تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئیرادەی گشتی
تیۆرییەک لە بارەی پێوەندی تاک و دەوڵەت و بنەماکانی دەوڵەت لە بەرانبەر تیۆری کۆن کە سەرچاوەی دەسەڵاتی دەوڵەت وەکوو «مافێکی خواوەندی» لەئەژمار دێنێ. بەپێی ئەم تیۆرییە سەرچاوەی دەسەڵاتی دەوڵەت ئیرادەی گشتیی خەڵکە و لە هەر سیستەمێکی سیاسیدا دەبێ خواستی هەموو شارۆمەندان لە بنیاتنانی ئەو سیستەمەدا لە بەرچاو بگیرێت. ئیرادەی هەموان، گشتێکی تێک تەنراوە کە بڕیارەکانی ئاوەزمەند و ڕاست و ڕەوایە و بەپێی بەرژەوەندی هەموان و لەسەرووی خواستی تاکەکەسەوەیە.
ئەم تیۆرییە لە جیهانی ئەمڕۆدا گرینگییەکی زۆری پێدراوە. چونکە زۆربەی سیستەمە سیاسیەکان خۆیان بە نوێنەر و فەرمانبەری ئیرادەی گشتی دەزانن و ئەم چەمکەش لەژێر سەردێڕی «ئیرادەی نەتەوە» و ئیرادەی گەل و … ناوبردە دەکەن.
ئەم تیۆرییە لە لایەن فەیلەسوفی فەرەنسی «جان جاک ڕۆسۆ»، لە کتێبی پەیماننامەی کۆمەڵایەتیدا بە تێر و تەسەلی باس کراوە. «ڕۆسۆ» ئەم کتێبە بە پرسێک لە کێشەی دەوڵەت دەستپێدەکات کە: چۆن دەوڵەت بنیات دەنرێ و کێ بنیاتی دەنێ؟ هەر خۆشی لە وەڵامدا دەڵێ: دەوڵەت دەرئەنجامی کۆبوونەوەی کەسانێکە کە بە خواستی خۆیان دەست لە دۆخی ئازادی«سروشتی» بەردەدەن و پێمل ئەبن بە کۆتوبەندی ڕێسایەکی سیاسی و یاساکانی. چونکە پاش ئەوەی مرۆڤ ژیانی سروشتی و کێویی خۆی بەجێهێشت و پێی نایە ژیانێکی کۆمەڵایەتیییەوە، گۆڕانێکی گەورەی بە سەرا دێت. ئینجا زۆر و ستەم و هەڵشاخانی غەریزی جێی خۆی ئەدا بە عەداڵەت و داد و بە پێچەوانەی ڕابردوو لە بەرانبەر یاسا ئەخلاقییەکاندا چۆک دادەدات. کەواتە بنیاتنەری دەوڵەت، ئیرادەی گشتییە و هەر ئەم خواستەیە کە باڵادەست و یاسادانەرە. بەم بۆنەوە ملکەچکردن بۆ یاسا شتێکی حاشاهەڵنەگرە چونکە یاسا ئازادی بۆ هەمووان دەستەبەر دەکا و ئەگەر کەسێک بێ قانوونی بکات، ئەبێ بە زۆرەملی لە بەرانبەر یاسادا چۆکی پێدابدرێ. بە حوکمی ئەم گوشارەیە کە ئازادییەکەی پێ ئەبەخشرێتەوە. تاک لەناو کۆمەڵگەی سیاسی و بە فەرمانی قانوونە کە شوناسی ئەخلاقی بە دەست دەهێنێ. چونکە لە بێسەرەوبەرەیی ڕزگار دەبێ و پابەندی ڕێسای ئەخلاق و ماف دەبێ و کڵاوی خۆی دەکاتە قازی کردارەکانی خۆی. چەندە ڕێسای سیاسی لەگەڵ ئیرادەی گشتی هاوتەریب بێت، ئەوەندەش تاک هەلومەرجی گەشەی ئازاد و ڕاستەقینە و ڕێگەی بەرەو فراژووتنی خۆی باشتر ئەدۆزێتەوە. بەم پێیە لە ڕوانگەی «ڕۆسۆ»وە کۆمەڵگەی سیاسی، خاوەنی ئیرادەیەکی ڕەها و بێ هەڵە و بێ بەدیلە.
پاش «ڕۆسۆ» چەمکی ئیرادەی گشتی، بۆتە بابەتی سەرەکی چەند فەلسەفەی سیاسی بەڵام ئەم فەلسەفانە لایەنگری دیموکراسی و دەسەڵاتی گشتی نەبوون. بۆ وێنە «هێگڵ»، فەیلەسوفی گەورەی ئەڵمانی لە کتێبی «فەلسەفەی حەق» ، ستایشی «ڕۆسۆ» دەکات کاتێک، «ئیرادە بە بنەڕەتی دەوڵەت» لە قەلەم دەدا، بەڵام لە لایەکی دیکەوە لۆمەی دەکات کاتێک، بە «خواستی گشتی» ناوبردەی دەکات چونکە زمانحاڵی خۆی لە کۆنگرەی گشتیدا دەدۆزێتەوە. «هێگڵ» دەڵێ: ڕەنگە گومانیان وا بێ کە ئەو شتەی دەوڵەت ڕادەگرێ، «زۆر» بێت، بەڵام لە ڕاستیدا ڕاگری دەوڵەت هەمان هەستی تەکوزییە کە هەموان لێی بەهرەوەرن. دەوڵەتی «هێگڵ»، ڕۆح یان خواستێکی باڵاترە لە ڕۆح و خواستی شارۆمەندان و دەزگەکانی دەوڵەت کە درێژە دەدات بە ژیانی شارۆمەندان. ئەو شتەی کە شارۆمەندان بەرەو دەوڵەت ڕادەکێشێ ڕەگەزی عەقڵە لە ئیرادەکانی ئەواندا.
بەم جۆرە ئیرادەی گشتی کە لە لایەن «ڕۆسۆ»وە چەمکێکی ڕەها و بێنیاز لە تاک سەیر کراوە دەگات بە «هێگڵ» کە دەوڵەت وەکوو بوونێکی پابەند بە ڕەوتی جووڵەی مێژوویی«رۆحی ڕەها» سەیر دەکرێت. ئەم تیۆرییە بەدەر لە ئاوەزی مرۆڤ سەرەنجام لە سەدەکانی 18 و 19 ئەبێتە ژێرخانی تیۆرییە دیموکراسییەکان و لە سەدەی بیستەمدا ئەبیتە هۆی بەدیهاتنی ڕژێمە توتالیتارەکان.
«ڕۆسۆ»، کۆمەڵگە سیاسییە ئایدیاڵییەکەی خۆی بە کۆمەڵگەیەکی بچووک دەزانی کە تێیدا هەموو خەڵک بە بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ، ئیرادەی خۆیان بەکار دەهێنا. بەڵام لە شۆڕشی مەزنی فەرەنسەدا ـــ کە «ڕۆسۆ» لە باری فیکرییەوە کاریگەریی لەسەر ڕێبەرەکانی دانابوو ـــ پیادەکردنی ئیرادەی گشتی شێوەی پەرلەمانی بە خۆوە گرت و هێدی هێدی لەبری ئەم چەمکە «خواستی نەتەوە» یان «خواستی نەتەوەیی» بەکار هێنرا. پاشان بە گەشەسەندنی ناسیۆنالیزم و سوسیالیزمی نوێ، ئیرادەی گشتی بە ناوی «خواستی نەتەوەیی» یان «خواستی کۆمەڵ» پیرۆز کرا، تا ئەو شوێنەی کە ئێستە لە هەموو جیهاندا دەسەڵاتی دەوڵەتەکان بەم ناوە دەرکراوە و زۆربەی شەڕ و کێشە سیاسییەکان بەم ناوە پاساو ئەدرێت.