تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



تۆتالیتاریزم + پاوانخوازی
ئەم زاراوە لە ڕیشەی لاتینی (totus) بە مانای «گشت» وەرگیراوە. بەو ڕێباز و ئەندێشە سیاسی و ئایینی و ئەخلاقییانە دەگوترێ کە هیچ سنوورێک لەنێوان ژیانی کۆمەڵایەتی و ژیانی تاکەکەسی قاییل نابێت و بۆی هەیە تەواوی کەلێن و قوژبنی ژیانی خەڵک بپشکنێ و دەستی تێوەربدات. هەڵبەت ئەوە لە بیر نەکەین کە پاوانخوازی، لە خۆیدا ئایدیۆلۆجیایەکی تایبەت نییە بەڵکوو تایبەتمەندی ئایدیۆلۆجیکی سیستەمگەلێکی وەک کۆمۆنیزم و فاشیزم و نازیسم لە ئەژمار دێت.
تۆتالیتاریزم، یەکەم جار لە دوای ساڵی 1923، واتە ئەو ساڵەی کە مۆسۆلینی لە ئیتالیا دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت، بۆ ناوبردەکردنی ئەو سیستەمە کۆمەڵایەتی و سیاسییەی کە دەیویست لەم وەڵاتەدا پیادەی بکات بە کار براوە و پاشان دەماودەم بڵاو بۆتەوە.
بەگشتی ئەو ڕژێمانەی کە هەڵگری خەسڵەتی تۆتالیتەرین، ئەم تایبەتمەندییانە لەخۆ دەگرن:
1ــ کۆنتڕۆڵی دەوڵەت بە سەر هەموو کاروبارێکی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا.
2ــ پاوانکردنی دەسەڵاتی سیاسی بە دەستی حیزبی دەسەڵاتدار.
3ــ لابردنی هەموو جۆرە شێوازێکی چاودێریی دیموکراتی لە کۆمەڵگەدا.
4ــ پەنابردن بە تیرۆر بۆ سەرکوتکردنی هەر چەشنە نەیارییەک.
5ــ قۆرخکردنی حیزب و دەوڵەت لە لایەن تاکە کەسێکەوە.
6ــ هەوڵدان بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگەیەک بە پێوانەکانی ئایدیۆلۆجی حیزبی دەسەڵاتدار.
7ــ خستنەگەڕی هەموو هێزەکانی کۆمەڵگە لە پێناو ئامانجەکانی حیزب و دەوڵەت و ئیفلیجکردنی سەربەخۆیی تاکەکەسی.
جوگرافیای سیاسی (جێئۆپۆلیتیک)
پلاندانان بۆ سیاسەتی دەرەوەی وەڵاتێک بە لەبەرچاوگرتنی هۆکارە جوگرافییەکان. بابەتی جوگرافیای سیاسی، خوێندنەوەی بنەما جوگرافییەکانی دەسەڵاتی دەوڵەتە واتە لێکدانەوەی دەوری کەشوهەوا، سەرچاوە سرووشتییەکان، شۆێنکاتی جوگرافیایی، حەشیمەت و تایبەتمەندیە کەلتووریەکان بە سەر سیستەمی سیاسی وەڵاتێک. ئەرەستۆ دەڵێ: بە بێ ڕەچاوکردنی جوگرافیا، ئەقڵی سیاسی بڕ ناکات. «جان بۆدن»، یەکەم بیرمەندی هاوچەرخ بوو کە پێوەندی نێوان زانستی سیاسەت و جوگرافیای بەرجەستە کرد. «مۆنتسکیڤ» و «ڕۆسۆ»، هەرکامیان بە نۆبەی خۆیان لەسەر پێوەندیی هۆکارە جوگرافییەکان و کەشوهەوا بە سەر شێوازی حکوومەتکردن و کاریگەری ئەم هۆکارانە بە سەر سیاسەت و ئازادی خەڵک، توێژینەوەیان کردووە.
یەکێک لە پێشەنگەکانی جوگرافیای سیاسی، «هاڵفۆرد مەکیندر» ( 1947-1861) نووسەری بەریتانی بووە کە پێی وابوو چارەنووسی مێژووی جیهان، ئاکامی شەڕ و ململانێی هێزی وشکایی بووە لە بەرانبەر هێزی دەریاییدا.
بابەتی نوێی جوگرافیای سیاسی، لێکدانەوەی مەسەلە جیهانییەکانە لە ڕوانگەی جوگرافیاییەوە. سەرهەڵدانی ناوەندە جیهانییەکانی دەسەڵاتی نوێ، گرنگایەتی سەرچاوە سرووشتییەکان لەباری دەسەڵاتی سیاسی و پێوەندیی باکوور و باشوور لە جوملەی سەرباسەکانی جوگرافیای سیاسی مودێرنەیە. لێکدانەوەی سنوورە سیاسییەکان و ناوچە سەرسنوورییەکان، هێزی دەریایی و وشکایی و ناوەندە سیاسییە بەهێزەکانی دەسەڵات لە باری جوگرافییەوە بابەتی توێژینەوەی جوگرافیای سیاسییە.
میلیتاریزم/سوپا پەرستی
میلیتاریزم، چوار شێواز لەخۆ دەگرێ: شەڕەنگێزی، زاڵبوونی هێزەچەکدارەکان بە سەر دەوڵەت، ستایشی سوپا و بە هەرەوەز کردن بۆ گەیشتن بە ئامانجی چەکداری. کاتێک ئەم چوار شێوازە بە تێکڕا بێتە کایەوە (وەک ژاپۆن لە سەردەمی هیدکی تۆجۆ 44-1940) میلیتاریزم بە تەواوی پاوەجێ دەبێت. کاتێکیش دوو یا سێ شێواز بێتە کایەوە، حاڵەتێکی ڕێژەییە.
میلیتاریزم، مانای زۆری لێبۆتەوە. هەندێ جار بە واتای شەڕەنگێزی یان سیاسەتی پاوانخوازانە لە ئاست دەرەوە و ئامادەبوون بۆ بەرپاکردنی شەڕ بە کار هاتووە. لە شوێنی دیکەدا بە واتای سەروەری سوپا بەسەر دامودەزگەی دەوڵەتە. لە کەشێکی وەهادا بۆ ئەوەی دامودەزگەیەکی دەوڵەتی بە میلیتاریزم ناو دەربکا، دەبێ بەستێنی دەسەڵاتی چەکداری و مەدەنی بە وردی لێک جودا بکرێتەوە و دەسەڵاتی چەکداری بە سەر دەزگە ئیداری و سیاسیەکاندا زاڵ بێت. یەکەمین نیشانەکانی جیاوازی ئەم دوو بەستێنە لە ڕژێمی پادشایی ئێران لە سەدەی پێنجەمی پێش زایین بەدیهات.
پێودانگی سەرەکی بۆ دەرکەوتنی دەسەڵاتی هێزە چەکدارەکان لە دەوڵەتدا ڕادەی بەهرەداری سەربازەکانە لە دەزگەی سیاسی ئەو وەڵاتەدا. نمونەیەکی دیکە لەم جۆرە حکوومەتە، ئیمپراتۆریەتی ڕۆمایە لە سەروبەندی کۆتایی هاتنیدا.
دەسەڵاتی هێزی چەکدار بە سەر دامودەزگەی حکوومەتدا هەمیشە بە واتای بە کارهێنانی سیاسەتی شەڕخوازانە نییە لە ئاست وەڵاتانی دیکەدا. بۆ وێنە ژاپۆنی سەردەمی توکوگاوا و دیکتاتۆرییەکانی ئەمریکای لاتین. مانایەکی تری میلیتاریزم کۆنترۆڵ کردنی ژیان و کومەڵگەیە لە لایەن هێزە چەکدارەکانەوە. بەم هەژمۆنییە کە بە حەزی چەکدارەکان کۆمەڵگە بەڕێوە دەچێ، دەگوترێ کۆمەڵگەی «میلیتاریزە». جاری واش هەیە لە دۆخێکی جەنگیدا تەواوی دامودەزگە کۆمەڵایەتیەکان دەکەونە خزمەت هێزە چەکدارەکانەوە، بۆ وێنە وەڵاتی بەریتانیا لە شەڕی دووهەمی جیهانیدا.