تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئینترپۆل (ڕێکخراوی نێودەوڵەتی پۆلیسی تاوانباران)
ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی 1923 بەمەبەستی بەرگریکردن لە تاوان و سووکەتاوانی یاسای گشتی و سزادان و ڕادەستی تاوانباران لە شاری ڤییەنا (نەمسا) دامەزرێوە و ئێستە پتر لە 176 وەڵات بوونەتە ئەندامی ڕێکخراو. بەگشتی ئامانجی ئەم ڕێکخراوە بریتییە لە: پتەوکردنی پێوەندی ڕاستەوخۆی مەقاماتی پۆلیسی وەڵاتانی جیهان بەیەکتر، کۆجێکردنی زانیاری پێوەندیدار بە تاوانبارانی نێودەوڵەتی و هەنگاونانی تەکنیکی لەمەڕ تاوانەکانی یاسای گشتی، جگە لەو بابەتانەی کە لایەنی سیاسی یان ئایینی یان ڕەگەزییان هەبێت. ناوەندی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی پۆلیسی تاوانباران، لە ساڵی 1989 لە شاری پاریسەوە گواستراوەتەوە بۆ شاری لییۆن لە فەرەنسا.
تاوانی سیاسی
کردارێکی تاوانبارانە کە بەمەبەستی ڕووخانی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و شێواندنی بەڕێوەبەرایەتی سیاسی بە ئەنجام بگات، یان هەر کرداڕێکی تاوانبارانە کە دەرەنجامەکەی ڕووخانی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و زیانگەیاندن بە ڕێبەرانی سیاسی بێت. ڕوودانی تاوانی سیاسی وەک هەر تاوانێکی دیکە، گرێدراوی سێ ڕوکنی ماددی و مەعنەوی و قانوونیە و مادامێکی یەکێک لەم کۆڵەکانە بلەنگێت، ئەوا تاوانێک ڕووی نەداوە.
بۆ سەلماندنی تاوانێکی سیاسی دوو ڕێسێ گرنگە: یەکەم، ڕێسای زەینی. دووهەم ڕێسای عەینی (بەرچاو) . بەپێی ڕێسای زەینی، کەسە تاوانبارەکە و ئامانجەکەی گرینگە نەک تاوانەکە و شوێنەوارە بەجێماوەکەی. بەم پێیە تاوانی سیاسی بریتییە لەوە کە تاوانبار بە پاڵنەری سیاسی و بەمەبەستی نسکۆ لێدان بە حکوومەت دەسبەکار بووبێت. بەپێی ڕێسای عەینی، پێودانگی سەرەکی بۆ دەرکەوتنی تاوانێکی سیاسی، شوێنەواڕێکە کە لە تاوانەکە بەجێ دەمێنێت. ئەگەر تاوانەکە زیان بگەیەنێ بە حکوومەت و ئازادییە گشتییەکان، ئەوا لە جوملەی تاوانی سیاسی لە ئەژمار دێت.
تاوانی نێودەوڵەتی
لادان لە پرەنسیپەکانی دەوڵەت و نەتەوەکان و سستکردنی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و هەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایش کە بریتین لە: دەستدرێژی، داگیرکاری*، جێنۆساید*، ئاپارتاید*، ڕەگەزپەرستی و نەپاراستنی پاکوخاوێنی ژینگە.
تۆتالیتاریزم + پاوانخوازی
ئەم زاراوە لە ڕیشەی لاتینی (totus) بە مانای «گشت» وەرگیراوە. بەو ڕێباز و ئەندێشە سیاسی و ئایینی و ئەخلاقییانە دەگوترێ کە هیچ سنوورێک لەنێوان ژیانی کۆمەڵایەتی و ژیانی تاکەکەسی قاییل نابێت و بۆی هەیە تەواوی کەلێن و قوژبنی ژیانی خەڵک بپشکنێ و دەستی تێوەربدات. هەڵبەت ئەوە لە بیر نەکەین کە پاوانخوازی، لە خۆیدا ئایدیۆلۆجیایەکی تایبەت نییە بەڵکوو تایبەتمەندی ئایدیۆلۆجیکی سیستەمگەلێکی وەک کۆمۆنیزم و فاشیزم و نازیسم لە ئەژمار دێت.
تۆتالیتاریزم، یەکەم جار لە دوای ساڵی 1923، واتە ئەو ساڵەی کە مۆسۆلینی لە ئیتالیا دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت، بۆ ناوبردەکردنی ئەو سیستەمە کۆمەڵایەتی و سیاسییەی کە دەیویست لەم وەڵاتەدا پیادەی بکات بە کار براوە و پاشان دەماودەم بڵاو بۆتەوە.
بەگشتی ئەو ڕژێمانەی کە هەڵگری خەسڵەتی تۆتالیتەرین، ئەم تایبەتمەندییانە لەخۆ دەگرن:
1ــ کۆنتڕۆڵی دەوڵەت بە سەر هەموو کاروبارێکی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا.
2ــ پاوانکردنی دەسەڵاتی سیاسی بە دەستی حیزبی دەسەڵاتدار.
3ــ لابردنی هەموو جۆرە شێوازێکی چاودێریی دیموکراتی لە کۆمەڵگەدا.
4ــ پەنابردن بە تیرۆر بۆ سەرکوتکردنی هەر چەشنە نەیارییەک.
5ــ قۆرخکردنی حیزب و دەوڵەت لە لایەن تاکە کەسێکەوە.
6ــ هەوڵدان بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگەیەک بە پێوانەکانی ئایدیۆلۆجی حیزبی دەسەڵاتدار.
7ــ خستنەگەڕی هەموو هێزەکانی کۆمەڵگە لە پێناو ئامانجەکانی حیزب و دەوڵەت و ئیفلیجکردنی سەربەخۆیی تاکەکەسی.
ڕادەستکردنی تاوانباران
بە واتای دووبارە دانەوەی تاوانبار یان گومانلێکراو لە دەوڵەتێکەوە بۆ دەوڵەتێکی دیکەوە. لەم بارەوە هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی لە ئارادا نییە بەڵام دەوڵەتەکان لەناو خۆیاندا قەرار و بەڵێن دەدەن کە تاوانباران یان گومانلێکراوان (جگە لە تاوانباری سیاسی) ڕادەستی یەکتر بکەنەوە. تاوانباری سیاسی (بڕوانە تاوانی سیاسی)، بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان بە «پەنابەر» ناونووس دەکرێ و دەبێ لە مافی پەنابەران بەشدار و بەهرەوەر بێت.