تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



دیکتاتۆری
زاراوەی دیکتاتۆری لە وشەی لاتینی dictator لە ڕۆمی کۆن، بە واتای مەقامی بڵیندپایە بە زماندا هاتووە کە بە دەسەڵاتێکی ئێجگار زۆرەوە ئیدارەی وەڵاتی بەدەستەوە بووە. لە بنەڕەتدا دیکتاتۆری پلەیەک بووە کە لە کۆماری ڕۆمی کەونینەدا، لە کاتێکی قەیراناوی بە کەسێک دەدرا. لەم سەروبەندەدا ئەو کەسە تەواوی دەسەڵاتی حکوومەت و هێزی سەربازی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو (6 مانگ) بەدەستەوە دەگرت. لەم ڕووەوە دیکتاتۆری ڕۆمی، بە چەشنێک دەسەڵاتێکی یاسایی بووە بەڵام لە کۆتایی سەردەمی کۆماری ئەو سپاسالارانەی کە بە شێوەی ناڕەوا دەسەڵاتیان بەدەست دەهێنا خۆیان بەم ناوبانگەوە ناساند و ئینجا دیکتاتۆری، ڕواڵەتێکی نایاسایی بەخۆوە گرت.
لە زاراوەی سیاسی ئەمرۆدا ئەم زاراوە بەو ڕژێمانە دەگوترێن کە تێیدا کەسێک یان حیزبێک، مەجال ناداتە گرووپەکانی دیکە تاکوو ئەوانیش بەشداری بکەن لە دەسەڵاتدا و بەمجورە دەسەڵاتی هەموو هێزەکانی وەڵات بەدەستەوە دەگرێت. نموونەی ڕژێمی دیکتاتۆری لە سەدەی بیستەمدا بریتی بوون لە: هیتلەر (1889-1945) لە ئەڵمانیا، مۆسۆلینی (1883-1945) لە ئیتالیا، ستالین (1879-1953) لە یەکییەتی سۆڤییەت کە لە قەوارەی حیزبی ناسیۆنال سۆسیالیست و فاشیست و کۆمۆنیزم پێکهاتن و سەرمەشقی حکوومەتی دیکتاتۆری حیزبی و تاکەکەسی لە ئەژمار دێن.
دیکتاتۆرییەکان، بە سێ جۆری کۆنەپەرست و شۆڕشگێڕانە و تێکەڵ دابەش دەبن. دیکتاتۆری کۆنەپەرست، ناهێڵێت پێکهاتە کۆمەڵایەتییە کۆنەکان تووشی وەرچەرخان ببن. بە پێچەوانەوە دیکتاتۆری شۆڕشگێڕانە، وەرچەرخانی ئەم پێکهاتە کۆمەڵایەتییانە خێراتر دەکات. بەڵام جیاکردنەوەی ئەم جۆرە دیکتاتۆرییانە لە یەکتر هاسان نییە چونکە لە واقیعدا زۆربەی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکان خۆیان بە شۆڕشگێر دەزانن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لەسەر شارە وێرانەکان کۆمەڵگەیەکی نوێیان دامەزراندۆتەوە. هەندێجار جۆرێک لە دیکتاتۆرییەت هاتۆتە مەیدانەوە کە لە میانەی کۆنەپەرستی و شۆڕشگێریدا هەنگاوی ناوە کە پێی دەگوترێ دیکتاتۆری تێکەڵ، بۆ نموونە ڕژێمی ناپیلئۆن.
ڕژێمە دیکتاتۆرییەکان بەزۆری لەڕێگەی نایاسایی وەکوو کۆدەتای سەربازی جڵەوی دەسەڵات بەدەستەوە دەگرن بەڵام هەندێ ڕژێمی دیکتاتۆریش هەن کە لەڕێگەی یاسایی دەسەڵات بەدەستەوە دەگرن کەچی پاش سەقامگیربوونی حکوومەتەکەیان ئامادە نین بە هەمان شێوە واز لە دەسەڵات بهێنن. بۆ وێنە هۆگۆ چاڤێز سەرۆککۆماری ڤەنیزۆئیلا، لەسەرەتای ساڵی 2009 بە دەرکردنی یاسایەک لە پەرلەمانی ئەم وەڵاتە، توانی ڕێگە بۆ پاڵاوتنی هەمیشەیی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار هەموار بکات.
هەموو ڕژێمە دیکتاتۆرییەکان لەم خاڵانەی خوارەوەدا هاوبەشن:
1ــ کۆجێبوون (چەقبەستن)ی دەسەڵات.
2ــ پێشێلکردنی ئازادییەکانی تاک.
3ــ نەبوونی قانوون و یاسایەک کە ماوەی دەسەڵاتداریەتی فەرمانڕەوا سنووردار بکات.
4ــ نەبوونی یاسایەک بۆ جێنشینی دەسەڵات.
5ــ ملکەچکردنی جەماوەر بۆ دەسەڵات تەنیا بەهۆی ترسەوە.
6ــ کەڵکوەرگرتن لە تیرۆر* وەکوو ئامرازی بەکارهێنانی زەبر و زۆر.
دیکتاتۆری پرۆلتاریا
یەکێک لە چەمکەکانی مارکسیزم*ــە کە چۆنییەنی بەکارهێنانی هێزی دەوڵەت لە نیۆان شۆڕشی سۆشیالیستی و پیادەکردنی کۆمەڵگەی سۆشیالیستی دیاری دەکات. مارکس لە ڕێبازەکەی خۆیدا بۆ تێپەڕبوون لە قۆناخی سەرمایەداری بەرەو سۆشیالیزم، باسی قۆناخێکی دیکە دەکات کە بە «دیکتاتۆری پڕۆلتاریا» ناوبردەی دەکات. بە باوەڕی مارکس، دوای ئەوەی پرۆلتاریا لەڕێی شۆڕشەوە دەسەڵاتی سیاسی بەدەست هێنا، حکوومەتی چینەکەی خۆی (کرێکاران) دادەمەزرێنێ. وەها حکوومەتێک مووچە و حەقدەست بە ڕێژەی ئیشوکار دەدات و خاوەندارییەتی کەرەستەی بەرهەمهێنان و دابەشکردن و مەزاختن بەدەستەوە دەگرێ و هەوساری چینەکانی دیکە مەهار دەکات. ئەم حکوومەتە، بە لەناوبردنی کاری دەستی و فیکری و جیاوازیی چینایەتی، ڕێگە بۆ لە دایکبوونی کۆمۆنیزم واتە کۆمەڵگەی بەدەر لە چینایەتی، خۆش دەکات. لەم کاتەدا پرۆلتاریاش وەکوو چینێک، لەناو ئەچێت و جێی خۆی دەدات بە ئەنجومەنەکانی هاریکاری بۆ بەدەستەوەگرتنی کەرەستەکانی بەرهەمهێنان.
بەڕای مارکس و لایەنگرەکانی، دیکتاتۆری پرۆلتاریا قۆناخی گواستنەوەیە لە کۆمەڵگەی سەرمایەدارییەوە بۆ کۆمەڵگەی سۆشیالیستی. مارکسییەکان گرنگییەکی زۆر بەم تیۆرییە دەدەن و بە ئامانجی کۆتایی هاتنی«سەردەمی ڕەنجدەران»ی دەزانن کە بەو پێیە گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە هەموو بوارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا دێتەدی.
یەکێک لەو گرفتانەی کە بۆ مارکسییەکان بۆ بەکار هێنانی ئەم مۆدێلە لە وەڵاتانێکی وەک سۆڤیەت و چین بەدیهات، ئەمە بوو کە لەم وەڵاتانە بەهۆی دواکەوتوویی ئابووری، پرۆلتاریا زۆر بێتوانا و بێحەشیمەت بوو بەڵام لینین و مائۆ، بە دامەزرانی حیزب، لەبری چینێک کە حیزب خۆی بە نوێنەری دەزانێ، لەم مۆدێلە بۆ فەرمانڕەوایی ڕەهای حیزبی کۆمۆنیست کەڵکیان وەرگرت.
دیکتاتۆریەتی
بریتییە لە پشتیوانیکردن لە حکوومەتێکی سەرکوتکار کە فرمانەکانی تەنیا لە ترسی سزادان جێبەجێ دەکرێت. لایەنگرانی ئەم جۆرە حکوومەتانە لەسەر ئەم باوەڕەن کە دەسەڵاتی فەرمانڕەوا بە شێوەیەکی خوڕسک، شەرعی و ڕەوایە و پێویستە خێرا بەڕێوە بچێت چونکە ئەم دەسەڵاتە لە لایەن خواوەند یان ڕەوتی مێژوو بە دەسەڵاتدار سپێردراوە. لایەنگرانی نوێی ئەم ڕژێمانە، سیستەمە دیموکراسییەکان لەمەڕ ئیدارەی کۆمەڵگە بەر ڕەخنە دەدەن و بۆ ئیدارەی کۆمەڵگە سیستەمێکی دەسەڵاتدار و بەهێز داوا دەکەن کە بێسەرنجدان بە خواستەکانی فەرمانبەران کاروباری وەڵات جێبەجێ بکات.
ڕژێمە دەسەڵاتخوازەکان، لەم سۆنگەوە لەگەڵ ڕژێمە دیموکراسییەکان جیاوازییان هەیە کە ئەمان نەیاریی فیکرییان پێ قبوڵ ناکرێ و دەست دەگرن بەسەر میدیاکاندا و لە بەردەم ئازادییەکانی تاک تەگەرە ساز دەکەن و دەسەڵاتیش ئەسپێرنە دەست تاقمێکی ناوازە. لە کۆمەڵگەی دەسەڵات خوازدا بە شێوازی کۆن، تاقمی دەسەڵاتخواز بۆ ڕاگرتنی دڵی جەماوەر هیچ هەوڵێک نادات و خۆی بۆ لێپرسینەوە ئامادە ناکات بەڵکوو هەوڵ دەدات جەماوەر تەنیا ملکەچی خۆی بکات. نموونەی ئەم جۆرە حکوومەتانە، ڕژێمە دیکتاتۆرییە فاشیستییەکانن.
سەندیکالیزم
سەندیکالیزم لە وشەی لاتینی syndicus بە واتای یەکێتی وەرگیراوە بەڵام لە زاراوەی سیاسیدا بزاڤێکی کرێکاری بوو کە لە 1890 لە فرەنسی سەری هەڵدا بە مەبەستی ڕادەستکردنی کۆنترۆڵ و خاوەندارییەتی کەرەستەی بەرهەمهێنان لە دەوڵەتەوە بۆ یەکێتیە پیشەییەکان. سەندیکالیزم، سیاسەت وەلادەنێت و بۆ خەباتی چینایەتیش وەک «کردەوەیەکی پیشەسازییانە» دەڕوانێ و بە شتێکی کارامەی دەزانێ. سەندیکالیستەکان بە چاوی گومانەوە دەیانڕوانییە ڕۆشنبیرانی سۆسیالیست و یەکگرتنی کرێکارانیان بە مەرجی سەرەکی سەرکەوتن لە هەر چالاکییەکی پیشەیی دەزانی.
سەندیکالیزم لە 1907 لە بەریتانیا بڕەوی پەیدا کرد. بزاڤی کرێکاری توندڕەوی بەریتانیا، بەم دروشمە دەیهەویست خاوەنداریەتی ئامرازی بەرهەمهێنان و دابەشکردن لە چنگی خاوەنداران دەرکێشێ و ڕادەستی یەکێتییەکانی بکات.
سەندیکالیزم بزاڤێکە بە دژی سەرمایەداری کە داواکاری خودموختارییە بۆ گروپە کرێکارییەکان و لە هەر چالاکییەکی ڕاستەوخۆی پیشەسازی بۆ ڕووخانی سیستەمی سەرمایەداری پشتگیری دەکات. کەواتە سەندیکالیستەکان لەگەڵ سۆسیالیستەکان کە دەیانهەوێت لە ڕێی پەرلەمان یا شۆڕش دەست بگرن بە سەر حکوومەتدا جیاوازییان هەیە. سەندیکالیستەکان وەک ئانارشیستەکان، دەوڵەت بە ستەمکار دەزانن و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان کاری تێکدەرانە و مانگرتنی گشتی و ئاژاوە ئەنجام دەدەن. بە گشتی ئەم ڕێبازە، کرێکاران بە کۆڵەکەی سەرەکی کۆمەڵگە دەزانێ و دەبێ کرێکارانی هەر پیشەیەک سەندیکای تایبەت بە خۆیان دروست بکەن و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن بە دەستەوە بگرن و دەست وەردەنە هەموو کاروبارێکی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە. لەم ڕوانگەوە کۆمەڵگە پێویستی بە دەوڵەت نییە.
لە دوای شەڕی جیهانی یەکەم و شۆڕشی 1917 لە سۆڤیەت، سەندیکالیزم بڕەوی نەما و لایەنگرەکانی، یان ڕوویانکردە کۆمۆنیزمی شۆڕشگێڕانەی سۆڤیەت یان کەوتنە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی دیموکراسی ڕۆژاوا بۆ بڕەو پێدانی باری کۆمەڵایەتی و ئابووری لە ڕێی بڵاوبوونەوە لە یەکیەتی پیشەسازی و چالاکی پەرلەمانی.
ڕادیکاڵ + چەپڕەو
قوتابخانە، حیزب یان کەسێک کە باوەڕی بە گۆڕانکاری خێرا و بنەڕەتی لە بونیادە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە و دەخوازێت بنەڕەتەکان لە ڕیشەوە بگۆڕێ، بە تایبەت ئەگەر ئەم گۆڕانکارییانە ببێتە هۆی هێورکردنەوەی بارودۆخی کۆمەڵایەتی یان سڕینەوەی گەندەڵییەکان.
ڕادیکاڵیزم
ئەم زاراوە دەلالەت دەکا بە سەر ئەندێشە و کردارێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە دەخوازێ بە پەلەو بآێڕاوەستان، گۆڕانکارییەکی قووڵ بەسەر دامودەزگە کۆمەڵایەتییەکاندا بێنێت. ڕادیکالیزم (و ئاوەڵناوی ڕادیکال) زیاتر بۆ وەسفی ئەندێشە و کردەی سیاسی چەپی توندڕەوــ مارکسی یا نامارکسی ــ بەکار هاتووە.
زاراوەی ڕادیکالیزم، یەکەم جار لە بەریتانیا دەرحەق بە نەیاران، لە «پلانی ڕیفۆرم» 1832 هاتە ئاراوە وپاشان ج.بینتام و هاوڕێکانییان بە ڕادیکالی فەلسەفی، ناوبرد بەڵام بەم واتایەی کە ئەمڕۆ بە زاردا دێت، دەگەڕێتەوە بۆ سێندیکاخوازی فەرەنسە.
لە ساڵی 1920 بەملاوە ڕادیکالیزم ئێجگار لەگەڵ مارکسیزم ئاوێتە بووە. جووڵانەوەی چەپی توندڕەو زیا لە هەموو شتێ کەوتە ژێر کاریگەری ستالینیزمەوە. هەندێک ڕادیکالیزمیان لە بەرانبەر لیبرالیزمی نوێی ئەمەریکا، بە چەشنی فرانکلین ڕۆزوێڵت ناوبردە کردووە. لەسەردەمی چالاک بوونی«بەرەی خەڵکی» لە 1930 دژایەتی هاوبەش لەگەڵ فاشیزمی ئەوروپی بووە هۆی یەکگرتوویی ڕادیکالە مارکسی و لیبراڵەکان. مۆرکردنی پەیمان لەنێوان سۆڤیەت و ئەڵمانیای نازییەت، بووە هۆی خاوبوونەوەی ئەم یەکییەتیە بەڵام بە هاتنە ناو جەرگەی شەڕی یەکیەتی سۆڤیەت، دووبارە گورج بۆوە.
ئەنجومەنی باکووری (نۆردیک)
ئەنجومەنی باکووری یان ئەنجومەنی سکاندیناڤی، کۆمەڵێکە پێکهاتووە لە نوێنەرانی وەڵاتانی دانیمارک، سوید، ئیسلەند، فەنلاند و نەرویج کە بەمەبەستی پەرەپێدان بە هاوکاری لە بواری جۆراوجۆر لەنێوان وەڵاتانی سکاندیناڤی دامەزرێوە. ئەم ئەنجومەنە ئەندامانی خۆی دنە دەدا کە بۆ ڕێکخستنی بازاڕێکی هاوبەش بۆ بەرهەمەکانی خۆیان، چالاکییەکانیان ڕێک بخەن تاکوو بەرەو یەکیەتییەکی گومرگی هەنگاو بنێن. بەڵام ئەم جووڵانەوە، لەدوای دامەزرێنی« یەکیەتی بازرگانی ئازادی ئەورووپا» لە ساڵی 1959 و بە ئەندامبوونی دانیمارک و نەرویج و سوید لەو یەکیەتییەدا کۆتایی پێ هات.