێنا. گرنگترینی ئەم هەنگاوانە کە لە لایەن دۆ کلۆرک، سەرکۆماری ئەم وەڵاتە (1990) ڕاگەیاندرا بریتی بوون لە:
ـــ کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقا، بە شتێکی قانوونی ڕاگەیاندرا.
ـــ ڕزگار کردنی خێرای نێلسۆن ماندیلا ڕێبەری کۆنگرە لە بەندیخانە. (ماندیلا، لە ساڵی 1962 پاش گەڕانەوەی لە کۆنفرانسی«بزاڤی ڕزگاری و یەکیەتی ئەفریقا» کە لە ئادیسابابا بەڕێوە چوو، بە تاوانی بەزاندنی سنوور، دەکەوێتە بەندیخانە و ماوەی 28 ساڵ لە زیندان دەبێت).
لە ساڵی 1994، یەکەمین هەڵبژاردنی دیموکراتیک لە ئەفریقای باشووری بەڕێوە چوو. کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقای باشووری زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان دەبێتەوە و نێلسۆن ماندێلا وەک سەرکۆمار دیاری دەکات. بەڵام پاش ماوەیەک، ماندێلا کورسی دەسەڵات بۆ کەسانی دیکە جێدەهێڵێت و لە سیاسەت دوور دەکەوێتەوە، هەر بۆیە وەک کەسایەتییەکی ناوداری ئەفریقا و جیهان دەمێنێتەوە.
دەوڵەت ـــ نەتەو
شێوازێک لە سیستەمی سیاسی کە لە سەدەی شازدەوە، لەنێوان حکوومەتە فیۆدالییەکانی ئەورووپا سەری هەڵدا و هەموو جیهانی گرتەوە. لەم سیستەمەدا لەنێوان دەوڵەت *ــ وەک باڵاترین ڕێکخەری تەکوزی و نەزمی سیاسی ــ و نەتەوە* ــ وەکوو پێکهێنەری تەکوزیی سیاسی ــ پێوەندییەکی تێر و تۆخ و ڕەها دێتە ئاراوە. لەم شێوازەدا مەفڕووزە کە نەتەوە کەمتاکورتێک، کۆمەڵێکی ئینسانی هاوشێوەیە کە خاوەنی هەستێکی نەتەوەیی هاوبەشە و لەناو سنووڕێکی دیاریکراوی دەوڵەتێکی سەربەخۆدا دەژی. «دەوڵەتی نەتەوەیی» لە دنیای ئەمڕۆدا باڵاترین شێوەی تەکوزی سیاسی ناوبردە کراوە.
جیهانی سیاسی ئەمڕۆ بە واتای پێکهاتێکە لە نەتەوەکان، ئەو نەتەوانەی کە ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان پێک دەهێنن. ڕەنگە لەگەڵ ئەم پێناسەدا نەیاریی بکرێت کە ئەندامانی ڕێکخراوەکە، نەتەوەکان نین بەڵکوو وەڵاتەکانن و زۆربەی نەتەوەکان لە بەینی چەند وەڵاتێک دابەش کراون بەڵام ئەمە پێناسەی ڕەسمی جیهانە لە پێکهاتەی خۆی ئەمەش بە میرات و جێماوەی ناسیۆنالیزم* لە ئەژمار دێت.
یەکێک لەسەرباسەکانی دەوڵەتی نەتەوە، جیاوازییەکانی دەوڵەت و نەتەوەیە کە لێرەدا بە چەند خاڵێک لەو جیاوازییانە ئاماژە دەکەین:
1ــ دەوڵەت بەرهەمی هۆکارگەلێکی دیاریکراوی وەکوو سەربەخۆیی سیاسییە بەڵام نەتەوە، دەرەنجامی هۆکارگەلێکی دیاریکراوە کە بۆتە هۆی پەیدابوونی کۆمەڵێکی مێژوویی سەقامگرتوو.
2ــ خەڵکی دەوڵەتێک، ڕەنگە پێوەندییان بە نەتەوەیەکەوە هەبێت یا نەبێت، کەچی نەتەوە ڕەنگە بوونێکی سیاسی سەربەخۆی هەبێت یا کەرتێک بێت لە دەوڵەتێکی گەورەتری فرەنەتەوە. هەندێ لە نەتەوەکان ڕەنگە لەناو زیاد لە یەکەیەکی سیاسی دابەش بووبێتن وەکوو کۆریاییەکان و کوردەکان.
3ــ دەوڵەت دەزگەیەکی سیاسی ــ یاساییە، بەڵام نەتەوە، دیاردەیەکی مێژوویی ــ سیاسی و کەلتوورییە.
4ــ دەوڵەت، بەرهەمی فراژووتنی مێژوویی نییە، بەڵام نەتەوە دەرەنجامی ژیانی هاوبەشی دوور و درێژی جەماوەرە.
5ــ دەوڵەت لە هەر سەردەمێکدا کیان و نیشتمانێکی دیاریکراوی هەیە و ئەم زێدەش، ڕەنگە بەهۆی زۆرداریی یا یەککەوتنەوە تووشی گۆڕان بێت کەچی نەتەوە، لەباری مێژووییەوە جڤاتێکی ڕاوەستاو لەئەژمار دێت و بەپێی ویست و ئیرادە، گەورە و بچووک نابێتەوە.
6ــ لەسەروبەندی کەونینەی مێژووی مرۆڤیشدا دەوڵەت هەبووە بەڵام نەتەوە، بەرهەمی چاخی نوێیە و دەرەنجامی ئاوێتەبوونی خێڵ و عەشیرەت و گرووپە ڕەگەزییەکانە بە زەبری شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری.