تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



فێدراڵیزم
ئەم زاراوە لە وشەی لاتینی foedus بە واتای «یەکگرتن» وەرگیراوە و لە زاراوەی سیاسیدا پێناسەی جۆراوجۆری لەسەر کراوە بەڵام بەکورتی دەتوانین بەم چەشنە پێناسەی بکەین:
ڕێکخستنێکی سیاسی و دەستووریی ناوخۆییە کە بەو پێیە دەوڵەتانی ئەندام یا هەرێمەکان، بەشێک لە حاکمییەت (سەروەریی) خۆیان بە مەبەستی دامەزرانی وەڵاتێکی بەهێز دەسپێرنە یەکەیەکی ناوەندی و بەمجۆرە دەبنە پەیڕەوی دەوڵەتی فێدرال. ئەم ڕێکخستنەش دوو ڕەهەند لەخۆ دەگرێ: ڕەهەندی دەرەکی کە دەوڵەتی فێدراڵی وەک یەک دەوڵەت لە بواری سەروەری دەرەکیدا بە دیاردەکەوێت و ڕەهەندی ناوخۆیی کە بریتییە لە چەند کیانێکی دەستووری و حکوومەتی فیدراڵیش لە پراکتیزەکردنی سەروەری ناوخۆییدا بەشداری دەکات.
لە پێناسەیەکی دیکەدا فێدراڵیزم، بریتییە لە یەکگرتن و ڕێکخستنێکی سیاسی کە بەو پێیە کۆمەڵێک یەکەی سیاسی لێک جودای ناو سیستەمێکی گردوکۆ، پێکەوە گرێ دەدا و بە هەرکامێک لەو یەکە سیاسییانە مەجال دەدات، یەکپارچەیی و هەمەگییەتی خۆیان بپارێزن. هەروەها دەکرێ فێدراڵیزم بە دابەش کردنی دەسەڵات لەسەر بنەمای یاسا لە ڕێگەی سیستەمێک کە ئۆتۆنۆمی و سەروەریی هاوبەش گرێبەست دەکات، پێناسە بکرێت.
لە سیستەمی فێدراڵیدا ڕێبازە سەرەکییەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ دائەڕێژرێن پاشان جێبەجێ دەکرێن تاکوو هەموو ئەندامانی گۆمەڵگا لە دەرکردنی بڕیارەکان و پیادەکردنیان، بەشدار بن. «دامەزرانەرانی وەڵاتە یەکگرتووەکان» کە دەستووری بنچینەیی ئەم وەڵاتەیان لە ساڵی 1787 پێشنیاز کرد، ئەم شێوازەیان لە فیدراسیۆن داهێنا. تا ئەو کاتە پێناسەی پەسندکراوی فێدراڵیزم، هەمان پێناسەیەک بوو کە ئیمڕۆکە پێی دەگوترێ کۆنفدراسیۆن. دواتر چوارچێوەی ئەم سیستەمە هەموو بەشەکانی دیکەی ئەم وەڵاتە پان و بەرینەی گرتەوە و بەپێی ئەو ئاڵۆگۆڕانەی کە دواتر هاتەدی، ئەو سیستەمە فێدرالییە پێکهات کە ئێستا پەنجا ئەیالەتی لەخۆ گرتووە. سیستەمی فیدراڵی، وەک فۆرمێکی سیاسی گونجاو بەرەبەرە لە هەندێ لە وەڵاتانی دیکەش هاتە ئاراوە. ئەم سیستەمە لە ساڵی 1848 لە سویسرا و لە ساڵی 1867 لە کەنەدا و دواتریش لە 1897 لە ئوسترالیا پیادە کراوە.
ئیمڕۆکە فێدرالیزم شێوازێکی باوە بۆ ڕێکخستنی سیاسی. لە ساڵی 1993 بەملاوە، لانیکەم 19 وەڵات بە شێوەی فێدرالی ئیدارە دەکرێ و 21 وەڵاتی دیکەش لە بنەماکانی فێدراڵی کەڵکیان وەرگرتووە و بەرەو سڕینەوەی چەقی سیاسی و لابردنی ناوەندێتی ئیداری هەنگاویان ناوە. لەم ڕووەوە فێدراڵیزم وەک «دایکی دیموکراسی» لە قەڵەم دراوە. بەپێی ئەو ئەزموونانەی کە لە ئارادایە سیستەمی فێدراڵی بە دوو جۆر دروست دەبێ کە بریتین لە:
1ـــ فێدراڵی بەکۆمبوون یا پێکەوە لکان. لەم شێوازەدا چەند دەوڵەتێکی سەربەخۆ یەک دەگرن یا پێکەوە دەلکێن و یەک دەوڵەت لە سەرووی دەوڵەتانی ئەندامەوە درووست دەکەن. نموونەی ئەم شێوازە فێدراڵییە، وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سویسرا، کەنەدا و ئەفریقای باشوورییە.
2ـــ فێدراڵی بە دابەشبوون. لەم شێوازەدا دەوڵەتی ئاسایی یا یەکبوو، بەسەر چەند دەوڵەت یا هەرێمێک دابەش دەکرێت و دەبێتە دەوڵەتێکی لێکدراو. بۆ نموونە وەڵاتانی یەکیەتی سۆڤیەتی (پێشوو)، بەرازیل، ئەرجەنتین، مەکزیک، هێندستان و مالیزیا.
دەوڵەتی فێدراڵی، جگە لەو شێوازە گشتییانەی کە دەبنە هۆی کۆتایی هاتنی دەوڵەت، بەم دوو شێوازەی خوارەوەش کۆتایی پێ دێت:
1ـــ جیابوونەوەی هەر یەک لە هەرێمەکان و بوونیان بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ.
2ـــ گۆڕینی دەوڵەتی فێدراڵی بە دەوڵەتێکی یەکبووی سادە.
بنەماکانی سیستەمی فێدراڵی، لەم شەش خاڵەی خوارەوەدا بەرجەستە دەبێت:
1ـــ دەسەڵات لە نێوان هەرێمەکان و حکوومەتی یەکگرتوو دابەش دەبێت.
2ـــ بەرەو دیموکراسی دەڕۆن.
3ـــ لە ڕێگەی گفتوگۆی ئاشکراوە ڕەفتار دەکەن.
4ـــ دەستووری نووسراویان هەیە.
5ـــ سەقامگیریی یەکەکانی دەسەڵات بەپێی دەستوور لە حکوومەتدا پاوەجێ دەبێت.
6ـــ دەستوور، باڵادەستە و دادگەی دەستووریش پێویستە.
لە سیستەمی فێدراڵیدا دادگەیەکی باڵا بۆ شرۆڤە و لیکدانەوەی یاساکان و چارەسەرکردنی کێشەی هەرێمەکان لە دەوڵەتی ناوەندیدا دابین کراوە. لەم دەوڵەت - وەڵاتەدا گۆڕینی دەستووری بنچینەیی، دەبێ بە ڕەزامەندی زۆرینەی هەرێمەکان بە ئەنجام بگات. ئەم سیستەمە لەو وەڵاتانەی کە خاوەنی نەتەوە و زمان و ئایینی جیاوازن، لەگوێن باشترین سیستەمی فەرمانڕەوایی و حکوومەتداری لە ئەژمار دێت. پانتایی و ڕووبەری خاکی وەڵاتەکانیش لە ڕێکخستنی دەوڵەت - وەڵاتی فێدراڵیدا دەور دەبینێت. بۆ وێنە وەڵاتانێکی وەک ئەمریکا، ڕووسیا، بەرازیل و هیندستان خاوەنی ئەم تایبەتمەندییەن. بەڵام ئەم هۆکارە بۆ گشتاندن نابێت، چونکوو وەڵاتانێکی بچووکی وەک نەمسا و سویسرا کە بە شێوەی فێدراڵی ئیدارە دەکرێت، ناگرێتەوە.