تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



کەمینە/کەمایەتی
گرووپێک، بە کۆمەڵێ تایبەتمەندی هاوبەشی نەتەوەیی، زمانی، کەلتووری و ئایینی کە بەو پێیە خۆیان لە زۆرینەخەڵکی وەڵاتێک کە تێیدا دەژین، بە جیاواز دەزانن. ئەم هۆشیارییە هاوبەشییەی کەمایەتی لە ئاست ئەم جیاوازییانەدا دەبێتە بنەمایەک بۆ ئامانج گەلێکی سیاسی تایبەت و لەم بەستێنەوە دەکەونە ژێر ئازار و بێعەدالەتی و تاراندن: بۆ وێنە یەکسانبوون لەگەڵ زۆرینە (لە بەرانبەر بێعەدالەتی ئیش و کار) یان ڕەفتارێکی تایبەت (وەک پەروەردە بە زمانی زگماکی) یان داوای خۆدموختاری کردن (بۆ وێنە ئەرمەنییەکان لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە دەوڵەتانی ناوچەکە و کاتولیکەکانی ئایرلەندی باکوور). بە دەگمەنیش هەڵدەکەوێ کەمایەتییەک بە پێچەوانەوە، دەستی بە دەسەڵاتی سیاسی بگا و ئینجا زۆرینە نەکەونە ژێر زەخت و فشارەوە (بۆ وینە ڕژێمی ئەفریقای باشوور لە قۆناغی ڕەگەزپەرستیدا). کەواتە «کەمایەتی» و«زۆرینە» بە پلەی یەکەم، چەمکی سیاسی لە قەڵەم دەدرێن بەر لەوەی کە چەمکێکی عەدەدی بن.
لە پێش سەدەی 19 تەنیا کەمایەتییە ئایینیەکان بوون کە لە گۆڕەپانی نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا چالاکییان ئەنوێند. لە سەدەی نۆزدە بەملاوە هۆشیاری نەتەوەیی پەرەی سەند، ئینجا کەمایەتییە نەتەوەییەکانیش گرنگایەتی زۆریان پێدرا. کەواتە لە ڕوانگەی ناوخۆییەوە کەمایەتییە نەتەوەییەکان بەزۆری بۆ چاککردنی وەزعی خۆیان دەنگیان هەڵبڕی (بۆ وێنە چیکەکان لە ئیمپراتۆرییەتی بنەماڵی هاپسبۆرگ). کەچی لە ڕوانگەی نێونەتەوەییەوە کەمایەتییەکان بوونە هۆی ئەوەی کە نەتەوەیەک نەتوانێ لە کاروباری نەتەوەکەی دیکەدا دەستێوەردان بکات (وەک ئەوەی کە هیتلەر کەمایەتییە ئەڵمانی زمانەکانی، کردە دەسپێچکێک بۆ گوشارهێنان بۆ سەر دەوڵەتەکانی چێک و پۆڵەندا).
لە ڕوانگەی زانستی سیاسیەوە هەبوونی کەمایەتی لە کۆمەڵگەدا یەکێکە لە مەرجەکانی دیموکراسیەت. بە واتایەکی دیکە، هیچ وەڵاتێک دیموکرات نییە مەگەر ئەوەی کە کەمینەی لە خۆ گرتبێ. بایەخی دیموکراسیەتیش پابەندە بە دەور و ڕۆڵی کەمینە لە کۆمەڵگەدا. کەواتە زامنکردن و بە ڕەسمییەت ناسینی دەوری کەمایەتی لە کۆمەڵگە دەبێتە هۆی مانەوە و بەقای ڕژێمێکی دیموکراتی. بە هەمان شێوە کە هەڕەشە و گوڕەشە لە کەمایەتیش دەبێتە هۆی لەکەدار بوونی دیموکراسی.
ئێستا کە لە 94 وەڵاتی جیهاندا شەڕ و ئاژاوە بەرپایە کە سەرچاوەی زۆریان دەگەڕێتەوە بۆ پشتگوێخستنی خواست و مافەکانی کەمینەکان کە لە لایەن دەوڵەتانی پێوەندیدار بەم مەسەلەوە وەلا دەنرێت.
شەڕی یەکەمی جیهانی
شەڕی جیهانی یەکەم لە ساڵی 1914 هەڵگیرسێ و سەرچاوەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ململانێ و کێبەرکێی دەوڵەتە گەورەکان لە سەر ئیستیعمار و کێشەی سەربازی و نەتەوەیی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەم. ئەم شەڕە بە بیانووی کوشتنی فرانسوا فێردیناند شازادەی نەمسا لە 28/6/ 1914 لە ویلایەتی سارایەۆو لە بۆسنیا دەستی پێکرد. خەڵکی ئەم ویلایەتە حەزیان دەکرد بە سێربستانەوە پەیوەست ببن بەڵام دەوڵەتی نەمسا دژایەتی دەکرد. کاربەدەستانی نەمسا دەوڵەتی سێربستانیان بە بەرپرسی ئەم کوشتنە ناوبردە کرد. دەوڵەتی نەمسا چونکە سوور دەیزانی ئەڵمانیا پشتیوانی لێدەکات، کەوتە فشارهێنان و هەڕەشەکردن لە سێربستان بەڵام ئەم هاشوهووشە سەمەربەخش نەبوو. بەم بۆنەوە دەوڵەتی نەمسا، شەڕی خۆی بەم وەڵاتە ڕاگەیاند. لەم ناوەدا سۆڤیەت پشتیوانی خۆی لە سێربستان دەربڕی.
شەڕفرۆشی نەمسا بە سێربستان بووە هۆی ئەوە کە ئەندامانی سێکوچکەی هاوپەیمان (بەریتانیا و فەرەنسە و سۆڤیەت) لەگەڵ سێکوچکەی یەکگرتوو (ئەڵمانیا و نەمسا و ئیتالیا)، شەڕی خۆیان بە یەکتر ڕاگەیەنن. ئەمریکا لە ساڵی 1917 هاتە ناو ڕیزی هاوپەیمانان (بەریتانیا و…) و دۆخەکەی بە قازانجی خۆیان گۆڕی. ئەم شەڕە کە 4 ساڵی خایاند زۆربەی ئەورووپا و ئەمریکا و ژاپۆنیشی گرتەوە و فەرەنسەش بووە گەورەترین مەیدانی شەڕەکە. ساڵی 1918 ئەڵمانیەکان لە بەرانبەر فەرەنسە و بەریتانیا و سۆڤیەت، شکستیان هێنا و سەرەنجام لە 11ی نۆڤەمبەری هەمان ساڵ شەڕ کۆتایی پێهات.