تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئەنگێو
(ری. فع.) ١- شکلی (مضارع)ی ڕیشەی مەسدەری ئەنگاوتنە. دەیئەنگێوێ، چۆنی دەنگێوێ. ٢- بەدوای هەندێ ناوەوە دەنووسێ و دەیانکا بە تەرکیبی سفەتی فاعیلی. ماری شینی گائەنگێو، خۆ ئەنگێو.
ئەنگێوران
(مست. لا.) تم: ئەنگوان.
ئەنگێوراو
(نمف. سمف. : ئەنگیوران)، (مک.) کەسێکی بە شتێکی ماددی (بەرد، گوللە...) پێکرابێ و (فاعیل)ەکەش مەجهوول بێ. *ئەنگواو.
ئەنگێوە
[[ئەنگیو +ئە]]
(نفا. سفا. : ئەنگاوتن)، دەست ڕاست، کەسێکی چاک لە نیشانی بدا، ئەوەی فیشەکی بە خەسار ناڕوا. ئەنگیوەی وەک (سمکۆ)ی هەرنابیتەوە، لە مەحموودکانێ جاندارێک هەر بە عاستەم سەری بە دەرەوە بوو، لە دەستی دەرنەچوو.
ئەه
(ند.)، (ئم.) بیزاری لە کار و کردەوە یا ڕووداوێک دەگەیەنێ. ئەه! دە وازی لێ بێنە کەیفی خۆیەتی چ دەکا با بیکا.
ئەها
(ند.)، (ئم.) بۆ ڕاکێشانی سەرنج بەکاردێت. ئەها! وەڵڵاهی شکاندی. ئەها! ئەگەر تووشی بەڵایەک نەبووی من گیچم نەزانیوە.
ئەهالی
[[=عا.: ئەهالی (ئەهل)]]
(نا.) ١- هەموو دانیشتوانی ئاوەدانیەک. ئەهالییەکەی لێمان کۆبوونەوە، هەریەکەی سەت پرسیاری لێ دەکردین. ((ئەو شاهی ماهی میسرە ئەهالی لە ڕێی سجوود)) ((قورئان دەڵێ کر بەندە ئەو، ئەم بەندە پەروەرە)) (نالی) ٢- (کعر.) ئەو کەسانەی کاربەدەستی حکومەت نین.
ئەهاو
[[ئە+هاو]]
(ئم.)، (سن.) تم: ئەهۆی.
ئەهای
[[ئە+های]]
(ئم.)، (سن.) تم: ئەهۆی.
ئەهرام
[[=عا.: اهرم(هرم)]]
(نا.) سێ خانوون لە نیزیک شاری قاهیرە، فیرعەونەکانی (میسر) وەکوو قەڵاغ دروستیان کردوون و دەوێدا نێژراون.
ئەهل
[[=عا.:اهل]]
(نا.) ١- دانیشتووی جێگایەکی ئاوەدان. مەڵبەند، شار، دێ، ماڵ. ئەهلی کەرکووک، ئەهلی مەهاباد، ئەهلی شارباژێر ڕەزەوانی چاکن. ((ئەهلێکی وای هەیە کە هەموو ئەهلی دانیشن)) (نالی: گم-١٩). ٢- لێوەشاوە، لایق، ئەو کەسەی بە کەلکی جێ بە جێ کردنی کارێک بێت. ئەهلی ئەم کارە نییە، بۆ ئەم ئیشە لە شێرکۆ ئەهل تریان دەست ناکەوێ. ٣- ناوێکی بە شێوەی (ئیزافە) دەخرێتە سەر و بە تێکڕایی مانای (تەرخان بۆ مزافەکە) دەبەخشێ. ئەهلی بازاڕ، ئەهلی کەیف، ئەهلی خێر(تم:-).
ئەهلی ئیمان
(نت.) خوا پەرست، ئیماندار. خۆمان بە ئەهلی ئیمان ئەناسێنین)) ((کەچی، کەچ ڕەوین بۆیە کەساسین)) (پیرەمێرد-٣٨١)
ئەهلی بازاڕ
(نت.) ئەوانەی لە بازاڕ کاسبی دەکەن، بازرگان و دووکاندار و... ((دەستەیەکی تر ئەویش تجاڕە)) ((سیلکی کاسبی ە ئەهلی بازاڕە)) (پیرەمێرد-٢٦٢).
ئەهلی تەقوا
(نت.) ئەو کەسەی مل کەچی فەرمانی خوایە، ئەوەی لە کار و کردەوەی پێچەوانەی ئامۆژگاری دین جۆی دەپارێزێ. ((لە سایەی تۆ گەلێ کەس بوون بە عارف ڕێی خودایان گرت)) ((دریغا عارفی ڕێگەی خودا و ئەهلی تەقواکەم)) (وەفایی: گم-٣٨)
ئەهلی حاڵ
(نت.) ئەو کەسەی لەبەر خواناسی، جاروبارە دەبوورێتەوە و گۆیا لەو حاڵەدا لەو شتانە ئاگادار دەبێ کە لە بارێکی ئاساییدا نازاندرێن، شێخ، پیر. ((گەر ببینێ لێوی ئاڵ و چاوی کاڵی مەستی تۆ)) (( مەست و بێ پەروایە بیللا پیری کامڵ ئەهلی حاڵ)) (سەلام-٧٥)
ئەهلی خێر
(نت.) ئەو کەسەی لەبەر موسڵمانەتی و پیاوچاکی، پاش مردنی خوا بیبەخشێ و پاداشتی چاکی بداتەوە. ئیشاڵڵا ئەهلی خیرە.
ئەهلی دڵ
(نت.) تم: ئەهلی حاڵ. ((قوللابی موژەت گرتمی ڕووی کردمە ئەبرۆت)) ((یەعنی کە ئەوە قیبلەنومای ئەهلی دڵانە)) (وەفایی: گم-٧٨).
ئەهلی شەڕ
ئەوەی لەم دنیایە گوێ نەداتە فەرمانەکانی دین و لە بەزەیی خوا بێ بەری بێ// ئەهلی خێر.
ئەهلی عەمامە
(نت.) ئەوانەی مێزەر لەسەر دەبەستن، زانای دینی، مەلا و قازی و... ((ساقی وەرە تێکە سوڕاحی بدە ساغەر)) ((بێ موویی دەماغێ لە سەفی ئەهلی عەمامە)) (ئەدەب: گم-٩٦).
ئەهلی قەناعەت
(نت.) ئەو کەسەی ڕازی بێ بەوەی دەستی کەوێ. ((شاهی کە نەبێ ڕادەبوێرین بە فەقیری)) ((بۆ ئەهلی قەناعەت لە پڵاو خۆشترە داندۆک)) (ڕەزا-٢٩)