تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



چی‌چە
چی‌چی؛ وتە و دەنگێک بۆ منداڵ بە مانای دانیشتن
چەخماخه
دەنگ و بریقەی هەورەبرووسکه ‹هاژەیی لافاو و گرمەی هەور و چەخماخەی هەوا/ لەرزی هێنایە مەلەک ئینسانی خستە هەلهەلە «حەمدی»›
چەغە
چغ؛ چغە؛ دەنگێک بۆ دەرکردنی سەگ
چەغەچەغ
دەنگی زۆری دەرکردنی سەگان
چەق
دەنگی شکان
چەققە
دەنگ و هەرای زۆر و تێکەڵاو ‹بوو بە چەققە و شیڕەشیڕێک دەتگوت کاسەی قەرەچی ئەو بردوویە «چێشتی مجێور، هەژار»›
چەقلانقۆچ
دەنگی قەزوان‌شکاندن بە ددان
چەقە
هورپە: 1. دەنگەدەنگ و قسەی ناخۆش گوتن ‹باسی مەرگە، بەیتی ئازاری شەوان/ دەنگی پۆتین و چەقەی زیندانەوان «ڕاوچی»› 2. دەنگی لێک‌درانی ددان لە بەر سەرما ‹یەسە چوار رووژتر هەم زمستانه/ زوخاڵ نابوودە، هیزوم گرانە‌/ سەدای زیل و بەم بەفر و بارانە/ چەقەی دنان تیەی چو مسگەرخانه «شامی کرماشانی»›
چەقەهڕ
دەنگی چەقەی ئاگر؛ دەنگی سووتانی چیلکە
چەقەوگوڕه
هەڵڵاهەڵڵا؛ دەنگەدەنگی زۆر و بەرز
چەقەچەق
1. چەقەی زۆر و دەوامەدار ‹تاقەتی چەقەچەق و قەوچەقەوچی بنێشت‌جاوینی ژنە بەڕەڵڵای کەسم نییە «هیدایەتی، 1394:136»› 2. وشەی تووڕە‌بوون لە کەسێک بۆ ئەوەی درێژە بە قسەوباسێک نەدا ‹چەقەچەق مەکە› 3. دەنگی سووتانی چێو و دار
چەقەڕۆ
1. هەراهەرا 2. قیژەقیژی منداڵان 3. سەگوەڕ
چەق‌هڕ
دەنگی بەرزی شکان
چەق‌ولوور
دەنگ‌وهەرای بە کۆمەڵی سەگەل ‹مەڕ لە گۆشتا بووە سوور/ خۆ هەڵداوێن شەک و کوور/ گەماڵ دەکەن چەق و لوور/ سەوەڕیان دەچێ بۆ دوور «هێمن»›
چەق‌وچۆ
دەنگی ددان لە کاتی سەرما و لەرزلێهاتندا ‹چەق‌وچۆ دەمگرێ دێمە لەرزە/ گیانی قازی دەفڕێ لەو بەرزە «هێدی»›
چەق‌وچۆق
دەنگی ددانان لە کاتی لەرزلێهاتندا ‹بەو تەق و تۆقەوە دڵ تۆقیوین/ بەو چەق و چۆقەوە هەڵچۆقیوین «ڕاوچی»›
چەق‌چەق
دەنگی زۆری شکان
چەلقە
دەنگی شڵەقانی ئاوەکی
چەلقەچەلق
چەلقەی زۆری شڵەقانی ئاوەکی
چەلپ
دەنگی زبانی سەگ کاتێک کە تەڕایی ئەلێسێتەوه