تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



هاوواتا
synonym, وشەگەلی خاوەن هەمان واتا، واتای زۆر نێزیک لەیەک، واتای نێزیکی خاوەن شەبەنگی کەمێک جودا. وشەگەلی خاوەن ڕێک هەمان واتا «شاواتا» denotation یان هاوکۆیە، وشەگەلەی خاوەن شەبەنگی جۆراوجۆری هەمان واتان، «پاواتا» connotation یان هاوکۆیە. هاوواتا پێچەوانەی «دژواتا» opposite یە.
هاوپۆل
category, هاوجۆر
هایکو
Haiku, شێوازێکی هۆنراوەی ژاپۆنییە، پێک دێت لە 17 «مۆرا». بەگشتی هایکو بریتییە لە دوو ڕیز و سێ دێڕ و 5+7+5 مۆرا. مۆرا واتە بڕگەدەنگ کە دەکاتەوە یەک دەنگدێر (بزوێن، ڤۆکال) یان یەک دەنگدێر و یەک دەنگدار (کۆنسونانت). لەبەر ئەوەی گشت وشە یان دەربڕینی ژاپۆنی بە دەنگدێر یان بە «ن» تەواو دەبن، هونەری «سەروا» (قافیە) جۆرایەتیی زۆری بەدەمەوە نامێنێت و لە داڕشتنی هۆنراوەدا نابێتە ئامرازێکی سوودبەخش. بەڵام داڕشتنی هۆنراوەی پێنج یان هەفت مۆرا هەم ئاوازبەخشن و هەم بۆ زمانی ئەدەبیی زارەکی، خۆشتر لەبیران دەچەسپن. سەرچاوە: زانیارستانی سوێدی Nationalencyklopedin.
کەمانی هاردانگەر
کەمانێکی تایبەتی وەڵاتی نۆروێژە، ناوەکەی لە دەڤەری هاردانگەر Hardanger وەرگیراوە.
بەهاکێشەکێ
ڕێسای بەهاکێشەکێ Associative property – چەمکێکە لە ماتەماتیک و بەتایبەتی جەبری دەرهەستدا بەکار دێت بۆ ژمێرکارییەک (جاراندن یان کۆکاری) -ی سێ ژمارە و زیادتر، ڕیزبەندیی ژمارەکان بایەخی نەبێت بە مەرجێک ڕیزبەندیی «ژمێرکارییەکە» نەگۆڕدرێت، ئەنجام هەر یەکە: (x * y) * z = x * (y * z). // (x + y) + z = x + (y + z). // بۆ زاراوەی «بەهاکێشەکێ» بڕوانە «واتاکێشەکێ» لە «زاراوەسازیی پێوانە»دا، مەسعوود محەمەد. سایتی مامۆستا www.mamosta.net
بەهای کەمەر
Median، لە ئاماردا مەبەست لە ئەو ژمارەییە کە دەکەوێتە کەمەر (نێوەند)ی ڕزمەیەک ژمارەوە، واتە ژمارەی ئەو بەهایانەی لە ژێر کەمەرەوەن یەکسانە بە ژمارەی بەهاکانی بان ئەو کەمەرە. بۆ نموونە: {3, 3, 5, 7, 9} «بەهای کەمەر» تێیدا پێنجە چونکە دوو ژمارەی لە ژێرە و دوو ژمارەی لە بانە. گەر ژمارەی بەهاکانی نێو ڕزمەکە جووت بن ئەوا «بەهای کەمەر» یەکسانە بە کۆی دوو بەهای کەمەر دابەش دوو، بۆ نموونە: {3, 5, 7, 9} «بەهای کەمەر» تێیدا یەکسانە بە (5 + 7) / 2 = 6.
جۆرەهارە
hypertype, لە پێوانەی «داشەهارە».
دەرهاویشتن
دەر کردن لە پۆل، فێرگە، جێیکار... فصل.
شرۆڤەی پێکهاتە
analysis into elements
لەتەرجەمەهاتن
translatability, بشێت تەرجەمە بکرێت
نیهاد
Subject، بەشێکی ڕستەیە بریتییە لە ناو، ئاوەڵناو، جێناو، چاوگ... و گوزارەی پێویستە.
وێکهاتە
collocation, دیاردەی زۆر بەیەکەوە هاتنی وشە لە زماندا، وەک resounding success و crying shame لە ئینگلیزیدا و «کارەساتی دڵتەزێن» لە کوردیدا.
پەنهان
نەبینراو، بڕوانە «بەردید».
ڕەهاندن
justify, دروستاندن،حەڵالکردن «تبریر»ی عەرەبی. بۆ ڕەهاندن، دەڕەهێنێت بڕوانە جەلیزادە، «زاراوەسازیی پێوانە» و «لە پەرۆشەکانی ژیان»، www.mamosta.net
بنەبەها
بەهای بنەڕەتی، بەهای هاوکۆی بنەما. بەهای هاوکۆی بنەما لێرەدا وەک چەمک بەرانبەر Värdegrund ی سوێدی و value-system یان common principles ی ئینگلیزی دانراوە، مەبەست لێی کۆی ئەو بەهاگەلەیە لە جڤاکێکدا بە بنەما دەگیرێن.
خانەبەها
سیستەمی خانەبەها: واتە ڕەنووس بە پێی خانەکەی خۆی بەهای دێتە گۆڕین، ڕەنووسی دوو گەر لە خانەی یەکان بێت دەکاتە دوو، گەر لە دەیان بێت دەبێتە بیست و لە سەدان بێت دەبێتە دووسەد... هتد.
فێرکاریی بەها
پرۆسەیەکی فێرکاریی بۆ ئاشنا کردنی فێرخواز بە ئاکار و بنەبەها و هەروەها پیادە کردنی ئەو نۆرم و بەهاگەلەیە بە شێوەیەکی ژیرانە لە ژیاندا.