تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ڕۆژهەڵاتناسی
ڕێبازێکی ڕۆژاوایییە بەمەبەستی توێژینەوە و کوڵینەوە لە بارودۆخ و دابونەریت و زمان و خووخدەی خەڵکانی ڕۆژهەڵاتی زەوی. ڕۆژهەڵاتناسی، دەگەڕێتەوە بۆ حەز و خولیای خەڵکانی گەڕۆک و مامەڵەگەری ڕۆژاوایی و بەرهەمی ئامانجی سیاسی و داگیرکارانەی دەوڵەتانی بەریتانیا و سۆڤیەت و فرەنسێ و نەمسا و ئەڵمانیا بووە و زیاتر لە لایەن ڕاسپاردەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەم وەڵاتانە پەرەی ستاندووە.
ڕۆژهەڵاتناسی، دوو ڕەهەندی بووە: یەکەم، ئەو قازانج و بەهرە بووە کە وەڵاتانی داگیرکەر لەڕێگەی خوێندنەوە و سەردەرهێنان لە بارودۆخی ناوچەکە وەدەستیان کەوتووە (بۆ وێنە بازرگانیکردن). دووهەم، لە بواری پێشکەوتنی زانستی بۆ وەڵاتانی ڕۆژهەڵاتی حاڵەتێکی ئیجابی بووە، ئەویش خزمەتێکە کە ئەم ڕێبازە بە ناسینی پێشینەی کەلتووری و مێژوویی گەلانی ڕۆژهەڵات کردوویەتی. زاراوەی ڕۆژهەڵات ناسی بۆ گەلانی ڕۆژهەڵات، وەبیرهێنەرەوەی ڕابردوویەکی تاڵ و ئەو زیانە سیاسیانەیە کە بەناوی ناسینی گەلانی ڕۆژهەڵات لە لایەن ڕۆژاواییەکانەوە پێیان گەیشتووە. ئیدوارد سەعید دۆگماکانی ڕۆژهەڵاتناسی بەسەر چوار تەوەر دابەش دەکات:
1ــ دوگمای جیاکارییەکی نامێژوویی و جەوهەریی لەنێوان ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتدا، بەوەی گوایە ڕۆژئاوا سەرزەمینی عەقڵانیەتێکی قووڵ و مەزنە و ڕۆژهەڵاتیش سەرزەمینی کاڵفامی و گێلیەتییەکی گەورە.
2ــ دۆگمای ئەوەی هەر شتێک کە لە ئیسلامدا ڕوو بدات، دەبێت لەڕێگەی ئایینی ئیسلامەوە لێک بدرێتەوە و بناسرێت و ڕاڤە بکرێت. لەم دیدەدا ئەم ئایینە جەوهەرێکی نەگۆڕی هەیە و بەرپرسیارە لەسەرجەم ئەو ڕووداوانەی لەم دنیایەدا ڕوو دەدەن، نەک کۆمەڵێک هۆکاری ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی.
3ــ دۆگمای پێشاندانی بەردەوامی ڕۆژهەڵات وەکوو گشتێکی هاوشێوە و لێکچوو کە توانێی بەرهەمهێنانی هێزی جیاواز و شوناسی جیاواز و کولتووری جیاوازی نییە و ناتوانێت گۆڕانکاریی بە دوا خۆیدا بێنێت. مادامەکی ڕۆژهەڵات ڕۆژهەڵاتە، کەواتە دەبێت بۆ نموونە سلێمانی هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ کابول و کابولیش هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ بێروت و ئەویش هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ تاران دا نەبێت. لەم دیدەوە ڕۆژهەڵات بەمانای وێکچوونێکی سەرتاسەری گەورەیە.
4ــ دۆگمای نیشاندانی ڕۆژهەڵات وەکوو سەرزەمینی مەترسی و هەڕەشە و تۆقاندن. شوێنێک بۆ ئەوەی ڕام بکرێت، دەبێ لێکۆڵینەوەی بەردەوامی لەسەر بکرێت و بناسرێت و کۆنتڕۆڵ بکرێت و مادامێکی هەڕەشەکانی هەر بەردەوام بوو، ئینجا داگیر بکرێت.