تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



(NIPA) National income and product accounts
حیسابی داهاتی نیشتمانی و بەرهەم (NIPA). بریتییە لە زنجیرەیەك حیساب كە خەرجی، داهات و بەرهەمی سەرلەبەری وڵات بۆ ماوەی چارەكە ساڵێك یان ساڵێك هەژمار دەكات.
Average product
نێونجی بەرهەم. بریتییە لە سەرجەم بەرهەم یان ئاوتپووت كە بەسەر بڕی سەرچاوەیەكدا دابەش دەكرێت. بۆ نموونە، نێونجی بەرهەمی كرێكار بریتییە لە سەرجەم بەرهەم دابەشی سەر بڕی سەرچاوەی كرێكار و ئەمەش بۆ سەرچاوەكانی تر ڕاستە.
Equal-product curve (or isoquant)
چەماوەی لێكچووی بەرهەم (یان هاوبڕ). ئەو هێڵەیە كە لە وێنەدا دەرفەتە جیاوازەكانی تێكەڵاوكردنی سەرچاوەكانی ئینپووت كە بە هۆیانەوە بڕێكی دیاریكراوی بەرهەم دەخاتە ڕوو، نیشان دەدات.
Gross domestic product, nominal (or nominal GDP)
كۆبەرهەمی ناوخۆ، ڕواڵەتی (یان GDP ڕواڵەتی). بریتییە لە بەهای سەرجەم بەرهەمی كۆتایی (final output) بەپێی نرخی ئێستای بازاڕ كە لە ماوەیەكی دیاریكراو لە ناو وڵاتێكدا بەرهەم دەهێنرێت.
Gross domestic product, real (or real GDP)
كۆبەرهەمی ناوخۆ، ڕاستەقینە (یان GDP ڕاستەقینە). بڕی ئەو شمەك و خزمەتگوزارییانەیە كە لە ماوەی ساڵێكدا لە وڵاتێك بەرهەم دەهێنرێت. GDPی ڕاستەقینە بریتییە لە GDPی ڕواڵەتی كە بەرزبوونەوەی نرخی تێدا هەژمار كراوە، واتە بەرزبوونەوەی نرخی تێدا ڕاست كراوەتەوە.
Gross national product, real (or real GNP)
كۆبەرهەمی نیشتمانی، ڕاستەقینە (یان GNP ڕاستەقینە). بریتییە لە GNPی ڕواڵەتی كە هەڵاوسانی تێدا هەژمار كراوە، واتە هەڵاوسانی تێدا ڕاست كراوەتەوە، بۆ نموونە، GNPی ڕاستەقینە یەكسانە بە GNPی ڕواڵەتی كە دابەشی دیاریکەری GDP دەكرێت. ئەمە لە ڕابردوودا چەمكێكی بنەڕەتیی هەژماركردن بوو، بەڵام ئێستا لەجیاتیی ئەوە كۆبەرهەمی ناوخۆ بە كار دەهێنرێت.
Marginal Revenue Product (MRP) (of an input)
داهات یان دەسكەوتی سنوورەكیی بەرهەمی (MRP) (سەرچاوەیەك). داهاتی سنوورەكییە كە جارانی بەرهەمی سنوورەكی دەكرێت. ئەمەش ئەگەر كۆمپانیا 1 یەكەی زیاتری سەرچاوەیەك بكڕێت و بیخاتە گەڕ و یەكەی زیاتری بەرهەمهێنراو بفرۆشێت، ئەوا داهاتی زیاتری لێ دەكەوێتەوە.
Marginal product theory of distribution
تیۆریی بەرهەمی سنوورەكی لەمەڕ دابەشكردن. ئەو تیۆرییەی دابەشكردنی داهاتە كە لە لایەن جۆن بی كلاركەوە خراوەتە ڕوو. بەپێی ئەم تیۆرییە هەر سەرچاوەیەكی بەرهەمدار بەپێی بەرهەمە سنوورەكییەكەی (پارەی) بەر دەكەوێت.
Net domestic product (NDP)
پوختەی بەرهەمی نیشتمانی (NDP). بریتییە لە GDP كە بڕی سوانی (پاشەكەوتی سوانبڕی) شمەكی سەرمایەی لێ كەم دەكرێـتەوە.
Product differentiation
جیاوازی لە بەرهەمدا، بەرهەمهێنانی شمەكی لێكچووی جیاواز، بەرهەمهێنانی شمەكی جیاواز. بوونی ئەو تایبەتمەندییانەیە كە وادەكات شمەكی لێكچوو شوێنگرەوەیەكی تەواو نەبن بۆ یەكتر (واتە شوێنگرەوەیان كەمترە لە شوێنگرەوەیەكی تەواو، یان تا ڕادەیەكی زۆر شوێنگرەوەی یەكترن). بۆ نموونە، جیاوازیی شوێن وادەكات كە جۆرە لێكچووەكانی بەنزین بە نرخی جیاواز، واتە لە نرخی شوێنگرەوەی ناتەواودا بفرۆشرێن. ئەو كۆمپانیایانەی كە بەرهەمی لێكچووی جیاواز دەخەنە ڕوو، لێژیی چەماوەی خواستیان سەرەوخوارە، نەك وەك چەماوەی خواستی ئاسۆیی ڕكەبەری تەواو.
Product, marginal
بەرهەم، سنوورەكی. ئاماژەیە بە بەرهەمی سنوورەكی.
Total product (or output)
سەرجەم بەرهەم (یان ئاوتپووت). سەرجەم بڕی شمەكی بەرهەمهێنراوە كە بە یەكەی فیزیكی وەك بووشڵ بۆ گەنم، تۆن بۆ پۆڵا، یان ژمارە بۆ سەرتاشین هەژمار دەكرێت.
Differentiated products
بەرهەمی لێكچووی جیاواز. ئەو بەرهەمانەیە كە ڕكەبەر و شوێنگرەوەی نزیكی یەكترن، بەڵام لە یەك ناچن. جیاوازییەكە لەوانەیە لە چۆنیەتی كاركردن، ڕواڵەت، شوێن، کوالیتی و تایبەتمەندییەكانی تری بەرهەمەكدا بێت.
Factors of production
سەرچاوەكانی بەرهەمهێنان. بریتییە لە سەرچاوە بەرهەمدارەكانی كار، زەوی و سەرمایە كە بۆ بەرهەمهێنانی شمەك و خزمەتگوزاری پێویستن.
Labor productivity
بەرهەمداریی كرێكار. سەیری بەرهەمداری بكەن.
Least-cost rule (of production)
یاسای كەمترین تێچوون. بریتییە لەو یاسایەی كە تێچوونی بەرهەمهێنانی ئاستێكی دیاریكراوی بەرهەم بۆ كەمترین ئاست دادەبەزێت، ئەگەر بێتو ڕێژەی داهاتی بەرهەمی سنوورەكیی هەر ئینپووتێك لە بەرامبەر نرخی ئەو ئینپووتەدا، بۆ هەموو ئینپووتەكانی تر یەكسان بێت.
Marginal Products (MP)
بەرهەمی سنوورەكی (MP). واتە یەك یەكەی زیاتری بەرهەم لە ئەنجامی 1 یەكەی زیاتری سەرچاوەیەكی دیاریكراودا، لەگەڵ مانەوەی هۆكارەكانی تر وەك خۆیان. هێندێک جاریش پێی دەڵێن بەرهەمی فیزیكیی سنوورەكی (marginal physical product).
Production function
نەخشەی بەرهەمهێنان. پێوەندییەكە (یان نەخشەیەكی ژمارەییە) كە بەرهەمهێنانی بەرزترین ئاستی بەرهەم بەپێی سەرچاوەكانی بەردەست و بەپێی ئاستێكی دیاریكراوی تەكنەلۆجیا نیشان دەدات. ئەم نەخشەیە بۆ كۆمپانیایە، یان وەك نەخشەی بەرهەمهێنانی گشتی بۆ سەرپاكی ئابووری بە كار دەهێنرێت.
Production- Possibility frontier (PPF)
سنووری توانای بەرهەمهێنان (PPF). ئەو وێنەیە كە بەرهەمهێنانی ئەو شمەكانە نیشان دەدات كە لە توانای ئابوورییەكدا هەیە. لە تێكستەكەدا كورت و سادە كراوەتەوە بۆ بەرهەمهێنانی یەك لەو دوو شمەكە، واتە كەرە یان چەك. خاڵەكانی دەرەوەی PPF (بۆ لای سەرەوەی ڕاست) ئەو خاڵانەن كە دەستمان پێی ڕاناگات، واتە لە تواناماندا نییە. خاڵەكانی دیوی ناوەوەی چەماوەكە نیشانەی ناكارامەیە، چونكە سەرچاوەكان بە تەواوی بەگەڕ نەخراون و بە تەواوی بە كار نەهێنراون، یان تەكنیكی بەرهەمهێنان كۆنە.
Productive efficiency
كارامەیی بەرهەمداری. ئەو دۆخەیە كە تێیدا ئابووری ناتوانێ بەبێ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی شمەكێك، بەرهەمهێنانی شمەكێكی تر زیاد بكات، ئەمەیش بە مانای ئەوەیە كە ئابووری كەوتووەتە سەر سنووری توانای بەرهەمهێنانی خۆی.
Productivity
بەرهەمداریی. ئەم چەمكە ئاماژەیە بە ڕێژەی بەرهەمی ئینپووت یان سەرچاوەی بەرهەمهێنان (بەرهەمداریی كرێكار یەكسانە بە دابەشكردنی سەرجەم بەرهەم بەسەر ئینپووتی كرێكاردا). ئەگەر بەپێی هەمان بڕی سەرچاوەی پێشتر شمەكی زیاتر بەرهەم بهێنرێت، ئەوا بەرهەمداری بەرز بووەتەوە. بەرهەمداریی كرێكار بە هۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا، بەرزبوونەوەی ئاستی شارەزایی كرێكار یان چڕبوونی سەرمایەوە (بنجداكوتانی سەرمایە) بەرز دەبێتەوە.
Productivity growth
گەشەی بەرهەمداری. واتە ڕادەی بەرزبوونەوەی بەرهەمداری لە ماوەیەكەوە بۆ ماوەیەكی تر. بۆ نموونە، ئەگەر پێنوێنی بەرهەمداری لە 2004دا 100 بووبێ و لە 2005یشدا 101.7، ئەوا ڕێژەی گەشەی بەرهەمداریی ساڵانەی 2005 بە ڕێژەی %1.7 لە 2004 زیاتر بووە.
Productivity of capital, net
پوختەی بەرهەمداریی سەرمایە. سەیری ڕێژەی بەرهەمی (دەسكەوتی) سەرمایە بكەن.
Total factor productivity
بەرهەمداریی سەرجەم سەرچاوەكان. پێنوێنێكی بەرهەمدارییە كە سەرجەم ئاوتپووتی (بەرهەمی) هەر یەكەیەكی سەرجەم ئینپووت (سەرچاوە) هەژمار دەكات. سەری كەرتی پێنوێنەكە دەبێتە کۆ بەرهەمی ناوخۆ (واتە GDP)، بەڵام ژێر كەرتەكە دەبێتە نێونجی هەڵسەنگێنراوی (هەژماركراوی) ئینپووتەكانی سەرمایە، كرێكار و سەرچاوە سروشتییەكان. گەشەی بەرهەمداریی سەرجەم سەرچاوەکان (فاكتۆرەكان)، زۆر جار وەك پێنوێنێكی ڕێژەی پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا لەبەرچاو دەگیرێت.