تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



تەوجیل
Bible, کورتکردنەوە و لێکدانی هەردوو چەمکی تەوارت (پەیمانی کەڤنار) Old Testament (OT) و ئینجیل (پەیمانی نوێ) New Testament (NT) ـە.
تەونی داتازێی دەمارکار
Artificial Neural Networks (ANNs)
ڕابوردووی تەواو
Pluperfect، بۆ نموونە «کاتێک من گەیشتم نەسرین ڕۆیشتبوو».
ئاڕاستەوێڵ
وێڵ کردنی ئاڕاستە، لەدەست دانی ئاڕاستە.
دیدەتەون
تەونی بینانیی لە نێو چاودا.
دەستەواژەی ناڤەکی
Noun phrase or Nominal phrase-NP، دەستەواژەیەک، واتە بەشێکی ڕستە، کە لە ڕووی ڕستەسازییەوە بە «ناو» دادەنرێت. دەشێت ناوێکی کارای تاک بێت، بۆ نموونە: «کچەکە»، یان جێناوێک بێت، بۆ نموونە «ئەو»، یان زنجیرەیەک وشەی کە ناوێک تێیدا شاوشەیە. بۆ «ناڤەکی» بڕوانە هەم «زاراوەسازی پێوانە»، لاپەڕە 453، هەم «فەرهەنگی ئنگلیزی-کوردی»ی سەلاحەددین.
دەستەواژەی پەیوەندی
هاوشانەتیی پاتەوپات
هەستەوار
مرۆڤێکی لە ڕێی هەستەوەرەکانییەوە (دیتن، بیستن، بۆن کردن...) دەرک بە دەوروبەر بکات.
پاتەوپات
explicit, ڕاشکاوانە هاتۆتە دەربڕین. دەربڕینی ئاشکرا، ڕوون و ڕەوان. بەرانبەر نێوتۆژ، بنلێو یان بنتۆژ بۆ Implicit.
پاتەوپاتکاری
explicitation, چەمکێکی تەرجەمەناسییە دەڵێت: ئەوەی لە تێکستی سەرشاردا نێوتۆژ implicit ە، زۆر ڕوون نییە، لە تێکستی ئارمانجدا پتر ڕوون بکرێتەوە، پاتەوپات explicit باس بکرێت. پاتەوپاتکاری پێچەوانەی «نێوتۆژکاری»ـە.
پشتەوپشت
بۆ دۆخێکی داوەستاوە، دوو کەس پشتیان لە یەکە. ئەمە جودایە لە «پشتاوپشت» کە بزاوتن تێدایە. «سەروبن» داوەستاوە و «سەراوبن» بزاوتنی تێدایە. هەروەها سەروژێر و سەراوژێر.
پشتەوژمێر
ژماردن ڕووەو پاش: پێنج، چوار، سێ، دوو... هتد. پێچەوانەی پێشەوژمێر.
پیشووی تێدا دەخواتەوە
بە کەسێک دەگوترێت کە لە یەک کاتدا فوو بە شمشاڵدا دەکات و لە لووتیشەوە هەناسە هەڵدەمژێت! واتە کاکی ژەنیار هەناسەی سووڕ دەخواتەوە لە کاتی ژەنیندا! ئەم کارە بەردەوامی هەیە بۆیە بڕین لە ژەنینەکەدا نابیستیت. هەر ژەنیارێک بگاتە ئەم پیشووخواردنەوەیە، ئەوە پلەی ئوستادییە!


«پشوو»، «پیشوو»، «پیش» و «بین» زۆریان بەبەرەوە هەیە و بەپێی زاراوە و ناوچە دەربڕینەکانیان دەگۆڕێت، بۆ نموونە،


- « پیشی لێ دەخواتەوە!» بە مرۆڤێکی داخلەدڵ لە شتێک دەگوترێت کە بۆنی بێدەسەڵاتیی یان ئارامگرییەکی لێ بێت، بۆی هەیە پیشخواردنەوەکەیش کاردانەوەی لێ بزێتەوە.

- «هەروا پیشووانی لێ دەخواتەوە!»، بە مرۆڤێکی تووڕە لە کارێک دەگوترێت کە جارێ هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە، بەڵام ئامادەکاری دەکات و بۆی هەیە کاردانەوەی هەبێت.

- «پشوودرێژ بە!» دەربڕینێکە بە مرۆڤێکی توڕە و لە بارێکی تایبەتدا دەگوترێت.

- «پشووە بایەکی نایەت!»، مەبەست لە شنەبایەکە کە ئاسوودەبەخش بێت بۆ مرۆڤ.

- «کابرا پشوی لێ دەخواتەوە!»، بە کەسێکی زۆربڵێ دەگوترێت کە بواری قسە بە بەرانبەرەکەی نەدات.

- «پشووی هەر دەمێنێ!» کاتێک یەکێک تەنگەنەفەس دەبێت. ئەم دەربڕینە لە دەشتی هەولێرە بەکاردەبرێت.

- «بیندرێژە!»، واتە پشوودرێژە.

- «بین دەخواتەوە»، دەربڕینێکە بۆ کەسی ژەنیار کە دەتوانێ بێ وچان و بێ پسانەوە زوڕنا یان دووزەلە و باڵبەبان بژەنێت و بە دەمییەوە هەناسە بدات.