تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



بەیاننامەی بالفۆر
بەیاننامەی حکوومەتی بەریتانیا کە بە نامەیەک لە لایەن ئارتور جیمز بالفۆر (1840-1930)، وەزیری دەرەوەی ئەووەڵاتە لە ڕێکەوتی 2ی نۆڤەمبەری 1917 بۆ ڕۆچیڵد (سەرۆکی کۆنگرەی زایۆنیستەکانی بەریتانیا) دەرکراوە. لەم نامەدا وێڕای هاوسۆزیکردن لەگەڵ ئاواتی جوولەکان، ئامادەیی بەریتانیا بۆ «دامەزراندنی نیشتمانی جوولەکە» لە وەڵاتی فەلەستین ڕاگەیاندراوە. لەو کاتەدا فەلەستین لەژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بووە بەڵام لەسەر بڕیاری کۆمەڵی نەتەوەکان (1922) دەسپێردرێتە حکوومەتی بەریتانیا. لەوە بەدواوە بەریتانیا مابۆوە کە چۆن ئەو مەرجەی نامە کە جێبەجێ بکات کە ئەڵێ: «نابێ کارێکی وەها بکرێت کە مافی مەدەنی و ئایینی گەلانی دیکەی فەلەستین پێشێل بکرێت». سەرجەمی ئەو ڕووداوانەی کە بوو بەهۆی دابڕانی جوولەکە و عەرەبان لە یەکتر و دامەزرانی ئیسڕائیل و شەڕی نێوان عەرەب و ئیسرائیل، لێرەوە دەستی پێکرد. جا بۆیە، عەرەب پێی وایە بەیاننامەی بالفۆر پیلانێکی ئیمپریالیستی بووە لە لایەن بەریتانیاوە بە دژی عەرەب و فەلەستینەکان.
جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ: بڕوانە مافی مرۆڤ.
بەیاننامەی سێ لایەنەی 1950
بەیاننامەی دەوڵەتانی بەریتانیا، فەرەنسە و ئەمەریکا لەسەر زامنکردنی دۆخی ئەو کاتەی فەلەستین. بەپێی بەیاننامەکە ئەم سێ دەوڵەتە، ڕێککەوتن لەسەر ئەوەیکە هەرکاتێک ئیسراییل یان وەڵاتانی عەرەب پێیان خستە ئەودیو سنوور و هێڵەکانی دەسکێشانەوە لە شەڕ، ئەوکات بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ لەڕێی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان یان ڕێگەی دیکە، «دەستبەجێ» بێنە مەیدانەوە.
بەیاننامەی قاهیرە
ئەم بەیاننامە پاش دیداری سەرۆکی دەوڵەتانی چین و بەریتانیا و وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە دیسەمبەری 1943 لە شاری قاهیرە بڵاوکرایەوە. ئەم دەوڵەتانە جارێکی دیکە داوایان کرد لە ژاپۆن کە بێ منەمن خۆی تەسلیم بکات. ئەمانیش کارێک دەکەن کە خاکە داگیرکراوەکانی بگەرێننەوە بۆ دۆخی 1895. لەملایشەوە ژاپۆن دەبوا لە هەموو ئەو دوورگە و خاکانەی کە لە شەڕی جیهانی یەکەم لە بەحری هێمن گرتبووی، پاشەکشە بکا و ئەو ناوچانەش کە لە چین داگیری کردبوو، بداتەوە بەو وەڵاتە. لەم بەیاننامەدا هەروەها بڕیار درا کە کۆریا ببێتە وەڵاتێکی سەربەخۆ.
بەیاننامەی هاوانا: بڕوانە کاسترۆئیزم.
نوخبەی دەسەڵات
ئەم زاراوە لە لایەن ڕایت میلز (1962-1916) کۆمەڵناسی ئەمەریکی دەرحەق بەو کەسانە بە کار هات کە لە سەرووی هایراکی دەزگە گەورەکانی کۆمەڵگەی هاوچەرخ وەک کۆمپانیا و دەوڵەت و سوپا دائەنیشن.