تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئیستبداد- ڕەهاگەرایی
سیستەمێکی سیاسییە کە ئەم تایبەتمەندییانەی لەخۆ گرتبێت:
١) دەسەڵاتێکی دەوڵەتی کە هیچ سنووڕێکی یاسایی یان نەریتی بۆ حکوومەتکردن نەبێت.
٢) فرەوانبوونی بەستێنی حاکمییەتی ملهوڕانە (هەڵبەت ئەم دۆخە پێویستی بە دامودەزگەیەکی ناوەندگەرا هەیە.)
ئیستبداد، ئۆتۆکراسی و دێسپۆتیزم* سێ چەمکی هاوواتان بەڵام بە تەواوەتی یەک ناگرنەوە، وەکو چۆن توتالیتاریزم جۆڕێکە لە ئیستبداد بەڵام هەموو ئیستبدادێک تۆتالیتار نییە.
حکوومەتی شارستانییەتە کۆنەکانی ئاشوور و بابل و میسر و ئێران و… سەرجەم ئیستبدادی بوون. تەنیا یۆنان و ڕۆم نەبێت کە دیکتاتۆری کاتییان هەبووە. (بڕوانە دیکتاتۆری)
لە سەدەی 16 بەدواوە ئیستبداد لە ئەورووپا ڕووکارێکی تازەی لەخۆگرت. ئەویش لە کاتێکدا بوو کە دەوڵەتە نەتەوەییەکان و پادشاکان لە بەرانبەر دەسەڵاتی پاپا قوت بوونەوە و ئیستبدادی پاتشایی (لەسەر بنیاتێکی ڕەهای دەسەڵات بۆ پاشا) وەکوو ئاواتێکی سیاسی لێهات و ئەم دەوڵەتانەی بە شێوەیەکی نوێ ڕێکخست. بۆ وێنە ئەم گوزارەی «لۆیی چواردەهەم» کە گوتی: «من دەوڵەتم» نموونەیەکە لە ئیستبدادی پاشایی کلاسیک.
ئیستبداد لە سەدەکانی 17و18 لە باری تیۆرییەوە، لەسەر بنیاتی دەسەڵاتی بێسنووری پاشا، گەشەی کردووە و هیچ شتێک تەنانەت «مافی سروشتی» * خەڵکیش ئەم سنوورەی نەبەزاندووە. لە سەدەی هەژدەیەم، شۆڕشەکانی ئەمریکا و فەڕەنسە بە دژی ئیستبداد ڕاپەڕین و ئەم خەباتە لە ماوەی سەدەکانی 19و20 بوو بەهۆی سەرهەڵدانی چەن دەوڵەتێکی یاسایی لەسەرانسەری جیهاندا. هەمان کات (سەدەی بیستەم) جۆرە ئیستبدادێکی تازە سەری هەڵدا کە پێی دەگوترێ، توتالیتاریزم. سیستەمە ئیستبدادییەکان لە وەڵاتانی ڕۆژهەڵات، لە چەشنی حکوومەتێکی لاسار بووە. (بڕوانە دێسپۆتیزم)
مرۆڤدۆستی/مرۆڤگەرایی
مرۆڤ دۆستی یا هیۆمانیزم لە وشەی Human بە واتای مرۆڤ وەرگیراوە. ئەم زاراوە لە زانستە مرۆییەکاندا مانای جۆراوجۆری هەیە بەڵام بە گشتی بریتییە لە کۆمەڵێ تیۆری کە ڕێز بۆ مرۆڤ و خەسڵەتە مرۆڤییەکانی دادەنێ و حەز بە گووران و بەختەوەری مرۆڤ دەکات. هەروەها بریتییە لە فەلسەفە و ڕێبازی مرۆڤایەتی کە ژیانی ئادەمیزاد لەم جیهانەدا بە گرنگتر دەزانێ لە لێکۆڵینەوەی ئاین و شتی مانایی و نەبینراو. بەپێی ئەم ڕێبازە پەروەردە شتێکی زور گرنگە بۆ گەشەسەندن و پێگەیشتنی توانستەکانی مرۆڤ.
لە مێژووی شارستانەتیی ڕۆژئاوادا مرۆڤپەروەری، ناوی بزووتنەوەیەک دەخاتەوە بیر کە بوو بە بنەمایەک بۆ ڕینسانس و بووژانەوەی زانست و کولتوور و هونەر و چێکردنی گیروگرفتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، دوور لە پەروەردە و دەسەڵاتی پاپا ئایینییەکان. ئەم بزاوتە کولتوورییەی ئەورووپا بەهۆی ئاشنابوون لەگەڵ کولتووری کەونارای یۆنان و ڕۆما هاتە ئاراوە تاکوو لە بەرانبەر تاریکستانی فەرهەنگی سەدەکانی ناوەڕاست، کولتوورێکی نوێ بەرهەم بێنێت.
دروشمی مرۆڤ دۆستی لەسەر ئەم قسەی پرۆتاگۆراس بەندە کە دەیگوت مرۆڤ پێودانگی هەموو شتێکە. بەم پێیە مرۆڤی خستە جێی خواوەند و کڵێسە و مەسیح و تاک گەرێتی و بڕەوی دا بە خۆپەرستی ئاوەزمەندی و لەبری باوەڕ بە مانەوەی ڕۆح و بەڵێنی بەهەشت، خۆشبینی بەم جیهانەی بەرجەستە کردەوە. ئایدیولۆژیای مرۆڤ دۆستی دوو قوتابخانەی لێ کەوتۆتەوە: یەکەم، لیبرالیزم کە باڵانوێنی عەقڵێکی شارستانی بە تایبەت چینی ڕۆشنبیر بوو کە لەگەڵ کۆت و بەندە کۆمەڵایەتییەکاندا دژایەتی دەکرد و دواتر وەک ئایدیۆلۆژیای کۆمەڵگەی سەرمایەداری هەژمۆنی پەیدا کرد. دووهەم، سۆشیالیزم کە خەونی بە چاکسازی و باشتر کردنی باری گوزەرانی چینی هەژارەوە دەبینی. نوێنەرانی مرۆڤدۆستی لە ئەورووپا بریتین لە: دانتە، داڤینچی، مەیکڵ ئانژ، گالیلە، دکارت، لۆتر، شکسپیر، نیۆتۆن، سێرڤانتس، کۆپرنیک، ئەرێسمۆس و بۆکاچیڤ.
نەهیلیزم (پووچگەرایی)
ئەم زاراوە لە وشەی لاتینی nihil بەواتای هیچ و پووچ وەرگیراوە. لایەنگرانی ئەم قوتابخانە هەر بابەتێکی داسەپاو بەسەر ئەندێشەی مرۆدا ڕەت دەکەنەوە و هەموو بیروباوەڕێک بە پووچ دەزانن و بە چاوێکی سووکەوە سەیری هەموو یاسا و ڕێسایەک دەکەن. فەلسەفەی نەهیلیزم دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یۆنانی کۆن و پێش سوکرات کە ئەویش بریتی بووە لە ڕەتکردنەوەی بوون و ڕۆح و موڵکدارێتی و یاسا و مافەکان و هەموو شتێک. بەڵام لەم سەدانەی دواییدا لە ڕووسیای تیزاریدا ناوی ڕێبازێکی کۆمەڵایەتی بوو کە دەسەڵاتی حکوومی و ناحکوومی بە هیچ دەزانی و دواتر گۆڕا بە مەرامێکی شۆڕشگێڕانە بە مەبەستی لەناوبردنی هەموو پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی.
زاراوەی نەهیلیزم، یەکەم جار لەگوێن شێوازێکی ڕەخنەگرانەی نیگەتیڤ دەربارەی گرێبەست و نەریتی کۆنی کۆمەڵایەتی لە لایەن نووسەری بەناوبانگی ڕووس، تۆرگنیف، لە کتێبی «باوکان و منداڵان» دا بە کار هاتووە. سەرکاروان و دامەزرانەری ڕێبازی نەهیلیزم لە ڕووسیا، باکۆنین (1876ــ 1814) بوو. پاش ساڵی 1878 ئەم زاراوە لە ڕووسیا دەربارەی ئانارشیست و تیرۆریستەکان بە کار برا. هەندێ جاریش مانای خۆبەختکردن و دابڕان لەم دنیایەی لێ هەڵێنجراوە.