تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



(-ئێنە)
(پب.) بە دوای سفەتێکەوە دەلکێ و دەیکا بە ناو. ترخێنە (ترخ = ترش + ئێنە)، ڕەشکێنە، زەردێنە، سپێنە، شلکێنە.
ئابخانە
[١-( ئاب/ ١+خانە)،( فر. کو.) ]
«نتـ.» چاوگە ژوورێکە بۆ دەست بەئاو گەیاندن تەرخان دەکرێ* ئابدەست، ئابدەستخانە، ئاوخانە، ئاودەست، ئەدەبخانە. «بکـ..» ئاڤڕێژ. «فیـ..» ئاودەستخانە، پێشـــاو، سەراودەشت، کەنـــاراو.
ئابدارخانە
[ ١- [ئابدار + خانە]، [فر. کو.] ]
«کئێر.»، «نتـ..» ١- چاوگە ژوورێکە لە کۆشکی پاتشایان و ماڵە دەوڵەمەند و دەرەبەگاندا، بۆ ساز کردنی چا و قاوە و شەربەت و ئەو جۆرە شتانە تەرخان دەکرێ. ٢- هەموو کەرەستە و نۆکەر و باربەری دەزگای خواردن و خواردنەوە کە پاتشا و ئەمیر و گەورەپیاوان دەگەڵ خۆیان دەیان بردە سەفەران.
ئابدەستخانە
[[ ئابدەست + خانە]، [فر. کو.] ]
«کعر.»، «نتـ.» تمـ: ئابخانە.
ئابوونە
«فەرەنسی»، «نا.» ١- پارەیەکی پێشەکی دەدرێ بە ئیدارەی ڕۆژنامە و گۆڤاران و تا ماوەیەک ڕۆژنامە بۆ خاوەنی پارەکە دەنێرن. ٢- پارەیەکە ئەندامانی «یانە» و «نەقابە» و «پارتی» یەکان مانگانە یا ساڵانە دەیدەن.
ئاتەشخانە
[ [ئاتەش + خانە] ]
«نتـ..» ١- تمـ: ئاتەشگەدە □ «جە یاقوت و لاڵ، جە گەوهەر دانە» «کەردن گەنج وەقت، پەی ئاتەشخانە» «خانا - ١٥٧» ٢- «مکـ.» چێگەی ئاگری سەماوەر * ئاگرخانە / ٣، ئاوورخانە/ ١. تێبــ. - لە ناوەڕاستی کووپی سەماوەردا کە ئاوی تێدەکرێ، لوولەیەک هەیە بنی بە پارچە ئاسنێکی کون کون گیراوە، ئاگر و خەڵووزی تێدەکرێ و ئاوی ناو کووپی سەماوەرەکە وەکوڵ دێنێت.
ئاروانە
[ [ئاروان + ە ئە١/ ]]
«نتـ.»، «مکـ.» وشترێکی «چ نێر چ مێ» چوار بەهاری دیتبێ.
ئازادیخوازانە
[[ ئازادی + خوازی + ئانە] ]
١- «ستـ.» هەر کار و کردەوە و شتێکی پێوەندی بە ئازادیخوازییەوە هەبێ: خەباتی ئازادیخوازانەی میللەتان، مەقالەی ئازادیخوازانەکانی ڕۆژنامەی «نوور» بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی نەتەوەی کورد. ٢-[ ئازادیخواز + ئانە]، «بنتـ.» وەکوو ئازادیخوازان، بە شێوەی ئەو کەسانەی ئازادییان دەوێ: ئازادیخوازانە بیر لە مەسەلەکە بکەوە. تێبــ.: ئەم وشەیە ئەگەر «سفەت» بێ لە وشەی «ئازادیخوازی» وەردەگیرێ و لە جوملەدا پاش ناو دێت و لە ئەسڵا دەبێتە «ئازادیخوازیانە» بەڵام دەنگی «ی» ەکە لەبەر قورسی دەکەوێ. بەڵام ئەگەر «بەند = قید» بێ لە وشەی «ئازادیخواز» دادەتاشرێ و هەمیشە پێش ناو دەکەوێ.
ئازایانە
[[ ١- ئازا + ئانە] ]
١- «ستـ.» کار و کردەوەیەکی ئازایەتی تێدابێ: هەڵمەتێکی ئازایانەیان بردە سەر سەنگەری دوژمن. ٢- «بنتـ.» بە شێوەیێکی ئازایەتی، وەکوو یەکێکی ئازا: ئازایانە هەڵیان کوتا سەر تانکە بۆر، کوڕینە ئازایانە ئەم ئیشە ڕاپەڕێنن. تێبــ.: ئەم وشەیە ئەگەر سفەت بێ لە پاش «ناو» دێت و ئەگەر «بەند» یش بێ دەکەوێتە پێش فیعل.
ئاسانە
«نتـ.»، «سنـ.، هو.» تمـ: ئاستانە. □ «من شەوێ ناڵەم، جۆش ئاوەردە بۆ» «سەگی ئاسانەت بێدار کەردە بۆ» «ماولەوی: مکبـ ــ ٦»
ئاستانە
[[ ئاست + ١- ئان/١ + ە ــ ئە/١ ]]
«نتـ.»، «سنـ.» ١- پێشخانە، کەوشکەن. ٢- «مجـ.» قاپی گەورەماڵان، دەرگای شێخ و مشایەخ و پیاوانی بەدین. * ئاسانە.
ئاسمانە
[[ ئاسمان + ە ــ ئە/١ ] ]
«نتـ.»، «سنـ.» میچی خانوو.
ئاشانە
[ [١- ئاش + ئانە/ ٣ ]]
«نتـ.» باجێکە، ئاغا و دەرەبەگەکان لەو ناوچە و مەڵبەندانەی، خوردە مالیکییان تێداباوە، لەو کەسانەی دەستێنن کە بۆ خۆیان ئاش دەنێنەوە و بە پێی زۆر و کەمی مزەی ئاشەکە دیاری دەکرێ.
ئاشخانە
[[ ٢- ئاش + خانە ]]
«نتـ.»، «کعر.» دووکان یا هەر شوێنێکی دی کە چێشتی بۆ فڕۆتن لێ حازر دەکەن * چێشتخانە، ڕەستۆڕان، لۆقەنتە، مەتعەم «عا.».
ئاشنایانە
[[ ئاشنا + ئانە/ ١ ]]
«ستـ.، بنتـ.» وەکوو ناسیاو. بە شێوەی ناسیاوان.: ئەم کارەتان لە ئاشنایانە نەدەچوو. ئاشنایانە قسەیان دەگەڵ بکەن.
ئاشپەزخانە
«نتـ.» «مکـ.» ئەو ژوورەیە لە ماڵان بۆ چێشت لێنان تەرخان دەکرێ و کەل و پەلی چێشت لێنان و قاپ و قاچاغیشی تێدا دادەنرێ. * «سیمـ.» مووبەق.
ئاغایانە
[[ ئاغا + ئانه‌ ]]
١- «نتــ» باجێکه، دەرەبەگ و خاوەن مڵک لە ناوچەیەکدا کە خۆیان مڵکیان تێدا نەبێ بەڵام دەستیان بەسەر مەڵبەندەکەدا بڕوا، لە جووتێرەکان و خەڵکی لا دێی دەستێنین. ٢- «ستــ» ئەوەی لە ئاغا دەوەشێتەوه، کارێکی بۆ ئەوە ببێ بۆ ئاغا بکرێ یا هەر یاغا بیکەن.: ئەم فێز و ئیفادەی ئاغایانە بۆ تۆ نەهاتووە. ڕاوێکی ئاغایانەمان کرد. ٣- «بنتـ» بە شێوەی ئاغایان، وەکوو گەورە پیاوان، وێنەی جوامێران.: ئاغایانە وازمان لێ بێنە. ئاغایانە دانیشە.
ئاغزوونە
[ [ئاغ؟ + زوونه= زوانه‌‌] ]
«نتـ.» ئاڵقەیێکه، لە مەعدەن، شاخ یا ئێسک و ئەو جۆره شتانه، بە شکڵی داییرە یا چوار گۆشە و... دروست دەکرێ، لە ناوەڕاستیا تیزماڵکێکی لە عەینی ماددە پێدا ڕایەڵ کراوە. وەکوو قوتری داییرە «تمـ: پردەڵە»، ئەمەشیان «زمانە» یێکی تێدەخرێ. ئەم ئامرازە دەخرێتە سەری پشتێندی قاییش، هەمیان، بەندە سەعات و فیشەکدان و گەلێ شت لەم بابەتە و لە پشت یا هەر شوێنێکی تر توند دەکرێ. * ئاڵقەزوونه، ئاوزوونە. «بکـ.» ئاغزووم، ئاڤزووم «ژابا - ١٥/١٢، کفـ ــ ٥٤/٤٢» .
ئاقڵانە
[[ ئاقڵ٢+ ئانه‌١ ]]
«عا. کو.»، «بنتـ.» بە شێوەی یەکێکی عاقڵ، وەکوو کەسێکی تێگەییشتوو: هەرچی پێی بسپێرن ئاقڵانە ڕایدەپەڕێنێ، ئەم کارە ئاقڵانەیە لە دەست هەموو کەس نایێ، خۆ دنیا خرا نابێ جارێک ئاقڵانە بجوڵێتەوە.
ئامان لەرزانە
«نتـ.» هەوایەکی کلاسیکی گۆرانی کوردییە.