تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئاخندراو
تمـ : ئاخنراو.
ئاخنران «ئاخندران»
«مسـ. متـ.» باش داگیرانی دەفرێکی وەک جەواڵ، هۆڕ، پێستە پەنیر.... لە ماددەیەک: ئەم تا تووتنە بۆچی وا ئاخنراوە دەترسم گەرم دابێ.
ئاخنراو
«سمفـ.» حاڵی دەفرێکی باش داگیرابێ.
ئاخنین
«مسـ. متـ..» پڕکردن تێ پەستاوتن، بەو جۆرەی لۆکە یا خوری دەخرێتە ناو لێفە و دۆشەگ یا کەلوپەل دەخرێتە ناو هەمبانەوە: کولانەی مریشکەکان چاک باخنە، هەر ئێستا گلوێنەکە داخنم و دەست دەکەم بە نان کردن.
ئاخنینەوە
«مستـ. متـ.» هەر بە مەعنای ئاخنین هاتووە بەڵام بۆ ئەو جۆرە شتانەی کە ماوەیەک لە ناو دەفرەکەدا بمێننەوە: حەسەنی پیرەی هەموو ساڵێ چل پێستە پەنیری داخنییەوە، ئەو ساڵ دوو کووپە پەنیر و سێ کووپە شیرێژمان ئاخنیوەتەوە.
تێ ئاخنین
«مستـ. متـ.» ١- ئاخنین لە سەرڕا بۆ خوار. ٢- «مجـ.» لە ڕووی گاڵتە یا دڵگرانییەوە بۆ زۆر خواردن.: ئەرێ حەمە ئەوە بۆ هێندەی تێ داخنی دەڵەی تێرەنەخۆرت گەیوەتێ. ● «دەڵێی عیسا گرتوویە و مووسا تێی ئاخنیوە» «کنـ.» بۆ پیاوی زۆر قەڵەو. // هەڵاخنین.
هەڵاخنین
[[ هەڵ + ئاخنین] ]
«مستـ. متـ.» ١- کەڵەکە کردنی شت بەسەر یەکا، قەڵا پەچن کردن «هبید.» ٢- پڕ کردنی دەفر یا هەر چێکی وەکوو دەفر بێ لە ژێرڕا بۆ سەرەوە. // تێ ئاخنین.
«ـ ئاخن»
«پبـ.» ڕیشەی مەسدەری ئاخنینە، وەکوو پاشبەند بە دوای ناوەوە دێت و ناوێکی تازە یا سفەتی لێ دروست دەکا: گڵوێناخن، ناواخن.