تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ناوچەی ژێر دەسەڵات
زاراوەیەکی جوگرافییە بەواتای ناوچەیەک کە تێیدا باڵادەستیی سیاسی یان ئابووری وەڵاتێک بە ڕەسمییەت ناسرابێت ئەگەرچی دەسەڵاتێکی کەموکووڕیش بێت. ناوچەی ژێردەسەڵات، لەوانەیە یەکلایەنە ڕابگەێیندرێت: یان چەند لایەنە بێت. بۆ نموونە دابەشکردنی ئێران بەپێی ڕێککەوتنامەی دوولایەنەی سۆڤیەت و بەریتانیا لە ساڵی 1907 بە دوو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی باشوور بۆ بەریتانیا و باکوور بۆ سۆڤیەت.
ژێرخان
لە جیهانبینی مارکسیدا و بەپێی تیۆری «مەتریالیزمی مێژوویی» ، لە ناو هەموو پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە، پێوەندییە مادی و بەرهەمهێنەرەکان بە پێوەندی سەرەکی و چارەنووسساز دادەنرێن. ژێرخانی هەر کۆمەڵگەیەک بریتییە لە کۆی ئەو پێوەندییە بەرهەمهێنەرانەی کە پەیکەری ئابووری کۆمەڵگە پێک دێنن (واتە سیستەمی ئابووری، هێزە بەرهەمهێنەکان، پێوەندی چینایەتی و شێوازەکانی خاوەنداریەتی).
لە بەرانبەر ژێرخاندا سەرخان دێتە ئاراوە کە ئەویش بریتییە لە سەرجەم دەزگە کۆمەڵایەتی ــ سیاسی و کەلتوورییەکانی کۆمەڵگە. ئەم سەرخانە لە دوو ڕواڵەت پێک دێت: یەکەم، شێوازە یاسایی و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان، واتە دەوڵەت و دەزگەی دادپەروەری و سیاسی. دووهەم، ئایدیۆلۆجی واتە کۆی بڕوا و ئەندێشە ئەخلاقی و سیاسی و ئایینی و فەلسەفییەکان کە دەبێتە پاڵپشتی سیستەمی خاوەنداریەتی و شێوازی دابەشکردنی بەرهەمەکان. بە بڕوای مارکس، لە نێوان ژێرخان و سەرخان، پێوەندییەکی یەک لایەنە لە ئارادا هەیە و هەر چەشنە گۆڕانێک بە سەر ژێرخاندا بێت، دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە سەرخانیشدا.
ڕژێم
لە وشەی لاتینی reginien وەرگیراوە بە واتای ڕێسایەکە دەربارەی شێوازی ژیان. لە زاراوەی سیاسیدا ڕژێم بە مانای شێوازی حکوومەتکردن و چۆنیەتی بەرێوەبردنی وەڵاتێک بەکار هاتووە. بۆ نموونە ڕژێمی پاشایەتی، ڕژێمی کۆماریی و ڕژێمی سەربازیی. بەڵام ئەغڵەب ئەم زاراوە لە پاڵ حکوومەتێکی میلیتاریدا بەکار براوە.
ڕژێمی سیاسی
ڕژێمی سیاسی بەم دوو تایبەتمەندییەی خوارەوە پێناسە دەکرێت:
1) کۆمەڵێ مێتۆد و شێوازی حکوومەتکردن کە بەو پێیە چەندوچۆنی ماف و ئازادییە دیموکراتیەکان و پێوەندی ئۆرگانەکانی دەسەڵاتی دەوڵەت لەسەر بنەمای یاسا دیاری دەکرێت.
2) چۆنیەتی ڕێکخستن و سازدانی پێوەندی نێوان فەرمانڕەوا و خەڵکانی ژێر دەسەڵات.
دەستووری بنچینەی هەر وەڵاتێک، ڕژێمە سیاسییەکەشی دیاری دەکات.
ڕژێمە سیاسییەکان بەپێی پێودانگی جیاواز لە یەکتر جیا دەکرێنەوە:
ـــ ئەگەر سەرچاوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، پادشا بێت، ئەو ڕژێمە بە پاشایەتی لە قەڵەم دەدرێت کە دەسەڵات بۆ تاکێک بەجێ دەمێنێت.
ـــ ئەگەر سەرچاوەی دەسەڵات، جەماوەر یان زۆرینەی خەڵک بێت، ئەو ڕژێمە بە کۆماریی ناونووس دەکرێت کە لەم شێوازە حوکومەتییەدا ناوەندەکانی باڵای دەسەڵاتی دەوڵەت بە شێوەی هەڵبژاردن، بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دەسپێردرێتە دەست کەسانێک.
ـــ بە لەبەر چاوگرتنی کۆجێیی دەسەڵات، وەکوو ڕژێمی دیکتاتۆری و ڕژێمی تاک حیزبی.
ـــ لەسەر بنەمای پێکهاتەی دەوڵەت، وەکوو فێدرالیزم و کۆنفیدراسیۆن.
ڕەگەزنامە+ ڕاژێری+ نەتەوایەتی
بریتیە لەو پێوەندییە سیاسی و مەعنەوییەی کە کەسێک بە دەوڵەتێکی تایبەتەوە گرێ دەدات. لە ڕاستیدا پێوەندی تاک و دەوڵەت، پێوەندییەکی سیاسییە، ئەو کەسەی کە سەر بە نەتەوەی وەڵاتێکی دیاریکراوە پێی دەگوترێ هاووەڵاتی. ئەو کەسەش کە سەر بە هیچ نەتەوەیەک نەبێت پێی دەگوترێ ئاپاترید*.
لە بابەت ڕەگەزنامەوە، یاسای وەڵاتەکان 3 مەسەلەیان لە بەر چاو گرتووە:
1ــ هەرکەس دەبێ ڕەگەزنامەیەکی هەبێت (واتە هاووەڵاتی وەڵاتێک بێت) .
2ــ هیچ کەس نابێ زیاتر لە یەک ڕەگەزنامەی هەبێت.
3ــ ڕەگەزنامە، شتێکی هەمیشەیی و نەمر و نەگۆڕ نییە.
بەخشینی ڕەگەزنامە لە لایەن دەوڵەتەکانەوە بە دوو شێوە بە ئەنجام دەگات:
1ـــ سیستەمی خوێن. بەم پێیە ڕەگەزنامە بەهۆی دایک و باوک و خزمایەتیەوە دەدرێتە پاڵ منداڵ واتە هەر کە منداڵ هاتە دنیاوە، ڕەگەزنامەی دایک و بابی پێ دەدرێت.
2ـــ سیستەمی خاک. واتە منداڵ لە خاکی هەر وەڵاتێک لە دایک ببێ، ڕەگەزنامەی ئەو وەڵاتەی پێ دەدرێت.