تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئیخباری لێ کردن
[[عا. کو.]]
(مست. مت.)، (کعر.) ئاگادار کردنی میری دەربارەی کەسێ یا کەسانێ یا هەڵسان و دانیشتنیان. ((بە میرزا قادر بڵێن ئیخباریان لێ کردووە خێرا بگەڕێتەوە سیتەک.)) تێبــ.- ئەم وشەیە و ئەوی پێشەوەشی تەنیا بۆ مەبەستی خراپە بەکاردێن.
ئیخباری کردن
[[عا. کو.]]
(مست. مت.)، (کعر.) ئاگادار کردنی میری لە کارێک یا دەربارەی شتێک. ئیخبارییان کردووە کە ماڵی شێخ لەتیف پڕە لەوانەی لە کۆمەڵە ڕایان کردووە. *(کئێر.) ڕاپۆرت دان، گوزاریش دان.
ئیخبارییە
[[=عا.: اخباریە]]
(نا.)، (کعر.) نامە یا هەر جۆرە نووسراوێکی بۆ ئاگادار کردنی میری لە کار و چالاکی و هەستان و دانیشتنی کەسێ یا کەسانێ بنووسرێ. * (کئێر.) ڕاپۆرت، گوزاریش.
ئیختیلاف
[[=عا.:اختلاف]]
نا.)، ٠کئێر.) ١- یەک ڕانەبوونی دوو یا چەند کەس یا هەیئەت دەگەڵ یەکتری. ٢- جیاوازی چەندی و چۆنی دوو یا چەند شت دەگەڵ یەکتر. ئەم ئیختیلافەی مەنگوڕ و مامەشان هەر نابڕێتەوە، ئەمە لەکوێ و خەنجەری مام پیرۆتی لەکوێ هێندەی ئەرز و ئاسمان ئیختیلافیان هەیە. تێبــ.- جەمحی ئەم وشەیە (ئیختیلافات)ە. ئەو هەموو ئیختیلافاتەی ناو دەوڵەتان هەروا بە هاسانی لابەلا ناکرێ.
ئیختییارات
(جم.) هەموو ئەو دەستەڵاتەی لە لایەن دەولەت یا هەیئەت و کەسانی دەسەڵاتدارەوە بۆ جێبەجێ کردنی فەرمانەکان دەدرێ بە هەندێ کاربەدەستان. فەرماندارەکان ئیختییاراتی تەواویان هەیە.
ئیختییاردار
[[ئیختییار=دار (پب.)]، [عا. کو.]]
(ست) ئەو کەسەی دەستەڵاتی هەبێ، ئەوەی هەقی کردن و نەکردنی کارێکی هەبێ. خۆتان ئیختییارداری ئێمە و ئەوانیشن. باوک ئیختییارداری کچی خۆیەتی. ((یای خەزاڵ، عەمرم، کێ لەسەر وڵاتی سوورچی و زراران دەکەیە سوورباش و ئیختییادارە)) (تحفە: ج١- ٣٥٠).
ئیختییارکردن
[[ئیختییار+کردن]، [عا. کو.]]
(مست. مت.) هەڵبژاردن و پەسند کردنی شتێک یا کارێک... خۆتان ئەم ژیانەتان ئیختییار کردووە گلەیی لە کەس مەکەن. بە من بایە زەردەکەتان ئیختییار کردبا لەم شینە چاتر بوو.
ئیختە
[[تو.]]
(س.) ١- ئەسپێکی گونیان دەرهێنابێ (خەساندبێتیان). ٢- (مج.) پیاوی غللوور و بە گوڕەگوڕ کە هەڵسوکەوتی بە ڕمبەڕمب و زرموکوت بێ. ٣- (نمف.) (ئیختە کراو)ە کە کورت بۆتەوە. *یەختە، ئێختە.
ئیخفال بوون
[[عا.: ئیغفال +کو: بوون]]
(مست. لا.) فریو خواردن، هەڵفریوان. *(بک.) هاتنەخاپین
ئیخفال کردن
[[عا. کو.]]
ئیخلاس
[[=عا.: ئیخلاس]]
(نا.) ١- دڵپاکی و دڵسۆزی لە دۆستایەتیدا. ٢- ڕاستی و جگەرسۆزی لە کار و کردەوەدا. ئیخلاسمان هەیە بۆتان. ئەم کابرایە هەر ئیشێکی پێی بسپێرن بەوپەڕی ئیخلاسەوە دەیکا.
ئیخڕاج کردن
[[عا.: اخراج + کو: کردن]]
(مست. مت.) ١- دەرکردن، وەدەرنان. ٢- (کئێر.)، آ) دەرکردنی کار بە دەستی دەوڵەت، کرێکار و... لە ئیش. ب)وەدەرنانی شاگرد لە مەدرەسە. ج) بەڕەڵڵا کردنی سەربازی ئیجباری پاش تەواو کردنی ماوەی قانوونی. (عا.) تەسریح. دوو مانگیش لە دوو ساڵەکە تێپەڕیوە کەچی هەر ئیخڕاجیان ناکەن. ٣- (کعر.) دەرهێنانی کاڵا لە کوومرگ.
١- ئیختییار
[[عا.: اختیار]]
(نا) ١- دەسەڵات، توانست و دەست بەرەڵڵایی بۆ کردن و نەکردنی کاران. پاشام ئیختییارتان هەیە دەتوانن بشمانکوژن. ٢- سەرپشک بوون. ئیختییاری خۆتە چۆنت پێخۆشە وابکە. بە ئیختییاری خۆت کامەت بە باش زانی ئێمەش ڕازین. تێبــ.- لە کوردستانی ئێران، ئەم وشەیە ئەگەر بە ڕاوێژێکی مەیلەو گاڵتە و بارەوسەر سوڕمانەوە بگوترێ مەبەستەکە پێچەوانە دەکا و بۆ ئەو کەسەی قسەی دەگەڵ دەکرێ بێ دەستەڵاتی دەگەیەنێ.
٢- ئیختییار
(نا.)، (کعر.) ١-پیر، بە ساڵاچوو. ٢- ڕیش سپی، کەیخودا. ((هەر لە گەورەیان هەتا مندالان، هەر لە منداڵان هەتا ئیختییاران)) (تحفە: ج٢-٢٦٢) ئیختییار و موختاری دێیەکە شایەتی بۆ دەدەن. تێبــ.- وا دیارە ئەم وشەیە لە تەشکیلاتی عوسمانی کەوتۆتەوە ڕەنگە لە پێشداهەر بەو کەسانە گوترابێ کە بۆ پێوەندی دەگەل کاربەدەستان و ڕاپەڕاندنی ئیش و کاری خەڵک دەست نیشان دەکران، جا چونکە ئەوانە زۆریان بەساڵاچوون بۆیە مانای (پیر و ڕیش سپی) شی لێ کەوتۆتەوە.