تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



کۆنفرانسی پۆتسدام
کۆنفرانسی پۆتسدام لە میانەی 17ی ژووئییە تا 2ی ئۆگۆستی 1945، دوای خۆ بەدەستەوەدانی ئەڵمانیا و بە بەشداری بەرەی سەرکەوتووی جەنگی دووهەمی جیهانی (وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکێتی سۆڤیەت و بەریتانیا) بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆنفرانسی یاڵتا، گرێدرا. لەم کۆنفرانسەدا ئەڵمانیا کرایە چوار بەش و هەر بەشێکی کەوتە ژێر دەسەڵاتی هەر یەک لە وەڵاتانی ئەمریکا، سۆڤیەت، بریتانیا و فرەنسی و لیژنەیەکی پێکهاتوو لەو چوار وەڵاتە، کاروباری ئەم وەڵاتەی بەدەستەوە گرت.
هەر لەم کۆنفرانسەدا شاری بەرلین کرایە چوار بەش و بەڕێوەبردنی شارەکەش کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئەو لیژنەیە. سوپای نازی و دەزگە سیاسییەکانی ئەڵمانیا هەڵوەشایەوە و دادگەی سزادانی تاوانبارانی جەنگی پێکهات. بە گشتی ناکۆکییەکانی نێوان سۆڤیەت و وەڵاتانی ڕۆژاوایی بووە بەربەست لە بەردەم بڕیارەکانی کۆنفرانسدا.
دیسپۆتیزم+ لاساریگەریی
ئەم وشە لە ڕیشەی یۆنانی despoties) ) بە مانای سوڵتان و دەسەڵاتداری تاکڕەو وەرگیراوە. مەبەست لەم زاراوە، دەسەڵاتێکە کە هیچ سنوورێکی ڕێژەیی و یاسایی نییە و بە لاساری و بەربەرەڵا بەکار دەبرێت. پێشینەی ئەم وشە لە زاراوەی سیاسیدا دەگەڕێتەوە بۆ 2 هەزار ساڵ لەمەوبەر. هەڵبەت تا چەند سەدەیەک بەر لە ئێستە، دیسپۆتیزم لەگەڵ زاراوەی تیرانی (بروانە زۆرداریی) بەبێ ڕەچاوکردنی جیاوازییەکانیان، لەبری یەکتر بەکار دەبران. بەڵام ئەم چەمکە بە مانا نوێباوەکەی، پەیوەستە بە ئەندێشەی بیرمەندانێکی وەکوو دۆتۆکویل، هێگڵ، مارکس و ویتفۆگێل.
هێگڵ و مارکس، ئەم زاراوەیان بەشێوەیەکی هاوبەش بۆ پێناسەکردنی ئەو جۆرە کۆمەڵگەیانە بەکار هێناوە کە لە ڕەوتی مێژوویی خۆیان بەرەو شارستانییەت، تووشی کپبوون و بێدەنگی هاتوون. هێگڵ، پێی وایە کە مێژوو لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو ڕۆژاوا ڕۆشتووە و لەم ڕەوتە مێژووییەشدا دێسپۆتیزم، یەکەمین قۆناخی ئەم جووڵە بووە کە ئامانجە سەرەکیەکەشی دامەزراندنی حکوومەتێکی پادشایی بووە لە ئەورووپادا. بە باوەڕی ئەو، لە کاتێکدا کە هەموو خەڵکی ڕۆژاوا لە ئازادی حەساونەتەوە، کەچی لە ڕۆژهەڵات، تەنها یەک کەس (پادشا یا دەسەڵاتدار) لە ئازادی بەهرەمەندە و لەم سۆنگەوە شارستانییەتی ڕۆژهەڵات لە یەکەمین قۆناخی مێژوویی خۆیدا ماوەتەوە.
کاڕۆڵ ویتفۆگێل کۆمەڵناسی ئەڵمانی، بە پێوانەی تیۆرییەکەی مارکس دەربارەی شێوازی بەرهەمهێنانی ئاسیایی، ڕامانەیەکی نوێ لەسەر دێسپۆتیزم دەردەکات کە هەموو شارستانییەتە خۆرهەڵاتیەکان (چین، هێند و ئێران) و تەنانەت شارستانییەتە سوورهوولەکانی ئەمریکا (ئینکا، مایا و ئازتەک) لەخۆ دەگرێ. بەڕای ئەو، تایبەتمەندییەکانی ئەم جۆرە کۆمەڵگەیانە بریتییە لە:
1) ڕژێمی سیاسی ئیستبدادی.
2) نەبوونی چینی ئاریستۆکراتی بەردەوام (بڕوانە ئاریستۆکراسی) .
3) چەقبەستنی لەڕادەبەدەری سیستەمی ئیداری وەڵات.
4) نزمبوونی پێگەی کۆمەڵایەتی بازرگانەکان لە کۆمەڵگەدا.
5) بەکارهێنانی ئاودێریی بەرهەڵدا لە کشتوکاڵدا.
دیفاکتۆ: بڕوانە ناسینەوەی دووفاکتۆ.