تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ڕۆشنبیران
روشنفکران
ڕۆشنبیران
ئەم زاراوە لە وشەی intellect بە مانای هێزی عەقڵی لە زمانی فەڕەنسەوە وەرگیراوە بەڵام یەکەم جار لە ساڵی 1860 لە سۆڤیەت لە وتارێکی پیسارۆف، بۆ نابردەکردنی لاوانێکی ئەکادیمی بەکار هات کە «خاوەنی ئەندێشەیەکی ڕەخنەگرانە» بن. بە واتایەکی دیکەی تۆرگنیۆف، «نیهیلیست» بن، واتە ئەو کەسانەی کە بە ناوی عەقڵ و پێشکەوتنەوە هەموو ترادسیۆنێک بخەنە ژێر پرسیارەوە. لە فەرەنسەشدا ئەم وشەیان بە سووکایەتی و تەوسەوە دەرحەق بە دریفووسیەکان بەکار دەهێنا.
لە ئەندێشەی کەسانێکی وەکوو دۆتۆکویل و مارکسدا چەمکی«رۆشنبیر» لەگەڵ چەمکی «چەپ» بە یەک واتا بەکار براون. مارکس لە مانیفیستی کۆمۆنیستدا ڕۆشنبیران بەو بەشە لە بۆرژوازی* دەزانێ کە لەگەڵ چینی کرێکار یەک دەگرنەوە تاکوو ئەندێشەکانی خۆیان بەپێی ڕەوتی مێژوو پراکتیزە بکەن. ڕۆشنبیریی لە ترایسیۆنی ڕووسیدا پێوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ «چەپ» دا بەردەوام هێشتەوە و دواتر لێنین، لە ڕێبەرایەتی حیزب و چینی کرێکاردا جێگەیەکی باڵای بە ئەوان بەخشی. بەڵام ئەگەر ڕۆشنبیران بە مانای نوخبە*ی کەلتووری لێک بدەینەوە، ئەندێشە و کردارەکانیان بە تەواوەتی لەگەڵ چەپدا ئاوێتە نییە و زۆربەی ئەم گرووپە لە باڵی ڕاستدا جێگیر دەبن.
بەم حاڵەش زۆڕێک لە ڕۆشنبیران حەزیان لە سیاسەت نەکردووە بەڵام چونکە لە ئاخێزگەیەکی مامناوەندییەوە پێگەیشتوون، بە زۆری ناتۆرەی «رۆشنبیرانی وردە بورژوا»یان پێوە لکاندون.
هەرچۆنێک بێت، ڕێبازی ڕۆشنبیریی (intellectualism) بەرهەمی شارستانییەتێکە کە لەسەر بایەخەکانی عەقڵ و مرۆڤپەروەری (هیومانیزم) و پێشکەوتن لەنگەر ئەگرێت. کەواتە ڕۆشنبیران پاسەوانانی نەریتی ئەندێشەی ئاڤراندن و ڕەخنەگرتنن لە ئاست نۆرمەکانی کۆمەڵگەدا. لە واقیعدا ڕۆشنبیر پتر کەسێکە کە خۆی بەم ناوبانگە دەناسێنێ و لە باسی ڕۆشنبیرانە لەگەڵ ڕۆشنبیرانی دیکە بەشداری دەکا و بەم بۆنەوە لە کۆمەڵگەدا پێگەیەک بۆ خۆی دەستەبەر دەکات.
ئەمڕۆکە ڕۆشنبیران بوونەتە چینێکی بەرچاو لە کۆمەڵگەدا. چۆنیەتی کاریگەریی ئەم چینە بە سەر «کارکردی مێژوویی» ئەوان (هەرچۆنێک پێناسە بکرێن) ئێستەش هەر گرێیەکی نەکراوەیە.