تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



هایکو
Haiku, شێوازێکی هۆنراوەی ژاپۆنییە، پێک دێت لە 17 «مۆرا». بەگشتی هایکو بریتییە لە دوو ڕیز و سێ دێڕ و 5+7+5 مۆرا. مۆرا واتە بڕگەدەنگ کە دەکاتەوە یەک دەنگدێر (بزوێن، ڤۆکال) یان یەک دەنگدێر و یەک دەنگدار (کۆنسونانت). لەبەر ئەوەی گشت وشە یان دەربڕینی ژاپۆنی بە دەنگدێر یان بە «ن» تەواو دەبن، هونەری «سەروا» (قافیە) جۆرایەتیی زۆری بەدەمەوە نامێنێت و لە داڕشتنی هۆنراوەدا نابێتە ئامرازێکی سوودبەخش. بەڵام داڕشتنی هۆنراوەی پێنج یان هەفت مۆرا هەم ئاوازبەخشن و هەم بۆ زمانی ئەدەبیی زارەکی، خۆشتر لەبیران دەچەسپن. سەرچاوە: زانیارستانی سوێدی Nationalencyklopedin.
بەهای کەمەر
Median، لە ئاماردا مەبەست لە ئەو ژمارەییە کە دەکەوێتە کەمەر (نێوەند)ی ڕزمەیەک ژمارەوە، واتە ژمارەی ئەو بەهایانەی لە ژێر کەمەرەوەن یەکسانە بە ژمارەی بەهاکانی بان ئەو کەمەرە. بۆ نموونە: {3, 3, 5, 7, 9} «بەهای کەمەر» تێیدا پێنجە چونکە دوو ژمارەی لە ژێرە و دوو ژمارەی لە بانە. گەر ژمارەی بەهاکانی نێو ڕزمەکە جووت بن ئەوا «بەهای کەمەر» یەکسانە بە کۆی دوو بەهای کەمەر دابەش دوو، بۆ نموونە: {3, 5, 7, 9} «بەهای کەمەر» تێیدا یەکسانە بە (5 + 7) / 2 = 6.