تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



کۆمۆن
ئاوەدانی یان کۆمەڵێکی خەڵکی کە لە هەرێمێکی بەربەست (شار یان دێهات) نیشتەجێ بووبێتن. کۆمۆن بە مانایەکی گشتی بریتییە لە جەماوەرێک کە بۆ ئیدارەی کاروباری خۆیان بە شێوەیەکی سەربەخۆ یارمەتی یەکتر دەدەن، بێ ئەوەی پێویستیان بە دەستێوەردانی کاربەدەستان بێت. لە هەندێ لە وەڵاتانی ئەورووپی، بچووکترین یەکەی ئیداری بە کۆمۆن ناوبردە دەکەن. کۆمۆنی سەرەتایی یا کۆمەڵگەی هاوبەشی سەرەتایی بە یەکەمین شێوازی بەرهەمهێنانی مێژوو دەگوترێ کە بنچینەکەی لەسەر خاوەندارێتی گشتی بەسەر ئامرازی سادە و سەرەتایی بەرهەمهێنان و کاری هەرەوەزیی دامەزرابوو. لە مێژووی سەدەکانی ناوەڕاستدا پاش ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆما، هەر شارێک ئاوەدان بکرایە بە کۆمۆن ناوبردەیان دەکرد.
کۆمۆنی پاریس، لە باری مێژوییەوە بە دوو حکوومەتی شۆڕشگێڕی پاریس لە ساڵەکانی (1795ـــ 1792) و 1871 گوتراوە. لە ئاکامی ڕاپەڕینی کرێکارانی پاریس لە مانگی مارسی 1871، بۆ یەکەمین جار لە مێژودا حکوومەتی چینی کرێکار یا کۆمۆنی پاریس دامەزرا کە لە لایەن حکوومەتی فرەنسی و بە یارمەتی ئەرتەشی پرۆس شەڵاڵی خوێن کرا.
کۆمۆنیزم
ئەم زاراوە لە ڕیشەی لاتینی communis بە واتای هاوبەشیی وەرگیراوە. لە ساڵی1840 بەملاوە کە زاراوەی کۆمۆنیزم ڕەواجی پەیدا کردووە، مانای جۆراوجۆری لەخۆ گرتووە کە بریتین لە:
1ـــ هەوڵێکە بۆ پیادەکردنی ئەو ئاواتانەی کە هەندێ لە سۆسیالیستە خەیاڵییەکان بیریان لێ دەکردەوە. بەم پێی ئەم خەیاڵانە، دەبوایە تەواوی دارایی و سامانی سەرزەوی دابەش بکرێت. هەرکەس دەبێ کار بکات و بە ڕێژەی توانستی خۆی بەرهەم بهێنێت و بە ڕادەی پێداویستییەکانی بکەوێتە خۆشی و ناز و نیعمەتەوە. ئەم ڕێبازە خاوەنداریەتی شەخسی لە بوارەکانی ئامرازی بەرهەمهێنان و کاڵا مەسرەفییەکان بە شتێکی یاساغ دەزانێ.
2ـــ ڕێکخراوەیەکی کۆمەڵایەتییە بە مێتۆدێکی زانستی و ڕاستبینانە کە لە بۆچوونەکانی مارکسدا بەم جۆرە باسی لێکراوە: «مێژووی مرۆڤ، خەبات و ململانێی هەمیشەیی جەماوەرە بۆ باشتر کردنی باری گوزەران. خەباتێک کە لە قۆناغی سەرمایەداریدا پەلدەکێشێتە ململانێی چینایەتی و سەرەنجام بە دیکتاتۆری پرۆلتاریا کۆتایی پێ دێت». لەم سەردەمەدا تاکەکەس دەبێتە بەرهەمێکی ماقووڵی کۆمەڵگە کە توانستەکانی دەگەنە ئەوپەڕی فراژووتن و بە تەواوی گەشە دەکەن. لە بواری ئابوورییەوە کۆمەڵگە بەپێی ئەم قانوونە بەڕێوە دەچێت: «هەر کەسێک بە قەدەر تواناییەکانی و هەر کەسیش بە قەدەر پێداویستییەکانی».
3ـــ سیستەمێکی کۆمەڵایەتی ـــ ئابووری: بەدەر لە چینایەتی و مسۆگەرکردنی خاوەنداریەتی خەڵک بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و یەکسانی کۆمەڵایەتی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە کە تێیدا هێزەکانی بەرهەمهێن لەسەر بنەمای زانست و تەکنۆلۆژی، دایم ڕوو لە پێشکەوتن بن.
مەبەست لە کۆمۆنیزمی سەرەتایی، سیستەمی ئابووری کۆمەڵگە سەرەتاییەکانە کە گۆیا لەم کۆمەڵگەیانەدا سەرچاوەی سەرەکی ئابووری وەک زەوی و بەلەم و … بەشی هەموو خەڵکانی کۆمەڵگەیە نەک بەشی تاک و تەراک و بنەماڵەکان. بۆ نموونە کۆمەڵگەی سپارتی کۆن.
لە سەردەمی کۆندا بزاوتگەڵیکی زۆر بەدیهاتن کە ئامانجی کۆمۆنیستیان هەبووە بۆ وێنە بزاوتی مەزدەکییان بە ڕێبەرایەتی کەسێک بەناوی مەزدەک کە باوەڕی بە هاوبەشیی سامان و ژن بووە و سەرچاوەی ناکۆکی و ململانێی چینایەتی لەم دوو هۆکارە دەبینێت. پێداگرتنی ئەفلاتوونیش لەسەر هەڵوەشانەوەی بنەمای حاکمییەت و هاوسەرێتی (ازدواج) لە نێوان باڵادەستان و تاقمی دەسەڵاتدار، دەگەڕێتەوە بۆ باوەڕە کۆمۆنیستیەکانی ئەم بیرمەندە.
سۆشیالیزم، کۆمەڵگەیەکە کە بێ هیچ ناونجییەک لە سەرمایەداری دەرباز دەبێ و کۆمۆنیزم، تەشکی پایەبەرز و شکۆمەندی کۆمەڵگەیە و تەنیا کاتێک دەتوانێ پەرە بستێنێ کە سۆشیالیزم بە تەواوەتی پاوەجێ بووبێت. کۆمۆنیزم، دەرەنجامی وەرچەرخانی سۆشیالیزمە. مەرجی ئەم وەرچەرخانەش ئەم سێ ئەرکە سەرەکیەیە: دانانی بناغەی ماددی و تەکنیکی کۆمۆنیزم لەسەر بنەمای باڵاترین تەکنۆلۆژی و ئاستی سەرەوەی دەسکەوتە زانستییەکان. پاوەجێکردنی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمۆنیزم و پەرەپێدان بە دیموکراسی سۆشیالیستی (بڕوانە سۆسیال دیموکراسی). پەروەردەی ڕۆحی و جەستەیی مرۆڤی هاوچەرخ.
بە گشتی سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم، دوو قۆناغی بەرز و نەوی پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی ـــ ئابووری پێک دێنن کە بە پێکهاتەی کۆمۆنیستی ناوی دەرکردووە.
کۆمۆنیزمی نوێ پەیوەندی هەیە بە بیر و بۆچوونەکانی مارکس و کۆمەڵگەی بەدەر لە چینایەتی کە لەسەر بنەمای خاوەنداریەتی هاوبەشی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان ڕاوەستاوە. گرنگترین دەق بۆ موتاڵای کۆمۆنیزم، «مانیفستی حیزبی کۆمۆنیست» ـە کە لەسەر داوای دەستەی ڕێبەرایەتی «یەکیەتی کۆمۆنیستەکان» نووسراوە. ئەم مانیفستە لە لایەن مارکس و ئینگلس (1847) نووسراوە و لە 1848 لە لەندەن بڵاو کراوەتەوە. لینین لە بارەی مانیفستەکە دەڵێ: «ئەم نامیلکە بە قەدەر چەند کتێبی گەورە و مەزن بە نرخە». لە ڕاستیدا مانیفست، بە «ئینجیل»ی کۆمۆنیزم و چڵەپۆپەی ئەندێشەی مارکس و ئینگڵس لە قەڵەم دراوە.
کۆمۆنیزم بە کردەوە لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەری سۆڤیەت لە ساڵی 1917 بەدیهات. دواتر پاش ڕێکخستنی کۆمینتێرن (کۆمۆنیزمی نێونەتەوەیی)، لە لایەن لینین و هەروا سیاسەتەکانی ستالین هەوڵ درا هەموو حیزبە کۆمۆنیستەکانی جیهان بکەونە ژێر چەترێکەوە و نەزمێکی کرژ بەسەریاندا زاڵ ببێت. لە هەلومەرجێکی وادا هەموو حیزبە کۆمۆنیستەکانی جیهان ملکەچی سۆڤیەت بوون و دەبوا لە سیاسەتەکانی حیزبی بولشویکی سۆڤیەت پەیڕەوییان بکردایە.
پاش مەرگی ستالین (1953) و بەدەسەڵات گەیشتنی خرۆشچۆف و پێشنیازی «سازانی ئاشتیخوازانە لەگەڵ ڕۆژاوا» ، پێوەندی سۆڤیەت و چین کە دوو جەمسەری گرینگی جیهانی کۆمۆنیست لە ئەژمار دەهاتن، بەرەو ساردبوونەوە ڕۆیشت. چونکە چین هێشتا هەر لایەنگری ستالین بوو. ململانێی ئەم دوو هێزە سەرەکییەی کۆمۆنیزم، لەمپەرێکی لە نێوان بلۆکی ڕۆژهەڵاتدا دروست کرد.
پێش هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت لە نێوان ساڵەکانی 1989 تا 1991، زاراوەی کۆمۆنیزم پتر بۆ ناوبردە کردنی ئایدیۆلۆژیای ڕەسمی و سیاسەتەکانی ئەم وەڵاتە و چین و وەڵاتانی ئەندام لە پەیمانی وارشەو بەکار دەبرا. لە سەدەی بیستەمدا حیزبەکانی پتر لە پەنجا وەڵاتی لایەنگری کۆمۆنیزم، بە شێوازی جۆراوجۆر چالاکییان دەنواند و لە هەندێ وەڵاتیشدا دەسەڵاتیان بەدەستەوە بوو. بەڵام پاش ڕووخانی دیواری بەرلین و هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت، بزاڤی کۆمۆنیزم لە جیهاندا تووشی نسکۆ هات و سیستەم و مەرامی کۆمۆنیستی لە وەڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵات، بە ڕەسمی کۆتایی پێهات. ئینجا ئەم وەڵاتانە ڕوویان کردە ئابووری بازاڕی ئازاد و دەستیان کرد بە پیادەکردنی ئەو بنەما و سیستەمە کە نزیکەی 70 ساڵ لەگەڵیدا دژایەتیان دەکرد.
جەمسەرەکانی کۆمۆنیزم: جەمسەرەکانی کۆمۆنیزم لە جیهاندا بریتی بوون لە:
1ـــ کۆمۆنیزمی سۆڤیەت کە پێیان دەگوت کرملینیزم و ناوەندەکەشی مۆسکۆی پێتەختی یەکیەتی سۆڤیەت بوو.
2ـــ مائۆئیزم یا کۆمۆنیزمی چینی (ناسراو بە مائۆ تسەدۆن ڕێبەری چین).
3ـــ کاسترۆئیزم (کۆمۆنیزمی داتاشراوی تایبەت بە فیدل کاسترۆ لە کووبا).
4ـــ تیتۆئیزم (ناسراو بە مارشاڵ تیتۆ ڕێبەری یۆگسلاڤیا).
5ـــ کۆمۆنیزمی ڕیفۆرمخواز (کە زۆربەی حیزبە کۆمۆنیستەکانی ئەورووپای ڕۆژاوا خۆیان بەم جەمسەرەوە هەڵواسیبوو).
کۆمۆنیزمی زانستی
کمونیسم علمی
کۆمۆنیزمی زانستی
Scientific Communism
کۆمۆنیزمی زانستی
ئەم زاراوە لە ساڵی 1962، لە لایەن میخاییل سۆسلۆف، بیر داڕێژی پایەبەرزی سۆڤیەت لە کۆنگرەیەکی گەورەی ئایدیۆلۆژیک چێ کراوە. بە باوەڕی کۆمۆنیستەکان، کۆمۆنیزمی زانستی بریتییە لە: زانستی ململانێی چینایەتی چینی کرێکار و شۆڕشی سۆشیالیستی و یاسامەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم. کۆمۆنیزمی زانستی خۆی بە چۆنیەتی هەنگاونان لە سەرمایەدارییەوە بۆ سۆشیالیزم لە ئاستی جیهان و دامەزراندنی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی سەرقاڵ دەکات کە یەکەمین قۆناغەکەی، سۆشیالیستی لە قەڵەم دەدرێت. لەم ڕووەوە کۆمۆنیزمی زانستی، دەرەنجامی سیاسی کۆی ئەو ئایدیۆلۆژیەیە کە سەرەتا بە مەتریالیزمی دایەلیکتیک دەست پێدەکا و پاشان «مەتریالیزمی مێژوویی» و «ئابووری سیاسی» بەدوا خۆیدا دەهێنێت.