تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



سکولاستیکیزم
ئەم زاراوە لە ڕیشەی لاتینی scholastica بە واتای «وانە قوتابخانەییەکان» وەرگیراوە. لە سەدەکانی ناوەڕاست باس و گفتوگۆ زانستی و فەلسەفیەکان پتر لە ناو قوتابخانە و کلێسا و پەرستگەکان ئەنجام دەدران هەر بۆیە باسە زانستیەکانی ئەو سەردەمە بە زانستی سکولاستیک ناوبانگیان دەرکردبوو. لایەنگرانی ئەم قوتابخانەیە ئیمانیان بەلاوە گرنگتر بوو لە ئەقڵ و ئاوەز و پێیان وابوو کە دەبێ لە پێشدا بڕوا و ئیمانمان هەبێ ئینجا بابەتەکان بفامێنین. بەڕای ئەمان، ئایین لە لایەن خوداوە بە مرۆڤ عەتا کراوە و ئەقڵ ناتوانێ لە بەرانبەریدا ملهوڕیی بکات و ڕەتی بکاتەوە. باوەڕمەندانی ئەم ڕێبازە لەگەڵ هەر چەشنە سەربەخۆییەکی فیکریدا نەیارن و تەنیا بە نووسراوەکانی کتێبی پیرۆز و بنەما فیکریەکانی ئایینی مەسیح پشت ئەبەستن.
ئەم فەلسەفە ئەگەرچی پشتی بە ئایینی مەسیح بەستبوو، بەڵام لە ڕاستیدا جۆرێک گەڕانەوە بوو بۆ قوتابخانەکانی یۆنانی کۆن و لە ژێر کاریگەریی نیشتمانی خەیاڵی و ئایدیالی پلاتۆدا بوو. پاش سەرهەڵدانی ڕێنسانس لە ئەورووپا و پەیدابوونی هزرڤانان و بیرمەندانێک کە بنەماکانی سکولاستیکیان خستەبەر گومان، هەندێ ڕیفۆرم بە سەر ئایینی مەسیحدا هات و ڕێگە بەم قوتابخانە لێژ کراو و جێگەی خۆی دا بە ڕێبازی ڕاسیۆنالیزم.
پاراستنی نێودەوڵەتی مادەی ئەتۆمی
بریتییە لەو هەنگاوانەی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی* بەمەبەستی دۆزینەوە و ڕاوەستاندنی ئەو هەوڵ و دەوڵەی کە بەکارهێنانی مادەی ئەتۆمی ڕێدراو (مجاز) بە لاڕێدا ئەکێشێ و دەستبەجێ لەڕێگەی پەیماننامە و یاسای پێویست بە لاڕێچوونی وەڵاتان لە دامودەزگە ئەتۆمییەکان ڕادەگەیەنێ.
پەیمانی ماستریخت
ئەم پەیمانە لە لایەن سەرۆکی 12 وەڵاتی ئەندام لە کۆمەڵەی ئابووری ئەورووپا کە بریتی بوون لە: ئەڵمانیا، ئیسپانیا، بریتانیا، ئیتالیا، ئیرلەندا، بەلجیکا، پورتوگال، دانیمارک، فرەنسا، لۆکزامبۆرگ، هۆڵەندا و یۆنان لە دیسەمبەری 1991 لە شاری ماستریختی هۆڵەندا مۆر کرا. مەبەست لەم پەیمانە یەکگرتنی سیاسی و ئابووری ئەورووپا بوو. هەروەها پیادەکردنی سیستەمێکی دراڤی یەکگرتوو، بەڕەسمییەت ناسینی «شارۆمەندیی ئەورووپایی»، هاوکاری گەرمی وەڵاتانی ئەوروپی لە بواری سیاسەتی دەرەکی، ئاسایش، دادوەری و هەموو کاروبارێکی ناوخۆیی هاتە ڕیزی داواکارییەکانی ئەم پەیمانەوە.
ساڵی 1993 خەڵکی دانیمارک ئەم پەیمانەیان پەسند نەکرد. پاش ئەوەی هەندێ زێدەماف و بەڵێنیان بەم وەڵاتە بەخشی، ئینجا خەڵکی ئەم وەڵاتە دەنگی «ئەرێ» یان پێدا. ساڵی 2001 هەر هەمان شت لە بارەی خەڵکی وەڵاتی ئیرلەندای باشووری هاتەگۆڕێ. نەیاریی خەڵکی فەرەنسە و پاشان هۆڵەندا لە ساڵی 2005 لەگەڵ ئەم پەیمانە کە بە دەستووری بنچینەیی ئەورووپا ناوبراوە، نیگەرانییەکی گەورەی لەمەڕ چەسپاندنی ئەم دەستوورە هێناوەتە گۆڕێ و یەکیەتی ئەورووپا تووشی ئاریشە دەکات. پەسند نەکردنی دەستووری یەکیەتی ئەورووپا لە وەڵاتێکی وەک فرەنسێ کە ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لەم یەکیەتیەدا بووە هۆی دواخستنی پڕۆسەی ڕاپرسی ئەم قانوونە. بەپێی بەرنامەی داڕێژراوی یەکیەتی ئەورووپا، بڕیار بوو تا مانگی حەوتی 2006 دەستوورەکە لە هەر 25 ئەندامی یەکیەتی بکەوێتە بەر ڕاپرسییەوە و لەسەرەتای ساڵی 2007 لە تەواوی ئەورووپا جێبەجێ بکرێت بەڵام بەم بۆنەوە دواکەوتووە.
ڕاستی نوێ
دیاردەی ڕاستی نوێ پێکهاتووە لە بنەڕەگ و ڕیشەکانی نیئۆلیبرالیزم و کۆنەپارێزیی نوێ. لە 1980 بەملاوە زۆربەی دەوڵەتانی ڕۆژاوایی بۆ هەڵوێست نیشاندان لە بەرانبەر قەیرانی ئابووری حەفتاکان، بە دەستکێشانەوە لە سیاسەتەکانی کێنزی، بەرەو بەرەی «ڕاست» هەنگاویان نا. ڕاستی نوێ ڕادیکالیزمێکە سەر بە باڵی لیبرالیزم و هێرشێکە کە هێزە بنچینەییەکانی خۆی لەم دوو ڕێبازە وەردەگرێ. ئەم زاراوە بە تایبەتی دەربارەی سیاسەتەکانی حیزبی کۆنەپارێزی بەریتانیا لەسەردەمی تاچێر و حیزبی کۆماریخوازی ئەمریکا لەسەردەمی ڕیگان دا بەکار براوە و بەگشتی لە بواری ئابووری و سیاسی، لیبراڵ لە ئەژمار دێت. واتە لەسەر ئازادی ئابووری و کەمکردنەوەی باج و بازاڕی ئازاد و دەوڵەتی سنووردار جەخت دەکات بەڵام لە باری ئەخلاقی و کەلتووری و کۆمەڵایەتییەوە کۆنەپارێزە. ڕاستی نوێ، حکوومەت لە باری ئابوورییەوە لاواز دەکات بەڵام لە بواری سیاسی واتە دابینکردنی ئاسایش، بەهێز دەبێت.
ڕامیاری: بڕوانە سیاسەت
کاسترۆئیزم
کاسترۆئیزم، ئاوێتەیەکە لە ڕێبازی شۆڕشگێڕانەی ئەمریکای لاتین و ئایدیۆلۆجیای کۆمۆنیزم کە لە ساڵی 1959 لە لایەن فیدل کاسترۆ ڕێبەری کووبا هاتۆتە ئاراوە. کاسترۆ لەو ساڵەدا پاش سەرکەوتن بەسەر ڕژێمی دیکتاتۆری باتیستا، توانی شۆڕشی کووبا بگەیەنێتە ئەنجام. بزاوتی شۆڕشگێڕانەی کووبا کە لە ساڵی 1953 دەستی پێکرد، لە سەرەتاوە هیچ ئایدیۆلۆژیا و ڕێبازێکی ڕوون و ئاشکرای نەبوو. لە ساڵی 1961، کاسترۆ ڕووی کردە مارکسیزم ـــ لینینیزم و بزاڤی چەکداریی لەگەڵ کۆمۆنیزمدا تێکەڵ کرد و ئەوەش بوو بە ئایدیۆلۆژیای ڕەسمی کووبا بەڵام کاسترۆ هەندێ لایەنی شۆڕشی کووبای بە زیندوویی ڕاگرت و بەم جۆرە ڕواڵەتێکی تایبەتی بە کاسترۆئیزم بەخشی.
دوابەدوای شۆڕشی کووبا، کاسترۆ پێوەندیەکی گەرمی دیپلۆماسی لەگەڵ یەکیەتی سۆڤیەت کردەوە و کووبا لە باری ئابوورییەوە کەوتە دوای وەڵاتانی کۆمۆنیستییەوە. لە ساڵی 1961، دەوڵەتی ئایزنهاور (سەرکۆماری ئەمریکا)، گەمارۆی ئابووری بەسەر ئەم وەڵاتە داسەپاند و پێوەندی سیاسی و ئابووری لێ قەدەغە کرد. کاسترۆ پاش سەرکەوتنی شۆڕشی کووبا هەزاران کەس لە نەیارانی خۆی خستە بەندیخانە و لە سێدارەی دان. ئینجا حکوومەتێکی سۆشیالیستی تاکحیزبی پاوەجێ کرد. کاسترۆ لە نێوان بزاوتە سەربەخۆکانی ئەفریقیا و ئەمریکای لاتین، کەسایەتییەکی تەنیا و گۆشەگیرە. ئەگەرچی ئەو هەوڵی زۆری دا تاکوو بزاوتە کۆمۆنیستیەکەی بکێشێتە ناو نەتەوەکانی دیکەی ئەمریکای لاتین بەڵام دەوڵەتی کەنەدی ئەم هەوڵانەی لەبار برد. لە ساڵی 1963، چواردە وەڵاتی ئەمریکای لاتین پێوەندی دیپلۆماسی خۆیان لەگەڵ کووبادا پچڕاند و ڕژێمی کاسترۆ پتر گۆشەگیر بوو. دوای ڕووخانی یەکیەتی سۆڤیەت لە ساڵی 1989، پێوەندی دیپلۆماسی ڕژێمی کاسترۆ لەگەڵ ئەم وەڵاتە کۆتایی پێهات و ئەمەش بووە هۆی زیانێکی زۆر بە ئابووری کووبا.
کۆنڤانسیۆنی ئەورووپی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان
پەیماننامەیەک کە لە ساڵی 1950 لە نێوان پانزە وەڵاتی ئەورووپای ڕۆژاوا مۆرکرا بە مەبەستی پاراستن و مسۆگەر کردنی ئازادی و مافەکانی هاووەڵاتیانی خۆیان. ئەم ماف و ئازادییانە بریتییە لە : مافی ژیان و ئازادی، قەدەغەکردنی کۆیلایەتی و دیلیەتی، دڵنیایی و بێخەمی لە دەسگیرکردن، زیندانی کردن و دوورخستنەوەی پڕوپووچ، مافی داکۆکی کردن لە دادگەیەکی بێلایەن، ئازادی ئەندێشە و بیروڕا و ئایین و ئازادی کۆبوونەوە. (بۆ نموونە ڕێکخستنی یەکیەتی و …)
لە ساڵی 1959 «دادگەی ئەورووپایی مافەکانی مرۆڤ» بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەم گرێبەستە دامەزرا و هاووەڵاتیان مافی ئەوەیان هەیە داواکاری و شکاتەکانیان لە دەوڵەتی خۆیان ڕادەستی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ بکەن. ئێستا 21 وەڵاتی ئەورووپی لەم کۆنڤانسیۆنە ئەندامن و چەند پرۆتۆکۆلیشی پێ زیاد بووە.
چەپ و ڕاست
ئاخێزگەی زاراوەی چەپ و ڕاست، شۆڕشی فەڕەنسەیە کە لە کۆمەڵی نەتەوەیی نوێنەرانی شۆڕشگێڕی توندڕەو لە لای چەپ و نوێنەرانی کۆنەپارێزیش لە لای ڕاستەوە دائەنیشتن. لەو سەردەمەدا ئەم دوو زاراوە مانایەکی ئاشکرا و جیاوازیان هەبوو: چەپ بە مانای شۆڕشگێڕیی و حەز بە گۆڕان کردن بووە و ڕاستیش بە واتای نەیاریکردن لەگەڵ هەر چەشنە گۆڕانێک یان گەڕانەوە بۆ ڕابردوو. بەڵام لەوە دوا، واتای زاراوەکان تووشی هەوراز و نشێو بوون و هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی لاگیریی نوێی سیاسی، دیاریکردنی سنووڕێکی بەرچاو لە بەینی ئەم دوو چەمکەدا ئەستەم بووە.
بەگشتی بزاڤی چەپ بریتییە لە هەموو گرووپێکی ڕیفۆرمخواز* و شۆڕشگێڕی ئەم سەردەمە. واتە لیبراڵ و سۆسیالیست و ئانارشیست و کۆمۆنیستەکان کە لە باری ئایدیۆلۆجییەوە کەوتوونە ژێر ڕکێفەی ئەندێشەی نوێی پاش ڕێنێسانس. ئەندێشەگەڵێکی وەک: ڕاسیۆنالیزم (بڕوا بە ئەقڵ) لە بەرانبەر بڕوای ئایینی، پێشکەوتنخوازی، یەکسانخوازی، دیموکراسی و ئازادی و مرۆڤدۆستی. تایبەتمەندییەکانی چەپ بریتییە لە:
1ــ لایەنگری لە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و ئابووری بەمەبەستی دابینکردنی یەکسانی و لەناو بردنی جیاوازی چینایەتی و کورتکردنەوەی دەستی دەوڵەت لە کاروباری کۆمەڵایەتی و ئابووری.
2ــ لایەنگری لە ئیمانی سەرزەمینی، واتە بڕوا هێنان بە پێشکەوتنی بێسنووری زانست و مرۆڤ و مێژوو لە بەرانبەر ئیمانی ئایینی و پەسڵانی، ڕووهێنانە ئەقڵ و بەڵگاندن و بڕوای فەلسەفی نائایینی و دژەئایینی.
3ــ لایەنگری لە ئینتەرناسیۆنالیزم لەبەری نیشتمانپەروەری و ناسیۆنالیزم*. بڕواهێنان بە هاوسانیی مرۆڤ و چارەنووسەکەی.
4ــ لایەنگری لە شکاندنی ترادسیۆن و نەریتەکان و حەزکردن بە شۆڕش لەبری ڕیفۆرمخوازی و ئاڕاستەکردنی پلانی نوێی کۆمەڵایەتی بەپێی پێودانگی ئایدیۆلۆجی لەبری کۆنەپارێزی و کۆنەپەرستی، بڕواهێنان بە جەماوەر وەک تاکە سەرچاوەی هەقیقەت و دەسەڵاتی سیاسی.
زاراوەی ڕاست دەربارەی زنجیرە تیۆرییەکی سیاسی دەدوێ کە لە بەرانبەر چەپ ڕادەوەستێ. لە ڕاستیدا باڵی ڕاست بۆ ناوبردەکردنی ئەو کەسانە بەکار هات کە بەرگرییان ئەکرد لە دەستێوەردان و ڕمبازێنی شۆڕشی فەرەنسە بۆ سەر دەزگەکانی پاشا. بەدرێژایی سەدەی نۆزدە زاراوەی ڕاست بە مانای قەبووڵی دەسەڵات و سەرچاوەبوونی دەزگەیەک یان کەسێک (دەوڵەت، کڵێسە، ڕێبەر) پێناسە کراوە. بڕواهێنان بە حکوومەتێکی زۆردار، موڵکداریەتی، کڵێسە و بەهێزبوونی سپا. تایبەتمەندییەکانی باڵی ڕاست لە سەدەی نۆزدە بریتین لە:
1ــ ڕەوابینینی نابەرانبەریی کۆمەڵایەتی و جیاوازیی چینایەتی لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری لەبەرانبەر هێرشەکانی سۆشیالیزم.
2ــ پشتیوانی و داکۆکیکردن لە دەزگە مێژینەکانی کۆمەڵگە وەک خێزان، کڵێسە و پاشا لە بەرانبەر هێرشی چەپەکان.
3ــ لایەنگری توند لە ناسیۆنالیزم و بردنەسەرەوەی دەسەڵاتی نەتەوەیی و ڕێزگرتن لە کەلتووری نەتەوەیی و نەژادی لە بەرانبەر لاگیریی ئینتەرناسیۆنالیستی.
4ــ داکۆکیکردن لە ئازادی سیاسی و ئابووری تاکەکەس لە بەرانبەر هەر گوشاڕێکی دەوڵەتدا.
ڕووداوەکانی دوای شەڕی جیهانی دووهەم بە تایبەت دزەکردنی ئایدیۆلۆجی نوێی سیاسی لە ئەورووپاوە بە ئاسیا و ئەفریقا، دەسەڵات و بزاڤگەلێکی سیاسی وای هێناوەتە کایەوە کە جیاکردنەوەی ڕەگەزەکانی ڕاست و چەپ لە یەکتر دژوار دەکات. بۆ وێنە هەندێ لەم بزاڤ و حکوومەتانە لە لایەکەوە، لایەنێکی ناسیۆنالیستی بەهێزیان هەیە و لە لایەکی تریشەوە، زۆربەی دروشمەکانی چەپ دەڵێنەوە و خۆیان وەک شۆڕشگێڕێک لە قەڵەم دەدەن و بانگەشەی پێشکەوتن و گەشەسەندن دەکەن.
لەم ساڵانەی دواییدا زاراوەی ڕاست و چەپ بۆ پۆلێنبەندی ناوخۆیی حیزبەکان بەکار براوە. وەک چۆن لە حیزبی کۆنەپارێزی بەریتانیا، مەبەست لە باڵی چەپ ئەو کۆنەپارێزێنەن کە هەندێ چەمکی چەپی وەک پلان دانانی ئابووری و بەربڵاوکردنی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی و سەربەستی داگیرکراوەکانە. لە حیزبی کرێکاری ئەم وەڵاتەش، مەبەست لە چەپ گەیشتن بە سۆشیالیزمە و لایەنگری لە ڕاست، بە واتای لیبڕاڵەکانی ئەو حیزبەیە.
ڕاست
زاراوەی ڕاست بریتییە لە کۆمەڵێ تیۆری سیاسی کە لە بەرانبەر «چەپ» دا دێتە ئاراوە. بە درێژایی سەدەی نۆزدە، ئەم زاراوە لەگەڵ دەسەڵات و نیشتمانپەروەری، نەریتی کۆن، حکوومەتی بەهێز، موڵکدارێتی، کلێسە و هێزی سەربازی هاوواتا بووە. دوای شەڕی جیهانی یەکەم ڕاستێکی بونیادگەرای نوێ سەری هەڵدا کە لەگەڵ ڕاستی کۆنەپارێزی کۆنباو جیاوازی هەبوو. ئەم جۆرە ڕاستە لەگەڵ بەرژەوەندی چینەکانی باڵای کۆمەڵگە دوژمنایەتی کرد. نازیسم لە ئەڵمانیا توندڕەوترین شێوازی «ڕاست» ڕەو بوو. لە دوای شەڕی جیهانی دووهەم، هەر دوو زاراوەی ڕاست و چەپ بە شێوازی جوراوجۆر بەکار برا. (بڕوانە چەپ و ڕاست) .