تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



سەرۆک کۆماریی
بریتییە لە: پلە و پایە و ئەرک و تەوزیمی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی دەوڵەتی هەڵبژێردراو لە وەڵاتێکی کۆماریدا. بەپێی ماهییەتی پلە و پایەی سەرۆک کۆماریی لە سیستەمی کۆماریدا دوو شێوازی سەرۆکایەتی دەبیندرێ: لە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆمارییەکانی ئەمریکای لاتین، کاری «سەرۆکی وەڵات» و سەرۆکی حکوومەت یەکێکە و هەموو ئەرک و کارکردەکان لە پلە و پایەی سەرۆک کۆماریدا کۆبۆتەوە. بەڵام لە وەڵاتانێکی وەک کۆماری فیدراڵی ئەڵمانیا و هێندستان و ئیتالیا و زۆربەی کۆمارییەکانی دیکە سەرۆک کۆمار، تەنیا سەرۆکایەتی وەڵاتی لە ئەستۆیە و کاری بەڕێوەبەرایەتی حکوومەت لە ئەستۆی ڕاوێژکار یان سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیراندایە. جیاوازییەکی دیکەش لە نێوان ئەم جۆرە حکوومەتانەدا هەیە ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی پەرلەمان. لە وەڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەمریکای لاتین سەرۆکی وەڵات و بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی، یەک کەسە (سەرۆک کۆمار) کە ئەویش سەربەخۆ لە ئەنجومەنی یاسادانان و بە دەنگی ڕاستەوخۆی خەڵک بۆ ماوەیەکی دیاریکراو هەڵدەبژێردرێت. بەڵام لە حکوومەتی پەرلەمانیدا هەڵبژاردنی بەرێوەبەری وەڵات یا ئەنجومەنی وەزیران، لە ئەستۆی پەرلەماندایە و تا ئەو کاتە لە پۆستی سەرۆکایەتی دەبێت کە دەنگی متمانەی زۆرینەی پەرلەمانی بردبێتەوە.
کۆماری
لە زاراوەی سیاسیدا کۆماری، حکوومەتێکی دیموکرات یان نادیموکراتە کە سەرۆکەکەی بە دەنگی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆی هەموو توێژێکی کۆمەڵگە هەڵدەبژێردرێ و جێماوەیی نییە و ماوەکەشی دیاریکراوە. بەزۆری کۆماری بە ڕژێمێکی دیموکراتی پەرلەمانی ناوبردە دەکرێت، ئەگەرچی هەندێ لە وەڵاتان بە کۆماریی لە قەڵەم دراون بەڵام دیموکراسی پەرلەمانی بەڕێوە ناچێت. کۆماری لە یۆنانی کۆندا ئاوات و حەزی بیرمەندانی گەورەی ئەو سەردەمە بوو بەڵام زۆربەی فەرمانڕەوایان لە نێوان چینی باڵادەست و سەرمایەدارەکان هەڵدەبژێردران.
ئیمڕۆکە بە حکوومەتێک دەگوترێ کۆماری کە خاوەنی دیموکراسی یان دیکتاتۆری بێ پادشا بێت. کۆماری خۆبەخۆ بە مانای دیموکراسییەت نییە بەڵکوو سیستەمگەلی بەستنەوەی دەسەڵات وەک حیزب و پەرلەمان هاتوونەتە مەیدان کە دەورێکی باڵایان لە ئیدارەی وەڵاتێکدا هەیە.
کۆماری نوێ بە چەند شێوازی جۆراوجۆر دابەش دەکرێت:
1ــ کۆماری دیموکراتی وەک ڕۆژاوا: ئەم کۆمارییانە لە بنەڕەتدا لە ناخی قەوارەی دیموکراتی و ئیرادەی گشتی بەدیهاتوون و بەرهەمی شۆڕشە ئازادیخوازییەکانی سەدەی 18و19ی ئەورووپان. نەریتی دیموکراسی لەم هەڵبژاردنەدا لە بەرچاو دەگیرێ و سەرۆکەکەی لە ڕێی هەڵبژاردنەوە دێتە سەر کار. لەم جۆرە حکوومەتەدا دەوری حیزب و پەرلەمان بەرچاوە. بۆ وێنە دەکرێ ئاماژە بدەینە کۆماری فەرەنسی کە تێیدا سەرکۆمار خاوەنی دەسەڵاتێکی بەرفرەوانە و سەرۆکی دەوڵەتەکەشی دەبێ لە پەرلەماندا هەمیشە لەدووی بە دەسهێنان و پاراستنی هێزی پەرلەمانی بێت. سەرەک وەزیران، بەهرەمەندە لە ئازادییەک کە«ناوەندێتی حکوومەتی» بە دواوە بێت.
2ــ کۆماری دیموکراتی جڤاتی: ئەم کۆمارییە لە پاش سەرهەڵدانی شۆڕشە کومۆنیستیەکانی ئەورووپای خۆرنشین و ئاسیا هەندێ ئالی دیکەی جیهان پێکهاتووە. لەم وەڵاتانەدا سەرچاوەی حکوومەت دەگەڕێتەوە بۆ دیکتاتۆری پرۆلتاریا (چینی کرێکار).
3ــ کۆمارییەکانی ئەمریکای لاتین و دیکتاتۆر لێدراو: لەم جۆرە کۆمارییانەدا ئیرادەی گشتی بۆ بەڕێوەبردنی مەملەکەت هیچ دەورێک نابینێ و دەسەڵات لە دەستی ڕێبەردا پاوان کراوە. بنەمای جیاکردنەوەی هێزەکان پشت گوێ دەخرێ و سەرکۆمار بەزۆری لە ڕێی کۆدەتا و کێشەوهەرای سەربازی یان سەروساختی سیاسی دێتە سەرکار. ڕێبەر، دەسەڵاتێکی بێسنووری هەیە و هەڵبژاردن لەم جۆرە وەڵاتانەدا بە شێوەیەکی فەرمایشی بەڕێوە دەچێ.
چەند زاراوەیەکی دیکە لەم ڕێچکەوە ڕەواجیان پەیدا کردووە کە بریتین لە:
کۆماری میران. لەم کۆمارییەدا بەڕێوەبەرایەتی حکوومەت بەدەستی میران و پیاوانی باڵامەقامەوەیە.
کۆماری پێناودار (واسیتەیی). لەم کۆمارییەدا میللەت بە پێناوی نوێنەرانی خۆی دەسەڵات بەڕێوە دەبات.
کۆماری بێ پێناو، لەم جۆرە کۆمارییەدا خەڵک بێ پێناو مافی دەسەڵاتداریەتی خۆی بەجێ دەگەیەنێت. (وەک یاسادانان، هەڵبژاردنەکان و چاودێری کردن بە سەر کاروباری حکوومەتدا)
کۆماری سەڵتەنەتی، لەم کۆماریەدا پاش مەرگی سەرکۆمار، سەرەک کۆماریی دەدرێتە کوڕەکەی. بۆ وێنە هاتنە سەرکاری بەشار ئەسەد پاش مەرگی باوکی لە سوریا (ساڵی 2000).
کۆماری ئیسلامی
ئەم زاراوە لە ساڵی 1945 کاتێک پاکستان دەیویست لە هیندستان جیا ببێتەوە و سەربەخۆیی وەربگرێت بە مەبەستی بە ئیسلامی کردنی دەوڵەت و حکوومەت هاتۆتە ئاراوە. بەڵام زیاتر لەگەڵ ناوی وەڵاتی ئێراندا ئاوێتە بووە. بۆیە هەرکات ئەم زاراوە بە زاردا دێت، پتر کۆماری ئیسلامی ئێران وەک تاکە وەڵاتێک کە بە شێوەیەکی ڕەسمی و فەرمی ئاوەڵناوی ئیسلامی بە زاراوەی «کۆماری»ـیەوە لکاندووە، دێتەوە یاد.
باسکردن لە کۆماری ئیسلامی ئێران گرێدراوی شۆڕشی ئیسلامی ئەم وەڵاتەیە کە لە نێوان ساڵەکانی 1963 تاکوو 1978 بە ئەنجام گەیشت. لە نێوان ئەم ساڵانەدا هێدی هێدی لە بەینی حکوومەتی پاشایەتی پەهلەوی و مەلا و زانا ئایینی و نائایینی لە سەر ڕەوتی مۆدێرنیتە بە شێوازی ڕۆژاوا و پێشێلکاری دەستووری بنچینەیی ئەو سەردەمە، کێشە و دژایەتی قوت بۆوە. سەرەنجام نێوان دەوڵەت و ئایین لەمپەرێک پەیدا بوو کە بووە ژێرخانێک بۆ شۆڕشی 1978 و ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی و هاتنە سەرکاری مەلاکان بە ڕێبەرایەتی ئایەتوڵلا خومەینی.
هاتنە سەرکاری حکوومەتی نوێ بە ناوی کۆماری ئیسلامی لە ئێران بووە هۆی داڕشتنەوەی سەرلەنوێی دەستووری بنچینەیی ئەم وەڵاتە. لەم دەستوورەدا کۆماری ئیسلامی سیستەمێکە کە لە سەر ئەم بنەمایانەی خوارەوە پێکهاتووە:
1ــ حکوومەت و دەسەڵاتداریەتی ڕاستەقینە هەر بۆ خوای تاقانەیە.
2ــ وەحیی خواوەندی و پەسڵان (معاد) و عەدالەت لە داڕشتنی یاسا دەوری سەرەکی دەبینێت.
3ــ ئیمامەت و ڕێبەرایەتی هەمیشەیی لە مانەوەی شۆڕشی ئیسلامی دەور دەبینێت.
4ــ بایەخ و بەهای مرۆڤ و ئازادی، هاوکات لەگەڵ بەرپرسیاریەتی لە بەرانبەر خودا لەم ڕێبازانەی خوارەوە زامن دەکرێت:
1ــ بیرنیشاندان (اجتهاد) ی هەمیشەیی زانایانی ئایینی بەپێی کتێب (قورئان) و سوننەتی پێغەمبەر و ئیمامان.
2ــ کەڵک وەرگرتن لە زانست و تەکنۆلۆجی پێشکەوتووی مرۆڤ.
3ــ بەرپەرچدانەوەی هەر چەشنە زوڵم و ستەمێک و بەرپاکردنی یەکسانی و عەدالەت و پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتووری.
کۆماری کوردستان (مەهاباد)
لە شەڕی دووهەمی جیهانیدا ئەگەرچی ئێران بێلایەنی خۆی ڕاگەیاندبوو بەڵام لە لایەن بەریتانیا و ڕووسەکانەوە لە ئاگۆستی 1941، کەرتی ڕۆژاوای ئێران داگیر کرا. بەریتانیا، بۆ پاراستنی کەرتی ڕۆژهەڵاتی عێراق ناوچەی کرماشانی گرت و ڕووسەکانیش، ئازەرباییجانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بێجگە لە شارەکانی مەهاباد و شنۆ و نەغەدەی داگیر کرد. لەم ناوەدا ناوچەی مەهاباد و سەقز، لە کۆنترۆڵی هیچ لایەنێک نەبوو. نەبوونی هیچ هێزێکی دەسەڵاتدار (تەنانەت ئێرانیش) لە ناوچەکەدا زەمینەی بۆ دامەزراندنی حکوومەتێکی خودموختار خۆش دەکرد.
ئەم دۆخە، لانیکەم تا کۆتایی شەڕی جیهانی دووهەم بەردەوام بوو. قازی محەمەد ساڵێک دوای دامەزرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە 22ی ژانوییەی 1946، لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد، کۆماری کوردستانی ڕاگەیاند. قازی محەمەد چەند ڕۆژ دواتر ئەنجومەنی وەزیرانی کۆمارییەکەی ڕاگەیاند کە پێکهاتبوو لە حاجی بابەشێخ، سەرەک وەزیر و 12 وەزیری دیکە.
کۆماری کوردستان و دەوڵەتی کوردی تەنیا 11 مانگی خایاند. هەر بۆیە لە ڕێکەوتی 17ی دێسەمبەری 1947، دوور لە پشتیوانی ڕووسەکان، هێزە سەربازییەکانی ڕژێمی پاشایەتی هێرشیان کردە مەهاباد و شارەکانی دەوروبەر و کۆماری نوێباو ڕووخا. سەرەتای ژانوییەی 1947 دەوڵەتی ئێران دادگەیەکی سەربازی بۆ قازی محەمەد و براکەی و ئامۆزاکەی، سەدر و سەیف سازاند و لە ڕێکەوتی 23ی ئەو مانگە لە سێدارە دران و کۆماری کوردستان کۆتایی پێهات.
کۆریس کۆچیرا، مێژونووسی بەناوبانگ دەربارەی هۆی ڕووخانی کۆماری مەهاباد لە زمانی مەلا مستەفا بارزانییەوە دەنووسێت: «ئەوە کورد نەبوو کە لە هێزەکانی ئەرتەشی ئێران تووشی شکست بێت بەڵکوو ئەوە یەکیەتی سۆڤیەت بوو کە لە بەرانبەر ئەمریکا و بەریتانیادا شکستی خواردبوو!». لەو هۆکارانەی کە دەتوانێ ئەم بۆچوونە بسەلمێنێت، یەکەم، چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەرتەشی ڕووس بوو لە ئێران. دووهەم، قسەکانی باڵیۆزی ئەمریکا لە تاران کە گوتبووی، دەوڵەتی ئەمریکا لە یەکپارچەیی خاکی ئێران داکۆکی دەکات.