تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



گرووپی
ئەم گرووپە لە کۆنفرانسی بازرگانی و گەشەکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان (1964) ناسراو بە «ئانکتاد» بە بەشداری 77 وەڵاتی ڕووەو گەشەکردن پێکهات بۆ ئەوەی ببێتە گرووپێکی فشار و لە بەرژەوەندییەکانی وەڵاتانی بەرەو گەشەکردن داکۆکی بکات. یەکەم دانیشتنی ئەم گرووپە لە ساڵی 1967 لە ئەلجەزیرە گرێدرا و لەو کاتەوە تا ئێستا ژمارەی ئەندامانی هەر زیادی کردووە بە چەشنێک کە ئێستا ژمارەی ئەندامەکانی گەیشتۆتە 130 وەڵات بەڵام ناوەکەی هەر نەگۆڕاوە.
دانیشتنەکانی ئەم گرووپە بۆتە هۆی گەشەکردنی پێوەندی بازرگانی لە نێوان وەڵاتانی ئەندام بەڵام هەر نەیتوانیوە هەندێ لە ئامانجە سەرەکییەکانی وەک پاراستنی توانای کڕینی کەرەستەی خاو، بپێکێت.
گرووپی
ئەم گرووپە لە ساڵی 1989 لە لایەن هەندێ لە وەڵاتانی ڕووەو گەشەسەندن، بە مەبەستی چۆنیەتی دانوستان و هەڵسوکەوت لەگەڵ وەڵاتانی پیشەسازی جیهان و پێکهاتەگەلێکی وەک گرووپی 8 و ڕێکخراوەی بازرگانی جیهانی دامەزرا. ئەگەرچی ژمارەی ئەندامەکانی لە ساڵی 2000 گەیشتە 18 وەڵات، بەڵام ناوبانگەکەی هەر بە ناوی گرووپی 15 ماوەتەوە. ئەندامانی ئەم گرووپە بریتین لە: ئەرجەنتین، ئەلجەزایر، ئەندونیسیا، بەرازیل، پیرۆ، جاماییکا، زیمبابوا، سەنگال، مالیزیا، میسر، مەکزیک، نایجیریا، ڤینزۆئیلا، هیندستان، شیلی، ئێران، کێنیا و کۆلۆمبیا. لە بەیاننامەی حەوتەمین کۆبوونەوەی سەرۆکی وەڵاتانی ئەندام کە لە ساڵی 1997 لە کوالالامپوور دەرکرا، ئاماژە کراوە: ئەگەرچی ڕێکخراوەی بازرگانی جیهانی چوارچێوەیەکی گرینگە بۆ ئاسانکاری بازرگانی کردن لە جیهاندا بەڵام پێکهاتێکی نایەکسانە و هەموو وەڵاتان ناتوانن بە شێوەیەکی یەکسان لە بەرژەوەندی و مافەکانی خۆیان داکۆکی بکەن.
گرووپی 1+5
بریتییە لە پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان (وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بریتانیا، فرەنسا، سۆڤیەت و چین) لەگەڵ ئەڵمانیا کە لە بابەت کێشەی ئەتۆمی ئێران لە ساڵی 2006 بەملاوە لەگەڵ ئەم وەڵاتە گفتوگۆیان دەکرد. وەڵاتانی ڕۆژاوا، ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە بە شێوەیەکی پەنامەکی و نهێنی لە لەفافەی بەرنامەی ئەتۆمی ئاشتیخوازانەدا خەریکی پیتاندنی ئۆرانیۆمە و دەیهەوێت چەکی ئەتۆمی دروست بکات. ئێران ئەم شتە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێ لە پیتاندنی ئۆرانیۆم بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا کەڵک وەردەگرێ. لە ماوەی 3 ساڵدا ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان چوار بڕیاری بە دژی ئێران دەرکردووە و هەندێ ئاستەنگی و گەمارۆی ئابووری بە سەر ئەم وەڵاتەدا سەپاندووە.
گرووپی 2+6
دوابەدوای ڕووداوە تیرۆریستییەکەی 11/9/2001 و هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئەفغانستان لە 7/11/2001 و جموجووڵە سەربازییەکەی هاوپەیمانی باکوور کە بووە هۆی ڕووخانی ڕژێمی تالیبان، گرووپی 2+6 دامەزرا. ئەم گرووپە پێکهاتووە لە نوێنەرانی 6 وەڵاتی دراوسێی ئەفغانستان، واتە: ئێران، پاکستان، ئوزبەکستان، تاجیکستان، تورکمانستان و چین و دوو وەڵاتی دوور لە هەرێمەکە، واتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕووسیا. ئەم گرووپە لە سەروبەندی قەیرانی ئەفغانستان، هەستا بە گفتوگۆ و ڕاوێژ لەمەڕ چارەسەرکردنی قەیرانەکە و دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ سەقامگیرکردنی ئاشتی و دیاریکردنی پلانی سیاسی دوارۆژی ئەفغانستان.
گرووپی 8
ئەم گرووپە لە سەرەتای دامەزرانییەوە پێکهاتبوو لە 7 وەڵاتی گەورەی پیشەسازی جیهان واتە: ئەڵمانیا، بریتانیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیتالیا، ژاپۆن، فرەنسی و کەنەدا، بەڵام لە دوای ڕووخانی یەکیەتی سۆڤیەت (1991)، فیدراسیۆنی ڕووسیاش لە کۆبوونەوەکانی ئەم گروپەدا بەشداری دەکات. هەر بۆیە لە دانیشتنی 1998ی لەندەن، بە شێوەیەکی فەرمی ئەم وەڵاتەش بوو بە ئەندامی گرووپەکە و گرووپی حەوت، ناوی خۆی بە گرووپی 8 گۆڕی. ڕێبەرانی ئەم هەشت وەڵاتە، ساڵی جارێک و هەندێ جاریش لە کاتی نائاساییدا کۆبوونەوە ساز دەکەن و گەلێک لە کێشە و گیروگرفتە ئابووری و سیاسیەکانی جیهان لەم دانیشتنانەدا تاوتوێ دەکرێن. بۆ نموونە لە دانیشتنی ساڵی 2006 کە لە سان پتەرزبۆرگی ڕووسیا بەڕێوەچوو، وێڕای باسکردن لە بابەتی تایبەتی گرووپەکە، لەسەر دۆسییەی ئەتۆمی ئێرانیش لێکۆڵینەوە کرا. گرووپی 8 لەم چەند ساڵەی دواییدا دەرگەی بە ڕووی 12 وەڵاتی دیکەی جیهان کە خاوەنی ئابوورییەکی ڕووەو گەشەسەندنن بۆ وێنە بەرازیل و هیندستان ئاوەڵا کردووە و وێدەچێ لە داهاتوودا شوناسی گرووپەکە تووشی گۆڕان بکات.
گرووپی بانکی جیهانی
ئەم گرووپە پێکهاتووە لە 3 ڕێکخراوەی نێودەوڵەتی (IGOs):
1ــ بانکی نێودەوڵەتی بۆ چاککردنەوە و پەرەسەندن (IBRD)، ئەم بانکە بە ناوی بانکی جیهانی ناوبانگی دەرکردووە کە مەبەستی ئەویش نوێکردنەوەی سیستەمی ئابووری وەڵاتانی پەرەسەندووی سەردەمی جەنگی جیهانی بوو کە لێک هەڵوەشابوو. بانکی جیهانی، هاوجووتی سەندووقی نێودەوڵەتی دراوە.
2ــ ڕێکخراوەی نێودەوڵەتی پەرەسەندن (IDA)، ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی 1960 بە مەبەستی بەخشینی قەرزی «سووک» بۆ یارمەتی بە ژێرخانی ئابووری و پەرەسەندن دامەزراوە.
3ــ کۆمپانیای نێودەوڵەتی ماڵی (IFC) کە لە ساڵی 1956 بە مەبەستی بەهێزکردنی کەرتی تایبەتی ئابووری لە وەڵاتانی کەمتر پەرەسەندوو دامەزرا.
گرووپی فشار
لە وەڵاتانی پیشەسازی نوێدا بیروڕای گشتی، کاریگەریی زۆری لە سەر ئاستی کۆمەڵگەدا هەیە. لەم ڕووەوە گرووپی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی بە تایبەت گرووپە ڕەسمییەکان هەوڵ دەدەن بە شێواز و ئامرازی جۆراوجۆر ڕای گشتی بەرەو لای خۆیان داکێشن. کەشوهەوای مۆدێرنی ئەم چاخە وایکردووە کە دامودەزگەی بەڕێوشوێن کە لە زاراوەی کۆمەڵناسیدا بە گرووپی فشار ناوی دەرکردووە، بێنە مەیدانەوە تاکوو ڕای گشتی لەگەڵ بۆچوونەکانی خۆیان هاوتەراز بکەن و بە ئامانجەکانیان بگەن. گرووپی گوشار بە گرووپێک دەگوترێت کە هەوڵدەدات بە گوێرەی بایەخپێدان و ئاڕاستەکانی خۆی یان جەماوەر (کە خۆی بە نوێنەریان دەزانێت) کاریگەری دابنێ لە سەر ئەو هێزانەی بڕیاری یاسایی دەدەن یاخود ڕێکخراوە حوکمییەکان (پەرلەمان، دەستەی حکوومەت، وەزارەت و دامودەزگەکان) و هەروەها گۆڕانکاری پێویست بهێنێتە ئاراوە.
کەواتە گرووپی فشار هەوڵ دەدات بە شێوەی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ کاریگەری دابنێن لەسەر ڕای گشتی و سەپاندنی بڕواکانی خۆیان بەسەر کۆمەڵگەدا.
ئەو پێناوانەی کە ئەم گرووپانە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان بە شێوەیەکی ناڕەوا کەڵکی لێوەردەگرن بریتین لە:
پێناوی ئابووری: وەک بەخشینی خەڵات و بەرتیل دان بە جەماوەر.
پێناوی یاسایی: گرووپی گوشار هەوڵ دەدەن خواستەکانی خۆیان لە ڕێگەی یاساکانەوە بەسەر خەڵکدا بسەپێنن بۆ ئەم مەبەستەش دزە دەکەنە ئەنجومەنی یاسادانانی وەڵاتانەوە.
پێناوی تێکدەرانە: ئەم گرووپانە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان هەڵدەستن بە کاری تێکدەرانە و بشێوی و شەڕنانەوە لە وەڵاتدا.
پێناوی پرۆپاگەندەیی: لە ڕێگەی پرۆپاگەندەوە دەست دەکەن بە بڵاوکردنەوەی بیروڕای خۆیان بۆ گۆڕینی ڕای گشتی.