تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



مافی خاک
تیۆرییەکی یاسایی کە نەتەوایەتی، گرێدراوی خاک و شوێنی لەدایکبوونی منداڵ لە قەڵەمڕەوی حاکمییەتی دەوڵەتێک دەزانێ. واتە هەر کەسێک پەیڕەوی وەڵات و شوێنی لەدایکبوونی خۆیەتی. ئەگەر بێتوو کەسێک لە فڕۆکە یان پاپۆڕ لەدایک بێت، لێرەدا چونکە بەپێی نەریتی نێودەوڵەتی پاپۆڕ لە دەریای ئازاد و فڕۆکە لە ئاسماندا سەر بەو وەڵاتەن کە ئاڵاکەی هەڵگرتووە کەواتە پاپۆڕ یان فڕۆکە لەگوێن خاکی ئەو دەوڵەتە لە ئەژمار دێن. بۆ نموونە، ئەگەر منداڵێک لە پاپۆڕێکی ئەمریکی لەدایک ببێت، بەپێی بنەمای مافی خاک ئەو منداڵە سەربە دەوڵەتی ئەمریکا دەبێت و ڕەگەزنامەی ئەمریکی وەردەگرێت. ئەمڕۆ زۆربەی وەڵاتانی جیهان مافی خاک لە یاسا مەدەنییەکاندا لەبەر چاو دەگرن و بەو پێیە هەڵسووکەوت دەکەن.
ڕێکخراوەی جیهانی خاوەنداریەتی
ئەم ڕێکخراوە مێژووەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ کۆنڤانسیۆنی پاریس (1883) و بێرن (1886) کە بریتی بوون لە یەکیەتی نێونەتەوەیی بۆ پشتگیری خاوەنداریەتی مەعنەوی و یەکیەتی نێونەتەوەیی پشتگیری لە بەرهەمە ئەدەبی و فەرهەنگییەکان. ئەم دوو کۆنڤانسیۆنە لە 1893 یەکییان گرت و سەرەنجام لە کۆنڤانسیۆنی ستۆکهۆڵم (14/7/ 1967) لەژێر سەردێڕی ڕێکخراوەی نێونەتەوەیی خاوەنداریەتی مەعنەوی، بوونی خۆی ڕاگەیاند بەڵام بەشێوەیەکی ڕەسمی لە 26/4/ 1970 پیادە کرا.
بەپێی بەندی 3ی کۆنڤانسیۆنی ستۆکهۆڵم ئامانجەکانی ئەم ڕێکخراوە بریتین لە:
ـــ پەرەپێدان بە پشتگیری لە خاوەنداریەتی مەعنەوی لە هەموو جیهان لەڕێگەی هاوکاری نێودەوڵەتی.
ـــ زامنکردنی هاوکاری ئیداری نێوان یەکیەتییەکان.
بەپێی بەندی چواری ئەم کۆنڤانسیۆنە، ڕێکخراوەکە بەمەبەستی گەیشتن بەو ئامانجانەی سەرەوە، هەڵدەستێ بە ئەنجامی ئەم ئەرکانەی خوارەوە:
ـــ پەرەپێدان بە هەر جۆرە ئاسانکارییەک بەمەبەستی پشتگیری لە خاوەنداریەتی مەعنەوی. جیاواز لەمەش، هاوئاهەنگی یاسا نەتەوەییەکان بەهەند ئەگرێت.
ــــ پیادەکردنی ئەو ڕێککەوتنە نێونەتەوەییانەی کە بۆ ئەم مەبەستە واژۆ دەکرێ.
ـــ وەڵاتانی خوازیاری یارمەتی یاسایی و تەکنیکی لە بابەت خاوەندارییەتی مەعنەوی، هاوکاری یەکتر دەکەن.
ــــ هەموو زانیارییەکی پێوەندیدار بە خاوەنداریەتی مەعنەوی کۆ دەکرێتەوە و بە تویژینەوە لەسەر ئەم بابەتە پاداش دەدرێ و ئەنجامی توێژینەوەکان بڵاو دەکرێتەوە.
باڵیۆزخانە
نوێنەرایەتی باڵای سیاسی وەڵاتێک لەناو وەڵاتێکی دیکە کە شوێنی گوزەرانی ڕەسمی و نووسینگەی باڵیۆزی ئەو وەڵاتە لە ئەژمار دێت. باڵیۆزخانە لە دوای کۆنسۆڵخانە پێک هات. چۆنیەتی دروستبوونی ئەم شوێنە ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەیکە پاش کۆتایی هاتنی هەر شەڕێک، وەڵاتانی دوژمن چەن کەسێکیان بۆ گفتوگۆ ڕادەسپارد. ئەم ڕاسپاردانە بە شوێن دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەک بوون تاکوو شەڕ هەڵنەگیرسێتەوە. بۆ ئەوەی ئەم ڕاسپاردانە بتوانن ئەرکەکانی خۆیان بێ مەترسی و لە ئاسایشدا بەڕێوە ببەن، مەسەلەی چۆنیەتی«پاڕاستن» یان هاتە ئاراوە.
بەندی یەکەمی ڕێککەوتننامەی لاهاوان کە لە 20 ی فێورییەی 1928 مۆرکراوە، مافی باڵیۆزخانە بەم شێوە دیاری دەکات: «دەوڵەتەکان مافی ئەوەیان هەیە نوێنەرانی سیاسی بۆ وەڵاتانی یەکدی بنێرن». هەر کات دەوڵەتێک، بێئەوەی لەگەڵ وەڵاتێکی دیکە لە حاڵەتی شەڕدا بێت یان بێئەوەی پێوەندی سیاسی خۆی لەگەڵ دابڕیبێت، نوێنەری سیاسی ئەو وەڵاتە وەرنەگرێت، لە ڕوانگەی مافی نێونەتەوەییەوە مافی ئەو دەوڵەتەی پێشێل کردووە.
یەکەم باڵیۆزخانەی هەمیشەیی لە لایەن ڕیشیلیۆ ڕاوێژکاری لوویی سێزدەهەمی فەرەنسە دامەزرا و دەوڵەتانی دیکەش بەپێی ئەم ڕێسایە هەنگاویان نا. کەواتە دەکرێ بڵێین باڵیۆزخانەی هەمیشەیی لە کۆتاییەکانی سەدەی 17 لە دنیادا بەدیهات.
قوتابخانەی سیاسی
قوتابخانەی سیاسی بەو تیۆرییانە دەگوترێ کە دەربارەی دەوڵەت، حکوومەت و شێوەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لێکۆڵینەوە دەکات. قوتابخانە سیاسیەکان بەو مانایەی کە ئیمڕۆکە مەبەستمانە مێژوویەکی دوور و درێژیان نییە بەڵکوو بەرهەمی گۆڕانکارییە فیکرییەکەی سەردەمی ڕێنسانسی ئەورووپایە بە تایبەت سەروبەندی شۆڕشی مەزنی فرەنسی کە بزاوتە سیاسیەکان بە ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەتەوە هاتنە مەیدانەوە. لە باری مێژووییەوە، ڕەوتی پەیابوونی قوتابخانە سیاسیەکان وابووە کە سەرەتا ئەندێشەی ئازادیخوازانە (لیبرالیزم) و تاک باوەڕانە (تاک پەروەری) سەری هەڵداوە. دواتر، پاش ڕووخانی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکان و هاتنە ئارای مەسەلەی نوێی کۆمەڵایەتی و ئابووری، ڕێبازی کۆمەڵخوازی و سۆشیالیستی بەدیهاتوون.
ئەم قوتابخانانە هەندێ جار وەک لیبرالیزم (بڕوانە ئازادیخوازی) یا فاشیزم ژێرخانێکی فەلسەفییان نییە بەڵام هەندێکی دیکە لەم قوتابخانانە وێڕای خستنەرووی تیۆری دەربارەی حکوومەت، بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات بە ئامرازێک دەزانن بۆ گەیشتن بە ئامانجی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە ئەمانە لە ڕاستیدا بە ئایدیۆلۆژیا لە قەڵەم دەدرێن. بۆ وێنە کۆمۆنیزم و سۆشیالیزم کە ڕیشەی هەردووکیان دەگەڕێتەوە بۆ مارکسیزم.
قوتابخانەی فرانکفۆرت: بڕوانە مارکسیزمی نوێ.
ژێرخان
لە جیهانبینی مارکسیدا و بەپێی تیۆری «مەتریالیزمی مێژوویی» ، لە ناو هەموو پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە، پێوەندییە مادی و بەرهەمهێنەرەکان بە پێوەندی سەرەکی و چارەنووسساز دادەنرێن. ژێرخانی هەر کۆمەڵگەیەک بریتییە لە کۆی ئەو پێوەندییە بەرهەمهێنەرانەی کە پەیکەری ئابووری کۆمەڵگە پێک دێنن (واتە سیستەمی ئابووری، هێزە بەرهەمهێنەکان، پێوەندی چینایەتی و شێوازەکانی خاوەنداریەتی).
لە بەرانبەر ژێرخاندا سەرخان دێتە ئاراوە کە ئەویش بریتییە لە سەرجەم دەزگە کۆمەڵایەتی ــ سیاسی و کەلتوورییەکانی کۆمەڵگە. ئەم سەرخانە لە دوو ڕواڵەت پێک دێت: یەکەم، شێوازە یاسایی و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان، واتە دەوڵەت و دەزگەی دادپەروەری و سیاسی. دووهەم، ئایدیۆلۆجی واتە کۆی بڕوا و ئەندێشە ئەخلاقی و سیاسی و ئایینی و فەلسەفییەکان کە دەبێتە پاڵپشتی سیستەمی خاوەنداریەتی و شێوازی دابەشکردنی بەرهەمەکان. بە بڕوای مارکس، لە نێوان ژێرخان و سەرخان، پێوەندییەکی یەک لایەنە لە ئارادا هەیە و هەر چەشنە گۆڕانێک بە سەر ژێرخاندا بێت، دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە سەرخانیشدا.