تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



کۆمۆنیزم
ئەم زاراوە لە ڕیشەی لاتینی communis بە واتای هاوبەشیی وەرگیراوە. لە ساڵی1840 بەملاوە کە زاراوەی کۆمۆنیزم ڕەواجی پەیدا کردووە، مانای جۆراوجۆری لەخۆ گرتووە کە بریتین لە:
1ـــ هەوڵێکە بۆ پیادەکردنی ئەو ئاواتانەی کە هەندێ لە سۆسیالیستە خەیاڵییەکان بیریان لێ دەکردەوە. بەم پێی ئەم خەیاڵانە، دەبوایە تەواوی دارایی و سامانی سەرزەوی دابەش بکرێت. هەرکەس دەبێ کار بکات و بە ڕێژەی توانستی خۆی بەرهەم بهێنێت و بە ڕادەی پێداویستییەکانی بکەوێتە خۆشی و ناز و نیعمەتەوە. ئەم ڕێبازە خاوەنداریەتی شەخسی لە بوارەکانی ئامرازی بەرهەمهێنان و کاڵا مەسرەفییەکان بە شتێکی یاساغ دەزانێ.
2ـــ ڕێکخراوەیەکی کۆمەڵایەتییە بە مێتۆدێکی زانستی و ڕاستبینانە کە لە بۆچوونەکانی مارکسدا بەم جۆرە باسی لێکراوە: «مێژووی مرۆڤ، خەبات و ململانێی هەمیشەیی جەماوەرە بۆ باشتر کردنی باری گوزەران. خەباتێک کە لە قۆناغی سەرمایەداریدا پەلدەکێشێتە ململانێی چینایەتی و سەرەنجام بە دیکتاتۆری پرۆلتاریا کۆتایی پێ دێت». لەم سەردەمەدا تاکەکەس دەبێتە بەرهەمێکی ماقووڵی کۆمەڵگە کە توانستەکانی دەگەنە ئەوپەڕی فراژووتن و بە تەواوی گەشە دەکەن. لە بواری ئابوورییەوە کۆمەڵگە بەپێی ئەم قانوونە بەڕێوە دەچێت: «هەر کەسێک بە قەدەر تواناییەکانی و هەر کەسیش بە قەدەر پێداویستییەکانی».
3ـــ سیستەمێکی کۆمەڵایەتی ـــ ئابووری: بەدەر لە چینایەتی و مسۆگەرکردنی خاوەنداریەتی خەڵک بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و یەکسانی کۆمەڵایەتی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە کە تێیدا هێزەکانی بەرهەمهێن لەسەر بنەمای زانست و تەکنۆلۆژی، دایم ڕوو لە پێشکەوتن بن.
مەبەست لە کۆمۆنیزمی سەرەتایی، سیستەمی ئابووری کۆمەڵگە سەرەتاییەکانە کە گۆیا لەم کۆمەڵگەیانەدا سەرچاوەی سەرەکی ئابووری وەک زەوی و بەلەم و … بەشی هەموو خەڵکانی کۆمەڵگەیە نەک بەشی تاک و تەراک و بنەماڵەکان. بۆ نموونە کۆمەڵگەی سپارتی کۆن.
لە سەردەمی کۆندا بزاوتگەڵیکی زۆر بەدیهاتن کە ئامانجی کۆمۆنیستیان هەبووە بۆ وێنە بزاوتی مەزدەکییان بە ڕێبەرایەتی کەسێک بەناوی مەزدەک کە باوەڕی بە هاوبەشیی سامان و ژن بووە و سەرچاوەی ناکۆکی و ململانێی چینایەتی لەم دوو هۆکارە دەبینێت. پێداگرتنی ئەفلاتوونیش لەسەر هەڵوەشانەوەی بنەمای حاکمییەت و هاوسەرێتی (ازدواج) لە نێوان باڵادەستان و تاقمی دەسەڵاتدار، دەگەڕێتەوە بۆ باوەڕە کۆمۆنیستیەکانی ئەم بیرمەندە.
سۆشیالیزم، کۆمەڵگەیەکە کە بێ هیچ ناونجییەک لە سەرمایەداری دەرباز دەبێ و کۆمۆنیزم، تەشکی پایەبەرز و شکۆمەندی کۆمەڵگەیە و تەنیا کاتێک دەتوانێ پەرە بستێنێ کە سۆشیالیزم بە تەواوەتی پاوەجێ بووبێت. کۆمۆنیزم، دەرەنجامی وەرچەرخانی سۆشیالیزمە. مەرجی ئەم وەرچەرخانەش ئەم سێ ئەرکە سەرەکیەیە: دانانی بناغەی ماددی و تەکنیکی کۆمۆنیزم لەسەر بنەمای باڵاترین تەکنۆلۆژی و ئاستی سەرەوەی دەسکەوتە زانستییەکان. پاوەجێکردنی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمۆنیزم و پەرەپێدان بە دیموکراسی سۆشیالیستی (بڕوانە سۆسیال دیموکراسی). پەروەردەی ڕۆحی و جەستەیی مرۆڤی هاوچەرخ.
بە گشتی سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم، دوو قۆناغی بەرز و نەوی پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی ـــ ئابووری پێک دێنن کە بە پێکهاتەی کۆمۆنیستی ناوی دەرکردووە.
کۆمۆنیزمی نوێ پەیوەندی هەیە بە بیر و بۆچوونەکانی مارکس و کۆمەڵگەی بەدەر لە چینایەتی کە لەسەر بنەمای خاوەنداریەتی هاوبەشی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان ڕاوەستاوە. گرنگترین دەق بۆ موتاڵای کۆمۆنیزم، «مانیفستی حیزبی کۆمۆنیست» ـە کە لەسەر داوای دەستەی ڕێبەرایەتی «یەکیەتی کۆمۆنیستەکان» نووسراوە. ئەم مانیفستە لە لایەن مارکس و ئینگلس (1847) نووسراوە و لە 1848 لە لەندەن بڵاو کراوەتەوە. لینین لە بارەی مانیفستەکە دەڵێ: «ئەم نامیلکە بە قەدەر چەند کتێبی گەورە و مەزن بە نرخە». لە ڕاستیدا مانیفست، بە «ئینجیل»ی کۆمۆنیزم و چڵەپۆپەی ئەندێشەی مارکس و ئینگڵس لە قەڵەم دراوە.
کۆمۆنیزم بە کردەوە لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەری سۆڤیەت لە ساڵی 1917 بەدیهات. دواتر پاش ڕێکخستنی کۆمینتێرن (کۆمۆنیزمی نێونەتەوەیی)، لە لایەن لینین و هەروا سیاسەتەکانی ستالین هەوڵ درا هەموو حیزبە کۆمۆنیستەکانی جیهان بکەونە ژێر چەترێکەوە و نەزمێکی کرژ بەسەریاندا زاڵ ببێت. لە هەلومەرجێکی وادا هەموو حیزبە کۆمۆنیستەکانی جیهان ملکەچی سۆڤیەت بوون و دەبوا لە سیاسەتەکانی حیزبی بولشویکی سۆڤیەت پەیڕەوییان بکردایە.
پاش مەرگی ستالین (1953) و بەدەسەڵات گەیشتنی خرۆشچۆف و پێشنیازی «سازانی ئاشتیخوازانە لەگەڵ ڕۆژاوا» ، پێوەندی سۆڤیەت و چین کە دوو جەمسەری گرینگی جیهانی کۆمۆنیست لە ئەژمار دەهاتن، بەرەو ساردبوونەوە ڕۆیشت. چونکە چین هێشتا هەر لایەنگری ستالین بوو. ململانێی ئەم دوو هێزە سەرەکییەی کۆمۆنیزم، لەمپەرێکی لە نێوان بلۆکی ڕۆژهەڵاتدا دروست کرد.
پێش هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت لە نێوان ساڵەکانی 1989 تا 1991، زاراوەی کۆمۆنیزم پتر بۆ ناوبردە کردنی ئایدیۆلۆژیای ڕەسمی و سیاسەتەکانی ئەم وەڵاتە و چین و وەڵاتانی ئەندام لە پەیمانی وارشەو بەکار دەبرا. لە سەدەی بیستەمدا حیزبەکانی پتر لە پەنجا وەڵاتی لایەنگری کۆمۆنیزم، بە شێوازی جۆراوجۆر چالاکییان دەنواند و لە هەندێ وەڵاتیشدا دەسەڵاتیان بەدەستەوە بوو. بەڵام پاش ڕووخانی دیواری بەرلین و هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەت، بزاڤی کۆمۆنیزم لە جیهاندا تووشی نسکۆ هات و سیستەم و مەرامی کۆمۆنیستی لە وەڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵات، بە ڕەسمی کۆتایی پێهات. ئینجا ئەم وەڵاتانە ڕوویان کردە ئابووری بازاڕی ئازاد و دەستیان کرد بە پیادەکردنی ئەو بنەما و سیستەمە کە نزیکەی 70 ساڵ لەگەڵیدا دژایەتیان دەکرد.
جەمسەرەکانی کۆمۆنیزم: جەمسەرەکانی کۆمۆنیزم لە جیهاندا بریتی بوون لە:
1ـــ کۆمۆنیزمی سۆڤیەت کە پێیان دەگوت کرملینیزم و ناوەندەکەشی مۆسکۆی پێتەختی یەکیەتی سۆڤیەت بوو.
2ـــ مائۆئیزم یا کۆمۆنیزمی چینی (ناسراو بە مائۆ تسەدۆن ڕێبەری چین).
3ـــ کاسترۆئیزم (کۆمۆنیزمی داتاشراوی تایبەت بە فیدل کاسترۆ لە کووبا).
4ـــ تیتۆئیزم (ناسراو بە مارشاڵ تیتۆ ڕێبەری یۆگسلاڤیا).
5ـــ کۆمۆنیزمی ڕیفۆرمخواز (کە زۆربەی حیزبە کۆمۆنیستەکانی ئەورووپای ڕۆژاوا خۆیان بەم جەمسەرەوە هەڵواسیبوو).
کەمالیزم
بریتییە لە ئایدیۆلۆجیا و ڕێبازەکانی مستەفا کەمال پاشا ناسراو بە ئاتاتورک (1938ــ1881)، یەکەم سەرۆک کۆمار و دامەزرانەری تورکیای نوێ. ڕێبازەکانی کەمالیزم کە بەردی بنچینەی حیزبی خەڵکیی تورکیا پێک دێنێت، بریتین لە: کۆماری خوازی، ناسیۆنالیزم، ڕیفۆرم خوازی، جیاوازی ئایین لە سیاسەت، سپاردنی کاروبار بە جەماوەر و دامەزراندنی دەوڵەتێکی دەسەڵاتدار و بەهێز. گرینگترین هەنگاوەکانی ئاتاتورک بۆ ڕۆژاوایی کردنی تورکیا، لابردنی چارشێوی ژنان، دانانی ناوی بنەماڵە بۆ خێزان، پەسندکردنی ڕۆژژمێری گریگۆری و گۆڕینی خەت بە لاتین بوو. کەمالیزم، پاش 75 ساڵ ئێستاش لەناو ڕێکخراوە کۆنەپارێزەکانی ئەم وەڵاتە وەک هێزەکانی ئەرتەش پشتیوانی زۆری لێدەکرێت. بەڵام ئەم ڕێبازە لەمەڕ سیاسەتی هاوچەرخی جیهانی و ئازادی ئابووری و زیندووبوونەوەی ئیسلامی سیاسی و کێشەی کورد لەم وەڵاتەدا بەرەورووی پرسیار بۆتەوە.
گوبینیزم
بیروبڕوای ژۆزف گۆبینۆ (1882ـــ 1816) دیپلۆمات و ڕۆژهەڵاتناسی فەرەنسی کە لە کتێبەکەی خۆی بەناوی «نایەکسانی ڕەگەزی مرۆڤ»، لەسەر بنەمای باڵادەستی ڕەگەزی ئاریایی دایڕشتووە. ئەم بیروبڕوایە دواتر کاریگەری زۆری لەسەر «ئەفسانەی باڵادەستی ڕەگەزی نۆردیک» و فەلسەفەی ئەڵمانیای نازی دانا.