تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



نەهیلیزم (پووچگەرایی)
ئەم زاراوە لە وشەی لاتینی nihil بەواتای هیچ و پووچ وەرگیراوە. لایەنگرانی ئەم قوتابخانە هەر بابەتێکی داسەپاو بەسەر ئەندێشەی مرۆدا ڕەت دەکەنەوە و هەموو بیروباوەڕێک بە پووچ دەزانن و بە چاوێکی سووکەوە سەیری هەموو یاسا و ڕێسایەک دەکەن. فەلسەفەی نەهیلیزم دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یۆنانی کۆن و پێش سوکرات کە ئەویش بریتی بووە لە ڕەتکردنەوەی بوون و ڕۆح و موڵکدارێتی و یاسا و مافەکان و هەموو شتێک. بەڵام لەم سەدانەی دواییدا لە ڕووسیای تیزاریدا ناوی ڕێبازێکی کۆمەڵایەتی بوو کە دەسەڵاتی حکوومی و ناحکوومی بە هیچ دەزانی و دواتر گۆڕا بە مەرامێکی شۆڕشگێڕانە بە مەبەستی لەناوبردنی هەموو پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی.
زاراوەی نەهیلیزم، یەکەم جار لەگوێن شێوازێکی ڕەخنەگرانەی نیگەتیڤ دەربارەی گرێبەست و نەریتی کۆنی کۆمەڵایەتی لە لایەن نووسەری بەناوبانگی ڕووس، تۆرگنیف، لە کتێبی «باوکان و منداڵان» دا بە کار هاتووە. سەرکاروان و دامەزرانەری ڕێبازی نەهیلیزم لە ڕووسیا، باکۆنین (1876ــ 1814) بوو. پاش ساڵی 1878 ئەم زاراوە لە ڕووسیا دەربارەی ئانارشیست و تیرۆریستەکان بە کار برا. هەندێ جاریش مانای خۆبەختکردن و دابڕان لەم دنیایەی لێ هەڵێنجراوە.
میترۆپول
میترۆپول لە وشەی یۆنانی Mteer بە واتای دایک و Polis بە واتای شار پێکهاتووە. ئەم زاراوە بە شارێک دەڵێن کە ناوەندی چالاکیەکی تایبەت بێت و هەروەها بە شارێک دەگوترێ کە بنکەی ئۆسقۆفی گەورەی تێدا هەڵکەوتبێ. لە زاراوەی زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا میترۆپول بەو شارانە دەگوترێ کە ڕێژەی حەشیمەتەکەی لە 7 ملوێن کەس زیاتر بێت.
لە زاراوەی سیاسیدا میترۆپول بە وەڵاتێکی کۆلۆنیالیست دەگوترێ کە خاوەنی چەند وەڵاتێکی ژێردەستە بێت. دەسەڵاتی ئەم وەڵاتە بە هۆی ئەو تواناییە ماڵی و پیشەسازی و قازانجە زۆرەیە کە لە چەوساندنەوەی ئەو وەڵاتە کۆلۆنییە بەدەستی هێناوە.