تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



کۆنڤانسیۆنی مافە سیاسیەکانی ژنان
ئەم کۆنڤانسیۆنە لە لایەن کۆمەڵی گشتی ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕێکەوتی 20ی سێپتەمبەری 1952 پەسند کرا. ئەم بڕیارنامە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی مادەکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ هاتە ئاراوە و بەم پێیە هەموو وەڵاتانی ئەندام، بەڵێنیان داوە کە مافەسیاسیەکانی ژنان تا ئاستێکی یەکسان لەگەڵ پیاواندا بپارێزرێ. بەپێی ئەم کۆنڤانسیۆنە دەبێ ژنانیش، هاوشانی پیاوان لە مافەکانی هەڵبژاردن و پاڵاوتن و گەیشتن بە پلەوپایە ئیداریەکان بەهرەوەر بن.
کیشۆت ئاسایی/پاڵەوان بازی
لە ناوی دۆن کیشۆت، پاڵەوانی داستانی میگڵ سێرڤانتس (1616-1574) ڕۆمان نووسی ئسپانیایی وەرگیراوە کە بە واتای کەسێکی ئایدیال و گێل و بەسەزمان و دوور لە واقیعە کە هەمیشە شکست بخوات.
کەلتووری سیاسی
1ـــ بریتییە لە کۆمەڵێ بڕوا و هەست و ئایدیال و نەریت و بۆچوون و بایەخی کەلتووری کۆمەڵگە یان سیستەمێکی سیاسی. 2ـــ ئاستی زانستی و ڕامانەی تاک و چین و توێژە جۆراوجۆرەکان لە دەسەڵات و سیاسەت. 3ـــ ئەرکی لایەنە تایبەتییەکانی کەلتووری گشتی کۆمەڵگە کە لەگەڵ چۆنییەتی هەڵسوکەوت لەگەڵ سیاسەت، هێز، دەسەڵات، ئازادی، عەدالەت، دەوڵەت، حکوومەت و سیستەمی سیاسیدا پێوەندی هەیە. ئەمەش دەرەنجامی ئەزموونی مێژوویی نەتەوەیە لە کاتی ڕواروویی لەگەڵ دیاردە و ڕووداوە سیاسییەکانی ئەو نەتەوەدا.
گلاسنۆست
گلاسنۆست وشەیەکی ڕووسییە بە واتای ڕەپ و ڕاستی بەڵام لە زاراوەی سیاسیدا بریتیە لە کەشوهەوای کراوەی سیاسی و «پرۆسەی دیموکراتیزەکردن»ی بلۆکی سۆشیالیستی. ئەم زاراوە دوابەدوای بە دەسەڵات گەیشتنی گۆرباچۆف، ڕێبەری سۆڤیەت ڕەواجی زۆری پەیدا کردووە. گلاسنۆست و پێرۆسترۆیکا دوو زاراوە بوون کە لە لایەن ڕێبەرانی یەکیەتی سۆڤیەت شانبەشانی یەکدی بۆ پیادەکردنی سیاسەتەکانیان بەکار دەبران. لە ئەنجامی گلاسنۆست، گۆرباچۆف دەرفەتی بە ڕۆژنامەنووسانی سۆڤیەت دا کە باس لە کەموکووڕی و گەندەڵی وەڵات بکەن و ئاندرە ساخارۆفی لە تاراوگە گەڕاندەوە و گەلێک لە نەیارانی سیاسی لە بەندیخانە ئازادکرد. ئەم گۆڕانکارییانە لە لایەن ڕۆژاواوە پێشوازی لێکرا و ئاکامەکەشی هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت بوو لە ساڵی 1990.
گەندەڵی سیاسی
کەڵک وەرگرتن لە دەسەڵاتی سیاسی بۆ گەیشتن بە قازانجی شەخسی و ناڕەوا بە گەندەڵی سیاسی لە قەڵەم دراوە. گەندەڵی ماڵی و ئیداری، گرنگترین لایەنی گەندەڵی سیاسی لە ئەژمار دێت. ڤیتۆ تانزی، هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی، بەم شێوە ناوبردە دەکات :
1ــ یاسا و ڕێساکان (وەک دەرکردنی ئیجازەنامە، بە ناوچەیی کردنی ئیشوکارەکان).
2ــ چاودێری کردنی ڕیککەوتننامەی کڕین و سەرمایەدانانی دەوڵەتی (وەک دروستکردنی ڕێگەوبان پرد و فڕۆکەخانە).
3ــ ئەو بەرنامانەی کە پاڵنەرن بۆ باجدان.
4ــ چاودێری بە سەر ڕەوتی دامەزراندنی کارمەندان.
5ــ ماهییەتی سیستەمی سیاسی.
6ــ ماهییەتی سیستەمی سزادان.
بە بڕوای تانزی، گەندەڵی سیاسی لە زۆربەی وەڵاتان لە ژێر سەری ڕێبەرانی سیاسییەوەیە و لە هەندێ وەڵاتی دیکە لە لایەن کاربەدەستانی دەوڵەت و کارمەندانی شارەوانییە. ئەو دەوڵەتانەی کە بەپێی بەرنامەی ئایدیالی بەهێز و شۆڕشگێڕانە، دەگەن بە دەسەڵات، ڕەنگە بتوانن تا ماوەیەک بە پاڵپشتی ئەم ئایدیالە و هەستوخوستی شۆڕشگێڕانە، گەندەڵی کۆنترۆڵ بکەن بەڵام هەر کە هەست و سۆزەکە نیشتەوە، سەرلەنوێ هەڵدەداتەوە و پەرە دەستێنێ و ڕیشە دادەکوتێ. لە سیستەمی دیموکراسی ڕاستەقینەدا گەندەڵی ڕێبەران و بەرپرسانی سیاسی کۆنترۆڵ دەکرێت یان ئاشکرا دەبێت و بەری پێ دەگیردرێت و بە دەگمەن دەگاتە ئاستی گەندەڵی لە وەڵاتانی ئیستبدادیدا.
یاسا / دەستوور
1ــ کۆمەڵێک ڕێسای پێویست و ناچاریی کە لە سەردەمێکی دیاریکراودا بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆ حوکم دەکات و پیادەکردنەکەی لە لایەن دەوڵەتەوە مسۆگەر دەکرێت.
2ــ ویست و ئیرادەی تاقمی دەسەڵاتدار کە لە قەبارەی یاسادا دەگونجێت.
3ــ کۆمەڵێک بڕیار کە بەسەر پێوەندییەکانی کۆمەڵگەیەکی سیاسیدا حوکم دەکات.
4ــ ڕێوشوێنێک کە لە لایەن دەسەڵاتێکی گشتی دیاری دەکرێت کە دەبێ هەموان پەیڕەوی لێ بکەن و ملکەچی بن.
یاسا، بەرهەمی قەبارە و سیمای ژیانی مرۆڤە. لەبەرئەوەی ژیانی مرۆ هەمیشە ئامادەی گۆڕان و وەرچەرخانە، یاساش هەمیشە تووشی گۆڕان دەبێت بەڵام هەر چەشنە گۆڕانێکی بنچینەیی بەسەر یاسادا لە پاش ڕوودانی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی دەگاتە ئەنجام. هەرکەس وەک مرۆڤێک و بە پێوانەی ویژدانی خۆی مافی ئەوەی هەیە یاساکان هەڵسەنگێنێ و لێیان وەکۆڵێت. هەرکاتێک ویژدانی، یاساکەی پەسند کرد، ئینجا پەیڕەوی لێ بکات و ئەگەریش پەسندی نەکرد نابێ بۆ پیادەکردنەکەی هەنگاو بنێت.
یاساپەروەری
ئەم زاراوە بە واتای باوەڕ بە سەروەری و ڕەسەنایەتی یاسا و شەرعییەتی دادوەری و مافەکانە. ئەم جۆرە لە دنیابینی و بیرکردنەوە لە پێوەندی نێوان دەوڵەت و خەڵک و پێوەندی جەماوەر لەگەڵ یەکتر کە دەبێ بەپێی یاسا و قانوون بێت، هەر لە سەردەمی دەوڵەتی ڕۆمای کۆنەوە باو بووە و بەشێک بووە لە فەلسەفەی سیاسی. یاسا پەروەری هەموو جۆرە پێوەندییەکی مرۆڤ دەخاتە تەرازووی یاسا و دادوەری و دەوڵەت بە بەرهەمی قانوون دەزانێت. ئەم ڕێبازە پێی وایە کە لە بابەت دەوڵەتەوە ناکرێ بە پێوانەی ئەخلاق و کۆمەڵناسی سەیر بکرێت بەڵکوو دەبێ لە شەرعییەت و ڕەسەنایەتی یاسایی بکۆڵدرێتەوە و ڕوون بکرێتەوە کە ئایا دەوڵەت، ڕەوایە یا ناڕەوا؟
حەماس
ئەم زاراوە کورتکراوەی «حرکە المقاومە الاسلامی» یە کە بە بزاوتی خۆڕاگری ئیسلامی خەڵکی فەلەستین ناوی دەرکردووە و بۆ ئازادکردنی هەموو خاکە داگیرکراوەکانی فەلەستین لە دەستی ڕژێمی ئیسراییل خەبات دەکات. حەماس لە ڕێکەوتی 15 ی دێسەمبەری 1987 بە ڕێبەرایەتی شێخ ئەحمەد یاسین، بەشێوەیەکی ڕەسمی بوونی خۆی لە بەیاننامەیەکدا ڕاگەیاند. حەماس دوابەدوای زیندانیکرانی زۆربەی ئەندامانی چالاکی خۆی لە لایەن ئیسڕاییلەوە، لە کۆتاییەکانی ساڵی 1990 لقی چەکداریی خۆی بە ناوی هێزی شێخ عێزەدین قەسسام ڕاگەیاند. ئەم ڕێکخراوە پێی وایە کە مەترسیدارترین پلانی ئاشتی کە تا ئێستە هاتۆتە ئاراوە، ڕێککەوتننامەی «غەززە ـــ ئەریحا» یە کە لە ڕێکەوتی 13ی سێپتەمبەری 1993 لەنێوان ڕژێمی ئیسراییل و ڕێبەرایەتی ڕێکخراوەی ڕزگاریخوازی فەلەستین لە واشنتۆن واژۆ کرا. چونکە لەم ڕێککەوتنەدا ئیسراییل لە خاکە داگیرکراوەکان بە ڕەسمییەت دەناسرێ و پێوەندی وەڵاتانی عەرەب لەگەڵ ئیسڕاییل هێور دەکرێتەوە.
لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی پازدەی ژانوییەی 2006 حەماس، توانی لەسەرجەم 132 کورسی، 72 کورسی بباتەوە و بەم جۆرە دەوڵەتی نوێی فەلەستینیەکان دابمەزرێنێ. لەم ساڵانەی دواییدا ناکۆکی نێوان حەماس و ڕێکخراوی فەتح*ڕووی لە زیادبوون بووە و جاری واش هەبووە کێشەکانیان ئاکامی چەکداری و شەڕی لێ کەوتۆتەوە ئەمەش هەر دێتوو پرۆسەی ئاشتی نێوان ئیسراییل و عەرەبان ئاڵۆزتر و درێژخایەن تر دەکاتەوە.
دوابەدوای سەرکەوتنی حەماس ئیسراییل و وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یارمەتییەکانی خۆیان بۆ خەڵکی فەلەستین ڕاوەستاند و ئیسراییل بۆ پێوەندی گرتن لەگەڵ حکوومەتی فەلەستینی، سێ مەرجی دیاری کرد کە بریتی بوون لە:
ـــ دەبێ لقی چەکداریی حەماس چەک بکرێت واتە خۆی لە چەک داماڵێ.
ـــ مادەی «لەناوبردنی ئیسراییل» لە پلاتفۆرمی حەماسدا نەمێنێ.
ـــ هەموو ڕێککەوتنەکانی نێوان حکوومەتی فەلەستینی و ئیسراییل بەهەند بگرێت.
شوناس
ئەم زاراوە لە وشەی identitas وەرگیراوە و بە دوو مانای بەڕواڵەت هاودژ شرۆڤە دەکرێت: 1) هاوسانی و تەبایی ڕەها. 2) جیاوازی هەمیشەیی. بەگشتی شوناس، پرسیارە لە هەبوونی کەسێک. پرسیار بکەیت: ئەو کەسە کێیە؟ چ تایبەتمەندییەکی تاکی و کۆمەڵەکی هەیە؟
ئەو ڕەگەزانەی کە هەوێنی پرسیار لە شوناسی کەسێک پێک دێنن، بریتین لە: نیشتمان، میژوو، زمان، ئەدەب، ئایین، پێکهاتە و ستراکتووری سیاسی، کولتوور و هونەری هاوبەش. چەمکی شوناس بابەتی کێشمەکێشی تیۆری نێوان دوو زانستی سایکۆلۆجی و کۆمەڵناسی بووە لەمەڕ توێژینەوەی لایەنی تاکەکەسی و لایەنی کۆمەڵایەتی ئەم چەمکە. ڕەهەندی تاکەکەسی شوناس، بریتییە لە هەستی ئێمە دەربارەی ئەو شتانەی کە هەر تاکێک لە ئەویدی جیادەکاتەوە کە ئەویش، دەرک و ناسینێکە لە «من». هەست کردن بە شوناسی تاکەکەس، دەرەنجامی دایەلیکتیکیی نێوان تاک و کۆمەڵگەیە و لە هەست و خۆست و بۆچوونەکانی تاکدا خۆی نیشان دەدات. ڕەهەندی شوناسی کۆمەڵایەتی بریتییە لە وێکچوواندن و گونجانی «ئێمە» لەگەڵ ئەوانی دی. ئەم شوناسە ڕوونکەرەوەی چەمکی «ئێمە»یە.
شوناس، بە کەس نابەخشرێت بەڵکوو لە ڕێگەی دانوستان و مامەڵە لەگەڵ ئەوانی دی ، دێتە بەرهەم. لەم ڕوانگەوە دەکرێ شوناس بە پرۆسەیەکی درێژخایەن لە قەڵەم بدرێ کە هەمیشە لە حاڵی گۆڕاندایە. بۆ نموونە شوناسی نەتەوەیی و ئەتنیکی مرۆڤی کورد بەپێی کات و شوێن دەگۆڕێ. ڕەنگە کوردبوون لە هۆڵەندا لەگەڵ کوردبوون لە کوردستان دوو شتی جیاواز بن یا کوردبوونی 2009 لەگەڵ کوردبوونی 1920 جیاوازیان هەبێت.
شوناس بابەتێکی فرەڕەهەندە. هەرکامێک لە ئێمە خاوەنی چەند شوناسێکە کە لایەنە بەرجەستەکەی لە پێوەندی لەگەڵ بارودۆخی ژیانمان تووشی گۆڕان دەبێت. کەسێک کە لە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەژی لە کاتی باسکردن لە سیاسەتی نێونەتەوەیی شوناسی ئەمریکی بەخۆ دەگرێ. لە بەرەبەیانی یەکشەممەدا خۆی بە کاسۆلیک لە قەڵەم دەدات، کاتێکیش سەیری یارییەکی فۆتبۆڵی جیهانی دەکات، دەکەوێتەوە بیری باووباپیرانی لە هۆڵەندا.