تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



قەیسەرخوازی
ئەم زاراوە لە ناوی قەیسەر (سزار)، ئیمپراتۆری ڕۆما وەرگیراوە بۆ پێناسەکردنی جۆرێک حکوومەتی ڕەهای ملهوڕ و دیکتاتۆر کە بە کۆنترۆڵێکی توندوتۆڵی سەربازی ـــ پشتئەستوور بە ڕەشەگەل ـــ بۆ بەدیهێنانی دەسەڵاتێکی باڵادەست لە وەڵاتێک، هەوڵ دەدات. ئەم جۆرە دیکتاتۆرانە زۆرجار لە ڕێگەی کۆدەتای سەربازی یان هەرەوەزی جڤاکی، بە دەسەڵات دەگەن و بە ڕێکخستنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی و هێنانە کایەی پەرلەمانی تەشریفاتی، هەوڵ دەدەن ڕواڵەتی دیموکراسی بپارێزن و سیمایەکی دیموکرات بە خۆیان ببەخشن. قەیسەرخوازی بە دوو جۆر دابەش کراوە: کۆنەپەرست و پێشکەوتنخواز. لە جۆری یەکەمدا قەیسەرخوازی کاتێک بە کۆنەپەرست ناوبردە دەکرێت کە سەرهەڵدانەکەی، جێخۆشکەربێت بۆ سەرکەوتنی هێزە کۆنەپەرستەکان لە کۆمەڵگەدا (بۆ نموونە ناپیلئۆنی سێهەم و بیسمارک). جۆری دووهەمیش بە پێچەوانەوە هەرکات، زەمینە بۆ سەرهەڵدان و سەرکەوتنی هێزە پێشکەوتنخوازەکان خۆش بکات، قەیسەرخوازی پێشکەوتنخواز دێتە مەیدانەوە ( بۆ وێنە ژولیۆس قەیسەر و ناپیلئۆنی یەکەم).
ژێرخان
لە جیهانبینی مارکسیدا و بەپێی تیۆری «مەتریالیزمی مێژوویی» ، لە ناو هەموو پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە، پێوەندییە مادی و بەرهەمهێنەرەکان بە پێوەندی سەرەکی و چارەنووسساز دادەنرێن. ژێرخانی هەر کۆمەڵگەیەک بریتییە لە کۆی ئەو پێوەندییە بەرهەمهێنەرانەی کە پەیکەری ئابووری کۆمەڵگە پێک دێنن (واتە سیستەمی ئابووری، هێزە بەرهەمهێنەکان، پێوەندی چینایەتی و شێوازەکانی خاوەنداریەتی).
لە بەرانبەر ژێرخاندا سەرخان دێتە ئاراوە کە ئەویش بریتییە لە سەرجەم دەزگە کۆمەڵایەتی ــ سیاسی و کەلتوورییەکانی کۆمەڵگە. ئەم سەرخانە لە دوو ڕواڵەت پێک دێت: یەکەم، شێوازە یاسایی و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان، واتە دەوڵەت و دەزگەی دادپەروەری و سیاسی. دووهەم، ئایدیۆلۆجی واتە کۆی بڕوا و ئەندێشە ئەخلاقی و سیاسی و ئایینی و فەلسەفییەکان کە دەبێتە پاڵپشتی سیستەمی خاوەنداریەتی و شێوازی دابەشکردنی بەرهەمەکان. بە بڕوای مارکس، لە نێوان ژێرخان و سەرخان، پێوەندییەکی یەک لایەنە لە ئارادا هەیە و هەر چەشنە گۆڕانێک بە سەر ژێرخاندا بێت، دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە سەرخانیشدا.