تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئاڵا
«نا.» ١- پارچەیەک قوماش هەرچێکی بێ و هەرچەندێک بێت: ئاڵەبێژ «ئاڵابێژ»، ئاڵەبووک * واڵا. ٢- پارچە قوماش یا کەوڵێک بووە، بە سەری ڕمب و نێزەوە دەکرا و شکڵی گیاندار یا شتێکی تری لەسەر دەکێشرا. زەمانی کۆن نیشانەی لەشکر و ئۆردووی جیاجیا بووە، هەر لەشکرێ هەولێ دەدا، لەشەڕا ئاڵای لەشکری دوژمن بگرێ یا بیخا، کەوتن یا گیرانی ئاڵای لەشکرێک شکستی تێدەخست، لە چەرخی نۆزدەهەمڕا، ئاڵا بۆتە نیشانەی گەلێ ڕێکخراو یا دەزگای تریش، لە هەموان موهیمتر بۆتە نیشانەی سەربەخۆیی نەتەوەکان و ڕەنگاو ڕەنگیش بووە: ئاڵای نەتەوە یەک گرتووەکان. □ «دیارە ئەم ئاڵایە شاباڵی پەری ئازادییە» «دەیشەکێنێ بای فەڕەح دەشکێ سوپای ڕەنج و کەدەر» «هەژار» * بەیداغ.
٢-ئاڵا
«نا.»، «هو.» تمـ: قەڵەم. □ «ئاڵاگرت بە دەس خورشیدی خاوەر» «نووسیا بولای بەهرۆزی سەروەر» «خوورشیدی خاوەر: دڵی دڵی».
ئاڵات
«نا.»، «مکـ.» تمـ: ٢- ئاڵەت.
ئاڵاچغ
[[ = تو: ئالاچیق، ئالاجق، ئاڵاجوو ]]
«نا.»، «مکـ.» هۆدەیەکە بۆ دانیشتن، دیوارەکانی لبادە و لێک دەدرێن و کاتی ماڵ گواستنەوە لێک جیادەکرێنەوە. تێبــ. ــ ئەم جۆرە خانووە تەنیا لە ناو خێڵاتی «شوقاق» باوە، کە عەشیرەتێکی کۆچەری ئازەربایەجانین و هاوینان ڕوو دەکەنە کوێستانەکانی کوردستان و زستانان دەگەڕێنەوە پێدەشتان، فەقیرەکان لە «زنج» اندا دەژین و دەوڵەمەندەکانیشیان لەم جۆرە خانوانەدا، لەوانەیە لە «تەتەر» انیان وەرگرتبێ و ڕەنگە خۆشیان هەر پاشماوەی ئەوان بن.
ئاڵایی
[ ١[- ئاڵا/ ٢ + ٣ - ئی] ]
«ستـ.»، «سنـ.» شتی ڕەنگاو ڕەنگ، هەر شتێ چەند ڕەنگی هەبێ * ئاڵ و واڵا. تێبــ. ـــ وا دیارە لەبەر ئەوەی کە هەموو «ئاڵا» یەک لەم زەمانەدا زیاتر لە ڕەنگێکی تێدایە، ئەم وشەیە بەم مانایە هاتۆتە مەیدان.