تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئاکابر
[ [=عا.: ئه‌کابر «ئه‌کبه‌ر» = گه‌وره‌کان] ]
١- «سـ.» «مکـ.» پیاوی بە ساڵاچوو * ئیختیار ٢- «نا.» پیاوی گەورە و بەڕێز لە کۆمەڵدا *ئەشڕاف، ئەعیان.
ئاکابرانە
[[ ئاکابر +ئانه‌/١]]
«عا. کو.»، «بنتـ.» ١- ئەوەی لە پیاو ئاکابر دەوەشێتەوه، کارێکی پیاوی ئاکابر بیکا. ئەم کوڕە بەم مناڵی خۆیەوە کارێکی هێندە ئاکابرانەی کردووه، پیاو سەری سووڕ دەمێنێ. ٢- بە شێوەی پیاوی ئاکابر، وەکوو ئاکابران.: کوڕم تۆزێ ئاکابرانە دانیشە ئەم جوڵە جوڵەت لە چیە ؟
ئاکادێمی
[[ = فره‌نسی: ئاکادێمی. له‌ یۆنانی وه‌رگیراوه‌] ]
«نا.» ١- شوێنێکی تایبەتیە کە لەوێدا بە کردەوە فێری زانست یا فەننێک دەبن.: ئاکادێمی جەنگ، ئاکادێمی شۆڕش ٢- ئەنجمەنێکە لەوێدا: ئەدیب و زانا و هونەرمەند کۆ دەبنەوە و بۆ پێشخستن و پەرەپێدان و ڕێک خستنی بەشێکی دیاری لە بەشەکانی زانست ڕاوێژ دەکەن و بڕیاڕ دەدەن.: ئاکادێمی فەرەنسا: بۆ نووسین و ڕێکخستنی قامووس لە ٤٠ ئەندام پێکهاتووه، ساڵی ١٦٣٥ لە لایەن «ڕیشیلیۆ» دامەزراوە. ئاکادێمی زانست «علووم» : بۆ لێکۆڵینەوەی مەساییلی ڕیازی و فیزیا و کیمیا،... هتد، ساڵی ١٦٦٦ «کۆلبێرت» لە ٦٦ ئەندام و دوو سکرتێری هەمیشەیی پێکی هێناوە «تمـ: لاڕووس ــ ٩٩٤». ئاکادێمی علوومی سۆڤێتی: بەرزترین شوێنی زانستییە لە یەکێتی سۆڤێت «تمـ: کورتەی قامووسی سیاسی ــ ٧». تێبــ. ــ ا» ئەم وشەیە لە ناوی دانیشگایەک وەرگیراوە کە «ئیفلاتوون» لە باغی «ئاکادێمۆس» ی نیزیک ساری «ئاتێن» پاتەختی یۆنان دەرسی فەلسەفەی تێدا دەکوتەوە و بە ناوی باغەکەی کردبوو. ب» بەرامبەر بە مەعنای دووهەمی ئاکادێمی، «مەجمەعی عیلمی کوردی» لە بەغدا، وشەی «کۆڕ» ی داناوە و ناوی خۆشی ناوە: «کۆڕی زانیاری کورد».
ئاکار
«نمس.»، «مکـ.» ١- خوو، ڕەوشت ٢- کردەوە: ئاکاری باش نیه، لە ئاکاری ڕازی بوون.
ئاکام
«نا.» ١- دوایی و ئەنجامی هەر شتێ ٢- وادەی مردنی کەسێ □ «زیندە بە ئاکامە».
ئاگا
[[ پهـ: ئاکاس.] ]
«نا.» ١- خەبەر، هەست □ «ئاگا و خەبەرم لە مردنی خۆم هەبوو، لەو کارە نەبوو.» ● «ئاگای لە مەحموودی بێ زەواد نییە» «کنـ.» ا» بۆ گێلی و تێنەگەییشتوویی کەسێ. ب» بۆ بێ خەبەری کەسێ لە کارێ. ٢ - «سەفا.»، «سنـ.» تمـ: ئاگادار/١ * «بکـ.» ئاگاه «تمـ: کفـ ــ ٣٩»، های «کفـ ــ ٣٠١».
ئاگا لێ بوون
«مستـ. متـ.» چاوەدێری کردن، باڵ بەسەرکێشان و پاراستنی کەسێ یا کەسانی و شتێ: ئاگات لە منداڵەکان بێ مەیەڵە «مەهێڵە» بێ حەیایی بکەن. ئاگات لە باخچەکە بێ مریشک نەچنە ناوی. ئاگایەکتان لە دوکانەکەم بێ تادەچم نوێژ دەکەم. ئاگایەکت لێمان بێ.
ئاگا لێ هەبوون
«مستـ. لا.» تمـ: ئاگادار بوون.: ئاگات لێیە «لێ هەیە» چۆن ئاوڕێشی یەک بوون. خوا لەوسەر ئاگای لێیە من دەستم لەم ئیشەدا نیە.
ئاگا کردن
«مستـ. لا.» هەست پێ کردن، پێ زانین: دەیگوت هەرچی دەمار لە لەشی دایە هەمووی ئاگادەکا. لەشی هێندە سڕ بووە ئاگری پێوەنێی ئاگا ناکا.
ئاگابوونەوە
«مستـ. لا.» وەخەبەر هاتن لە خەو یا مەستی، وەهۆش هاتنەوە لە بێ هۆشی، کە بەسەر یەکێکا هاتبێ جا لەبەر هەرچێکی بێت: خەوی زۆر سووکە لە خشپەی پێ ئاگای دەبێتەوە. پیاوی سەرخۆش بۆ ئاو خواردنەوە ئاگای دەبێتەوە. ئەو نیوەڕۆیە دلێر هێشتا ئاگای نەبۆتەوە. کە عەمەلیاتیان کرد شەو و ڕوژێکی پێچوو یاڵڵا ئاگای بۆوە. * ئاگاهی «هو.» بە ئاگا هاتن، وەئاگا هاتن.
ئاگادار
١- «سفا.» حاڵی کەسێکی بە شتێک یا کارێک بزانێ، خەبەرداری بێ: هەر خۆی ئاگاداری ئەم ئیشە بوو. هەر ئاگادار نەبوون لە دەرەوە چ باسە. * «سنـ.» ئاگا/ ٢٠٢ - «نفا.» کەسێکی یەکێک یا شتێک دەپارێزێ: خوا ئاگاداری بێ ئاگاداری منداڵەکان بە.
ئاگادار بوون
«مستـ. لا.» بە باس و خواس، کارێک یا مەسەلەیێک زانین، خەبەردار بوون. * ئاگا لێ هەبوون.
ئاگادار کردن
«مستـ. متـ.» خەبەردار کردنی کەسێک لە کارێک، لە باسێک یا لە مەسەلەیێک، ڕاگەیاندنی خەبەرێ «لە بابەت هەرچی بێ» بەکەسێ.: ئاگاداری کاووس بکەن یاگای لە خۆی بێ. پێش ئەوەی من بچم خەسرەو ئاگاداری کردبوو.
ئاگاداری
«حمسـ.» ١- زانین، خەبەرداری: بە ئاگاداری دووکەسان پارەکەی بدەنێ. ٢- تمـ: ئاگاداری کردن.
ئاگاداری کردن
«مستـ. متـ.» تمـ: ئاگا لێ بوون.: ئاگاداری مناڵەکانی بکەن با پەرتەوازە نەبن. * ئاگاداری / ٢.
ئاگاهی
«حمسـ.»، «هو.» ١- تمـ: ئاگا بوونەوە □ «دڵە وادەی سوبح نەو وەهارانەن» «وەخت ئاگاهی دەردەدارانەن» «مەولەوی: مکبـ ــ ٢٤٧». ٢- تمـ: ئاگادار / ١ □ «هەوای کۆتایی ناڵەی وێت بیەن» «وە تیرێ هەنی ئاگاهیت نیەن» «مەولەوی: مکبـ ــ ٤٦٣».
ئاگایی
«حمسـ.»، «سنـ.» ١- تمـ: ئاگا. ٢- لێزانین، سەلیقە، پێشکان. سەرڕشتە.
ئاگر
«نا.» ١- ڕووناکی و گڕ و گەرمایەکی لە سووتانی سووتەمەنی «دار، خەلووز، نەوت، گاز و...» بە دەست دێت و بۆ ڕزگار بوون لە سەرما و بۆ چێشت لێنان و مەبەستی جۆربەجۆری ژیان، کەڵکی لێ وەردەگیرێ. ٢- «مجـ.»، ا» گەرما، گەرمای نەخۆشی: هەموو گیانی دەڵەی ئاگرە داییسێ، کە نیوەڕۆ داهات دنیا دەبێتە ئاگر. ب» ڕق و تووڕەیی، تووڕە بوون: جارێ قسەی دەگەڵ ناکرێ ئاگرێ لێ دەبارێ. ج» شەر و جەنگ، فیتنە و شەڕ و شۆڕ: هیتلەر ئاگرێکی کردەوە دنیای سووتاند و خۆشی سووتا. د» چەک و تەقەمەنی: هەموو گیانی خۆی کردۆتە ئاگر. * ئاتەش، ئاوور، ئاهێر.
ئاگر تێ بەردان
«مستـ. متـ.» ١- ئاگر بە سووتەمەنی یا هەرشتێکی ترەوە نان، بەمەبەستی ئاگر کردنەوە، یا زیان پێ گەیاندن: زۆر سەرمایە، خێرا سۆبەکە ئاگر تێ بەردە. هەندێ پووش و پەڵاشمان ئاگر تێ بەردا و خۆمان پێ وشک کردەوە. ٢- «کنـ.» ڕق هەڵساندن و تووڕەکردنی یەکێک بەقسە یا بەکردەوە: ئەوە چت پێ گوتووە وا ئاگرت تێ بەرداوە. ئەم قسەیە چ بوو کردت ئاگرت دەم «دەئەم» کابرایە بەردا. ٣- «کنـ.» ا» زیانی ماددی و ئازاری مەعنەوی بەکەسێ یاشوینێک گەیاندن: لە شکری ئەمەریکا هەموو ویتنامی ئاگر تێ بەردا و سووتاندنی. ئەوەندەمان پێ خەرج کرد ئاگرمان تێ بەردا. ب» ئیجادی حاڵەتی بەزەیی پێداهاتن و زگ پێ سووتان لە دڵی کەسێکدا: هێندە دەکڕووزێتەوە ئاگر دەپیاو بەردەدا. ● «ڕەببی ئاگر دە گیانی بەربێ» تووک و نزایە و کینایەی داودی مردن و لەناوچوونی کەسیکە. * ئاگرپێوەنان، ئاوور تێ بەردان.
ئاگر تێ چوون
«مستـ. لا.» ١- تمـ: ئاگر گرتن / ٢، ئاگرتێ کەوتن. ٢- «کنـ.» بەغیلی بردنی کەسێک بە کەسێکی تر: هەر باسی پیاوەتی حەسەنمان کرد، ئەو ئاگری تێ چوو. یەکێک بەکۆک و پۆشتەیی ببینێ ئاگری تێدەچێ. نەمانزانی بۆچی وا ئاگری تێ چووبوو.