تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



(NIPA) National income and product accounts
حیسابی داهاتی نیشتمانی و بەرهەم (NIPA). بریتییە لە زنجیرەیەك حیساب كە خەرجی، داهات و بەرهەمی سەرلەبەری وڵات بۆ ماوەی چارەكە ساڵێك یان ساڵێك هەژمار دەكات.
Actual, cyclical, and structural budget
بودجەی هەیی، ناوبەناو و پێكهاتەیی. كورتهێنان یان زیادهێنانی بودجەی هەیی ئەو بڕە پارەیە كە لە ساڵێكدا تۆمار دەكرێت. ئەمەیش بەشێكە لە بودجەی پێكهاتەیی كە داهات و خەرجی و كورتهێنانی حکومەت لە دۆخی بەرهەمهێنانی ماتەوزەدا هەژمار دەكات و، كورتهێنانی ناوبەناویش كاریگەریی بارگۆڕانی ئابووری لەسەر بودجە هەژمار دەكات.
Checking accounts (also checkable deposits and bank money)
حیسابی دیداری (یان سپاردەی دیداری و پارەی بانكی). واتە سپاردە لە بانكە بازرگانییەكان یان دامەزراوە نێوانگرە داراییەكانی تر كە دەكرێ بە چێك لێی ڕابكێشرێت، كەواتە دەبێتە پارە مامەڵەكردنیش (یان M_1). سپاردەی دیداری نیوەی (M_1)ە.
Profit-and-loss statement
ڕاپۆرت یان حیسابی سوود و زیان (سوود و زەرەر). سەیری ڕاپۆرتی داهات بكەن.
Progressive, proportional, and regressive taxes
باجی هەڵكشێن، ڕێژەیی و داكشێن. باجی هەڵكشێن ئەو باجەیە كە زیاتر دەخرێتە سەر خەڵكی دەوڵەمەند، باجی داكشێنیش بە پێچەوانەیە. بە وردی، ئەو باجە هەڵكشێنە كە ڕێژەی نێونجی باج (بۆ نموونە، باجی دابەشی داهات) ئەو كەسانە زیاتر بێت كە داهاتیان زیاترە، باجی داكشێنیش ئەو باجەیە كە لەگەڵ داهاتی بەرزتردا ڕێژەی نێونجی باج دادەبەزێت، باجی ڕێژەیش ئەو باجەیە كە ڕێژەی نێونجی باج بۆ گشت داهاتەكان یەكسانە، واتە بە یەك ڕێژە باج دەخرێتە سەر گشت داهاتەكان.
Quantity theory of money and prices
تیۆریی بڕی پارە و نرخ. تیۆریی دیاریكردنی بەرهەم و ئاستی سەرپاكی نرخە كە وادادەنێت نرخ تا ڕادەیەكی زۆر لەگەڵ خستنەڕووی پارەدا جووڵە دەكات. شێوازێكی وردە كە لە لایەن نەختینەگەراكان خراوەتە ڕوو و، خستنەڕووی پارە بە گرنگترین هۆكاری دیاریكردنی گۆڕانی GDPی ڕواڵەتی دەزانن (سەیری نەختینەگەرایی بكەن).
What, how, and for whom
چی، چۆن و بۆ كێ. سێ كێشەی بنەڕەتیی هەر ڕێكخستن یان ڕێكخراوێكی ئابوورین. چی و چەند لە شمەك و خزمەتگوزاریی وڵات بەپێی سەرچاو و ئینپووتە سنووردارەكانی بەرهەم بهێنرێت. بە چ شێوەیەك و بە چ تەكنیكێك هەر شمەكێك بەرهەم بهێنرێت، واتە چۆن بەرهەم بهێنرێت. بۆ كێ ئاماژەیە بە چۆنیەتی دابەشكردنی شمەكی بەكاربردن بەسەر تاكەكانی كۆمەڵگەدا.
Change in demand vs. change in quantity demanded
گۆڕانی خواست لە بەرامبەر گۆڕانی بڕی خواستدا. گۆڕانی خواست واتە گۆڕانی بڕی خواستی كڕیار كە بە هۆی هۆكارەكانی تر جگە لە نرخ (وەك بەرزبوونەوەی داهات، گۆڕانی حەز و سەلیقەی بەكاربەر) دەگۆڕێت. لە وێنەدا دەبێتە پەڕینەوەی چەماوەی خواست. بەڵام بە پێچەوانەوە، كەمبوونەوە یان زۆربوونی بڕی كڕین بە هۆی نرخەوە، دەبێتە گۆڕانی بڕی خواست. لە وێنەدا گۆڕان لە بڕی خواستدا واتە جووڵە لەسەر چەماوەی نەگۆڕی خواست.
Gold standard
ڕێسای (پێوانی) زێڕ. ئەو سیستەمەیە كە وڵاتێك، (1) بەهای یەكەی دراوەكەی بەپێی ڕێژەیەكی جێگیریی زێڕ دیاری دەكات، (2) لە بەرامبەر پارەكەیدا یەدەگی زێڕ هەڵدەگرێت و (3) ئازادانە بەپێی نرخی ڕاگەیەنراوی زێڕ، كڕین و فرۆشتنی زێڕ دەكات بێ ئەوەی هیچ كۆسپ و بەربەستێك لە بەردەم هەناردە و هاوردەی زێڕدا هەبێت.
Merchandise trade balance
هاوسەنگیی بازرگانیی كاڵا و شمەك. سەیری هاوسەنگیی بازرگانی بكەن.
Quantity demanded
بڕی خواستكراو. سەیری گۆڕانی خواست لە بەرامبەر گۆڕانی بڕی خواستكراودا بكەن.
Random-walk theory
تیۆریی ڕەوتێكی (جووڵەیەكی) بەهەڵكەوتی (بەڕێكەوتی) (نرخی بازاڕی پشك). سەیری بازاڕی كارامە بكەن.
Trade balance or merchandise trade balance
هاوسەنگیی بازرگانی یان هاوسەنگیی بازرگانیی شمەك. سەیری هاوسەنگیی بازرگانی بكەن.
Aggregate demand
خواستی گشتی (AD). واتە سەرجەم خەرجیی پلاندانراو لە ماوەیەكی دیاریكراو لە ئابووریدا دیاری كراوە. ئەمە بەگوێرەی ئاستی گشتیی نرخ دیاری دەكرێت و ئەم گۆڕاوانەش كاریگەریی لەسەر دادەنێن: وەبەرهێنانی ناوخۆ، پوختەی هەناردە، خەرجیی حکومەت، نەخشەی بەكاربردن و خستنەڕووی پارە.
Aggregate demand curve (AD)
چەماوەی خواستی گشتی (AD). ئەم چەماوەیە پێوەندیی نێوان بڕی کڕینی شمەك و خزمەتگوزاری لە لایەن خەڵكەوە، لەگەڵ ئاستی گشتیی نرخدا نیشان دەدات، لەگەڵ مانەوەی هۆكارەكانی تر وەك خۆیان. وەك هەر چەماوەیەكی تری خواست، كۆمەڵێك گۆڕاوی گرنگ لە پشت چەماوەی خواستی گشتییەوە هەیە وەك، خەرجیی حکومەت، هەناردە و خستنەڕووی پارە.
Change in demand vs. change in quantity demanded
گۆڕانی خواست لە بەرامبەر گۆڕانی بڕی خواستدا. گۆڕانی خواست واتە گۆڕانی بڕی خواستی كڕیار كە بە هۆی هۆكارەكانی تر جگە لە نرخ (وەك بەرزبوونەوەی داهات، گۆڕانی حەز و سەلیقەی بەكاربەر) دەگۆڕێت. لە وێنەدا دەبێتە پەڕینەوەی چەماوەی خواست. بەڵام بە پێچەوانەوە، كەمبوونەوە یان زۆربوونی بڕی كڕین بە هۆی نرخەوە، دەبێتە گۆڕانی بڕی خواست. لە وێنەدا گۆڕان لە بڕی خواستدا واتە جووڵە لەسەر چەماوەی نەگۆڕی خواست.
Command economy
ئابووریی ئاڕاستەكراو. ئەو تەرزە ڕێکخستنەی ئابوورییە كە بە گشتی ئەركە سەرەكییەكانی ئابووری واتە چی، چۆن و بۆ كێ، ڕاستەوخۆ لە لایەن حکومەتەوە دیاری دەكرێت. هێندێک جاریش پێی دەڵێن ئابووریی پلانمەندنی سەنتراڵ (centrally planned economy).
Cross elasticity of demand
كێشمانی یەكتربڕی خواست. واتە هەژماركردنی ڕادەی كاریگەریی گۆڕانی نرخی شمەكێك كە بە هۆی گۆڕانی خواستی شمەكێكی ترەوە بووە. بە دەربڕێنێكی وردتر، كێشمانی یەكتربڕی خواست یەكسانە بە ڕێژەی گوڕانی خواستی شمەكی A، كاتێك نرخی شمەكی B بە ڕێژەی 1% دەگۆڕێت، گۆڕاوەكانی تر بە نەگۆڕ دانراون.
Demand curve (or demand schedule)
چەماوەی خواست یان خشتەی خواست. بریتییە لەو خشتە یان چەماوەیە كە بڕی كڕینی شمەكی كڕیار لە هەر نرخێكدا نیشان دەدات، وێڕای مانەوەی هۆكارەكانی تر وەك خۆیان. نرخ لە چەماوەی خواستدا دەكەوێتە سەر تەوەری ستوونی یان تەوەری Y و بڕی خواستیش دەكەوێتە سەر تەوەری ئاسۆیی یان تەوەری X. سەیری گۆڕانی خواست لە بەرامبەر گۆڕانی خستنەڕوودا بكەن.
Demand for money
خواست لەسەر پارە. چەمكێكی كورتە كە لە لایەن ئابووریناسانەوە بۆ ڕوونكردنەوەی ئەوە كە بۆچی تاك و كومپانیاكان پارەیان دەوێت، بە كار دەهێنرێت و لای خۆیان هەڵی دەگرن. لە پاڵنەرە سەرەكییەكانی هەڵگرتنی پارە بریتین لە (1) خواست لەبەر مامەڵەكردن، ئاماژەیە بەوە كە خەڵك پارەیان پێویستە بۆ كڕینی شمەك و، (2) خواستی بۆ دارەت، كە پێوەندیی بەو حەزەوە هەیە كە بۆ ویستنی دارەتێكی زۆر نەخت و بێ ڕیسك هەیە.
Demand-pull inflation
هەڵاوسانی خواست (یان هەڵاوسانی زەختەخواست). ئەو هەڵاوسانەی نرخە كە بە گشتی بە هۆی خواستی زیادە لەسەر شمەك ڕوو دەدات، بۆ نموونە، بە هۆی زۆربونێکی بەرچاو لە خواستی گشتیدا. زۆر جار پێچەوانەی هەڵاوسانی ڕاتەكانی خستنەڕووە (Supply-shock inflation).
Derived demand
خواستی داتاشراو. واتە خواست لەسەر سەرچاوەیەكی بەرهەمهێنان كە لە خواستی سەر شمەكی كۆتایی كە ئەو سەرچاوەیە لەو شمەكە كۆتاییەدا بەشدارە، سەرچاوە دەگرێت (یان دادەتاشرێت). بۆ نموونە، خواست لەسەر تایەی (تەگەری) ئوتۆمبیل لە خواست لەسەر ئوتۆمبیلەوە سەرچاوە دەگرێت.
Downward-sloping demand, law of
یاسای بەرەوخواربوونی لێژیی خواست. بەپێی ئەم یاسایە ئەگەر نرخی شمەكێك دابەزێت، بەكاربەر زیاتر ئەو شمەكە دەكڕێت، واتە خواستی بەكاربەر لەسەر ئەو شمەكە بەرز دەبێتەوە، لەگەڵ مانەوەی هۆكارەكانی تر وەك خۆیان.
Income elasticity of demand
كێشمانی داهاتی خواست. كاریگەریی خواستی هەر شمەكێك تەنیا بۆ نرخی ئەو شمەكە ناگەڕێتەوە، بەڵكو بۆ داهاتی كڕیاریش دەگەڕێتەوە. كێشمانی داهات ئەم وەڵامدانەوەیە (كاردانەوەی خواست بە هۆی گۆڕانی داهاتەوە) هەژمار دەكات. پێناسەی وردی دەبێتە، گۆڕانی ڕێژەیی بڕی خواست لەسەر (دابەشی) گۆڕانی ڕێژەیی داهات (بەراوردی بكەن لەگەڵ كێشمانی نرخی خواستدا).
Investment demand (or investment demand curve)
خواستی وەبەرهێنان (یان چەماوەی خواستی وەبەرهێنان). ئەو چەماوەیە كە پێوەندیی نێوان ئاستی وەبەرهێنان و تێچوونی سەرمایە نیشان دەدات (یان وردتر بڵێین، ڕێژەی سوودی ڕاستەقینە)، هەروەها وێنەی ئەو پێوەندییەشە.
Invisible hand
دەستی شاراوە. ئادەم سمیس لە ساڵی 1776 ئەم چەمكەی بۆ باسكردنی پارادۆكسی ئابووریی بازاڕی بێ کۆتوبەند خستە ڕوو. تیۆریی دەستی شاراوە وای بۆ دەچێت كە هەر لایەنێك یان بەشداربوویەك بۆ قازانجی تایبەتی خۆی هەوڵ دەدات، ئەو سیستەمەی بازاڕە كە لە ڕێگەی دەستێكی خێرخوازانەی شاراوەوە سەرپاكی پڕۆسەكە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەكدا ئاڕاستە دەكات.
Land
زەوی. لە ئابووریی كلاسیك و نیوكلاسیكدا، زەوی یەكێكە لە سێ سەرچاوە بنەڕەتییەكەی بەرهەمهێنان (لەگەڵ كرێكار و سەرمایەدا). بە گشتی، زەوی لە زەویی كشتوكاڵ و زەویی پیشەسازیی و سەرچاوە سروشتییەكانی سەر زەوی و بن زەوی پێك دێت.
Law of downward-sloping demand
یاسای لێژیی بەرەوخواربوونی خواست. سەلمێنراوێكی گشتگیرە، كاتێك نرخی شمەكێك بەرز دەبێتەوە (لەگەڵ مانەوەی هۆكارەكانی تر وەك خۆیان) كڕیار كەمتر لەو شمەكە دەكڕێت. هاوشێوەی ئەمەش، كاتێك نرخ دادەبەزێ و هۆكارەكانی تر وەك خۆیان نەگۆرابن، ئەوا بڕی خواست زۆر دەبێت.
Money demand schedule
خشتە (چەماوەی) خواستی پارە. بریتییە لە پێوەندیی نێوان هەڵگرتنی پارە و ڕێژەی سوود. كاتێك ڕێژەی سوود بەرز دەبێتەوە، بۆند و كاغەزە نرخدارەكانی تر زۆر سەرنجڕاكێش دەبن، بۆیە بڕی خواست لەسەر پارە كەم دەكەنەوە. سەیری خواست لەسەر پارە بكەن.
Price elasticity of demand
كێشمانی خواستی نرخ. هەژماركردنی ڕادەی وەڵامدانەوەی بڕی خواستە لە بەرامبەر گۆڕانی نرخدا. هاوكۆلكەی (coefficient) كێشمان (كێشمانی نرخی خواست E_p) بریتییە لە گۆڕانی ڕێژەیی بڕی خواست دابەشی (لەسەر) گۆڕانی ڕێژەیی نرخ. بۆ هەژماركردنی گۆڕانە ڕێژەییەكە، نێونجی كۆن و نوێی بڕی خواست لەسەر كەرتەكە دادەنرێت و نێونجی كۆن و نوێی نرخیش لە ژێر كەرتەكە دادەنرێت، نیشانەی نێگەتیڤیش (–) لە بەرچاو ناگیررێت. هەروەها ئاماژەیە بە خواستی بەكێشمانی نرخ، خواستی بێكێشمانی نرخ و خواستی كێشمانی هاوتا (وەك یەك).
Price-elastic demand (or elastic demand)
خواستی بەكێشمانی نرخ (یان خواستی بەكێشمان). ئەو دۆخەیە كە كێشمانی خواستی نرخ لە بەهای ڕەهایدا لە 1 زیاترە. ئەمەش واتە ڕێژەی سەدیی بڕی خواستكراو لە ڕێژەی سەدیی نرخ زیاترە. سەرەڕای ئەمەش، خواستی بەكێشمان ئاماژەیە بەوە كە سەرجەم دەسهات (revenue) (نرخ جارانی بڕ) كاتێك كە نرخ دادەبەزێت، بەرز دەبێتەوە، چونكە زۆربوونی بڕی خواست زۆر زۆرە (بە پێچەوانەی خواستی بێكێشمانی نرخە).
Price-inelastic demand (or inelastic demand)
خواستی بێكێشمانی نرخ (یان خواستی بێكێشمان). دۆخێكە كە تێیدا كێشمانی نرخی خواست لە بەهای ڕەهایدا لە ژمارەی 1 كەمترە. لەم حاڵەتەدا، كاتێك نرخ دادەبەزێت، سەرجەم دەسهات دادەبەزێت و كاتێك نرخ بەرز دەبێتەوە، سەرجەم دەسهاتیش بەرز دەبێتەوە. خواستی بێكێشمانی تەواو بە واتای ئەوەیە كە بڕی خواست لە بەرامبەر بەرزبوونەوەی یان نزمبوونەوەی نرخدا بە هیچ چەشنێك ناگۆڕێت (جیاوازە لە خواستی بەكێشمانی نرخ و خواستی كێشمانی هاوتا).
Schedule (demand, supply, aggregate demand, aggregate supply)
خشتەی (خواست، خستنەڕوو، خواستی گشتی، خستنەڕووی گشتی). مەبەست لەم چەمكە زیاتر ''چەماوەیە''، وەك چەماوەی خواست، چەماوەی خستنەڕوو و هتد.