تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئۆ
حەیف؛ مەخابن: 1. دەنگێک بۆ ئاوات‌خواستن بۆ ڕابوردوو ‹ئۆ بۆ ئەو ڕۆژانەی کە لە دەستمان چوو!› 2. دەنگێک‌ بۆ بانگ‌کردن ‹ئۆ دایە›
ئۆح
دەنگی ئاگادارکردنەوە و گێڕانەوەی ڕەشەوڵاخ
ئۆحە
وشەی فەرمان بۆ لێخوڕین و گەڕاندنەوەی ڕەشەوڵاخ ‹ئۆحە گاڕەش؛ فیتەی شوان، ئۆحەی گاوان/ دێ لە مۆڵگە و دەراوان/ دێنە گوێ لاوکی لاوان/ بالۆرەی بەڵەک چاوان «هێمن»›
ئۆخ
1. وشەی خۆشی یان ناخۆشی دەربڕین ‹ئۆخ کە بەتامە تەماتە!› 2. دەنگ و وشەی ئاخ‌هەڵکێشان و دەربڕینی بێزاری ‹ئۆخ لە دەست خەمان!›
ئۆخەی
ئاخش؛ ئاخەی؛ ئاخەیش؛ ئەخۆ؛ ئووخەی؛ ئووخەیش؛ ئۆخەیچ؛ ئۆخەیش؛ ئوهنای؛ خەی؛ خەی‌خەی؛ وەخەی؛ دەنگێک بۆ کاتی دەربڕینی خۆشی ‹ئۆخەی! نەمردم کیژی نیشتمانم لە جلی بووکێنیدا دی›؛ وڕا؛ هوڕا؛ هووڕا: دەنگی بەکۆمەڵە بۆ دەربڕینی خۆشی
ئۆخەیش
ئۆخەی ‹ئۆخەیش کە بە ئاوی کانیاوی نیشتمان ڕۆژووم شکا!›
ئۆش
هۆش؛ ئۆشت؛ دەنگی ڕاوەستاندنی گوێ‌درێژ
ئۆف
ئۆلۆلۆ؛ وایش؛ وۆ: 1. دەنگێک بۆ دەربڕینی بێزاری ‹ئۆف لە دەست بەدبەختی ئینسان، وەی لە قووڵایی بەشەر «ئاسۆ»› 2. دەنگی هاوار لە ئێش و ئازار ‹ئۆف کە ئازارم هەیه›‌
ئۆف و ئاخ
دەنگی داد و هاوار لە خەمان ‹دەردەکەت ئەوسا بە نادر جار بە جارێ ئاخ و ئۆف/ ئیستە دەیبیێم و دەبینم پڕ بە شارێ ئۆف و ئاخ «حەمدی»›
ئۆقە
1. دەنگی گریانی لەپڕتاو ‹مامز و وریا گەیبوونە یەک. مامز خۆی پێ ڕانەگیرا و لە ئۆقەی گریانی دا «حەسەنیانی (1)، 2017:101»› 2. دەنگی گامێش
ئۆقەئۆق
ئۆقەی زۆر و بەردەوام
ئۆلۆلۆ
ئای ئای؛ ئۆف؛ دەنگێک لە کاتی خەم و پەرۆش و ئازار پێگەییندا بەکار دەبرێ ‹ئۆلۆلۆ! دوژمن ئەمان نەدا مە›
ئۆهـ
دەنگی دەربڕینی وەڕەزی ‹ئۆهـ لە تۆ!›
ئۆهۆ
دەنگێکی تووڕە بۆ ئاگادارکردنەوه ‹ئۆهۆ پیرە!/ چەندی بڵێی فیلەتەن و کەڵەگەتی/ بەڵام ڕۆژگار سواندووتی «عەبدولخالق پەرهیزی»›
ئۆهۆو
دەنگێک بۆ دەربڕینی بێزاری ‹ئۆهۆو! بوو بە چی؟ دە وەیبڕێنەوە›
ئۆهە
دەنگێک بۆ ڕاوەستاندنی ئاژەڵان