تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



١-ئاوی
[[- ئاو+- ئی]]
«ستـ.»، «سنـ.» ۱- زەوی و زارێ کە بە ئاوی ڕووبار و ئەستێڵ و... کشتوکاڵی لێبکرێ. ٭۱- ئاویە. بەراو.. //دێم۲- ڕەنگی ئاو کە زۆر لە جێگایەک کۆبووبێتەوە «گۆم، بەحر...» ٭ «مکـ.» عابی. ۳- ئەو گیاندارانەی لە ئاوا دەژین.: ماری ئاوی.
١-ئاویە
«سـ.»، «سنـ.» تر: ۱_ئاوی/۱.
١-ئاوەسوو
[[ئاو+ئە+سوو=سوواو «سووان» ] ]
«سمفـ.»، «مکـ.» ۱-حاڵی شتێ کە زۆر لە ژێر ئاوا مابێتەوە، یا زۆر ئاوی بەسەردا ڕۆییشتبێ و لێک و لووس بووبێ.: خیزی بن چۆمان ئاوەسوو دەبن. ۲-حاڵی شتێک بە ئاو تەڕ بکرێ و لە بەردەزوورە یا هەر شتێکی تر بخشێندرێ تا ساف و لووس ببێ.: هەڵماتەکەی ڕەشۆ ئاوەسوو کراوە. ۳- «کن.»، «سنـ» ئینسانی بێ شەرم، پیاوی چاو قایمی بێ چاوەڕوو. هس.: چەقاوسوو.
١-ئاوەکی
[[ئاو+ئەک+ئی]]
«ستـ.» ۱-هەرشتێکی وەکوو ئاو شل بێ، (عا.) مایع. ۲- «سنـ.» تەڕ.
٢-ئاوا
[[= ئاوه‌ها]]
«بنتـ.، ستـ.» ١- بەم جۆره، بەم شیوەیە: جا ئاوا دەبێ؟ ئاوایان کرد بۆیە ئاوای لێهات. ئاواشمان لێپرسن هەر باشە. ٢- بۆ دەربڕینی هەستی بە دڵ نەبوونی قسە یا کارێک، بەڕاوێژی سەر سوڕمانەوە دەکار دەکرێ. ٣- بۆ گاڵتە کردن بە قسەیەک «و» ەکەی دەکرێتە دوو «و» و «ا» ەکەشی تۆزێ درێژ دەکرێتەوە «ئاووا». * ئاوها، ئاوەها، ئەوها، ئەهوا، وا، وەها. ٤- «بکـ.» لە لەهجەی باکووریدا، ئەم وشەیە گۆڕانی زۆر بەسەردا هاتووە و ڕاستەوخۆ مانای «شێوه، جووهر» دەدا: بڤێ ئاڤایێ «بەو ئاوایە = بەو جووره، بەو شێوەیە»، بئاڤاکی نەڕاست = بە شێوەیێکی کە ڕاست نیە».
٢-ئاوان
«نا.». ۱- «سنـ» تم: ۲-ئاونگ۳-قاپ و قاچاغی ناو ماڵ «تمـ: خا. جـ١-٦١» هس.: ۲- ئامان.
٢-ئاواکردن
[[٣-ئاوا + کردن]]
«مستـ. متـ.» ١- لەبەر چاوان ون کردن. ٢- تێپەڕاندن «کەسێک لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر». ٣- بردنە سەر، ڕابواردن «وەخت» ٤- بردنە خوار: هەڵیان بڕین و لێیان نەبوونەوە تا ئاوای ئەو دیویان کردن. ڕۆژەکەمان بە خۆڕایی ئاواکرد. هێشتا پاروێکی لە گەرووی ئاوا نەکردووە یەکی تر دادەگرێ.
٢-ئاوزەنگی
[[ئاو+زەنگ+- ئی]]
«نتـ.» ئاڵقەیێکی مەعدەنە بە هۆی «لوقمە» وە بەو لاولای زینی ئەسپدا شۆڕ دەبێتەوە و تا نێزیکی بەرگی وڵاغ دێت، لە کاتی سوار بوونا، قاچی دەخەنە سەر و خۆ هەڵداوێنە سەر خانەی زین، پاش سوار بوونیش سوار لاقی تێدەکا و بۆ لێخوڕینی وڵاغیش بە کاری دێنێ. ٭ڕکێف. زەنگوو «بکـ.». ووزەنگی. تێبــ.ینی: «زەنگ» کە لە تەرکیبی ئەم وشەیەدا دەبینین، لە وشەی «زەنگاڵ» یشدا هەیە، هەر «زەنگ» ی پەهلەوییە کە مانای پووز و بەلەکە «تمـ: د. فرەوشی: فەرهەنگی پەهلەوی_۵۰۹»
٢-ئاونگ
[[ستـ: هاڤانە، پهـ: هاڤەن]]
«نا.» دەفرێکە لە «زەرد» دروست دەکرێ و لە ماڵان، داو و دەرمان، قاوە، ناڵەت... و جۆرە شتانەی تێدا دەکوتن٭دەسکاونگ، هاونگ، هەونگ.
٢-ئاوی
«پبـ.» بەدوای ناو «ئیسمی زات» ـەوە دەلکێ و دەیکا بە «سفەت» : تۆزاوی، خۆڵاوی، ڕیپۆقاوی، قوڕاوی، ماستاوی.
٢-ئاویە
[[؟]]
«نا.»، «سنـ.» قوڕ، کە بە شێوەیێکی تایبەتی گیرابێتەوە و کای لێدرابێ و شێلدرابێ، تا بۆ ساف و لێک و لووس کردن دە دیواری ژوورەوەی خانووی هەڵسوون، یا بە سەربان و دیواری دەرەوەیدا پان کەنەوە بۆ ئەوەی باران نەیان شوواتەوە و دڵۆپە نەکا ٭تەڕاو، سواخ، سواغ، شمشە، لەپە، بانەناو.
٢-ئاوەسوو
[؟]
«ستـ.»، «سنـ.» ۱ئافرەتێ کە زگ نەکا و منداڵی نەبێ. ٭نەزۆک، نەشۆر. ۲-گیانداری مێیینە کە بەچکەی نەبێ. ٭قسر. ئەستەویر. ئەستێور. تێبــ.ینی: بە لای منەوە ئەو وشەیە دەچێتەوە سەر «ئاوس» و لەگەڵ «۱-ئاوەسوو» پێوەندی نییە.
٢-ئاوەکی
[[؟]]
«سـ.» حاڵی مەڕ و ماڵاتی دوور کەوتە و تاربوو لە ڕان: هەر دەڵێی گیسکی ئاوەکییە بەم لاولادا دەڕوا.
٣-ئاوا
«سـ.» حاڵی شتێکی کە خەریک بێ لەبەر چاوان نەمێنێ، ون ببێ. تێبــ. ـ ١» ئەم وشەیە بە تەنیایی دەکار ناکرێ و دەگەڵ فیعلی «بوون» بۆ مانگ و ڕۆژ و ئەستێرە... دەکوترێ کە لە ئاسۆی شوینێ ون دەبن. ب» لە لەهجەی باکووریدا وەکوو ناو بە کاری دێنن: «تاڤک چوو ئاڤا = هەتاو چوە ئاوا ـ تمـ: ژابا. ل ـ ١٤».
٣-ئاوان
[ئاو+ئان «=ئانە» ]
«نتـ.»، «مکـ.» ئەو هەقەی ئاشەوان لە باتی هاڕینی دەغڵ لە ئاشێڕی دەستێنێ، خۆی لە١٥ یەک و ۲۰یەک دەدا، بۆ گەنمە شام و هەرزن و جۆ، لە گەنم زۆرترە. *ئاواناش.
٣-ئاونگ
«نا.» هێشووی ترێ، کە لە هێندێک شوێنی کوردستان داوەبەنی تێدەبەستن و بە میچی خانۆوە هەڵیداوەسن بۆ زستانان. ٭«مکـ.» مێلاق. تێبــ.: ا» ئەم وشەیە فارسییە و ئەسڵەکەی «ئاوەنگ» ـە و دەگەڵ «آویختن» بە مانای هەڵواسین خزمایەتییان هەیە و بێجگە لەوەی کە لەسەرەوە باس کرا هەر شتێکی بە هۆی داوەبەنێکەوە بە جێگەیەکەوە هەڵاوەسرێ، دەگوترێ. ب» لە قامووسەکانی کوردیدا تەنیا مەڕدووخ نووسیویە «جـ۱_٦۵» بۆ مانای سەرەوەی هەر لەوێ وەرگرتووە.
٣-ئاویە
[[؟]]
«نا.»، «سنـ.» ئامرازێکە بۆ پێکەوە جۆش دانی دوو مەعدەنان بەکاردێت. تێبــ.ینی: شیشێکی ئاسنە، سەرێکی مشتووی داری تێگیراوە و سەرەکەی تری «هەوەم» ـێکی سێ سووچە بە لایەکدا شکاوەتەوە. بۆ جۆشدانی دوو مەعدەن پێکەوە، سەری ئەم ئامرازە لە کوورەدا سوور دەکەنەوە و ئەو دەرمان و ماددەیەی کە شت پێکەوە جۆش دەدا «قەڵایی، زەرد، نۆشاتر...» پێی هەڵدەگرن و چەند جارێک بە جەمسەری هەر دوو پارچە مەعدەنەکانیدا دەخشێنن تا لێک قاییم دەبن ٭«مکـ.» هاویە.
پەپوولەی کرمی ئاوریشمی
پەپوولەی کرمی ئارمووشی
چاوئێشانێکی ئاوبکات
چوو ئاوسان