تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



شارستانەتی / ژیار
مەبەست لەم زاراوە، شێوە ژیانی شارستانییانەیە لە کۆمەڵگەیەکی شاری کە سێ واتای لێدەبێتەوە:
ـــ بەرەوپیری ئەقڵ و مرۆڤایەتی چوون.
ـــ ئەنجامدانی بەڕێوجێی کاروباری ژیان.
ـــ هەنگاونان بەرەو ئاکار و ئەخلاقی شاری.
شارستانەتی لە زاراوەی سیاسیدا «بە کۆمەڵێک دەزگە و ڕێکخراوەی کۆمەڵایەتی، پێوەندی ئابووری و کۆمەڵایەتی، ئایینی، هونەری و ئەدەبی و بەرهەمهێنان لە کۆمەڵگەیەکی پەرەسەندوو» دەگوترێ. بە واتایەکی دیکە، شارستانەتی بە کۆمەڵێک پاشکەوتی مادی و مەعنەوی مرۆ لە کۆمەڵگەیەکی پەرەسەندوو دەگوترێ. شارستانەتی لە زانستی مرۆناسیدا وەک پاژێک لە کەلتوور لە قەڵەم دراوە.
شانتاج
ئەم وشە بە مانای گۆرانیگوتن و تێچریکاندنە بەڵام لە زاراوەی سیاسیدا بریتییە لە: هەر کات کەسێک یان گرووپێک بە دەسەڵاتی باڵاترەوە بخوازێت لە کەسێک یان گرووپێکی دیکە سوودی نابەجێ ببات و لایەنی بەرانبەر پێمل بکات بە پێچەوانەی ڕوانگەی خۆی ڕەفتار بکات. بە واتایەکی دیکە ئەو کەسەی شانتاج دەکات، هەوڵ دەدات بە تۆقاندن و هەڕەشە و بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ، کەسێک ملکەچی خۆی بکات یان بێدەنگی بکات یان باجی لێ بسەنێت.
هاووەڵاتی/شارۆمەند
هاووەڵاتی، تاکێکە کە لە بەرانبەر دەوڵەتدا لە لایەکەوە خاوەنی هەندێ مافی سیاسی و مەدەنییە و لە لایەکی دیکەشەوە هەندێ ئەرک و تەکلیفی لەسەر شانە. چۆنیەتی پێوەندی هاووەڵاتی بوون (مافی تاک و ئەرکەکانی لە بەرانبەر دەوڵەتدا) لە دەستووری بنچینەیی و یاسای مەدەنی ئەو وەڵاتە دیاری دەکرێت. هاووەڵاتی بوون لە پێوەند لەگەڵ تاک پێگەیەک دروست دەکات کە لە ڕوانگەی مافی نێونەتەوەییشەوە ڕێزی بۆ دادەنرێت. مافی نێونەتەوەیی لەم بارەوە دەوڵەتەکان بۆ ڕەچاوکردنی مافی شارۆمەندان بەرپرسیار دەکات.
چەمکی هاووەڵاتی لەگەڵ چەمکی تاک و مافەکانی لە ئەورووپا هاتە ئاراوە. لە بنەڕەتدا بە کەسێک دەگوترێ هاووەڵاتی کە تەنیا ملکەچی دەوڵەت نەبێ بەڵکوو لە «مافی زگماگی» و «سروشتی» بەهرەمەند بێت و دەوڵەت ئەم مافانە بپارێزێ.
ئەگەرچی نەتەوایەتیش، زیاتر بە هاووەڵاتی بوون پێناسە کراوە بەڵام مانایەکی بەربڵاوتری هەیە. نەتەوایەتی بە مانای پێوەندایەتی لەگەڵ دەوڵەتە، بەڵام نەک بە واتای بەهرەمەندی لە مافی سیاسی لە ناوخۆ بەڵکوو بە مانای بەهرەمەندی لە پاراستنی دەوڵەت لە دەرەوەی وەڵاتدایە. واتای «نەتەوایەتی» لە مافی نێونەتەوەییدا زامنی هەموو خەڵکێکە کە دەوڵەتێک دەبێ پشتیوانی لێ بکات. نەتەوایەتی هەروەها بە مانای پێوەندی کۆمپانی و داراییەکان (پاپۆڕ و فڕۆکە) لەگەڵ دەوڵەتێکە، واتە ئەمانەش سەر بەو نەتەوەن بەڵام هاووەڵاتی لە ئەژمار نایەن. هاووەڵاتی بوون تایبەتی مرۆڤەکانە.
ڕەنگە کەسێک هاووەڵاتی وەڵاتێک بێت بەڵام لەو وەڵاتەدا نەژی یان لە وەڵاتێک نیشتەجێ بێت کە شارۆمەندی ئەو وەڵاتە نەبێت. هەندێ جار کەسێک بۆی هەیە لە ڕێی زەهاسە لەگەڵ شارۆمەندی وەڵاتێکی دیکەوە ببێتە هاووەڵاتی وەڵاتێکی دیکە بەڵام ئەم حاڵەتە مافی کار و پیشەی لە لایەن دەوڵەتەوە بۆ دەستەبەر ناکات.
گفتوگۆی شارستانەتیەکان
پڕۆژە بڕیارێک لە بەرانبەر تیۆری «ململانێی شارستانەتیەکان» و بیرکردنەوە دەربارەی گفتوگۆ لە جیاتی ململانێ و ڕواوروویی بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان. ئەم پێشنیازە لە دانیشتنی سەرۆکی وەڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوەی کۆنفرانسی ئیسلامی لە تاران (1997) لە لایەن محەمەد خاتەمی سەرۆک کۆماری ئێران ئاڕاستە کرا و دواتر لە دوازدەیەمین دانیشتنی وەڵاتانی ئەندامی بزووتنەوەی بێلایەن (1998) لە ئەفریقای باشووری چێ کرا. هەمان ساڵ لە کۆمەڵی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان هاتە ئاراوە و لە دانیشتنی 23 ئۆکتۆبەر، بە کۆی دەنگ پێشنیازی ئێران کەوتە بەرباس و سەرەنجام لە 4ی نۆڤەمبەر بڕیار درا کە ساڵی 2001، بە ناوی ساڵی گفتوگۆی نێوان شارستانەتییەکان لە ئاستی جیهاندا پەسند بکرێت.
یوتۆپیا/شاری خەیاڵ
ئەم زاراوە ناوی کتێبێکی سێرتۆماس موور (1516)، سیاسەتڤان و ئەدیب و قەشەی ئینگلیزییە کە تێیدا باسی شارێکی خەیاڵی دەکات کە سیستەمی ژیانی کۆمەڵایەتی یەکپا عەقڵانی بێت لەهەمبەر ژیانی ئەو سەردەمەی ئەورووپا کە یەکسەرە تەماح و سوودپەرستی و چاوچنۆکی بووە. لەوە دوا لە ئەندێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا هەر چەشنە ڕەوشتێکی جوان و ڕێکوپێکی لەم جۆرەیان، بە یوتۆپیا لە قەڵەم ئەدا. مانای وشەکە بە یۆنانی «هیچ شوێنێک» دەگەیەنێت بەڵام بە بەهەشتی سەرزەمین لیک دراوەتەوە کە ژیانی کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و هەموو شتێکی وەک بەهەشت وایە.
دەوڵەتشار
بەو حکوومەتانە کە لە یۆنانی کۆندا دامەزرابوون پێیان دەگوت دەوڵەتشار. بەڵام لە سەدەکانی ناوەڕاست و چاخی نوێدا بەو شارە ئەوروپییانەش کە سەربەخۆ و خاوەن دەسەڵاتێکی بەهێز بوون، ئەم زاراوەیان بۆ بەکار دەبرا. دەوڵەت شارەکانی یۆنانی کۆن خاوەنی ڕێکخراوە و دامودەزگە بوون کە سەرجەم لە دەزگەیەکی حکوومەتی بەناوی «دەوڵەت» پێک دەهات.
پاشایەتی
شێوازێکی حکوومەت کردنە کە تێیدا سەرۆکی وەڵات بە ناوی پاشا یان شاژن ناوبردە دەکرێ (بۆ وێنە قەیسەری ڕووم، تێزاری ڕووس، خاقانی چین، شاهەنشای ئێران و شاژنی بەریتانیا) .
ئەرەستۆ، پاشایەتی بە «فەرمانڕەوایەتی تاکەکەس» پێناسە ئەکا و زۆرداریی* بە شێوازە گەندەڵەکەی لە قەڵەم دەدات. پاشایەتی ئەگەر ڕەوا بێت ــ پاشا مانایەکی ئایینی و پلەیەکی هێمایینی هەیە ــ جێی «باوک»ی نەتەوە دەگرێتەوە.
لە زاراوەی نوێدا بە فەرمانڕەوایەتی بێ هەوسار دەگوترێ پاشایەتی ڕەها. لە بەرانبەر ئەویشدا پاشایەتی مەرجدار دێتە ئاراوە. لەم چەشنەی دواییدا پاشا، تەنیا ئەوەنەبێ دەورێکی ڕەسمی و تەشریفاتی هەیە بەڵکوو کەمتاکورتێک کاروباری حکوومەتیش بەڕێوەدەبات، بۆ وێنە هەڵبژاردنی سەرەکوەزیر.
بەزۆری شازادەی جێنشین، تایبەتمەندی سەرەکی سیستەمی پاشایەتییە بەڵام ڕەنگە پاشایەتی بە هەڵبژاردن بێت یان ڕەوا بێت کە پاشا جێنشینەکەی خۆی بە ئازادی دیاری بکات یان ژنێکی فاڵگیر پاشای داهاتوو دیاری بکات.
دەزگەی پاشایەتی، بە دوو مەرج لە دەزگەکانی دیکەی حکوومەت جیا دەبێتەوە: (1) ئەگەر بە مانای جادویی یان ئایینی بێت کە لە مەراسیمی تاجگوزاری دەر ئەکەوێ. (2) گرنگی هێمایینی پاشایەتی، بەمەبەستی ئەوەیکە پاشایەتی هێمایەکە بۆ پێوەندی میژوویی و ڕەتەوەیی نەتەوەیەک بۆ وێنە پاشایەتی لە بەریتانیا و ژاپۆن.
گرووپی فشار
لە وەڵاتانی پیشەسازی نوێدا بیروڕای گشتی، کاریگەریی زۆری لە سەر ئاستی کۆمەڵگەدا هەیە. لەم ڕووەوە گرووپی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی بە تایبەت گرووپە ڕەسمییەکان هەوڵ دەدەن بە شێواز و ئامرازی جۆراوجۆر ڕای گشتی بەرەو لای خۆیان داکێشن. کەشوهەوای مۆدێرنی ئەم چاخە وایکردووە کە دامودەزگەی بەڕێوشوێن کە لە زاراوەی کۆمەڵناسیدا بە گرووپی فشار ناوی دەرکردووە، بێنە مەیدانەوە تاکوو ڕای گشتی لەگەڵ بۆچوونەکانی خۆیان هاوتەراز بکەن و بە ئامانجەکانیان بگەن. گرووپی گوشار بە گرووپێک دەگوترێت کە هەوڵدەدات بە گوێرەی بایەخپێدان و ئاڕاستەکانی خۆی یان جەماوەر (کە خۆی بە نوێنەریان دەزانێت) کاریگەری دابنێ لە سەر ئەو هێزانەی بڕیاری یاسایی دەدەن یاخود ڕێکخراوە حوکمییەکان (پەرلەمان، دەستەی حکوومەت، وەزارەت و دامودەزگەکان) و هەروەها گۆڕانکاری پێویست بهێنێتە ئاراوە.
کەواتە گرووپی فشار هەوڵ دەدات بە شێوەی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ کاریگەری دابنێن لەسەر ڕای گشتی و سەپاندنی بڕواکانی خۆیان بەسەر کۆمەڵگەدا.
ئەو پێناوانەی کە ئەم گرووپانە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان بە شێوەیەکی ناڕەوا کەڵکی لێوەردەگرن بریتین لە:
پێناوی ئابووری: وەک بەخشینی خەڵات و بەرتیل دان بە جەماوەر.
پێناوی یاسایی: گرووپی گوشار هەوڵ دەدەن خواستەکانی خۆیان لە ڕێگەی یاساکانەوە بەسەر خەڵکدا بسەپێنن بۆ ئەم مەبەستەش دزە دەکەنە ئەنجومەنی یاسادانانی وەڵاتانەوە.
پێناوی تێکدەرانە: ئەم گرووپانە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان هەڵدەستن بە کاری تێکدەرانە و بشێوی و شەڕنانەوە لە وەڵاتدا.
پێناوی پرۆپاگەندەیی: لە ڕێگەی پرۆپاگەندەوە دەست دەکەن بە بڵاوکردنەوەی بیروڕای خۆیان بۆ گۆڕینی ڕای گشتی.