تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



کۆنترۆڵی چەک
کۆنترۆڵی چەک، پڕۆسەی ڕێسامەندکردنی بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێکە. جیاوازی ئەم پرۆسە لەگەڵ چەکداماڵین لەوەدایە کە مەبەست لە چەکداماڵین، گەیشتن بە ڕێگەیەکی ئاشتیخوازانەیە بۆ قت کردنی چەک و تەقەمەنی لە ڕیزی خەرجوبەرجی دەوڵەتەکاندا. کۆنترۆڵی چەک بەپێی ستراتیجی و پەیمانی جۆراوجۆر جێبەجێ دەکرێت کە دەکرێ بەم شێوەی خوارەوە ئاماژەیان پێ بکەین:
1) بەربەستکردنی ڕادە و جۆری ئەو چەکانەی کە لە شەڕدا بەکار دەچێت.
2) بەربەستکردنی هێزی خاپوورکەرانەی چەکەکان لە ڕێگەی کەمکردنەوەی جبەخانەکانەوە.
3) کەمکردنەوەی گشتی ڕادەی چەکەکان.
4) قەدەغە کردنی وەبەرهێنانی ئەو تەکنۆلۆژییانەی کە لە هاوسەنگی دەسەڵاتدا دەور دەبینن.
5) دۆزینەوەی چارەسەرییەکی متمانەبەخش.
ڕێککەوتن لەسەر کۆنترۆڵی چەک، ڕێگرە لەبەردەم بەرهەمهێنانی هەندێ چەکدا و لە بەرانبەر وەبەرهێنانی ئەو چەکانەی کە مەترسی هەڵگیرسانی شەڕ دێنێتە ئاراوە، تەگەرە سازدەکات. لە ساڵی 1945 بەملاوە زۆربەی ڕێککەوتننامەکانی کۆنترۆڵی چەک، خۆلاسە بۆتەوە لەسەر نەهێشتنی پەرەپێدانی چەکی ناوەکی، کیمیایی و بایەلۆجی، سیستەمی مووشەکی دژی بالستیک و کەمکردنەوەی تاقیکارییە ئەتۆمییەکان کە بریتین لە:
• پرۆتۆکۆلی 1925 لە جنێڤ لە بابەت بەکارنەهێنانی گازی ژەهراوی و چەکی باکتریۆلۆجیک.
• پەیمانی 1959 جەمسەری باشوور لە بارەی نەکردنەوەی بنکەی چەکداری لە باشوور.
• کۆنڤانسیۆنی 1972 چەکە بایەلۆژییەکان لەمەڕ نەهێشتنی وەبەرهێنان و خاوەندارییەتی
ئەم جۆرە چەکانە.
• پەیمانی 1968 بەربەستکردنی چەکی ئەتۆمی (NPT).
گفتوگۆ لەمەڕ بەربەستکردنی چەکی ستراتیجیک، ناسراو بە سالت لە ساڵی 1972.
• پەیمانی کەمکرنەوەی چەکی ستراتیجیک، ناسراو بە ستارتی یەک (1991).
• کۆنڤانسیۆنی 1993 چەکی کیمیایی (CWC) کە خوازیاری لەناوبردنی هەماری چەکی
کیمیایی دەوڵەتانی ئیمزاکردەیە لە ماوەی 10 ساڵدا.
• پەیمانی مین (ئەڵغام) ی دژەنەفەر 1998 (APLT).
یەکێک لەو گرفتانەی کە لەسەر ڕێی کۆنترۆڵی چەکەکاندا پێش هاتووە، مەسەلەی سەلماندن و بەڕاست گەڕانی پرۆسەکەیە کە تەنانەت بە یارمەتی سەتەلایتی زۆر پێشکەوتووش ناکرێ بۆ جێبەجێ کردنی ئەم پرۆسە، بە دەوڵەتەکان متمانە بکرێت. بۆ نموونە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خۆی یەکێک لەو دەوڵەتانە بووە کە کۆنڤانسیۆنی 1993 چەکی کیمیایی واژۆ کردووە کەچی ڕادەیەکی زۆری لەم جۆرە چەکانەی بەرهەم هێناوە و لە هەمارەکانی خۆیدا سەریەکی ناوە. لە لایەکی دیکەوە سەپاندنی گەمارۆی دیپلۆماسی و ئابووریش، تەنیا بەسەر وەڵاتانی لاوازدا زەختی دەهێنێ و بۆ وەڵاتانێکی وەک ئەمریکا و چین و ڕووسیا کاریگەری نابێت.
پەیمانی بەربەستکردنی چەکی ئەتۆمی
ئەم پەیماننامە لە یەکەمی ژووئییەی 1968 بۆ بەرگریکردن لە پەرەسەندنی چەکی ناوەکی لە لایەن وەڵاتانی بەریتانیا و ئەمریکا و سۆڤیەت مۆر کرا و لە ساڵی 1970 بەملاوە پیادە کرا. وەڵاتانی دیکەی جیهان دوا بە دوای یەکتر بوونە ئەندامی ئەم پەیماننامە.
ئەندامانی ئەم ڕێکەوتننامە، بە دوو گرووپ دابەش دەکرێن:
1ــ وەڵاتانی خاوەن چەکی ناوەکی کە بەڵێن دەدەن ئەم جۆرە چەکانە بە ناو وەڵاتەکانی دیکەدا بڵاو نەبێتەوە و پەرە نەستێنێ.
2ــ وەڵاتانی نائەتۆمی کە بەڵێنیان داوە، نەبنە خاوەنی ئەم جۆرە چەکانە.
ئەم پەیمانە لە ڕاستیدا ڕێبازێکی لۆژیکییە بۆ بەدیهێنانی ناوچەگەلی پاککراو لە چەکی ناوەکی (Nuclear Weapons Free Zone) .
چەکداماڵین
کەمکردنەوە و لەناوبردنی چەک و تەقەمەنی یان کۆنتڕۆڵی ئامێری جەنگی و کەمکردنەوەی هێزی سەربازی بەمەبەستی داشکاندنی مەترسی شەڕ و زیادبوونی ئاسایش و هێمنایەتی نێونەتەوەیی. لە بابەت چەکداماڵینی هەمەلایەن و گشتگیر، لە مێژە باس و کۆڵینەوە کراوە. یەکەم جار لە «کۆمەڵی نەتەوەکان» لە ساڵەکانی 34- 1927 و پاشان لە «ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان» بەڵام هیچکامیان نەیانتوانی ئەم کێشە چارەسەر بکەن. پاش شەڕی یەکەم و دووهەمی جیهانی و بەهۆی ئەو کارەساتانەی کە لە جیهان ڕوویاندا بە تایبەت، پاش دروستکردنی چەکی ناوەکی هەوڵ و دەوڵی نێونەتەوەیی بۆ ئەم مەبەستە زیاتر پەرەی سەند و ئەمەش وایکرد کە لایەنگرانی چەکداماڵین بە خێرایی کۆببنەوە و بڕیاری گرنگ دەربکەن و بە کردەوەش هەنگاوی بەرچاوی بۆ بنێن. بۆ وێنە پەیمانی ئاتلانتیکی باکووری (ناتۆ) لە ساڵی 1943 بەمەبەستی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی لەبار بۆ ئەم مەسەلە چەن هەنگاوێکی هەڵگرت.
پڕۆسەی داماڵینی چەک، ڕەنگە بە شێوەی یەکلایەنە، دوولایەنە و چەندلایەنە یان پاژەکی و گشتی بێت. لە سیستەمە سیاسییەکانی هاوچەرخدا چەکداماڵین، بەدوای شکستهێنانی لایەنێکی شەڕ دێتە ئاراوە و دەوڵەتی سەرکەوتووی شەڕەکە دەست ئەکا بە داماڵینی چەکی لایەنی دۆڕاو.
پێویستە بگێ کە چەکداماڵین، خۆبەخۆ نابێتە هۆی دابەزاندنی مشتومڕ و کێشە. ناکۆکی مەسەلەکە لەوەدایە کە پڕۆسەی داماڵینی چەک کە بۆ نزمکردنەوەی کێبەرکێی چەک و تەقەمەنی دێتە کایەوە، هەندێ جار خۆی دەبێتە هۆی کێشە و ململانێ. چاودێریکردن بە سەر پڕۆسەی چەکداماڵین پێویستی بە بەڕێوەبەرایەتییەکی ناوەندگەرای بەهێزە.
ئاشتی پڕچەک
لە ساڵی 1871 کە ئەڵمانیا سەرکەوتنی بەسەر فەرەنسادا بەدەست هێنا، تا ساڵی 1914 کە شەڕی جیهانی یەکەم هەڵگیرسێ لەنێوان دەوڵەتانی ئەورووپی هیچ شەڕێک ڕووی نەدا، بەڵام لە ماوەی ئەم 43 ساڵەدا ئەم وەڵاتانە بە گەرمی سەرقاڵی پڕچەککردن و پشتئەستوورکردنی خۆیان بوون کە ئەم زەمەنە بە قۆناخی ئاشتی پڕچەک ناوی دەرکردووە.