تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئاگر تێ بەردان
«مستـ. متـ.» ١- ئاگر بە سووتەمەنی یا هەرشتێکی ترەوە نان، بەمەبەستی ئاگر کردنەوە، یا زیان پێ گەیاندن: زۆر سەرمایە، خێرا سۆبەکە ئاگر تێ بەردە. هەندێ پووش و پەڵاشمان ئاگر تێ بەردا و خۆمان پێ وشک کردەوە. ٢- «کنـ.» ڕق هەڵساندن و تووڕەکردنی یەکێک بەقسە یا بەکردەوە: ئەوە چت پێ گوتووە وا ئاگرت تێ بەرداوە. ئەم قسەیە چ بوو کردت ئاگرت دەم «دەئەم» کابرایە بەردا. ٣- «کنـ.» ا» زیانی ماددی و ئازاری مەعنەوی بەکەسێ یاشوینێک گەیاندن: لە شکری ئەمەریکا هەموو ویتنامی ئاگر تێ بەردا و سووتاندنی. ئەوەندەمان پێ خەرج کرد ئاگرمان تێ بەردا. ب» ئیجادی حاڵەتی بەزەیی پێداهاتن و زگ پێ سووتان لە دڵی کەسێکدا: هێندە دەکڕووزێتەوە ئاگر دەپیاو بەردەدا. ● «ڕەببی ئاگر دە گیانی بەربێ» تووک و نزایە و کینایەی داودی مردن و لەناوچوونی کەسیکە. * ئاگرپێوەنان، ئاوور تێ بەردان.
ئاگر کردن
«مستـ. متـ.» لە شوێنێکی تایبەتی ئاگر کردنەوە و ناوبەناو سووتەمەنی هاویشتنە سەری بۆ گەرم کردن یا هەر مەبەستێکی تر.: توونچی توونخانەی حەمام ئاگر دەکا. دیزە و گۆزە دەخەنە کڵەوە و چەند شەو و ڕۆژ هەر ئاگری دەکەن تا سووردەبنەوە.
ئاگر کردنەوە
«مستـ. متـ.» ١- هەڵکردنی ئاگر بۆهەر مەبەستێک بێ: خێرا ئاگرێکمان کردەوە خۆمان ئیشک کردەوە. دەی کچی چاک زوو ئاگری بکەوە و هێلکە و ڕونێکمان بۆ بکە. ئەمە لای خۆتان ئاگرتان کردۆتەوە، دووکەڵ کوێری کردین. ٢- «کنـ.» ا» بەرپاکردنی فیتنە و شەڕ و شۆڕ: هیتلەر ئاگرێکی کردەوە دنیای سووتاند. ب» هار و هاجی کردنی مناڵان و دابین نەبوونیان: مندال! ئەو ئاگرە چییە کردۆتانەوە، ڕۆکەون بۆ خۆتان. * ئاگرنانەوە.
ئاگر گەش کردنەوە
«مستـ. متـ.» تمـ: ئاگر گەشاندنەوە.
ئاگرباران کردن
«مستـ. متـ.» بۆمبا، گوللە تۆپ و تفەنگ و هەرچی لەم بابەتە بێ بە سەر جێگایەک یا کەسێکدا بەردانەوە.
ئاگربردن
«مستـ. لا.» بە هاسانی، داگیرسان و زوو ئاگر گرتنی شتێک یا ماددەیێک.: ئەم گوێنییە تەڕە ئاگر نابا. پووشۆکەی کوێخاحەسەن ئاگری چاک دەبرد. باڕووت خێرا ئاگر دەبا.
ئاگربڕ کردن
«مستـ. متـ.»، کووژاندنەوەی ئاگرێکی دەکەوێتەوە بەو شێوەیەی لە «ئاگربڕ» داباس کرا.
ئاگربەردانەوە
«مستـ. متـ.»، «سیمـ.» ئاگرتێ بەردان، سووتمان پەیداکردن لە شوێنێ.: چەتەکان ئاگرێکیان بەردایەوە خێرا کوژاندیانەوە.
ئاگرخۆش کردن
«مستـ. متـ.» ١- دەست تێدان و تێک وەردانی ئاگر «کۆکردنەوە و خستنەسەریەکی سووتەمەنی ناو سۆبە و ئاگردان» تا باشتر بسووتێ. ٢- تێک وەردانی ئاگری خوڵووز و تەپاڵە و... تا خۆڵەمێشەکەی لەسەرلاچێ و تینی زۆرتر بێ. ٣- «کنـ.» قسە هێنان و بردن لە نێوان دوو کەسا کە نێوانیان ناخۆشی بێ، ناخۆشتر کردنی نێوانی دووکەس، فیتنەیی کردن.
ئاگردان
[[ئاگر + دان «ئمـ.» ] ]
«نتـ.» ١- قووڵکەیەکە، لە تەختی ژووری ناوماڵان هەڵی دەکەنن، تەنیشتەکانی لێک و لووس دەکەن «سواغی ئەدەن، یا لەتکە سوێنە و سواڵەتی تێدەگرن» و ئاگری تێدا دەکەنەوە، یا لە لاوە بۆی دێنن. جۆرێکی تریشی لەباتی هەڵقەندن، کەرۆ کەیەک بە بەرد یا خشت هەڵدەبەستن «ئەمەیان زیاتر لە مزگەوتان و دیوەخانی ئاغایان» بۆ گەرم کردنی ژوور * ئاوورگ، کوانوو، گۆڕگ، گۆڕکە. ٢- تمـ: ئازەر.
ئاڵ بردنەوە
[[٢- ئاڵ + بردنەوە]]
«مستـ. لا.» مردنی ژنی زەییستان یا منداڵەکەی، لە دوای زالی لە چەند ڕۆژێ.: ئاڵ بردییەوە، شەوارەی بۆ بگرن با ئاڵ نەیباتەوە.
ئاڵدووزکردن
«تو. کو.»، «مستـ. مـــتـ.»، «سیمـ.» ڕووکێش کردنی مەعدەنێک بە زێڕ یا زێو. * ئاوەزێڕکردن. ئاوەزێو کردن.
ئاڵقەڕێز کردن
«مستـ. متـ.» داخستنی دەرگا، هەڵپێکانی دەرگا، هێنانی ئاڵقەڕێز لە تایەکی دەرگاوە بۆ تایەکەی تر یا بۆ سەر چوارچێوە و کردنی بە دوو لاییدا.
ئاڵۆز کردن
«مستـ. متـ.» ١- شێواندن و گرێ و گۆل خستنە ماشەرەبەن، گڵۆڵەموو، کەلافەدەزوو. ٢- شێواندن و تێکدانی سەروپرچی شانەکراو و داهێنراو. ٣- «مجـ.»، ا» تووڕەکردن و رق هەڵساندنی کەسێک. ب» تەگەرە و چەت خستنە پێش جێ بە جێ کردنی کارێک و دژوار کردنی. * ئاڵۆزاندن.
ئوتوو کردن
(مست.، مت.) تم: ئوتوو (لە ئوتوودان).
ئۆردوو
[[تو. مەغوولی]]
«نا.» ۱- هەموو ئەو شەڕکەرانە یا چەکدار و سەربازانەی سەر بە دەوڵەتێک یا فەرماندەیەکن.: ئوردووی نادرشا، ئوردووی سمکۆ، ئوردووی سوور. ۲- «مجـ.» کۆمەڵێکی زۆری خەڵک کە پێکەوە جۆرە پەیوەندێکیان هەبی.: ئۆردووی پێشەنگی «کەشفی» ٭هوردوو، لەشکر، قۆشەن. «کئێر.» ئەڕتەش.
ئۆردوو بازاڕ
[[تو. کو.]]
«نتـ.» ۱- بازاڕێکی لە زەمانی کۆندا دەگەڵ ئۆردوو لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەچوو. ۲- «کنـ.» شوێنی بە ئاژاوە و هەرچی و پەرچی کە کەس ئاگای لە کەس نەبێ.
ئۆردوو بەز
[[تو. کو.]]
«مسقـ.» دابەزینی ئۆردوو لە شوێنێک بۆ حەسانەوە یا ماوەیێکی کەم.: نادرشا کە دەچوو بۆ گرتنی هیندستان لە کرمان ئۆردووبەزی کرد. ٭لەشکربەز.
ئۆردووگا
[[ئۆرردوو+گا «جێگە» ]، [تو. کو.]]
«نتـ.» ۱- جێگای کۆبوونەوەی لەشکر، شوێنێکی چەکدار ئۆردووبەزیی لێدەکەن. ۲- شوێنی کۆمەڵێ خەڵکی هاوپیشە، بۆ مەبەستێک لێی کۆ بووبنەوە.: ئوردووگای هاوینی قوتابییان ٭لەشکەرگا. (عا.)معسکر.
ئۆغر کردن
[[تو. کو.]]
«مستـ. لا.» سەفەر کردن، لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێک، چوون، ڕۆییشتن.: دوێنێ ئۆغریان کرد، ئەوە هێشتا ئۆغرتان نەکردووە، بۆ کوێ ئۆغر دەکەن.