تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئازا
«سـ.» ١- بەجەرگ، دلیڕ، نەترس «بەگشتی». ٢- کەسێکی لە شەڕا چاوی نەترسێ و جێگای خۆی بەجێ نەهێڵی. ٣- «مجـ.» خیڕا، چوست و چالاک: ئازاکە، دەی لە مامت کەوێ بڕۆ بەڵام ئازا بیێەوە «خیڕاوەرەوە». ٤- ساغ، بی عەیب.: گوێزی ئازا، حەسەن وەک گوێزی ئازای لێهاتووە. // پووت، پووچ، پووچەڵ، نەخۆش. ٥- تمـ: ئازاد: گەردنت خۆش و ئازا بێ، «ئازا و ڕزگاری قاپی خوڵای بی».
ئازا
[ [= عا.: اعضاء] ]
«نا.» ئەندامی لەشی گیانداران بە تایبەتی ئادەمیزاد: هەموو ئازای بەدەنی تێک شکابوو، ئازای لەشی هەلاهەلا بێجەو ساوە نیەت ڕۆزەم ئاوەردەن هیچ ئازام جەهیچ زۆرەش نەوەردەن «مەولەوی: مکبـ ــ ٤٨». تێبــ.: ئەم وشەیە لە شێوەی جەمعی عەرەبیدا هاتۆتە زمانی کوردییەوە، وەکوو «مفرد» بە کار دێت. بۆ جەمع کردنەوەی وشەی «هەموو» ی دەخرێتە پێش. * ئەعزا/١، ئەندام/١.
ئازاد
[ [ستـ: ئازاتە. پهـ: ئازات] ]
«سـ.» ١- کەسێکی بەندە و عەبد نەبێ، زەرخریدی کەسێکی تر نەبێ، دیل و ئێخسیر نەبێ * سەربەست. ٢- میللەتێک یا وڵاتێکی لە ژێر دەستی بێگاناندا نەبێ، سەربەخۆبێ. ٣- ئافرەتێکی ڕووی خۆی دانەپۆشێ و شەرم لە پیاوان نەکا. ٤- ناوە بۆ نیڕینە. تێبــ.: ئەم وشەیە شکڵێکی کۆنتری «ئازا» یە کە بە مانای «شجاع» ە. هس.: زات = جورئەت «کوردی»، ئەسەد= شیڕ «عەرەبی».
ئازاد کردن
«مستـ. متـ.» ١- بەرەڵڵاکردنی یەکێک لە بەندیخانە و دیلی و ئێخسیری. ٢- پساندنی پێوەندی بەندەیی و غوڵامێتی لە ئەستۆی کەسێ، دەرهێنانی تۆقی عەبدایەتی لە ملی ئەو کەسانەی «عەبد» ن. ٣- ڕزگارکردنی وڵاتێ لە دەس بیگانە. ٤- داماڵینی بەندوداوی ماددی و مەعنەوی لە کەسێک یا لە شتێک: ئازاد! «وەڵامی سڵاوی عەسکەرییە لە سوپای ئێران و کەوتۆتە ناو زمانی کوردییەوە، وەکوو ئەو سەربازەی سڵاوی نیزامی بۆ ئەفسەرەکەی دەکا، بەسترابێتەوە.»، شۆڕشی چاردەی تەمووز، عێراقی لە دەست ئیمپڕیالیزم ئازاد کرد. ٥- «مجـ.» تەڵاق دان و بەرەڵڵاکردنی ژن.
ئازادی
[[ پهـ: ئازاتیهـ ]]
«حمسـ.» بەندە و عەبد نەبوون، جڵەو بە دەست خۆوەبوون، ژێردەستەی کەس نەبوون * ڕزگاری. «بکـ.» ئازاهی. □ ئازادیی، سەربەخۆیی و میری و گەورەیی، داوا دەکەین بە زار و زمان و ددان و لێو «سەیفی قازی».
ئازادیخوا
«نفا.» تمـ: ئازادیخواز.
ئازادیخواز
[[ ئازادی + خواز «خواستن» ]]
«نفا.» ئەو کەسەی ئازادی دەوێ، ئەوەی بۆ ئازادی وڵات یا میللەت یا بیروباوەڕی «ئازادی گشتی» خەبات دەکا: ئازادیخوازان لە پێناو ئازادی نەتەوەی کوردا بە گژ ئیمپڕیالێزم و نۆکەرەکانیدا دەچن.
ئازادیخوازانە
[[ ئازادی + خوازی + ئانە] ]
١- «ستـ.» هەر کار و کردەوە و شتێکی پێوەندی بە ئازادیخوازییەوە هەبێ: خەباتی ئازادیخوازانەی میللەتان، مەقالەی ئازادیخوازانەکانی ڕۆژنامەی «نوور» بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی نەتەوەی کورد. ٢-[ ئازادیخواز + ئانە]، «بنتـ.» وەکوو ئازادیخوازان، بە شێوەی ئەو کەسانەی ئازادییان دەوێ: ئازادیخوازانە بیر لە مەسەلەکە بکەوە. تێبــ.: ئەم وشەیە ئەگەر «سفەت» بێ لە وشەی «ئازادیخوازی» وەردەگیرێ و لە جوملەدا پاش ناو دێت و لە ئەسڵا دەبێتە «ئازادیخوازیانە» بەڵام دەنگی «ی» ەکە لەبەر قورسی دەکەوێ. بەڵام ئەگەر «بەند = قید» بێ لە وشەی «ئازادیخواز» دادەتاشرێ و هەمیشە پێش ناو دەکەوێ.
ئازادیخوازی
«حمسـ.» خەبات کردن لە پێناو سەربەستیدا، لایەنی ئازادی گرتن.
ئازار
[[ پهـ: ئازار ]]
«نا.» ١- ئێش، ژان: سوورەکوان ئازاری زۆرە، ئەم مناڵە لەو جێگە بەرزەڕا کەوتەخوار کەچی ئازاری نەگەیی. ٢- نەخۆشی گیانداران جگە لە ئینسان: مریشکەکان ئازاریان تێکەوتووە. ٣- نەخۆشی ئادەمیزاد، ئەوانەی زوو تەشەنە دەکەن و خەڵک زۆر دەکووژن «تاعوون، کولێڕا...» تێبــ. ــ مەڵبەندی سابڵاغ، ساڵی ١٣٣٦ی کۆچی کۆلێڕای تێکەوتووە ئێستاش بە «ساڵی ئازاری» مەشهوورە. ٤- ئەزێت، جەزرەبە، عەزاب، ئێش و ژانێکی پیاو لە پاش ماندووبوون، لێدان و کارکردن هەستی پێدەکا. □ «بنوویسن وەبان سەنگی مەزارم، شەهیدی عەشقم مەدەن ئازارم». «فۆلکلۆڕ».
ئازار
[[ = عا.: ئازار، لە سوریانی] ]
«نا.». «کعر.» تمـ: ئادار.
ئازاردان
[[ ١- ئازار + دان] ]
«مستـ. متـ.» ئێش گەیاندن بە کەسێک چ بە لێدان چ بە قسە یا هەر شتێکی تر: کەوشی تەنگ قاچ ئازار دەدا، قسەی ئەم کابرایە هێندە ڕەقن دڵی پیاو ئازار دەدەن.
ئازاری سی
[[ ئازار + سی ]]
«نتـ.»، «سنـ.» تمـ: / ئازاری سیل [ئازار + ١- ئی + سیل = عا.: سل]، «کو. عا.»، «نتـ.»، «مکـ.» ناخۆشییەکە زیاتر لە سیپەلاک دەدا و پیاو زوبوون دەکا و تا دێ باریکتر و بێ هێز تر دەبێ و ئوگەر چارەی نەکا دەیکوژێ. * ئازاری سی، تەبەرکوڵۆز «فرەنسی»، دەردەباریکە، سیل، سیل و دیق. تێبــ. ــ ئەم نەخۆشیە بە هۆی «باسیل» ێکەوە پەیدادەبێ کە لە ئالکۆل و ئاسیدا خۆ رادەگرێ، دەتوانێ لە هەموو ئەندامەکانی لەشا سەر هەڵبدا. بەڵام زیاتر لە ناو «سی» پەیدا دەبێ. باسیلی ئەم نەخۆشییە چونکوو «کۆخ» ی ئەڵمانی دۆزیوێتەوە مەشهوورە بە «باسیلی کۆخ» لە بەڵغەم و تفی نەخۆش و ئەو ئەندامەی کە تووشی هاتووە دەبیندرێ. میکرۆبی سیلی پاتاڵ ــ گا، مانگاــ لە ئینسانیش کار دەکا و خواردنەوەی شیری مانگای سیلاوی پیاو تووشی ئەم نەخۆشییە دەکا. جاران سیل دەردی بێ دەرمان بوو زیاتر بە ڕۆنی ماسی دەرمان دەکرا، بەڵام ئێستا باش چارەی دەکرێ.
ئازاکردن
[[ ١- ئازا + کردن] ]
«مستـ. لا.» ١- «سنـ.» خێرایی کردن لە کارێکا، تاڵووکەکردن. ٢- «مستـ. متـ.» خۆشبوون لەهەق: گەردنی ئازا بکەن. خۆئازاکردن: خۆنەترس پێشاندان، کارێکی وا کردن کە خەڵک هەست بە جەربەزەیی بکەن: وەرە دانیشە هێندە خۆتمان لێ ئازا مەکە.
ئازاڵە
(نت.)، (سن.) سووتەمەنی لادێی کوردەواری: تەپاڵە و پشکەڵ و دەوە... * تەپاڵە. هس.: «بکـ.» ئێزنگ.
ئازایانە
[[ ١- ئازا + ئانە] ]
١- «ستـ.» کار و کردەوەیەکی ئازایەتی تێدابێ: هەڵمەتێکی ئازایانەیان بردە سەر سەنگەری دوژمن. ٢- «بنتـ.» بە شێوەیێکی ئازایەتی، وەکوو یەکێکی ئازا: ئازایانە هەڵیان کوتا سەر تانکە بۆر، کوڕینە ئازایانە ئەم ئیشە ڕاپەڕێنن. تێبــ.: ئەم وشەیە ئەگەر سفەت بێ لە پاش «ناو» دێت و ئەگەر «بەند» یش بێ دەکەوێتە پێش فیعل.
ئازایی
[[ ١- ئازا + ٢-ئی] ]
«نمسـ.» خۆڕاگرتن و ڕاوەستان بەرامبەر خەتەر و مەترسی، بەرانبەر ئێش و ئازار و بەسەرهاتی ناخۆش: ئەمە ئازاریی پێ ناڵێن پیاو خۆی بخاتە مەترسییەوە * «بکـ.» ئازاتی، ئازاهی.
ئازایەتی
[[ ١- ئازا + ئەتی] ]
«حمسـ.» نەترسان، بەجەرگ بوون: ئەو ئازایەتی ئێوە دەینوێنن لە دەس کەم کەس دێ، ئازایەتی مەڵا عەوڵای جووتیار دە گێڕانەوە نایە.
ئازوباز
«نتـ.»، «سیمـ.» تمـ: ئازوبەزە.
ئازوبەزە
[[ ئاز + و + بەزە ]]
«نتـ.»، «سیمـ.» جوملەیێکە بۆ پاکانە کردن لە مەسئوولیەتی کردەوە و ئاکار و قسە بەکاردێت کە یەکێک دەربارەی کەسێکی تر کردبێتی و کابرا وا بزانێ کە بەم کردەوە یا قسەیە زیانی پێدەگا و نە ئانقەست وای دەگەڵ دەکرێ یاخۆ شتێک ڕووی نەدابێ بەڵام کابرا وای چووبێتە مێشکەوە: ئازوبەزەت بە ملم ئەگەر نیازم خراپ بووبێ لەگەڵت، ئازوبەزەی تۆم بە ملی ئەگەر شتی وام لەدەم دەرهاتبێ * ئازوباز «مکـ.» ئەز. تێبــ. ــ بە لای منەوە ئەم وشەیە لە ئاز «پهـ: ئاز = پێداویستی، تەماح، ئارەزوو» و بەزە «پهـ: بەچەک = تاوان، زوڵم لێکردن» پێکهاتووە.